دواین هەواڵ

دەوڵەتەکەتان جوانە!

‌عەتا شەمێرانی

3 رۆژ پێش ئێستا

 

ناحەزان و كۆیلەو جاشسیغەكان، وەكو مۆرانە ڕژاونەتە كوچەو كۆڵانەكانەوە، لە ژمارە نایەن ، جاران خەڵك بەدزییەوە جاشایەتی ئەكرد، زۆرجار لەڕووی نەئەھات بەڕۆژ بێتە ناو خەڵكەوە، كەچی ئێستا لەسەر شاشەی تەلەفزێۆنەوە گۆرانی بەشان و باڵی دووژمندا ئەڵێت، شەوو ڕۆژ لە فەیسبووكەكەی خۆیەوە بە ئاڵاو خاكی داگیركراوی كوردستاندا ئەڕشێتەوە، بەدەنگی بەرز دژی كوردو كوردستان شت ئەڵێت!

ئەگەر ئێستا لە گوگڵ بەدوای ڕستەی(دەوڵەتەكەتان جوانە)دا بگەڕێیت، لەچركەیەكدا ھەزاران جار ئەو ڕستەیە دووبارە ئەبێتەوەو بەدوای یەكدا دێت!!

بەهەموو پێوەرێک بە كارھێنانی دەستەواژەی(ڕیفراندۆمەكەتان جوانە_دەوڵەتەكەتان جوانە) لوتكەی ئیھانەو بێحورمەتیە بە خوێن و خەباتی سەدان ساڵەی كورد، ئەو ڕستەیەی سەرەوە لەدوای شانزەی ئۆكتۆبەرەوە بوو بە بنێشتەخۆشەی جاشسیغەو بەشێك لە پەرلەمانتارو نوسەرە خۆفرۆشەكانی كورد، ئەوان لە فیدائییەكانی سەدام و خامنەئی و ئەردۆغان ڕق ئەستورترن، لەوان زیاتر دووژمنایەتی كوردو كوردستان و خاكەكەی ئەكەن!!

كاتێك شەلاتییە عوسمانییەكان شێخ عوبەیدوڵای نەهرییان دەستگیر كرد، خۆفرۆشەكانی ئەو كاتە گاڵتەیان پێدەکرد و زوو پێیان دەوت(شۆڕشەكەت جوانە، دەوڵەتەکەت جوانە!

کە شەریف پاشای خەندان نوێنەری کورد بوو و نەخشەی کوردستانی لە "عصبە الامم" پیشاندا و هەوڵی بۆ دروسکردنی دەوڵەتی کوردی دا و شکستی هێنا و نەفی کرا. ھەندێك لە سەرۆك ھۆزەوو جاشەكانی ئەوكاتە چوونە لایی و پێیان وت "دەوڵەتەکەتان جوانە!

کاتێك پێشەوا قازی محمدیان لە چوارچرا لەسێدارەدا، جاشە ئێرانییەکان لە ڕێگای ڕۆژنامەو گۆڤارەكانی ئەو زەمانەوە بە گاڵتەپێکردنەوە دەیانووسی: كوردو دەوڵەتیان نەوتوە، تۆ خەریكی چ بەزمێك بوویت داماو؟!

کە سەرۆک بارزانیش ڕیفراندۆمی کرد، لە پێش ھەمووانەوە قەڵەمفرۆش و خۆفرۆش و بەكرێگیراوەكانی تورکیا و ئێران و عێراق،لە ڕێگای نووسین و چاوپێكەوتنەكانیانەوە پەلاماری ڕیفراندۆمیان دا، بۆ لەشكركێشی دەبابەو تانك و زرێپۆشەكانی حەشدی شەعبیش ئاھەنگیان گێڕا، چەپڵەیان لێدا، ھەفتەی پێنج شەو ئەھاتنە سەر تەلەفزێۆن و ئەیان وت و ئەڵێن:  
 ڕیفراندۆمەکەتان جوانە" "دەوڵەتەکەتان جوانە!

بە كوێرایی چاوی ناحەزان و دڵڕەشەكان، ئەمڕۆبێ یاخود سبەی ئەو دەوڵەتە لە دایك ئەبێ ، دەوڵەتێكی جوانیش ئەبێ، جوان وەك ناوی كوردستان، جوان وەك خاكی كوردستان!


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP