ناکرێت مێژووی بە زۆر لکاندنی کوردوکوردستان لەهیچ بارودۆخێکدا لەبیر بکەین ، ناکرێت ئەو هەموو تاوان وستەمکارییانەی لەسەر دەستی ڕژێمەیەک لەدوای یەکەکانی و فاشیزمەکانی عێراق بەسەر گەلی کورددا هێنرا ، کە ڕێگەیان تەنها لەسەردەمانێکدا ڕێگەیان بەو نەدەدا بەزمانی خۆمان بدوێن و بنووسین لە بیر بکەین ؛ بۆیە لە ماوەی زیاتر لە یەک سەدەی رابردوو عێراق هەرگیز متمانەی بەکورد نەبووە و هەمیشە وەک مەترسی بینیووە بۆ سەر دەوڵەتێکی ساختەی فاشیزمی ، هەر بۆیە بەهەموو چەکێک هەوڵی سرێنەوەیان داوە ، چونکە پێیان وابووە کورد بەهۆی داکۆکیکردن لە مافەرەواکانیان دەبنە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر عێراق
هەموو ئەو هەڵسوکەوت و جۆرە بیرکردنەوانەی عێراق ، بەرهەمی زێهنیەتێکی فاشیزمی و تاکڕەوییە کە هەردەم ویستویانە کورد ژێر دەستی عەرەب بێت ، بۆیە هەمیشە مافەکانی کوردیان پێشێڵ و پاشگوێ خستووە و وەک هاووڵاتیانی پلە دوو مامەڵەیان لەگەڵ کردووە و بەئێستاشەوە ؛ مێژووی دروستکردنی دەوڵەتی عێراق، مێژووییەکی پڕە لە نامرۆڤایەتی و زەبر وزەنگ و توند و تیژی و پیلانگێری و پیادەکردنی سیاسەتی کۆمەڵکوژی بەرانبەر بە کورد ، مێژوو سەدی رابردوو وسیاسەتی وێرانکردنی و قڕکردن و جینۆسایدکردنی گشتیی کورد لەلایەن دەسەڵاتەکانی عێراق بە حکوومەتەکەی ئێستاشەوە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە
لێرەدا گرنگە بزانین لەماوەی 22 ساڵ عێراقی نوێی بەناوی دیموکراسی،فیدڕاڵی و دەستوور و فیدراڵی ، حکوومەتەکانی بەغدا چ بڕگەیەکی دەستوورییان وەک مافێکی رەوای خەڵکی کوردستان ، هەر لە بودجەوە و تا مادەی 140ی دەستوور بگرە تا یاسایی نەوت و غاز و ڕێککەوتن و پابەندییەکانی دیکە جێبەجێکردووە ، ئینجا هەمیشەش لە جیاتی ئەوەی ڕاشکاوانە دەربارەی دوژمنایەتیکردنی گەلی کورد و پێشێڵکردنی دەستوور و یاسا بدوێن ، بە مووشەک و درۆن و جاش مورتەزەقەکانیان پەڵاماری کوردوکوردستان دەدەن ؛ لە بەغدا بە ڕووکەشی یاسا و دەستوور و بە زێهنیەتێکی فاشیزمی و دوژمنکارانە کورد بە چاوی پلە دوو و ملکەچبوون لە هەموو ڕوویەکەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکەن ، چونکە ئەوان هەرگیز چاویان بە سەربەخۆیی و سەربەستی و گەشەسەندنی کوردستان هەڵنایەت و بەڕوونی فاشیزمیەتی خۆیان دەردەربڕن ، پێیان وایە دەبێ گەلی کورد هەمیشە ژێر دەست بێت واتە ئەمڕۆش لە هزری عێراق و حکوومڕانانی هەمان زێهێنیەتی فاشیزمییە لە بەرگی مەزهەبی و تایفیدا
ئەوەی لە عێراقی نوێ و بەناو فیدڕاڵی و تایفی دا دەگوزەرێت ، تەنیا گۆڕینی ڕووخسارەکانە ، بەڵام ئەوەی هەمیشە نەگۆڕە ، ناسنامە راستەقینەکەیەتی ، ئەویش ئەو ماسک و سیستەمە مەترسیدارەیە لە ژێر پەردەی دیموکراسیدا خۆی حەشار داوە ، بەڵام سیاسەتی دژایەتی کوردوکوردستان هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە و دژی ناسنامەی کورد و لە حکومەت یەک لەدوای یەکەکانی عێراقەدا بەدی دەکرێت ، بۆیە ئەوەی لە عێراق هەیە نەگۆڕە و ڕووی راستەقینەی ئەو سیستەمەیە لە پشت ماسکەکاندا ڕووخساری راستەقینەی شاردۆتەوە ، بەڵام جێگەی هەڵوەستەکردنە کەس و لایەن و سیاسەتمەدار و پەرلەمانتار و رۆشنبیرانێک دەیانەوێت خەڵکی کوردستان لەو راستیە چەواشە بکەن ، بەتایبەت هەندێک میدیا و پەرلەمانتار و لایەنی بە ناو ئۆپۆزسیۆن و نووسەر و بەسازی فاشیزمەکان دەرەخسن ، بۆ ئەوەی رووخساری ئەو سیستەمە دیکتاتۆریی و فاشیزمەی عێراق بشارنەوە ، تا باوەر بە گەلی کوردستان بێنن ، هەر چییەک روودەدات ، تەنها تاوانی کورد وکوردستانە نەک دەوڵەتێکی فاشیزمی و ستەمکاری وەک عێراق