دواین هەواڵ

ئازادی بە شەرتی چەقۆ

‌د. رێبین سەلام

1 رۆژ پێش ئێستا

ئازادی بە شەرتی چەقۆ ‼️
هی خۆمە ونایدەم بە تۆ ‼️

✍️د. رێبین سەلام

👈هەمومان دەزانین شوتی بەشەرتی چەقۆ، واتە شوتی بە مەرجی (سوری وشیرینی) ئەمەش لە یاسای خواست وخستنەروو (عرض وطلب)ی ئابوری ناسان، لێرەدا فرۆشیاری بەرێز بۆ شوتیەکانی خستنە رووی کردووە بەو مەرجەی شایستەیی شمەکەکەی کە شوتیە بیسەلمێنێت بەوەی چەقۆیەک بکات بەدڵی شوتیە نەگبەتەکەدا وراز ونهێنی شاراوەی ئاشکرا بکات وکڕیاری خۆشەویست لە دوو دڵی رارایی رزگاری بێت وبزانێت چۆن شوتیەک بە شوو دراوە وپێکەوە دەچنەوە ماڵێ ولەژێر سەقفێکدا کۆ دەبنەوە وبەردەبیتە شوتی خواردن.

👈با تۆزێک لەم شوتی کرینە مەرج دارە واز لێ بێنین وبزانین ئەگەر (ئازادی) بخەینە شوێنی وشەی شوتی چی روو دەدات؟وەڵامی ئەم پرسیارەش زۆر ئاسانە هەمومان دەڵێین (شوتی بەمەرجی چەقۆ) دەبێتە (ئازادی بە مەرجی چەقۆ)، کە رێکاو رێک لە ئازادیەکەی سلێمانی دەچێت، چونکە لە سلێمانی بۆخۆت هەر کەس ولایەنێک بیت، خوای دەکرد شێت ووێت یان مەست وحەیرانێکی بێ هۆش وگۆش هەتا ئەوپەڕی .. هەتا ئەوپەڕی چی !! هەتا وشەی هەتا هەیە ئازادیت، بەمەرجێ تەنیا رەخنە وتیروتوانج وتانە وتەشەرت، قسەی قۆڕ وقەڵب ونەشیاوت ، وشەی زبر ورەق وتەقت رووبەرووی ئەم دوو لایەنەبێت: 
١-پارتی دیموکراتی کوردستان.
٢-حکومەتی هەرێمی کوردستان.

👈ئەمەش لەبەر ئەوەی دوو دیوی یەک پارەن وسەرۆکایەتی حکومەتەکە ئێستا بە دەست پارتیەوەیە ، کەواتە تیر بەهەرکامیانەوە بنێ ی هەریەک ئەنجامە: (حەسەن کەچەڵ) یان (کەچەڵ حەسەن) هەر یەک قسەیە وبەمانای تەپڵی سەری وەک مەنجەڵ ساف ولوس وپوسە، بێ پرچ وئەگریجە ومووە.

👈خۆ ئەگەر سەرۆکایەتی حکومەت بەدەست یەکێتیەوە بوایە ئێستا ئەوا بێگومان حکومەت ساوا دەکرایەوە و هێشتا نەخرابووە قوتابخانە وهێندە بێ دەسەڵات ونابەرپرسیار دەبوو بەرامبەر سەرجەم کەم وکوڕییەکان، هەر سکت پێ ی دەسوتا ئێمە وەکو خەڵکی سلێمانی زۆرباش لەیادمانە بەم دەستەواژەی توخوا ئەزمونەکەمان ساوایە وگڕوگاڵ دەکات بۆ ماوەی ١٦ ساڵ بەکار دەهات وسەرو مەمکەمژەیەکیان دەدایە دەستمان پێوەی عاقڵ وژیر بین دەقاودەق کە بەرێزان (فوئاد مەعسوم، کاک کۆسرەت، بەرهەم ساڵح ، عمرفتاح ) سەرۆک وەزیران بوون، ئیدی ئەم ئەزمونە ساوەیە پاش ١٦ ساڵ هەر لەسلێمانی نەما یەکسەر دەم ودەست بێ ئەوەی ببێتە هەرزەکار وپاشان گەنج وئینجا کامڵ وبەتوانا، لە سلێمانیەوانێ یەکسەر کرایە کۆنە پەرست ورەجعی ودواکەوتوو ، پیرو لاواز  وبێ فەڕ، تەنانەت دەڵێن پێستیشی لە کەڵکی کوننە کەوتووە چارەنوسیشی یان مردنە یان بردنە…ئیتر ئەم ئەزمونە ساوایە دروشمی (یان مردنە یان بردنە)ی لە دژ دەگوترێ ودەگوترێتەوە هەر لەو رۆژەوەی بازگە کۆنەکەی تاسڵوجەی تێپەڕاند وبەرەوهەولێری پایتەخت ملی رێگەی گرت، هەرچەندە زۆر بە فەرمی وزۆر بەشەرعی بێ هيچ زەبر وزۆرێک زۆربەی ئازادیخوایان دەنگیان بەمە داوە.

