دواین هەواڵ

ئیمیڕاڵی دەكرێتە مۆنۆمێنت

‌كارزان گلی

19 کاتژمێر پێش ئێستا

 

دوورگەی ئیمیڕاڵی، كە لە ١٩٩٩ەوە عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكەی لێ زیندانی كراوە، لەلایەن وەزارەتی دادی توركیا دەكرێتە مۆنۆمێنتێكی سەردەمیانە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی میدیاكانی توركیا، دوورگەی ئیمیڕاڵی لەلایەن وەزارەتی دادی توركیاوە دەكرێتە مۆنۆمێنتێكی تایبەت، تەنانەت تەندەری پڕۆژەكەش واژوو كراوە و لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا دەست بەجێبەجێكردنی دەكرێت.

كرانی ئیمیڕاڵی بە مۆنۆمێنت، هیچ پەیوەندییەكی بە ئۆجەلانەوە نییە و ئەو پڕۆژەیە بۆ سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیایە، كە گۆڕەكەی لەوێدایە.

ئیمیڕاڵی، لە توركیا و جیهاندا ناوبانگی نەبووە، تا ئەوكاتەی ئۆجەلانیان لێ زیندانی كرد، ئەوكات ئیمیