دواین هەواڵ

كێ سووریا دابەش دەكات؟

‌كارزان گلی

4 رۆژ پێش ئێستا


لێكۆڵینەوەیەكی وردە هیوادارم بیخوێننەوە
ساڵێك بەسەر حكوومەتی سووریای راگوزەردا تێپەڕ دەبێت، كە ئەحمەد شەرع سەرۆكایەتی دەكات و لە ئیدلیبەوە بەرەو شامیان گواستەوە، ئەو سەرۆكە هەرچەندە لەڕووی نێودەوڵەتییەوە شەرعییەتی وەرگرتووە، بەڵام نەیتوانیوە لە تەواوی سووریادا شەرعییەتی هەبێت و باوەش بۆ هەموو پێكهاتەكان بكاتەوە. ئەو ئەوكاتەی دەسەڵاتی گرتە دەست، ستراتیژی ئەوەبوو، ئەوەی لەگەڵ ئەوان بێت جێی بۆ دەكەنەوە، ئەوەی لەگەڵیان نەبێت هێرشی دەكەنە سەر، بۆیە گرژی و چارەنووسی سووریا لە نێوان شەڕ و ئاشتیدایە.

هێزەكەی شەرع، تێكەڵەیەكە لە سوپای تەحریر شام، سوپای سووریای ئازاد، ئەلقاعیدە، داعش و ئەلنوسرە، هەر هێزێك لەو هێزانەش نەهاتبنە ناو سوپای شەرع، رووبەڕوویان بووەتەوە و كوشتوونی، چونكە بڕوای بە مەركەزییەتی سووریا هەیە و لە دەرەوەی هێزی خۆی هیچ هێزێكی تری قبوڵ نییە، بەڵام هەسەدە و دوورزییەكان و عەلەوییەكان بەهەموو شێوەیەك مەركەزییەت رەتدەكەنەوە، بەتایبەت هەسەدە، كە بەشێكی گەورەی ئەو هێزە سەر بە یەپەگەن.

لە ماوەی ئەو ساڵەی شەرع دەسەڵاتی لە سووریا بەدەست بووە، دوو كۆمەڵكووژی گەورەی كردووە، یەكیان كۆمەڵكووژی عەلەوییەكان بووە، ئەویش تریش دوورزییەكان، ئەمە جگە لەوەی چەند جارێك لە حەلەب، هێرشی كردووەتە سەر ئەشڕەفییە و شێخ مەقسوود، كە دوو گەڕەكی كوردین و هەسەدە لەوێ باڵادەستە، بۆیە ئەو پرسیارە زۆر گرنگە، كێ سووریا دابەش دەكات؟

لە سووریا كێ باڵادەستە؟

شەرع نەیتوانیوە هەموو پێكهاتەكانی سووریا بۆ لای خۆی رابكێشێت، بەپێچەوانەوە دوژمنایەتی لە نێوان مەزهەب و پێكهاتەكان تۆختر كردەوە و وای لێهاتووە بەئاشكرا دژایەتی یەكتری دەكەن و لە یەكتری دەكوژن. ئەم ستراتیژەی شەرعیش بە پلان بووە و كاری بۆ كردووە، بۆیە لە لازقییە و تەرتووس كۆمەڵكووژی عەلەوییەكانی كرد و لە مانگی تەمووزی ٢٠٢٤یشدا بەهەمان شێوە كۆمەڵكووژی دوورزییەكانی كرد لە سوەیدا، ئەگەر ئیسرائیل نەبایە كە پاڵپشتی دوورزییەكانی كرد، كارەساتی مرۆیی لە سوەیدا رووی دەدا.

باكووری سووریا (حەما و حەلەب)

لە شاری حەما، تاوەكوو ئێستاش توركیا باڵادەستە، ئەویش لەرێگەی ئەبو ئەمشاد، كە فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی حەمای سوپای سووریای ئازادە، ئەو سوپایە لەژێر فەرمانی توركیادایە.