👈ئینجا بۆیە دەڵێین ئازادیخوازانی سلێمانی بونەتە ئازادیخۆر چونکە رۆژ لە دوای رۆژ هەتا دێت ئازادییەکەیان گچکە دەبێتەوە وگچەش بۆتەوە بۆ چەمکێک کە هەتا هەتایە ئازادیت بەڵکو هەتا ئەوپەڕی ئەوپەڕ ئازاد بە لە ناشرینکردنی حیزب وحکومەت کە پارتی بێت، لێرەوە ئەگەر بەم شێوە ئازادییەی بەشەرتی چەقۆ رازی بین (کە هەتا چەقۆ لێدانەکە ئازادیت پاش ئەوەبۆت نیە وئازادنیت شوتیەکە نەبەیت، واتە کە شوتی فرۆشە بەرێزەکە وەکو جەلادێک چەندین کێردو قفڵ وزنجیری بەخۆیدا شۆرکردۆتەوە وهاوار دەکات شوتی بەشەرتی چەقۆ .. بەشەرتی چەقۆ ، واتە جەنابت ئازادیت هەتا شەرتی چەقۆ لێدانەکە پاشان ئەگەر نەتەوێت شوتیەکە بەریت هەرچەندە جوان وزەریف وسور وشیرین بێ لەوانەیە شوتی فرۆشەکە بەدەردی شوتیەکەتدا بەرێت هەر لە رێوە وهەر لە جێوە شەق وپەقت بکات، باشە برا تو ئەو خودایەی خواداری دەکات ئەمە ئازادییە یان زۆردارییە).

👈کارەساتە گەورەکەش لەوەدایە ئازادیخۆرانی خۆشەویشت هەر زۆر ئازادانە وئازایانە هەتا دوا چۆڕی هێز ووزەیان ئەسپی خۆیان تاوداوە لەو بوارەدا کە چەمکی ئازادی گچکەبکەنەوە لەجنیودان وبێ رێزی کردن بەرانبەر بە پارتی وسەرۆکی حکومەت کە پارتیە ووێنەی جەنابی کاک مەسرور بارزانی کە جوامێرێک کوڕی عەگیدێک کوڕی ناسنامەی میللەتێکی بێناسنامەیە (مەسرور مەسعود مستەفا بارزانی) بە ئاڵای پیرۆزی کوردستانەوە لە پێش چاوی سەرجەم ئامادەبوانی بەرێز کە پێک هاتبون لە دەستەڵاتداران وبێ دەسەڵاتداران، ژن وپیاو ، گەورەو گچکە خرایە بن پێ لەلایەن کابرایەکی غەریب وعەجیب ونانەجیب هەر دەتگوت لە کۆچی قەرج ودۆمەوە جێ ماوە بێ هیچ دوودڵیەک هەتا دەهات زیاتر وزیاتر قوڕی پێڵاوەکانی لە وێنەکە دەسوا، وسەرجەم ئامادەبوانیش پەیتا پەیتا پەیامی بروخێ ..نەمێنێ … یان با بمرێ ی حکومەتیان دەگوتەوە ، بەڵام ئا لێرەدا پرسیارێک خۆی قیت دەکاتەوە ودەڵێت : باشە خوا نەخواستە (لەبری یاخود لەگەڵیدا) کابرای باش پەروەردە نەکراو دەیتوانی وێنەیەکی کاک قوەبادیش وەکو وێنەی سەرۆکی حکومەت لێ بکات بەو پێیەی کە جێگری سەرۆکی حکومەتە هەتا ئێستا وسەرجەم دەسەڵاتێکی خۆی هەیە بە پڕاو پڕی ولێوان لێو، خۆ لەیادمانە لەچەند مانگی بەرایی ئەم کابینەیەوە تۆرا و لەکەلی شەیتان نەهاتە خوارەوە وپێ ی لەکەوشێ نا وهەتا پڕا وپڕ بۆ کوڕاو کوڕ دەستەڵاتەکانی وەرنەگرتەوە نەهاتەوە.

👈ئیتر ئازادیەکەی سلێمانی وردە وردە کورت دەکرێتەوە بە جۆرێک لای نەوەکانی داهاتومان داری ئازادی نەک بە خوێن وفیداکاری وبەرخودان بەڵکو بە رەخنە وتف ونەعلەت وجنێودان گەورەبووە ولق وپۆپی هاویشتووە بۆ چەق چەق وسەرچنار ولەوێشەوە بەرەو جادەی سالم ورزگاری کۆن ورزگاری تازە وبەختیاری وبەرانان وسەهۆڵەکە وگەڕرکی عەقاری وئاشتی وباخی گشتی ومەولەوی وبەردەرکی سەرا وحەوزەوشکەکە وچوارباخ وسەرشەقام وسابونکەران وکانێسکانیشی گرتۆتەوە ولقێکیشی خۆی گەیاندۆتە توی مەلیک وبرایم پاشا وئەزمەڕ وگۆیژە، ئیدی نەوەی داهاتوو  بەلەنگاز بێ چارە بەرچاوی وا لێڵ وتەڵخ وپەڵخ کراوە بەئەندازەیەک چەمکی ئازادی لەلای چەواشەکراوە وزۆر زۆر بێ رەحمانە چاوەکانی وا بەرشەوارە کەوتوە وادەزانێت هەر ئەو جۆرە دارە، دارە کەوا بە سەر شارەوە بەرقەرار ودیارە. 

👈بەڵگەی حاشا هەڵنەگری ئەم ئازادیە مەرجدارەی دەسەڵاتی سلێمانی ئەوەیە: چما لەو دەڤەرە (ئازادیخوا) هەیە پێکەوە لەگەڵ ئازادیخۆر بەشێک لە ئازادی یان هەموویان پيێکەوە نەخواردبێ، کام ئازادیخوا لەسەر سفرە وخوانی ئازادیخۆرەکە ئازادانە ماوەتەوە ودەتوانێ بە شێوەیەکی ئازاد نەک تیرێک بگرێتە (یەکێتی نیشتمانی) بەڵکو چڵە پوشێک چیە بتوانێت تێی بگرێ، مەگەر هەر یەکسەر راستەوخۆ وبێ مەرج وهۆ لەرێگەی هێزەکانی دژەتیرۆر بێ یان کۆماندۆ دەم کوت نەکراوە یان براوە..!! هەمولایەکیش دەزانێت کارەکان لەسلێمانی بەم شێوەیە بووە وبەم شێوەیەش دەمێنێ هەموو شتێ بەزەبری چەقۆ …بەشەرتی چەقۆ…!!
👈هەر بۆخۆتان بۆ خوا بڵێن هەتا ئێستەشی لەگەڵدا بێ ئازادی لەشاری سلێمانی بەم شێوەیەی لێ هاتووە..؟ یان لێ ی نەهاتووە ..؟

👈 کەواتە هەر بەراستی ئەمە ئازادییە؟ یان زۆردارییە ؟؟  ئەی هاوار رۆشنفکر وعەقڵمەند وقەڵەم دۆستان ، ئازادیخوازانی سلێمانی … توخوا ئێوە (ئازادیخۆان) یان (ئازادی خۆر)… نان وئاو و وموچە وبوجەتان، کاروکاسبی وبژێویتان بووە بە خواردنی ئازادی ، شەو ورۆژ داوەتی هەمان مریشک وپڵاون بە هەمان شێوە وشێواز بەبێ هيچ گۆرانکاریەک فراوێن وقاوەڵتی وشێوان ، لە سەر هەمان تاس وهەمان حەمام هەمان قەوان دەخۆن ودەخۆنەوە ، ئەرێ تێر نەبوون!!!

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP