نەک هەر ئەوەى عێراق ساڵ بە ساڵ پشتى لە فیدراڵیزم ، هاوبەشى و سازان و هاوسەنگى کرد ، هیچ بابەخێکى بۆ دەستوور دانەنا تەنها ئەو بابەتەکانەى لەبەرژوەندى خۆیاندایە و دواتر گڕتنەبەرى سیاسەتى زۆرینەى تایفەگەڕى و مەزهەبى و ئینجا پەراوێز خستنى گەلى کوردو سوننەو پێکهاتەکانى دیکە و بێ بەشکردنیان لە هەموو مافەکانیان ، ڕێگەى خۆشکرد تا عێراق بەرەو توندرۆى و ئینجا هاتنى ڕێکخراوە تیرۆریستەکانى وەک قاعیدە و داعش و چەندانى تر خۆش بکات و لە ساڵى 2014 تا نزیک بەغدا پایتەخت بکەوێتە چەنگیان ، ئەوەش ڕێگەى خۆش کرد تا چەندین گروپى میلیشیایی و چەکدارى بە ناوى حەشد دروست بکرێت و ئێستا ژمارەیان دەگات دەیان هەزار کەس و خاوەن چەک و جبەخانە و سەرچاوەى دارایی و بیرى نەوت و خاڵى گومرکى تایبەت بەخۆیانن .
لەگەڵ هەموو ئەوانەى ئاماژەم پێدا ، هەژموونى خۆیان بە سەر هەموو جومگەکانى حکوومڕانى بەغدا دا سەپاندووە و دەسەلاتیان لە سەروى سەرۆکوەزیرانى عێراقەوەیە و بودجەیەکى خەیاڵى بۆ مووچە و بوارەکانى تر وەردەگرن و لەگەڵ بەدەسهێنانى جۆرها چەک و هێڵیکۆپەتریش، تەنها ئەو چەکانەى کە هێزەکانى ئەمەریکا و هاوپەیمانان بۆ پڕچەککردنى سوپاى عێراق دیدەن ، بۆ خۆیان دەیبەن، جگە لەوەش دەستوەردانى دەرەکیش لە ناو ئەو گروپ و میلیشیایانە گەیشتۆتە لووتکە و تادێت ژەمارەى چەکدارەکانیان زیاتر دەبێت و رۆژ بە رۆژیش زیاتر کۆنترۆڵ و دەسەڵاتى خۆیان بە سەر دامودەزگە فەرمییەکانى ئەو وڵاتەدا سەپاندووە و واتا حکوومەتێکى سێبەریان زاڵ کردووە بەسەر حکوومەتێکى فەرمییدا .
ئەو تاقم و میلیشیایانە کە ناویان حەشدە ، ئێستا لە ناو بەرەى موقاوەمە جێگرن و ڕاستەوخۆ فەرمان لە ئێران وەردەگرن و تا ئێستا چەندین جار بەشداریان کردووە لە هێرش و پەڵاماردانى هێزەکانى ئەمەریکاو هاوپەیمانان لە ناوخۆیی عێراق و ئینجا پێش تێکشکاندنى هیلالى شیعى هەر لە غەززەوە تا باشوورى لوبنان و ئینجا سووریا و یەمەن پاڵپشتى ئێرانیان کردووە بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و ئەمەریکاو هاوپەیمانانى وبەتایبەتى دەیان جار بە بیانوو و پاساوى بێ بنەما هێرشى مووشەکى و درۆنیان بۆ سەر شوێنە ستراتیژییە ئابوورى و کێڵگە نەوتى و غازى بەرژوەندییە باڵاکانى کوردستان ئەنجامداوە .
هێرش و پەڵاماردانى ئەو گروپ و میلیشیایانە لە دواى شەڕى 7ى ئۆکتۆبەرەوە لە ناوچەکە بۆ سەر ئەمەریکاو ئیسرائیل و هاوپەیمانانى و ئینجا شکست وپاشەکشێی ئێران لە ناوچەکەدا وایکردووە کە ئەمەریکا و ئیسرائیل بیر لە ناوبردنى ئەو گروپە تیرۆریستانە لە ناوچەکە و عێراق دابنێنن هەندێکیشان یا بەخێرایی سزاى ئابوورى و یانیش لە نێو لیستى تیرۆر دانراوە و رۆژ بە رۆژیش حکوومەتى عێراق ئاگادار دەکرێتەوە و هۆشدارى پێدەرێت لە بوونى ئەو میلیشیایانە ، لەکاتێکدا ئێران هەوڵى بە یاساییکردنى حەشد دەدات تا هاوشێوەى سوپاى پاسداران و بەسیج سەنگەرێکیان لە عێراق هەبێت بۆ دژایەتیکردنى ئەمەریکاو هاوپەیمانانیان ، بەدڵنییاییەوە ئەگەر عێراق یاسایی حەشدى شەعبى لە پەرلەمان تێپەڕێنێت نەک لێدانى سەربازى بەڵکو گەمارۆى ئابوورى و دارایی قورسى لێدەکەوێتەوە و بەغدا باجێکى قورس دەداتەوە .
