دواین هەواڵ

ڕاوێژکارەکانی سەرۆک

‌ئاسۆ عەبدوللەتیف

6 کاتژمێر پێش ئێستا

بێگومان، ئەم مۆدێلە حوکمڕانیەی کورد دەبێ ڕیفۆرم بکرێ و بگۆڕێ، چونکە ئەم سیستم و دەستودایرەیە زادەی دەرهاوێشتەکانی قۆناغەکەو خەونی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردیی و دەوڵەتسازیی نییە، بەتایبەت لەدوای ئەگەری گۆڕانکاریە خێراکانی عێراق و هاتنەوەی سوننەکان و پاشەکشەی یەکجارەکی ئەمریکا لە عێراق لە ٢٠-٨-٢٠٢٥.

ئەمریکا ئەگەر ویستی سیستمی حوکمڕانی بگۆڕێ و سەرۆکێک دابنێ و هاوردەی بکات بۆ ئەم وڵاتە ژێردەستانەی ڕۆژهەڵاتی نێوین و ئاسیای بچوک و جیهانی عەرەبی و قەوقاز، نەپرس دەکاو نەهەڵبژاردنی دەوێ و نەباوەڕی بە تیۆرو پرەنسیپەکانی ئازادی و دیموکراسی و پلوڕالیزم هەیە بۆ ئەو گۆڕانکارییە.

بینیمان ڕێک و ڕاست، عەبدولفەتاح سیسی لەمیسرو ئەحمەد شەرعی لەسوریا داناو سیستمی حوکمڕانی لوبنان و لیبیاو یەمەنی گۆڕی، کاتی خۆشی حامید کارەزای کردە سەرۆکی ئەفغانستان لە ٢٠٠١ -٢٠١٤، دواتریش ئەشرەف غەنی لە ٢٠١٤ تا ٢٠٢١ کردە سەرۆکی دەستڕۆشتوو دواتر بینیمان چۆن ڕاویان ناو شاربەدەریان کرد بەهۆی پێدانی شیکارو زانیاری هەڵەوە.

هەر ئەو ئەمریکایە بزوتنەوەیەکی هەمەجی و توندڕەوی وەک تاڵیبانی لەخۆڕا هێنایەوە مەیدان، مەلا محمد عومەری ڕابەری تاڵیبان و عەبدولغەنی برادەری، کردەوە دۆستی خۆی و ئێستاش هەببەتوڵا ئاخوندزادە سەرۆکی ئەفغانستانە لەڕیزی دەوڵەتە ئارەزوومەندەکانی جیهان، ئیتر تیرۆرو خوێن و ئاژاوە چیەو چ مانایەکی هەیە، تۆی قاوەخۆری ڕاوێژکار پێم بڵێ بەکام داتاو فاکت و زانست شیکار دەکەیت و دەتەوێ ئەم دۆخە جوانکەیت بۆمان و بەهار بێنی بەچۆکا بۆ مشتێ دۆلار، ئەوە شیکارو تەحلیل نییە ئەوە موجامەلەو دڵڕازیکردنی سەرۆکەو بەس.

ئەمریکا، کەسایەتیەکی وەک ئەشرەف غەنی دوورخستەوە لە دەسەڵاتی ئەفغانستان بەهۆی ڕاوێژکارو وەزیرەکانیەوە نەک خۆی، کەپسپۆری بانکیی و توێژەری زانستە سیاسیەکان و هەمانکات کۆمەڵناس بوو، بەقەولی ڕاوێژکارە سۆسیۆلۆگ و ماستاوچیەکانی ئەنسرۆپۆلۆژیاو سۆسیۆلۆژیای سیاسی ئەفغانی و ئاسیایی و خێڵەکانی بەشتۆن و تاجیکی و هەزارەو ئوزبەکی و فارسی و تورکمانی شارەزابوو، لە ئەمریکاش ماستەری خوێندبوو، لە ٢٠١٠ یەکێک بوو لەسەد بیریارو موفەکیری گەورەو هەڵبژێردراوی جیهان و پێشتریش وەزیری دارایی و ئابوریی وڵات بوو، هیچ لەوانە بەکەڵکی نەهات بۆچی چونکە ڕاوێژکارەکانی زیاتر لەسەرۆک قسەیان دەکردو دیبەیتیان دەکردو پانێڵیست بوون و دەسەڵاتیان هەبوو.

ئەمریکا بزوتنەوەی تاڵیبانی چەندین ساڵ لەگۆڕەپانی سیاسی ئەفغانستان دوور خستەوە بەبیانووی تیرۆرو مافی مرۆڤ و ئازادیە سیاسی و ئاینی و کەلتوریەکان و شکاندنی پەیکەرەکانی بوداو ئەتککردنی کچان و ژنان، کەچی هاتن هەر ئەو تاڵیبانەیان بە ڕەنگ و ڤیژنێکی نوێ له‌ ١٥ی ئابی ٢٠٢١ هێنایەوە ناو گۆڕەپانەکە بۆ حوکمڕانی ڕەها، ئینجا تۆ  هێشتا وادەزانی دیکتاتۆریەت لەعێراق نەماوەو دیموکراسیەت حوکم ئەکا.

دەرکردنی هێزی هاوپەیمانان و سوپاو سەربازانی ئەمریکا ڕاستە بڕیاری پەرلەمانی بۆ دەرچوەو یاساییە لە ٥-١-٢٠٢٠ دەنگی بۆ دراوە لە پەڕلەمان، ڕێک دوو ڕۆژ دوای بە ئامانج گرتنی ئاغای قاسمی سولەیمانی و مەهدی موهەندس و ڕێککەوتنی سیاسی واژوکراویش هەیە لەنێوان نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی ئەوکات و هێزە ئەمریکیەکان لە ساڵی ٢٠٠٨ بۆ مانەوەی هاوپەیمانان بەشێوەی شکڵیی و ئەمنی و دیبلۆماسی، بەڵام ئەم پاشەکشەیە جیاوازەو عەقدێکی سیاسی تەمومژەو کەسێک نییە شیکاری بۆبکات.

هیچ ڕاوێژکارو ناوەندو توێژەرێکی کورد نییە هەڵسەنگاندنی بۆ بکات بەفاکت و بەڵگەی دروست بۆ ئەو دۆخەو مەترسیەکانی سەرکوردو هەرێمەکەی باس بکات، هەمووی باسی توێکڵ و توێژی سەرەوەی برینەکە دەکەن، ململانێی شیعەو سوننەو ئێران و ئەمریکاو مژدەو سوپرایزو موچەو ئەو شتانەی کە دڵی سەرۆک خۆش دەکەن نەک زانیاری و حەقیقەتی تاڵی بۆ باس بکەن و دۆخەکەی بۆ شیکار بکەن وەک خۆی.  

«پڕۆفیسۆر جێفری فێفەر» لە کتێبە نوێکەیدا جەخت لە حەوت تیۆرو وانەو بنەمای بەهێز دەکاتەوە بۆ هێزو مانەوە، شیکار بۆ دۆخی هێزو ناهێز، ڕاستی ڕەق، واقیع و وەهم و بەرگری دەکات و دەڵێت؛ ئەوەی توانای بەرگری نیە لەخۆی ئەوە هێزی نیەو نەماوە پێویستە پێشوەختە هێزبکڕێ ئینجا دەسەڵات وەدەست بخاتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP