شێست ساڵ زیاترە، ئەو پرسیارە دەکرێ و هەموو جارێ خەڵکی کوردستان، بە هەمان وەڵام دەگاتەوە، کە باشتر لە پارتی هەر پارتیە (بەدیلی پارتی پارتیە). بە دڵنیاییەوە، بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی بەو وەڵامە دەگەنەوە، تووڕە و بە گلەیین لە پارتی، لە سەر ئاستی جیاوازدا پارتیان پێ وەڵامدەرەوەی هەموو خواست و خۆزگەکان نیە، بەڵام ئەدی لۆ پارتی؟
- پارتی بە هەموو کەموکوڕیەکانیەوە، کە بە درێژایی مێژووەکەی لەگەڵ خۆی هێناوە، تاکە هێزی سیاسیی کورد و کوردستانیە، کە ڕاستگۆیانە نوێنەرایەتی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی کردووە، تاکە بزاڤی سیاسییە کە زاکیرەی هاوبەشی نەتەوەیی کوردی و نیشتیمانی کوردستانی لە سەر ئاستی کوردستانی گەورە دروست کردووە.
- مێژوو ئەوەی سەلماندووە، کە پارتی کارە و ئەوانەی دیکە (حیزب و لایەنە سیاسییەکان) کاردانەوەن، بۆیەشە هەرگیز نەیانتوانیە تەجاوزی پارتی بکەن و خەڵک وەک بەدیلی پارتی تەماشایان بکات.
گەلی کورد، کە هێشتا لە قۆناغی ڕزگاری نیشتیمانییە، تێکۆشانی لە پێناو چەسپاندنی مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانە، هێشتا پێویستی بە پارتییە ڕابەرایەتی بکات، لەبەر ئەو هۆکارانە:
- بۆ بەهێزکردنی پێگەی قەوارەی دەستوری کوردستان، کە تاکە قەوارەی نەتەوەیی و نیشتیمانی کوردە لە مێژووی نوێدا، ئەوەندە درێژەی کێشا بێت.
- بۆ جێبەجێکردنی دەستوری هەمیشەیی فیدڕالی عێڕاق، کە دان بەوە دادەنێت، کە عێڕاق وەک دەوڵەت، لە دوو نەتەوە و نیشتیمانی جیاواز پيکهاتووە، ئەوەش هەنگاوی ڕاست و دروستە بە ئاراستەی خاوەندارێتی کردن لە نیشتمان و ناسنامەی خۆمان.
- لاواز بوون و نەمانی پێگەی ئەو هێزانەی لە کوردستان، لە هەر بۆنەیەکدا، ڕادەست کردنەوەی کوردستان دەکەنە شاباشی ڕەزامەندی داگیرکەران، لە جیاتی پاراستنی قەوارەی دەستوری کوردستان، دەبنە بەشێک لەو دەنگ و گوتارانەی مزگینی نەمانی قەوارەی کوردستان ڕادەگەیەنن.
بە وەدیهاتنی ئەو ئامانجانە، کوردستان (باشور) دەبێتەوە یەک دەست و یەک گوتار، لە بەرامبەر دوژمن و داگیرکەران، ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر دەبێتەوە تا دەگاتەوە ئەو پێگەیەی داگیرکەر بکەوێتەوە سەر چۆک و لە بەرامبەر مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان بچەمێتەوە.
بۆیە لە پارتی باشتر هەر پارتیە.