تاقیکردنەوەیەکی کورتخایەن و
ترسناک، دەسەڵاتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی زیاتر ڕوونکردەوە.
بڕیاری ناساندنی حیزبوڵڵا و حووسییەکانی یەمەن وەک گرووپی "تیرۆریستی"،
هەرچەندە بە خێرایی پاشەکشەی لێ کرا، وەک بەردێکی گەورە ئارامی ڕواڵەتی گۆمی مەنگی
عێراقی تێکدا. ئەم ڕووداوە سەلماندی کە سوودانی لە بازنەی هەژموونی "بەرەی
مقاوەمە"دا خنکاوە و هێشتا سەقفی دەسەڵاتی لەبەردەم فشاری تاران و
پڕۆکسییەکانی زۆر نزمە. ئێستا چارەنووسی سەرۆکوەزیران لەناو هاوسەنگییەکی
ناسەقامگیردا دەژی: مانەوەی لە ژێر سێبەری ئێران یان خەونی گەیشتن بە پشتگیری بێ
هەراسانی واشنتن.
ئەم ڕووداوە سوودانی خستە
بەردەم دووڕیانێکی یەکجارمەترسیدار کە چارەنووسی سیاسی خۆی و هاوکێشە ناوچەییەکانی
لەسەرە. بەواتایەکی تر، ئەمە تەنیا هەڵەیەکی کارگێڕی نەبوو؛ بەڵکو دەکرێ بڵێین،
تێستێکی پڕ لەمەترسی بوو کە هێزی ڕاستەقینەی سەرۆکوەزیرانی عێراقی بەتەواوی ئاشکرا
کرد.
گێژاوە ناوخۆییەکە وهەژموونی
بەرەی مقاوەمە:
لە لایەنی ناوخۆییەوە،
کاردانەوەی ئەم بڕیارە دەیتوانی کوشندە بێت. بەوپێیەی حیزبوڵڵا و حووسییەکان
بەشێکی دانەبڕاون لەو تۆڕە بەهێزەی کە بە "بەرەی مقاوەمە" ناسراوە و
کاریگەری قووڵی لەسەر کۆی پڕۆسەی سیاسی عێراق هەیە. ئەو لایەنانەی کە بە پردێک
ئێران بە بەغدا دەبەستنەوە، بە هیچ شێوەیەک قبووڵیان نەبوو کە هاوپەیمانەکانیان لە
وڵاتانی تر بە گرووپی تیرۆریست بناسرێن، چونکە ئەمە جگەلە گورزێکی کوشندە لەجەستەی
"بەرەی مقاوەمە" لەناوچەکەدا، لەناوخۆی عێراقیشدا دەبووە هەڕەشە لەسەر
یاسایی بوونی خۆیان.
سوودانی، بە بینینی تووڕەیی و
فشاری چڕو توندی لایەنە شیعی و هاوپەیمانەکانی ناوخۆ، لەوە تێگەیشت کە ئەگەر
پێداگری لەسەر ئەو ڕیسکە بکات، ڕاستەوخۆ بەتوندی ڕووبەڕووی مەترسی ڕووخانی
حکومەتەکەی و چانسی خوولی دووەمی سەرۆکوەزیران و لەدەستدانی تەواوی پشتگیری سیاسی
و دژایەتی "بەرەی مقاومە" دەبێتەوە. ئەو پاشەکشە خێرایەی بەخێرایی
ئەنجامی دا، سەلماندی کە هێشتا سەقفی دەسەڵاتی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەردەم
فشاری ڕاستەوخۆی ئەو گرووپانەدا زۆر نزمە. ئەمە بەڕوونی نیشانەی ئەوە بوو کە قسەی
کۆتایی لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان لەعێرق تەنها لە دەستی ئەو لایەنانەدایە کە
تاران پشتگیرییان دەکات. سودانی بەو پاشەکشە کردنە، هەرچەندە ڕێگەی لە پشێوییەکی
ڕاستەوخۆی گەورە گرت، بەڵام بێ متمانەیی لەنێو ماڵی شیعیدا قووڵتر کردەوە،
بەتایبەت سەبارەت بە هەوڵەکانی بۆ خوولی دووەمی سەرۆکوەزیران.
هێڵی سووری ئێران: بەدڵنیاییەوە
ڕۆڵی ئێران لەم پرسەدا، یەکلاکەرەوە بووە. بەوپێیەی ڕژێمە مەلاییەکەی تاران، عێراق
بە قووڵایی ستراتیژی خۆی دەبینێت، بەتایبەت کە لەلوبنان حیزبوڵڵای هاوبەشی گورزێکی
کوشندەی بەرکەوتووە و لاواز بووە، و هەژموونی لە سووریا لەدەستچووە، کە سەرچاوەی
ڕێگاکانی نێوان تاران و بەیروتی حیزبوڵڵاش بوو.
بە واتایەکی ترعێراقی
"مقاومە" بۆ ئێران وەک ئەوە وایە، کێچێک لەدەستی کوێرێکدا بێت، کە
بەتوندی گرتوویەتی و نایەوێ بەریبدات، چونکە باش دەزانێ ئەگەر بەریبدات ناتوانێ
جارێکی تر بیگرێتەوە. تاران، ناتوانێت ڕێگە بدات کە بەغدا بە فەرمی هەنگاوێک بنێت
کە بە شێوەیەکی یاسایی هاوپەیمانە سەرەکییەکانی وەک: (حیزبوڵڵا و حووسییەکان)
بەتەواوی لاواز بکات. هەرچەندە فشارەکە پێویست نەبوو ڕاستەوخۆ بێت؛ بەڵکو
هێزەعێراقییە پڕۆکسییەکانی، کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی ئێران دەکەن، بە
خێرایی و بەشێوەیەکی کاریگەر کارتەکانیان لەدژی بڕیرەکەی سودانی بەکارهێنا.
ئەم ڕووداوە سنوورێکی زۆر
ڕوونی بۆ سوودانی دیاریکرد، بەو واتایەی: دەتوانیت بۆ مەبەستی ئابووریی و
پەرەپێدانی عێراق پەیوەندییەکانت لەگەڵ ئەمریکا بپارێزیت، بەڵام نابێت بە هیچ
شێوەیەک دەست بۆ بەرەی مقاوەمە ببەیت. بۆ ئێران و مقاوەمە” ئەمە هێڵی سووری ئەو
سەرۆکوەزیرانەیە کە ئێستا لەحکومدایە یان ئەوەی دواتردەستبەکار دەبێت، تێپەڕاندنی
ئەو هێڵە سوورە، بە واتای کۆتایی بە ژیانی سیاسی ئەو دێت. ڕادیۆکەی سودانی،
پاشەکشەی خێرای ئەوەی نیشاندا کە هێشتا زووە بۆ بڕیاری عێراقی سەرۆکوەزیرانی
عێراق، چونکە هێزی دژە-سەرکێشی لە ناوخۆدا زۆر زاڵترە لە خواستی گۆڕانکاری،
دەرچوونی عێراق لەژێرهەژموونی ئێراندا.
ئاسۆی واشنتن و خواست بۆ
سەرۆکوەزیرانێکی بێ هەراسان: لەلایەکی دیکەوە، ئەم سەرکێشییە،
هەرچەندە کورتخایەن بوو، ڕەنگدانەوەی خواستێکی ناوخۆیی سوودانی بوو بۆ ئەوەی ببێتە
سەرکردەیەکی سەربەخۆ و لە کۆتوبەندی بەرەی "مقاومە" و ڕکابەرەکانی
ڕزگاری بێت. لەکاتێکدا، لایەنە دەرەکییەکان، بە تایبەتی ئەمریکا (لە ئیدارەیەکی
وەک ئیدارەی ترەمپ) و وڵاتانی ڕێککەوتنی ئاشتی ئیبراهیمی، بە گشتی سەرکردەیەکی
عێراقی دەخوازن کە بڕیارەکانی لەژێر کاریگەری ئێراندا نەبن و بە فەرمی دژایەتی
گرووپە چەکدارەکان بکات.
ئەگەر سوودانی بیتوانیایە بە
ئازایانە پێداگری لەسەر بڕیارێکی لەو شێوەیەدا بکات و خۆی لە کاریگەری ئێران دوور
بخاتەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە پشتگیری دارایی و ئەمنی بەرفراوانتری واشنتنی بەدەست
دەهێنا. ئەم پشتگیرییە دەرەکییەش ڕەنگە بیتوانیایە ببێتە سەرچاوەی هێزێک کە بەکاری
بهێنێت بۆ کۆتوبەندکردنی دەسەڵاتی لایەنە ڕکابەرەکان و خۆی بکاتە سەرۆکوەزیرانێکی
بێ ڕکابەر کە "کەس نەتوانێت هەراسانی بکات."
چارەنووسی سودانی: لەناو
هاوسەنگییەکی ناسەقامگیردا: ئەوەی سوودانی ئێستا تێیدایە، دۆخێکی هاوسەنگی زۆر
ناسەقامگیرە. ئەمجارە دەربازی بوو لە لێواری تەقینەوە و ڕووخانێکی ناوخۆیی، بەڵام
لە هەمان کاتدا دەرفەتێکی گەورەی لەدەست دا بۆ ئەوەی ببێتە ئەو سەرۆکوەزیرانە
بوێرەی کە دواجار بتوانێت بڕیارێکی عێراقییانە بدات و بەبێ هەژموونی ئێران
فەرمانڕەوایی بکات. ئەم ڕووداوە نەک تەنها وەک هەڵەیەکی کارگێڕی کۆتایی نایەت،
بەڵکو بووە پێوانەیەک بۆ سەقفی ڕاستەقینەی دەسەڵات لە بەغدای ئەمڕۆدا. سوودانی،
بەو پاشەکشە کردنەی لە بڕیارەکەدا، بە شێوەیەکی کاتی لە تەقینەوەیەکی گەورەی
ناوخۆیی ڕزگاری بوو، بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە دێت کە دەبێت بەردەوام ئەو لەناو
بازنەی هاوسەنگییەکی ناسەقامگیردا بخولێتەوە. لە لایەکەوە ناتوانێت بە دڵنیاییەوە
پشت بە ئەمەریکا ببەستێت، لە لایەکی ترەوە، ناتوانێت بە ئازادی لە کۆتوبەندی
هاوپەیمانە ناوخۆییەکان وهەژموونی بەرەی مقاومە ڕزگاری ببێت. هەرچەندە
سەرکێشییەکانی سودانی بۆ مسۆگەرکردنی ویلایەتی دووەم، پێدەچێت بەردەوام بێت، بەڵام هەرچۆنێک بێت، ئەم ئەزموونە نیشانیدا کە تا
ئێستا ڕێگای گەیشتن بە بڕیاری عێڕاقییانە و پایەی بێڕکابەری پڕمەترسییە و نرخەکەی
زۆرە. ئەو تا ئێستاش سەرۆکوەزیرانێکە کە هەر ساتێک دەکرێت بڕیارێکی بکەوێتە
بەرهێرشی تووندی ڕکابەرەکانی.
هەرچۆنێک بێت،
لێرە بەدواوە چارەنووسی سوودانی، وەک گوزەرکردن بەناو کێڵگەیەکی مین وایە. ئەم
ڕووداوە بە ڕوونی ئاستی قورسی ئەرکی هەرسەرۆکوەزیرانێکی داهاتووی عێراق نیشان دەدات. لەم دۆخەی ئێستادا کە هاوسەنگی هێز لەنێوان بەرژەوەندییەکانی تاران و
خواستی واشنتن دایە، هەرهەڵەیەکی بچووک دەبێتە هۆی تەقینەوەیەکی گەورە کە کۆتایی
بە هەموو شتێک بهێنێت. بۆ هەرێمی کوردستانیش، ئەم ناسەقامگیرییەی بەغدا بە
واتای دواکەوتنی زیاتری ڕێککەوتنە سیاسی و داراییە چارەنووسسازەکان دێت. ئایندەی
سوودانی تەنها بەندە بەوەوە کە تا چەندی تر دەتوانێت بە نەرمی و لێهاتوویی ئەم
هاوسەنگییە مەترسیدارە بپارێزێت و بەدووربێت لە ڕووداوێکی گەورەتر.