ئەوەى لە ئێستادا دەبینرێت ، ئەو راستییە ، ناوچەکە خۆى بۆ جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەى دیکە لە نێوان ئیسرائیل و ئێران ئامادە دەکات ، بەدڵنییاییەوە ئەمەریکا و هاوپەیمانانى ڕێگە نادەدەن ، نە حزبولا و نە ئەو دەیان گروپە میلیشیاییەى بە ناوى حەشد لە بەرەى موقاوەمەى ئێران ببنە ئاستەنگ و کێشە لەبەردەم جێبەجێکردنى نەخشە وپلانە نوێیەکانیان لە ناوچەکەدا .
هەر لەمبارەیەوە ، کاریگەرى ئەو تاقم و میلیشیایانە لە سەر ئاستى ناوخۆى عێراقیش بە تایبەت لەماوەى 8 ساڵى رابردوو بەرامبەر هەرێمى کوردستان زۆر دوژمنکارانە بووە ، رووداوەکانى 16 ئۆکتۆبەرى و دواتر لە ماوەى ئەم 5 ساڵەى دواییدا بەڕێگەى هێرشى درۆنى و مووشەکى و بەکارهێنانى هەندێک لایەنى بەناوى کوردى بۆ تێکدانى ئاسایش و سەقامگیرى و وایکردووە هیچ متمانەیەک لە نێوان کوردستان و عێراقدا بوونى نەمێنێت و کاریگەرى ئەو میلیشیانە لە سەر حکوومەتى بەغدا بۆ بڕینى بودجە و مووچەى 7 ملیۆن کوردستانى رەوشێکى خراپى دروستکردووە .
ئەوەتا لەلایەن ڕێگرى لە جێبەجێکردنى ڕێککەوتننامەکان و ناردنى شایستەکانى کوردستان و لەلایەکى تریش ڕێگرى لە هەناردەکردن و فرۆشتنى نەوتى کوردستان دەگرن و هەر رۆژەوە پاساو و بیانوویەکى بۆ دەبینەوە ، لە هەمانکاتیشدا لەماوەى رابردوودا ، چەندین جار بە فرۆکەى بۆمبرێژکراوە هێرشى سەر کێڵگە نەوتییەکانى کوردستانیان دا تا بەوڕێگەیەوە ئابوورى و بەرهەمهێنانى نەوتى کوردستان پەک بخەن و ڕێگە لەگەشەسەندنى ئابوورى هەرێمى کوردستان بگرن ، ئەوەش خۆى لەخۆیدا دەچێتە چوار چێوەى کارى تیرۆریستى تێکدەرانەکەلایەن ئەو تاقمە میلشیایانە پەیرەو دەکرێت ، بەدڵنییاییەوە ئەوەش بۆ ئەو راستییە دەگرێتەوە کە دەسەڵاتدارانى بەغدا ناتوانن هیچ بڕیارێک سەربارەت بەو گروپە تیرۆریستانە بدەن تەنها بەیاننامە نەبێت ، ئەوەش وایکردووە رۆژ بەرۆژ متمانەى نێوان هەرێمى کوردستان و عێراق لاوازتر ببێت .
بەدڵنییاییەوە ، هەرێمى کوردستان بەگڕتنەبەرى سیاسەتى ژیرانە و دیپلۆماسى کارانە ڕووبەرووى ئەو پیلانگێرى و هێرش و فشارانە بووەتەوە کە دەستى دەرەکیشیشى بۆ لێدانى لاوازکردنى کەرتى ئابوورى و سەنگ و پێگەى هەرێمى کوردستان لە پشتەوەیە ، بۆیە ئەو کارە تێکدەرانە و تیرۆریستانەى ئەو میلیشیایانە وادەکات عێراق زیاتر بەرەو ناسەقامگیرى و تێکچوونى رەوشى ئەمنى ببات ، ئەوەش لەلایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانانەوە جێگەى قەبووڵکردن نییە، بەرژوەوندییە و هاوبەشییەکانیان دەخاتە مەترسییەوە و پشتیوانى بەهێزى هەرێمى کوردستان دەکەن ، چونکە سەرکردایەتیی سیاسى هەرێمى کوردستان توانیوێتى زۆر لۆژیکانە و وردبینانە رۆڵى گرنگ لە هاوسەنگى و سەقامگیرى و ئاسایشى ناوچەکە بگێڕێت ، رۆژ بەرۆژیش لە رووى ئابوورى و وزەوە وێراى هەموو ئاستەنگەکان پێشکەوتنى گرنگ و بەرچاو بە خۆیەوە ببنێت ، ئەوەش رۆڵ و پێگەى هەرێمى کوردستان لە سەر ئاستى ناوچەکە و نێودەوڵەتیی کردۆتە ئەکتەرێکى کاریگەرى و بەهێز ، رۆڵى بێ هێز وناکارایی عێراق بەرامبەر ئەو گروپ و میلشیایانە و وادەکات دەسەڵاتى عێراق بەرەو گۆشەگیرى و لاوازبوونى زیاتر ببات و بە پێچەوانەشەوە کارایی و پێگەى هەرێمى کوردستان زیاتر بەهێز تر دەبێت و پشتیوانى زیاتریش لە سەر ئاستى نێودەوڵەتى بەدەست دێنێت و زۆر گرنگە نێوماڵى کورد تەبا و یەکرێز بێت و یەک حکوومەتى بەهێزیش پێکبهێنرێت .