ئەگەرچی وەزارەتی بەرگری توركیا رایگەیاند، بەفەرمی فەرماندەی ٦٢ی حەما چووەتە سەر وەزارەتی بەرگریی سووریا و ئێستا لەژێر فەرمانی ئەوانن، بەڵام (دۆغان جیهان ) نووسەر و لێكۆڵەر لە رۆژنامەی (یەونی یەشام)ی توركیدا، لە لێكۆڵینەوەیەكدا ئاشكرای كردووە حەما بەتەواوی لەژێر كۆنتڕۆڵی ئەبو ئەمشادە و ئەویش فەرمان لە توركیا وەردەگرێت و هیچ پەیوەندییان بە حكوومەتی سووریاوە نییە.

باكووری سووریا، تاوەكوو ئێستاش لەژێر كۆنتڕۆڵی توركیایە و بەهیچ شێوەیەك لەڕووی سەربازی و ئابوورییەوە رادەستی حكوومەتی شەرعی نەكردووە. تاوەكوو ئێستا لە باكووری سووریا، خوێندن بەزمانی توركییە و مووچەش هەر بەپارەی توركی وەردەگرن و لەڕووی سەربازیشەوە توركیا باڵادەستە. هەروەها لە حەلەبیش توركیا بنكەی سەربازی هەیە و زۆربەی ئەو قەزا و ناحیانەی سەر بە حەلەبن لەڕووی سەربازییەوە لەژێر كۆنتڕۆڵی توركیان.

سەرێكانی و گرێسپی

سەرێكانی و گرێسپی، كە سەر بە رۆژئاوای كورستانن، بەڵام توركیا داگیری كردووە و بنكەی سەبازی لێداناوە، هەروەها لەرێگەی سوپای سووریای ئازادەوە ئەو ناوچەی كۆنتڕۆڵ كردووە، واتە هیچ پەیوەندییەكی بە حكوومەتی شەرعەوە نییە. عەفرینیش بەهەمان شێوە، لەژێر كۆنتڕۆڵی سوپای سووریای ئازادە، ئەو سوپایەی بەتەواوی لەژێر فەرمانی توركیایە و هەر توركیاش ئەو سوپایەی دروست كرد و مووچە و هەموو پێداویستییەكی سەربازیشیان لەلایەن توركیاوە بۆ دابین دەكرێت و هەر لەرێگەی ئەو سوپایەشەوە بوو عەفرین داگیر كرا.

باشووری سووریا

باشووری سووریا بەشێكی زۆری لەژێر كۆنتڕۆلی ئیسرائیلە و بنكەی سەربازی تێدا جێگیر كردووە، وەكوو بەرزاییەكانی جۆلان و چیای هارمۆن، كە دوو شوێنی زۆر ستراتیژین و ئیسرائیل هەرزوو داگیر كرد و هێزەكانی تێدا جێگیر كرد.

بەهۆی ئەوەی بەرزاییەكانی جۆلان ستراتیژیترین شوێنە بۆ شام و ئیسرائیل، بۆیە هەموو چالاكییە سەربازییەكانی حكوومەتی شەرعی كردە سفر، واتە تەواوی شام لەژێر چاودێری و كۆنتڕۆڵی ئیسرائیلە و ناتوانن بەهیچ شێوەیەك لەوێوە ببنە مەترسی بۆ سەر ئیسرائیل. بەگوێرەی زانیارییەكان، ئیسرائیل لە باشووری سووریا، ١٢ بنكەی سەربازی داناوە و بەتەواوی دەسەڵاتی بەسەر ئەو شوێنانەدا هەیە و حكوومەتی شەرع هیچ سەروەرییەكی لەوێدا نییە.

دوای ئەوەی، سوپاس سووریای راگوزەر ویستی بچێتە ناو سوەیدا و بیخاتە ژێر ركێفی خۆیەوە، كۆمەڵكووژییەكی گەورەی بەرامبەر بە عەشیرەتی بەدەوییەكان ئەنجامدا، بەشێكی زۆری شارەكەی خستە ژێر ركێفی خۆی، بەڵام ئیسرائیل فریای سوەیدا كەوت و بەفرۆكەی جەنگی هێرشی كردە سەر سووریا و ناچاری كردن بكشێنەوە، واتە سوەیدا بەتەواوی لە حكوومەتەكەی شەرع دابڕا و خۆی خستە باوەشی ئیسرائیل، ئێستا خەڵكی سوەیدا داوای سەربەخۆیی دەكەن و بەهەموو شێوەیەك حكوومەتی شەرع رەتدەكەنەوە، دووریش نییە وەكوو چۆن ئیسرائیل، سۆماڵیلاندی وەكوو وڵات ناساند، رەنگە سوەیداش وەكوو وڵات بناسێنێت، چونكە بۆ ئیسرائیل ئەو شارە ستراتیژییە و دراوسێی ئیسرائیلە و دەیەوێت لەوێوە هیچ مەترسییەك بۆ سەر وڵاتەكەی بوونی نەمێنێت.

رۆژئاوای كوردستان

لە ٢٠١١ دوای ئەوەی شەڕی ناوەخۆیی لە سووریا بەرپا بوو و گروپی تیرۆرستی داعش بەشێكی زۆری ئەو خاكەی داگیر كرد، رۆژئاوای كوردستان لەرێگەی یەپەگە و هەروەها چەندین عەشیرەتی عەرەبی ئەو ناوچەیە، توانیان بەرگریی لە خاكی خۆیان بكەن و شەڕێكی مەردانەیان لەگەڵ گروپی تیرۆرستی داعش كرد.

پاشان سوپایەكیان بەناوی هەسەدە دامەزراند، كە كورد و عەرەب و توركمان و كریستیانی تێدایە و ئەو سوپایە تاوەكوو ئێستا لەڕووی ئیداری و سەربازییەوە رۆژئاوای كوردستان بەڕێوە دەبەن و نیمچە سەربەخۆییەكی خۆیان هەیە.

دوای ئەوەی شەرع هاتە سەر دەسەڵات و ئەسەد كۆتایی پێهات، داوا لە هەسەدە دەكەن، بەبێ هیچ مەرجێك بچێتە سەر وەزارەتی بەرگریی سووریا و توركیاش فشارێكی زۆری كردووەتە سەر هەسەدە تا رۆژئاوای كوردستان لەڕووی سەربازییەوە رادەستی شەرع بكەن، بەڵام مەزڵووم عەبدی، سەرۆكی هێزە چەكدارەكانی هەسەدە، رەتی دەكاتەوە بەبێ مەرج هەسەدە بچێتە سەر وەزارەتی بەرگریی و داوای لامەركەزی بۆ سووریا دەكات، واتە رۆژئاوای كوردستان خۆیان بەڕێوەی ببەن، بەڵام سەر بە مەركەز بن، ئەمەش تاوەكوو ئێستا لەلایەن سووریاوە رەتكراوەتەوە.

دەكرێت بڵێین بەشێوەیەكی فەرمی، سووریای دوای ئەسەد بۆ پێنج بەش دابەش بووە، شەرع نەیتوانیوە هەموویان كۆبكاتەوە و سووریایەكی تازە دروست بكەن، نەیتوانیوە دەستوورێك بنووسێتەوە هەموو پێكهاتە و مەزهەبەكان خۆیان لەناو ئەو دەستوورەدا ببیننەوە، بۆیە یەكپارچەیی خاكی سووریا و مەركەزییەت مەحاڵە و چارەنووسی ئەو وڵاتەش لە نێوان شەڕێكی گەورەی ناوەخۆیی و ئاشتییەدا ماوەتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP