دواین هەواڵ

شەڕی دیجیتاڵی مەلاکان

‌مەجید ساڵح

23 کاتژمێر پێش ئێستا

ئێستا لە کوردستان لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیادا، رۆژانە شایەتی شەڕێکی دیجیتاڵی سەختین لە نێوان مەلای مەزهەب و قوتابخانە و تەریقەتە جیاوازەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام.

ئەم فرە ڕەنگی و تەنەوعە که بڕیارە سەرچاوەی هێزی ڕۆحی و فیکری بێت بۆ تاکی موسڵمانی کورد، بەداخەوە بۆته ئامرازێک بۆ دابەشبوون و پارچه پارچەکردنی نێوخۆیی، یەکگرتوویی کۆمەڵگەی کوردستانی- کە خۆی لەسەر تاڵەموویەک بەندە ـ بەم شەڕە کوردستان کەوتوەتە بەر مەترسییەکی حەقیقییەوە.

لەبری ئەوەی پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا وەک سەکۆیەک بن بۆ گفتوگۆی بنیاتنەر و کاریگەر، بوونەتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی شەڕی ئایدیۆلۆژی و هەندێکجار کەسی زۆرێک لە مەلاکان، بە جۆڕێک هەندێکیان لەبەکارهێنانی و دۆزینەوەی وشە و دەستەواژەی بریندارکەر بۆ ئازاردانی لایەنی بەرامبەر داهێنان دەکەن و لە کێبڕکێی سەختدان، تۆمەتی بێ ویژدانانە و سوکایەتیکردن و زەلیلکردنی ئەویتر بۆتە پێوەرێک بۆ شارەزایی و راستگۆیی ئایینی! ئەوەی مایەی ئازارە ئەوەیە کە زۆرێک لەو گەنجانە تەنیا ئامرازێکن بێویستی خۆیان کەوتونەتە ژێر کاریگەری کۆمەڵێک بەناو پیاوی ئاینی بێگانە بە کولتوور و واقیعی کوردستان هیچ لێکچوون و هاوبەشییەک لە نێوان ژینگەی ئەوێ و کوردستاندا نییە.

لە ڕابردوودا زانایانی ئایینی کورد بەشێکی دانەبڕاو بوون لە پەیکەری کۆمەڵگاکەیان، ئاشنا بوون بە پێداویستی و نیگەرانییەکانی خەڵک، و بە زمان و هەلومەرجی کوردەواری چارەسەری کێشەکانیان دەکرد. بەڵام ئەمڕۆ گوتارێکی نامۆ جێگەی گرتووەتەوە کە بە تەواوەتی دابڕاو لە واقیعی کۆمەڵایەتیمان، ئەو شەڕ و ململانێانە درزی نێوان خەڵک قووڵتر دەکاتەوە و تاکەکانی کۆمەلگەکەمان دەکاتە سووتەمەنی ململانێ و تەسفیە حسابی ئەوانی تر.

بەردەوامی ئەم شەڕە دیجیتالیەی هەندێ لە مەلاکان مانای ئەوەیە موسڵمانێکی کورد لەدژی موسڵمانێکی دیکەی کورد دەوەستێتەوە و لەمەشدا تاکە دۆڕاو خودی کۆمەڵگەی کوردییە. لێرەدا چارەسەر، مجامەلەی فیکری نییە، بەڵکو پێویستییەکی وجودییە: لە پاڵپشتیکردنی مەلا و دامەزراوە ئایینییە ناوخۆییە سەربەخۆکانەوە دەست پێ دەکات، بە سەپاندنی کۆنترۆڵی توندی یاسایی بەسەر گوتاری ئایینی لە فەزای دیجیتاڵیدا، و بڵاوکردنەوەی کولتوورێکی ئایینی میانڕەو کە پێکەوەژیان دەکاتە بنەما کۆتایی دێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP