بەشی یەکەم
ئەم بابەتە کە بە چەند بەشێک لێرەدا بڵاو دەکرێتەوە بەشێکن لە توێژینەوەیەک لەسەر ئەگەرەکانی لەناوچوونی نەتەوە و زمان لە غیابی دەوڵەت یان دامەزراوەی دەوڵەتئاسادا. لێرەدا کەیسی کورد وەک نموونە وەرگیراوە و شیکارییەکی مێژوویی بۆ دۆخی کورد لەنێوان مانەوە و لەناوچووندا کراوە. بونیاتگەرایی (constructivism) وەک چوارچێوەیەکی تیۆری کەڵکی لێ وەرگیراوە بۆ شیکردنەوە و ڕوونکردنەوەی ڕۆڵی خێزان وەک دامەزراوەیەک لە مانەوەی کولتوور و زمانی کوردیـدا بە بەراورد لەگەڵ ڕۆڵی دەوڵەت لە لەناوبردنی زمان و کولتوور و ناسنامە لە دەوڵەت-نەتەوەدا. بەدواداچوون بۆ ڕۆڵ و کاریگەریی دامودەزگە و دامەزراوەکانی دەوڵەت-نەتەوە دەکات (وەک: خوێندن و فێرکردن و پەروەردەی گشتیی، هەروەها زمانی فەرمی و زمانی زانست و مەعریفە و بازاڕ و کار) لەسەر مانەوە و گەشەی زمان و نەتەوە بێدەوڵەتەکان. توێژینەوەکە تیشک دەخاتە سەر هۆکارە سەرەکییەکانی پشت مانەوەی کورد لە هەزار ساڵی ڕابردوودا بەگشتی و سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و سەفەوی بەتایبەتی. پاشان دۆخی کورد لە سەردەمی هەردوو ئیمپراتۆریەتەکەدا بەراورد دەکات لەگەڵ بارودۆخیان لە ژێر دەسەڵاتی چوار دەوڵەت-نەتەوە (تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا) لە سەد ساڵی ڕابردوودا. بۆچی کورد لەژێر سایەی ئیمپراتۆریەتەکاندا ماوە و بۆچی ئەگەری لەناوچوونی هەیە لەبن دەستی دەوڵەت نەتەوەکاندا پرسیارە سەرەکییەکانی ئەم توێژینەیە پێک دێنن. لە کۆتایی، توێژینەوەکە پێداگری لەوە دەکات کە کورد وەک نەتەوە مەحکومە بە لەناوچوون ئەگەر هەلومەرجی ناو ئەو چوار دەوڵەت-نەتەوەیەی کە ئێستا کورد تێیاندا دەژیت گۆڕانکاری ڕادیکالانەی بەسەردا نەیەت. هۆکاری ئەمەش، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بۆ مانەوەی نەتەوە دەوڵەتێک یان دامەزراوەی هاوشێوەی دەوڵەت زەرورە.
پێگەی زمانی کوردی، چوونە ناو بابەتەکە
لە جیھاندا نزیکە ٧٦٠٠ زمان ھەن، نیوەیان مەترسی لەنێوچوونیان لەسەرە (Jones 2024). ئەم داتایە لەپاڵ ئەو تێگەیشتنە کە زمانەکان و نەتەوەکان لە پرۆسەیەکی مێژوویی-سیاسیی-کۆمەڵایەتیی لە دایکبوونەوە، بۆیە ئەگەری زۆرە کە لە پرۆسەیەکی هاوشێوە لەناویش بچن، ڕێگە خۆشکەرن بۆ درک کردن بە مەترسییەکانی سەر زمان و نەتەوە. بە واتایەکی دیکە، زمان و نەتەوە ئەزەلی نین، چۆن پەیدابوون ئاواش ئەگەری لەناوچوونیان هەیە.
لەو پەیوەندەدا، ڕۆژانە هەواڵی ئەوە دەبیستین کە بەشێکی زۆر لە کوردی باکوور (لە تورکیا) بە کوردی قسە ناکەن یان هەر کوردی نازانن. لە ڕاپرسییەکی ڕاوێست (Rawest)، کە ناوەندێکی توێژینەوەیە لە ئامەد، دەرکەوتووە کە تەنیا ١٨٪ ی گەنجانی کورد (تەمەن ١٨-٣٠ ساڵ) لە باکوور دەتوانن بە کوردی قسە بکەن و بخوێنەوە و بنووسن (Dri 2020). لە توێژینەوەیەکی دیکەدا لە شارەکانی باکووری کوردستان و هەندێک گەورەشاری تورکیا دەرکەوتووە کە نزیکەی ٦٠٪ ی کورد لە ماڵەکانی خۆیان بە کوردی نادوێن بەڵکوو تورکی بەکاردێنن (ئیسماعیل ٢٠٢٤). تەنانەت قسە لەوە دەکرێت کە گەریلا و کادیرانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) لە قەندیل بە تورکی گفتوگۆ دەکەن. هاوکات، ئەوەشمان گوێ لێ دەبێت کە زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵات (لە ئێران) پڕبووە لە وشەی فارسی و زمانەکەیان خەریکە خسڵەتەکانی خۆی لە دەست دەدات. ئەم وێنەیە ئەگەر بۆ کوردی ڕۆژاڤا ڕاستتر نەبێت ئەوە دوور نییە لە ڕاستیی. کورد لە باشوور شانسی باشتر بووە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە زمانی کوردی هەر لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە لە ١٩٢١ دانی پێ نراوە و کەم تا زۆر تا ١٩٩١ لە عێراق خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە بەشێکی زۆری کوردستان بە کوردی بووە. هەر چۆنێک بێت، لە ١٩٩١ ـەوەش لە باشوور بە دامەزراندنی حکومەت و پەرلەمانی نیمچە-سەربەخۆ و لە ٢٠١٣ ـەوە لە ڕۆژاڤای کوردستان بە بوونی دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆسەری دەوڵەتئاسا، زمان و کولتوور و ناسنامەی کوردی لەو دوو بەشی کوردستانـدا گەشەیان بەخۆیانەوە بینیووە.
کورد وەک نەتەوە ژمارەیان لە ٤٠-٥٠ ملیۆن کەس دەبێت، قسەکەر بە زمانی کوردیش لەو ژمارەیە نزیکە. ئەوە پێمان دەڵێت کە ئەگەرەکانی نەمان و لەناوچوونی کورد/کوردی وەک نەتەوە/زمان لەم ساتە وەختەدا لە ئارادا نییە. بەڵام وەک باوە توێژینەوە بەگشتی بە سێ شێواز و مەبەست ئەنجام دەدرێت: یەکەم، توێژینەوەی وەسفی (descriptive)، کە وەسفی دۆخێک یان دیاردەیەک دەکات. دووەم، توێژینەوەی ڕوونکردنەوەیی (explanatory)، کە لە هۆکارەکانی پشت دۆخێک یان دیاردەیەک دەگەڕێت. سێیەم، توێژینەوەی پێشبینیکەر (predictive)، کە هەوڵدەدات لە ئەنجامی خوێندنەوەی دۆخێک، دیاردەیەک یان پێشهاتێک پێشبینی دەرکەوتەیەک یان ئەنجامێک بکات. ئەم توێژینەوەیە سەرەڕای ئەوەی کە هەر سێ شێوازەکەی توێژینەوە کەم تا زۆر لەخۆدەگرێت زیاتر هەوڵی خستنەڕووی پێشبینییەک دەدات، کە لەناوچوونی نەتەوەی کوردە، ئەویش بە لەناوچوونی کۆڵەگە سەرەکییەکانی نەتەوە وەک ناسنامە، زمان، کولتوور، دابونەریت، ئەوە ئەگەر باردۆخەکەی گۆڕانکاری بنەڕەتی بەسەردا نەیەت. بەمانایەکی دیکە، ئەوە ئەگەر کورد بە بندەستی بمێنێتەوە لەو وڵاتانەی کە دابەشکراوە بەسەریاندا و مەحروم بکرێت لە بەدەوڵەتبوون، یان لانیکەم دەستی بە دامەزراوە دەوڵەتئاساکان ڕانەگات، بەتایبەتی لە تورکیا و ئێران، کە کورد تێیاندا خاوەنی هیچ دەزگە و دامەزراوەیەکی نەتەوەسازی و نیشتیمانسازیی نییە.
بۆ پشتڕاستکردنەوەی دەربڕین و ئارگیومێنتەکان، توێژینەوەکە ئەم پرسیارانە دەوروژێنێت: یەکەم، کورد وەک نەتەوە، چۆن سەدان ساڵە ماوە و ئێستا ئەگەرەکانی لەناوچوونی هاتۆتەپێش؟ دووەم، ئایا دەوڵەت-نەتەوە، یان لانی کەم کیانێکی سیاسی دەوڵەتئاسا، تاکە زامنی مانەوەی زمان و نەتەوەیە؟ داخۆ نەتەوە بێ کیانی سیاسی دەتوانێت بەردەوام بێت؟ ئەگەر ناتوانێت بۆ و چۆن؟ بە واتایەکی دیکە، بۆ نەتەوەی بێدەوڵەت ئەگەری لەناوچوونی هەیە؟ توێژینەوەکە هەوڵیش دەدات گفتوگۆی پرسیارەکان بکات و وەڵامیان بداتەوە. بۆ وەڵامی پرسیاری یەکەم، بەراوردێک لە دۆخ و ژینگەی کورد لەژێر سایەی ئیمپراتۆریەتە بێگانەکان (عوسمانییەکان و سەفەوییەکان) بە بوونی ژمارەیەک میرنشینی سەربەخۆ لەگەڵ دۆخی بندەستی لەژێر ڕکێفی چوار دەوڵەت-نەتەوە (تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا) دا دەکات، لەوێوە بەرئەنجامەکان هەڵدەهێنجێ. بەڵام پێش ئەوە، لە بەشی دووەم و داهاتوو، کاریگەریی دەوڵەت لەسەر مانەوەی زمان و نەتەوە دەخاتە ڕوو، چەمک و پێناسەکانیش گفتوگۆ دەکات.
ماویەتی
سەرچاوەکان
ئیسماعیل، هەوار. (٢٠٢٤). "توێژینەوەیەک: لە تورکیا و باکووری کوردستان نزیکەی 60% ی خێزانی کورد لە ماڵەکانیان بە کوردی قسە ناکەن"، ڕووداو، لە < https://manage.rudaw.net/sorani/middleeast/turkey/14052024>.
Dri, Karwan Faidhi (2020) “Silencing of the Kurdish language in modern Turkey: who is to blame?”. Rudaw, at <https://www.rudaw.net/english/middleeast/turkey/210720201>.
Jones, Stephen (2024) “All the World’s Endangered Languages, by Country”. Visual Capitalist, at <https://rb.gy/6ba57g>.