دواین هەواڵ

تڕەمپنیزم: مردنی ئەخلاق لە ژێر سێبەری بازرگانی سیاسیداو خشتەی نوێی جیهانی

‌سیروان عوبەید

10 کاتژمێر پێش ئێستا

کاتێک سیاسەت دەبێتە بازرگانی، مرۆڤایەتی دەمرێت. کاتێک یاسا دەبێتە ئامراز، دادپەروەری نامێنێت. تڕەمپنیزم تەنیا بیرۆکەیەکی سیاسی نییە – بەڵکو نەخشەی مردنی ڕەوشتی نێودەوڵەتییە...کە بەرهەمی ئامانجگەرایی و بێ بەزەییی سیستەمی کاپیتالیزمی ڕەقە، و ئامرازێکە بۆ بەردەوامبوونی دەسەڵاتیان."
تڕەمپنیزم چیتر تەنیا ڕێگایەکی سیاسەتکردن نییە، بەڵکو پێشەنگێتی کۆتاییهاتنی بنەما ئەخلاقییەکانە کە لە ڕێگایەوە جیهان بەڕێوەدەبات. ئەم دیاردە سیاسییە، کە لە ناو هەناوی ئەمەریکا و مێشکی دۆناڵد تڕەمپەوە سەری هەڵدا، ئەمڕۆ بووەتە ئامرازێک بۆ ڕەقکردنی دڵی سیاسەتی جیهانی و لەناوبردنی هەموو ئەو پێوانە ئەخلاقییانەی کە مرۆڤ بە درێژایی مێژوو خەریکی دروستکردنی بووە.

تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی تڕەمپنیزم و کاریگەرییەکەی لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا
تڕەمپنیزم لە بنەڕەتدا دژبەرێتی ڕاستەوخۆیە لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسی و یەکسانی. وەک سیستەمێکی سیاسیی بێ مۆڕاڵ کە هەموو شتێک تەنها لە ژێر چاودێری "سوود"دا دەبینێت – سوودی ئابووری، سوودی ڕامیاری، سوودی کەسی. ئەمە واتە لەم جیهانە تڕەمپنیزمییەدا، مرۆڤایەتی، ماف، یاسا، و ئەخلاق تەنیا ئامرازن بۆ گەیشتن بە ئامانجە کەسییەکان.
ئەم بیرۆکەیە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەبووە لەسەر سیستەمی نێودەوڵەتی. کاتێک تڕەمپ و پوتین لە ئەلاسکا کۆدەبنەوە ( لە ١٥ی مانگی ئاب ٢٠٢٥، و بەبێ ئەوەی زێلێنسکی بانگهێشت بکرێت، باسی "ئاشتی" و ڕێکەوتن لەسەر چارەنوسی نیشتمان و گەلێکی تر دەکەن، ئەمە نەک تەنیا پێکهاتەی ئەخلاقی سیاسەتی نێودەوڵەتی دەشکێنێت، بەڵکو ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە جیهان بەرەو سەردەمێکی نوێ دەڕوات، سەردەمێک کە هیچ حساب بۆ یاسا و پڕۆتۆکۆڵە نێودەوڵەتیەکان ناکات و تەنها هێز بڕیار دەدات.

دەرئەنجامی تڕەمپنیزم، و بەشێک لەوەڵامی جیهانی و خشتەی نوێی هاوپەیمانییەکان — نموونەی چین و بریکس
ئەم گۆڕانکاریی و مۆدێلە لەسیاتی نوێی جیهانیدا تەنها لە چوارچێوەی ڕەفتاری دۆناڵد تڕەمپ_ئەمەریکا دا نەماوە، بەڵکو ئەمڕۆ "تڕەمپنیزم" بووە بە ڕەفتارێکی جیهانیی، وڵاتانی دیکەشی لەسەر ئەو مودێلە کۆپی کردووە و خەریکە وڵاتانی زلهێزی وەک ڕووسیا، چین، هیندستان، لە کاردانەوەی ئەو مۆدێلەی سیاسەتی دۆناڵد تڕەمپ، هەمان ڕەفتاری بێ پێوەری ئەخلاقیی سیاسی دەگرنەبەر لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا. و پێیانوایە ناچارن وەک بەرگریی لەهەمبەر ئەم شێوازە نوێیەی سیاسەت ڕێگەی نوێ و هاوپەیمانی نوێ ئەنجام دروست بکەن تەنانەت ئەگەر لەسەر حسابی تێکچوونی سیستمی ئێستای نێودەوڵەتی و یاسا و پڕۆتۆکۆڵە نێودەوڵەتیەکانیش بێت. وەک لە ڕووداوەکانی ئەم هەفتەیەدا، کۆبوونەوەی سەرکردەکانی وڵاتانی ڕووسیا، چین و هیندستان و کۆریای باکوور، بەڕوونی ئەوە نیشان دەدات کە خشتەیەکی نوێی جیهانی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بەڕێوەیە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی وەک هاوپەیمانییەکی ئەلتەرناتیڤ و دژایەتی باڵادەستی ڕۆژئاوا و کاردانەوە دژ بە سیاسەتەکانی ئەمەریکای سەردەمی تڕەمپ دەردەکەوێت.
چین کە لەڕابردوودا زیاتر وەک هێزێکی بەرگریکار" خۆی نیشانداوە، لەم دوایانەدا بە ڕوونی سیاسەتی ڕەدکردنەوەی هەڵمەتی ڕۆژئاوا دژی ئێران ڕاگەیاندووە، و بەشداریکردنی لە مانۆڕی هاوبەشی سەربازی لەگەڵ ڕووسیا و ئێران لە ١١–١٢ ئازاری ٢٠٢٥، لە گەرووی هۆرموز، لەژێر ناوی”هێڵی پاراست” سەرەتای قۆناغێکی نوێ بوو لەسیاسەتی چین و ڕووسیا، کە تیایدا ئامانجی مانۆڕەکە بریتی بوو لە: پەرەپێدانی هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان ئەو وڵاتانە و، کۆنترۆڵی هەڕەشە دەریایی، و نیشاندانی یەکگرتوویی ستراتیژیکی دژ بە کاریگەرییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و ئاماژەیەکی ڕوون بوو بۆ دروستبوونی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی دژبە باڵادەستی ڕۆژئاوا. هاوکات پەیوەندییە بەهێزەکانی چین لەگەڵ ڕیاز و تارانیش بەهەمان شێوە ئەم ئامانجە نیشان دەدات.
هەر ئەوهش نا، -ئاکتیڤ بوونەوە و چالاکییەکانی ئەم دواییەی گرووپی بریکس وەک ئەلتەرنەتیڤ. (BRICS) کە پێکهاتووە لە ڕووسیا، هیندستان، چین، بەرازیل و ئەفریقای باشوور، تا دێت هەوڵی بەهێزکردنی خۆی دەدات، بە تایبەتی لە بواری ئابووری و سیاسی. ئەمەش هۆیەکی سەرەکییە بۆ هەوڵی بەرپەرچدانەوەی باڵادەستی ڕۆژئاوا و دامەزراندنی سیستەمێکی نوێی جیهانیی فرەهێزی. ·هاوپەیمانییە نوێیەکانی وەک: هاوپەیمانیی دوو زلهێزی ڕووسیا - چین، ئەم ئامانجەی خستۆتە ڕوو، کە بە شێوەیەکی فەرمی دەیانەوێت بە پێشەنگایەتی سیستەمێکی نوێی جیهانیی دابمەزرێنن.
لەسەرووی هەموو ئەمانەدا پێشهاتێکی نوێی ئەم هەفتەیە بوو. بەدیاریکراوی ئەوەی لە ٣ی ئەیلولی ئەمساڵ ڕوویدا، کە تیایدا چین، هێزی خۆی نیشانی ڕۆژئاوا دا، جیهان شۆک کرد، بە گەورەترین نمایشە سەربازییەکەی لە بەیجینگ. ئەوە ڕووداوێکی ئاسایی نەبوو و تەنها ئامانج لێی یادکردنەوەی ٨٠ ساڵەی سەرکەوتنی چین بەسەر ژاپۆن لە جەنگی جیهانی دووەمدا نەبوو، بەڵکو پەیامێکی ڕوون بوو بۆ ئەمەریکا، و دەرکەوتنی هاوپەیمانیەکی نوێی جیهانی و فرەهێزی.
ئەوەی جێی سەرەنج بوو نمایشەکە بەنزیکەیی هەموو ئەوڵاتانەی کۆکردبووەوە کە بە دژبەری ئەمەریکا و ڕۆژئاوا دادەنرێن، تەنانەت ئەو وڵاتانەی کە پێشتر دژبە یەکیان هەبو، وەک؛ پاکستان- هیندستان- چین. بەیجینگ توانی زیاتر لە ٢٠ سەرکردەی وڵاتانی جیهانی کۆبکاتەوە کە زۆربەیان وەک دژبەری ئەمەریکا - ڕۆژئاوان، بە تایبەتی ڤڵادیمیر پوتین، کیم جۆنگ ئوون، و شین جی پینگ، و سەرۆکوەزیرانی هیندستان، وە سەرۆککۆماری ئێران، و چەند سەرکردەیەکی تر. ئەوش بە شێوەیەکی ڕوون نیشانەی هەوڵدانە بۆ یەکگرتن و هاوپەیمانییەکی نوێ دژ بە باڵادەستی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا بەتایبەتی. هەروەک- پەیامێکیی تری نمایشەکە ئەوە بوو: چین ویستی بە ئەمەریکا بڵێت، بەیجینگ چیترلەچوارچێوەی بەرگریدا نامێنێتەوە و لە جیهاندا دەبێت بە هێزێکی سەرەکی و پێشەنگی هاوپەیمانیەکی نوێ. هەروەک شی جینپینگ لە وتارەکەیدا گوتی: جیهان لە نێوان “ئاشتی یان شەڕ” و “دیالۆگ یان پەککەوتن” دایە، و چین دەیەوێت بە هێزو دیپلۆماسییەکی نوێوە بێتە مەیدان و چیتر لەسیاسەتی بەرگرییەوە ببێتە ڕێنمایی و پێشنگایەتی سیاسەتی دژبەری ئەمەریکا و ڕۆژئاوا.
هەرزوو لەکاردانەوەی ئەو ڕووداودا دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیامێکدا لە سۆشیال میدیای خۆی گوتی “سەرکردەکانی چین، ڕووسیا، و کۆریای باکوور لەگەڵ یەکترڕێککەوتوون بۆ پیلانگێڕی دژ بە ئەمریکا”، بەڵام دواتر لە وتارێکی تردا گوتی “بەڕاستی نمایشەکە زۆرسەرنجڕاکێش بوو، و ئەوان دەیانویست من بیبینم، و منیش بینیم”. هەروەها، تڕەمپ گلەیی کرد و گوتی دەبوو" شی جینپینگ لەوتارەکەیدا باسی هاوکاریی وڵاتەکەی بکات، چونکە ئەمریکا یارمەتیی زۆری داون لە ئازادکردنی چین لە جەنگی جیهانی دووەمدا.“ ئەو لێدوانانەی دۆناڵد تڕەمپ" ئەوەیان لێ دەخوێندرێتەوە کە ئەو دەیەوێت نمایشەکەی چین بگەڕێنێتەوە بۆ هۆیەکی سیاسی: لەلایەک هەستی خۆی بۆ مەترسی هاوپەیمانییەکی نوێ نەشاردەوە، و لەهەمان کاتدا یادکردنەوەی یارمەتیی ئەمریکا بۆ چین لە جەنگی دووەمی جیهانی دەکاتە ئامڕازێک بۆ گەڕاندنەوەی شێوازێکی دیپلۆماسی، یان نیشاندانی خۆی وەک سەرۆکێکی بەهێز و ڕەزامەند بە دیالوگ. بەڵام ئەوەی ڕوون بوو ، ترسەکەی دیارە: ئەمریکا لە ڕووبەری تاکلایەنەی سەرکردایەتی کردنی جیهان بکەوێت. لەکاتێکدا هەموو ئەو ڕووداوانە کاردانەوە و بەرئەنجامی سیاسەتی خۆبەزلزانی بێناوەڕۆکی تڕەمپ ن، نمایشەکە وەک بەشێک لەبەرئەنجامی سیاسەتەکانی تڕەمپ، هۆکارێکی ڕوونی داوە بە دروستبوونی بەرەکی نوێی جیهانی دژ بە خۆی و ئەمەریکا، وەک داهێنەری مۆدێلی تڕەمپنیزم” کە بە شێوەیەکی گشتی کارلەسەر “ئەمریکا یەکەمە” و دژایەتیی هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکانە. ئەم نمایشەی چین، بە ڕوونی ئەوەی نیشاندا کە چین و هاوپەیمانەکانی دەیانەوێت جیهانێکی نوێ دروست بکەن، جیهانێک کە لاینکەم دوور لە هێز و ڕێنماییی ئەمریکا. بەم شێوەیە، نمایشەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ وەلامێکی سیاسی بوو، بەشێوەی تڕەمپنیزم خۆی لەبەرامبەر سیاسەتی دۆناڵد تڕەمپ و ئەمریکای ئێستا بەسەر جیهانەوە.
هەمووئە و کاردانە و وەڵامانە پەردەلادانێکی پراکتیکیین بۆ ئەو تێروانینە ڕەوشتییانەی سەرەتا باسمان کرد. کاتێک وڵاتێکی وەک ئەمریکا یاسا نێودەوڵەتییەکان دەشکێنێت و سیاسەتی "بازرگانی سیاسی" جێگیر دەکات، وڵاتانی دیکەش هۆکاریان نییە ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرن. هەر ئەمەش وایکردووە کە سیاسەتمەدارانی وەک ئەردۆغان، مۆدی، یان شی جی پینگ بە ئاشکرا بڵێن: "ئەگەر ئەمریکا یاسا نێودەوڵەتییەکان دەشکێنێت، ئێمە بۆچی ڕێزیان لێ بگرین؟"

تڕەمپنیزم وەک دیاردەیەکی جیهانی — کۆتاییهاتنی سەردەمێک و دەستپێکردنی سەردەمێکی تر..
تڕەمپنیزم چیترتەنیا سیاسەتێکی دۆناڵد تڕەمپ یان ئەمریکایی نییە، بەڵکو بووەتە ئایدیۆلۆژیایەکی جیهانی. بەهۆی ئەوەشەوە ئەمڕۆ جیهان بەتەواوی بووەتە دوو بەش: جیهانێک پێش تڕەمپنیزم: کە تیایدا دەوڵەت و نەتەوەکان هەوڵیان دەدا لە ڕێی یاسا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کێشەکانیان چارەسەر بکەن.
بەڵام لە جیهانی دوای تڕەمپنیزمدا: هێزو زلهێزە گەورەکان بە زۆر و بە بازرگانی سیاسی ڕێباز و ڕێگای خۆیان فەڕز دەکەن. ئەمەش وایکردووە ئەو نەریتانەی کە دوای جەنگی جیهانی دووەم دامەزران، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ کاڵببنەوە و زیاتر لە ژێر پاڵەپەستۆی تڕەمپنیزمدا بەرەو لەناوچوون بچن.
بەمشێوەیە: تڕەمپنیزم؛ تەنها بیرۆکە نییە، بەڵکو لەڕاستیدا بووە بە نەخۆشییەکی سیاسی جیهانیی، بۆ لەناوبردنی یاساو ڕێسای نێودەوڵەتییەکان، بەوپێیەی هانی وڵاتانی دیکەی داوە بۆ ئەوەی لەبری پشت بەستن بە ڕێخراوەکانی وەک: نەتەوەیەکگرتووەکان، و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و یاسا و پڕۆتۆکەڵە نێودەوڵەتیەکان، هەوڵی هاوپەیمانیی نوێ بدەن، و بەدوای ئەلتەرناتیڤەکاندا بگەڕێن.

هۆکاری سەرەکیی: گەشەکردنی تڕەمپنیزم؛
خۆ بەزلزانی تڕەمپ و دەست لەپشتدانی ناوەخۆیی ئەمەریکا، گەشە بە تڕەمپنیزم دەدات. هەر وەک پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگرین کە پشتگیری لە تڕەمپ لە ناوخۆی ئەمریکا، لەلایەن هەندێک لە خەڵکی ئەمریکا (بەتایبەتی چینی دەوڵەمەند و بازرگان وهەندێک لە دەستەی کار) کە پشتگیری لە سیاسەتەکانی تڕەمپ دەکەن کە تڕەمپنیزم ی لێبەرهەم هاتووە، بەڵام نابێ ئەوەمان لەبیربچێت، کە ئەم پشتگیرییە بە هۆکاری ئابوورییەوەیە، نەک تەنیا بەهۆی بیرۆکە سیاسییەکانییەوە. ئەوان باوەڕیان وایە کە سیاسەتەکانی تڕەمپ (وەک کەمکردنەوەی باج لەسەر کۆمپانیاکانیان، کاریگەرییەکی باشی لەسەر بازرگانی و داھاتی کۆمپانیا و کەسیی خۆیان هەیە و وایان لێدەکات هەست بە گرنگی و باشبوونی ئابووری بکەن. بەڵام ئەم هۆکارە ئابوورییە نابێت وا لە خەڵک بکات لە کارەساتباربوونی ئەنجامە نێودەوڵەتییەکەی ئەم سیاسەتە خراپ و نا ئەخلاقییە بێ ئاگا بن. لەکاتێکدا خەڵکی دەتوانن ئەوە بە ڕوونی ببینین، کە تڕەمپنیزم بەرهەمی چاوچنۆکی کەسێتی و مێشکی دۆناڵد جەی تڕەمپ ە، و پشتگیری و وڵامدانەوەی چینی سەرمایەداری ناوەخۆیی ئەمەریکاش، تەنها لەچوارچێوەی قازانجێکی نا ئەخلاقیی ئابوورییە لەسەرحسابی تێکچوونی سیستەمی نێودەوڵەتی، نەک لەڕووی ئایدیۆلۆژیەوە. بۆیە نابێت ئەمە وابکات ئەو ئەنجامە خراپانە فەرامۆش بکرێت کە جیهان بەهۆی ئەو بیرۆکراسیەوە دووچاری بووەتەوە و چاوەڕێی دەکات.
لە کۆتاییدا، پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا جیهان دەتوانێت ئەخلاقیەتی خۆی بپارێزێت لە ڕووبەری تڕەمپنیزم؟
ئەگەرئەم بیرۆکەیە بەردەوام بێت، دەکرێت سەردەمێکی نوێی "ڕەھای ڕامیاری" دەستپێبکات، کە تیایدا هیچ سنورێک نەبێت بۆ دەسەڵاتی زلهێزان، و هیچ ڕێزێک ناگیرێت بۆ مرۆڤایەتی و یاسا نێودەوڵەتیەکان.
بە واتایەکی تر، ئەگەر جیهان ناتوانێت ڕووبەڕووی تڕەمپنیزم بوەستێت، ئەوا ڕاستییەکی تر هەیە: با چیتر ڕێخراوە نێودەوڵەتییەکان و یاسا و پڕۆتۆکۆڵە نێودەوڵەتییەکان: لەبواری سەربەخۆی گەلان و مافەکانی مرۆڤ تابوت بۆخۆیان ئامادە بکەن، چونکە لەژێر سایەی تڕەمپنیزم"دا هیچ یاسایەکی جێگیر نیە، هیچ شتێکیش پیرۆز نیە، ئەوەی هەیە مردنی ئەخلاقی سیاسی و بێ شەرمییە لە شکاندنی پێوەرە مرۆیی و نێودەوڵەتییەکان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP