دوژمنان ونەیارانى گەلى کورد لە ناوچەکەدا، ئەم قەوارەیەى بەرهەمى دەیان ساڵ خەبات و بەرخودانە و بووەتە نموونەى حکوومڕانییەکى دیموکراسیی و ئازادیخوازى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و هەروەها گەورەترین مەترسى لە سەر هەڵوەشاندنەوەى نەخشە دەستکرد و داگیرکەران ، لەماوەى سێ دەیەى رابردوو بە جۆرەها پیلانگێرى و سیناریۆ هەوڵى لاوازکردن و لەناوبردنیان داوە ، بەڵام ئەوەى ڕێگربووە و شکستى بە پیلانى ناحەزەکانى هێناوە ،خۆڕاگرى گەلى کورد و سیاسەت و دیپلۆماسیى و ئیدارەدانى سەرکەوتووانەى سەرکردایەتیی سیاسى گەلى کورد و بەتایبەتى سەرۆک بارزانى ،سەرۆکى هەرێم و سەرۆکى حکوومەتى کوردستان بووە .
شارەوانە نییە ، چ لە سەر ئاستى عێراق و چ لە سەر ئاستى هەرێمایەتى بە شێوازى جیاواز و پیلان و قەیرانسازى پێشتر ئامادەکراو فشارەکان بەتایبەت لەم چەند ساڵەى دواییدا تادێت دژى گەلى کورد و قەوارەى هەرێمى کوردستان چڕتر دەبێتەوە ، جۆرها چەک و سیناریۆ و جاش و تابوورى پێنجەم و شەڕى راگەیاندن بەرامبەر بە کوردستان بەکارهێنراوە ،بەڵام تا کوو ئێستا ئیرادەى گەلى کورد و حکوومەتى کوردستان توانیوێتى بە سەر ئەو فشار و پیلانگێرییانەدا سەرکەوێ .
ئەوەى جێگەى هەڵوەستەکردنە کاردانەوە وهەڵوێستى وڵاتانى ناوچەکە و نێودەوڵەتیی کە پیشانى داوە هەرێمى کوردستان خاوەن سەنگ و پێگەیەکى مەزن و بەهێزە لە ڕووى دیپلۆماسى و سیاسیشەوە ، ئەوەش لە هەڵوێست و کاردانەوەى زڵهێزانى وەک ئەمەریکاو فەرەنسا و وڵاتانى هاوپەیمانان و پشتگیریکردنیان لە دۆزى کورد و قەوارەکەى بە روونى دەردەکەوێت .
گەلى کوردستان لەماوەى ئەم 15 ساڵەى دواییدا لە سەر ئاستى ناوخۆیی عێراقى و هەرێمایەتى و ئینجا بەکارهێنانى هەندێک لایەن بەناو کوردستانى ڕووبەڕووى فشار وپەڵاماردانى زۆر بووەتەوە ، بەڵام حکوومەتى کوردستان بە پشتیوانى خوا و گەلێکى خۆراگر و نیشتیمانپەوەر توانیوێتى بە سەر هەموو ئەو کۆسپ و ئاستەنگانەدا زاڵ بێت و سەرکەوتوو بێت کە خراونەتە بەردەم کاروانى پێشکەتنەکانى هەرێمى کوردستان ، لەگەڵ ئەوەش ئەو قەوارە یاسایی و دەستوورییە لە سەر ئاستى ناوچەکە و نێودەوڵەتیش خاوە پێگەیەکى دیار و بەهێزى دیپلۆماسییە ، قەوارەیەک بە خوێن و قوربانیی خەڵک و هێزى پێشمەرگەى کوردستان بەدەستهاتووە ، ئەوەش وایکردووە هەرێمى کوردستان بەرامبەر ئەو فشارانە پارێزراو و بەهێز بمێنێتەوە .
هەرێمى کوردستان لە چەند ڕوویەکەوە خاوە پێگەو ستراتیژیی بەهێزە، کە دەکرێت ئاماژەى پێ بکەین :
یەکەم ،، لە ڕووى سیاسى و دیپلۆماسییەوە سەرکردایەتى سیاسیی کوردستان زۆر ژیرانە و هاوسەنگانە سیاسەت و مامەڵە لەگەڵ رووداوو پێشهاتەکان ناوچەکە و جیهان دەکات ، ئەوەش وایکردووە قەوارەى هەرێمى کوردستان پارێزراو بێت
دووەم ،، هەروەها لەرووەى فەراهەمکردنى ئاسایش و سەقامگیرى و ئاشتى هەرێمى کوردستان توانیوێتى ئەوە بسەلمێنێت کە قەوارەى سەقامگیر و تەناه و پێکەوەژیانە و لە جیاتى هەموو دوونیا شەڕى بۆ پارێزگاریکردن لە ئاسایش وئەمنییەتى هەموو جیهان کرد .
سێیەم ،، هەرێمى کوردستان لەڕووى سەروت و سامانى ژێر زەوى بەتایبەتى کەرتى وزە و نەوت و غاز بەتایبەتى ، خاوەن پێگەیەکى دیار و بەرچاو و بەهێزە ، چاوى زڵهێزان و کۆمپانیا ناودارەکانى جیهانى لەسەر بۆ ئەوەى لەگەڵ کوردستان باشترین پەیوەندییان هەبێت و گەورەترین گڕێبەستى نێوان هەولێر و واشنتۆن باشترین نموونەیە .
چوارەم ،، هەروەها هەرێمى کوردستان وەک دوورگەیەى ئارام بووەتە نموویەکى جوانى پێکەوەژیانى ئاشتیانەى هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاکان ، ئەوەتا رەوشى عێراق بەشێوەیەک رۆژ بەرۆژ ناوچەکانى خۆیان چۆڵ دەکەن ، بەڵام هەرپێکهاتەیەکى نەتەوەییی ،ئایینى و ئایینزایی بێت ، هەموویان ڕوو لە کوردستان دەکەن ،چونەکە لێرە هەست بە دڵنییایی و پارێزراویی مافەکان و مرۆڤ بوونیان و ئاسایشێکى بەهێز دەکەن .
پێنجەم ،، هەرێمى کوردستان خاوەن پەیوەندییەکى بەهێزە لەگەڵ وڵاتانى زڵهێز و کەنداو و ناوچەکە و ئەوروپایی ، بۆیە وەک دەبینن ،وڵاتێکى زڵهێزى وەک ئەمەریکا گەورەترین کۆنسوڵخانەى لەسەر ئاستى جیهان و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە هەولێرى پایتەختى کوردستان دروستکردووە و نزیکەى 40 کۆنسوڵخانە و نوێنەرایەتى فەرمى وڵاتانى لە هەرێمى کوردستان کار دەکەن و لە داهاتووشدا وڵاتانى زیاتر لە رووى دیپلۆماسى و ئابوورییەوە ڕوو لەهەرێمى کوردستان دەکەن و ئەوەش واتا پێشکەوتنى زیاتر .
بۆیە ، ئەوەى ئاماژەی پێکرا ، پێمان دەڵێن ، هەر چەند دوژمنان پەڵامار و فشار دژى گەلى کوردو قەوارەکەى دروست بکەن یانیش هەوڵى بچووکردنەوە وپەراوێزخستنى رۆڵى هەرێمى کوردستان بدەن ، تەنها لە چوارچێوەى خەونێکدا دەمێنێتەوە و بەهیچ شێوەیەک هەرێمى کوردستان بچووک و گۆشەگیر ناکرێت و بەڵکو داهاتوویەکى گەشتر لە چاوەروانیدایە