دواین هەواڵ

“بێ ئومێدی” لە گوتارەکەی بافل تالەبانی دا

‌ئاسۆ حاجی

5 کاتژمێر پێش ئێستا

لە دەست پێکردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، گونجاوترین ناونیشان بۆ گوتارەکەی بافل تاڵەبانی “بێ ئومێد” بوونە، چونکە بونیادی گوتارەکەی تێکەڵەیەک بوو لە بزواندنی سۆز و بەکارهێنانەوەی ژمارەییەک دەستەواژە، بە لێکدانی هەردووکیان “بێ ئومێد” بوون پێکدەهێنن. بافل ئەو بێ ئومێدییە وەک ئامرازێک بۆ دووبارە داڕشتنەوەی پەیوەندی نێوان داگیرکراو (گەلی کوردستان) و داگیرکەر (دەوڵەتی عێڕاق) دووپات دەکاتەوە. ئەوجارەیان لە ڕێگای هەوڵدان لە گۆڕینی “بێ ئومێدی” لە حالەتێکی تاکە کەسی (بافل) بۆ حالەتێکی گشتی (یەکێتی)، لە پێناو هەڵهاتن لە پێگیریی و پابەندییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان، کە کڕۆکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان (کوردایەتی)، پێکدەهێنن، ئەوەش دانپێدانانێکی ڕوونە، بەوەی بافل تالەبانی و حیزبەکەی لە “کوردایەتی” کردن سەرکەوتوو نەبوون و بێ ئومێدن لەوەی بتوانن لە کوردستان ببنە هێزی یەکەم و جێی متمانەی زۆرینەی خەڵکی کوردستان، بۆیە ڕێگەی ئاسانتر ئەوەیە ببنە جێگای متمانەی دوژمنانی کوردستان.

ئەو دەستەواژانەی جێی سەرنج بوون، لە گوتارەکەی بافل تالەبانی، کە بە دوو زمان و ئاستی جیاواز، ئاراستەی دەنگدەرانی دەکرد:
 یەکەمیان، ئەو گوتارەی ئاراستەی دەنگدەری کوردستانی دەکرد: “ڕێگەمان نەداوە حکومەتی کوردستان پێ بێت”، “هەرگیز حکومەت پێک نایەی بێ ئۆکەی ئێمە”، “نایکەم”. لەو ئاستەدا خۆی وەک سەرکەوتوو و کەسی بڕیاردەر و یەکەلاکەرەوەی کێشەکان دەناسێنێ.
دووەمیان، ئەو گوتارەی ئاراستەی دەنگدەر و هێزە عێڕاقیەکانی دەکرد: “عێڕاقێکی بەهێزمان دەوێت”، “هەر یەکێتیە کە قەت ئەزیەتی ئێوەی نەداوە”، “عێڕاقمان ئاشت کردەوە”، “بە یەک چاو سەیری دهۆک و بەسڕا دەکەین”، “مەلەفی نەوت و گازمان ڕادەست کردن”، لێرەدا گوتارەکەی بافل تالەبانی دەچێتە خانەی “تۆبەکردنی سیاسی”، لە تێکەڵکردنی ڕەخنەلە خۆگرتن و ڕاکردن لێی، بەوەی “خودی کورد” بە هۆکاری قەیران و کێشەکان دادەنێ و ئۆباڵەکەی دەخاتە ئەستۆی کوردستان، لە پێناو ئەستۆی پاکی “دەوڵەتی عێڕاق”، کە سەد ساڵ زیاترە وەک داگیرکەر خەڵکی کوردستانی لە هەموو مافە سروشتیە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان بێ بەش کردووە! 

ئامانج و کڕۆکی گوتارەکەی بافل تالەبانی ناونیشانە گەورەکەی ئەوەیە “گەڕانەوەیە بۆ بەغدا - گەڕانەوە بۆ جەلاد”. لە سەر حیسابی پاشکۆخستنی مێژوو و ناسنامە و وجودی نەتەوەیی، هەموو ئەوانەش بافل تالەبانی دەیڵێ و دەیکات بۆ گۆڕینی “بێ ئومێد” بوونەکەی لە بەهێزبوونەوەی حیزبەکەی و بێ متمانەبوونی جەماوەرەکەی، کە لە دوای کۆچی دوایی مام جەلال لە خراپەوە بۆ خراپتر دەڕوات.

“بێ ئومێدی” لەو کۆنتێکستەدا، هەڵوێستێکی ئەخڵاقیانە و دڵسۆزانە نیە، لە بەرامبەر شکست لە حوکمڕانی قەوارەی دەستوری کوردستان، بەڵکو بناغەیەکی فکریە بۆ پەکخستنی “بزووتنەوەی نەتەوەیی و نیشتیمانی” و سەر لە نوێ پێناسەکردنەوەی بە گوێرەی بەرژەوەندی و پێوەرەکانی (بەغدا - مەرکەز). بۆیە گوتارەکە و هەوڵەکانی (بافل تالەبانی و ئەوانەی لە یەکێتی لەگەڵی ماون) دەبنە هەوڵی ئاساییە کردنەوەیەکی ڕووکەشیانەی شکست، لە بەرامبەر هێز و هێلی نەتەوەیی و نیشتیمانی کە لە کوردستان باڵا دەست و بڕیاردەرە، کە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕابەرایەتی دەکات.

لەو دۆخەی ئێستای کوردستان و ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕن، پێویست هەر کوردێک، باوەڕ و پابەندبوونی بە “کوردایەتی” و پڕۆژە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکەی بەهێزتر بکات، بەڵام گوتارەکەی بافل تالەبانی داوا لە کورد دەکات بگەڕێتەوە ئەو پێگە و دۆخەی، کە بڕیار و چارەنووسی بداتەوە دەست ئەو جەلادەی زیاتر لە سەد ساڵە دەیکوژێ و دەیسڕێتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP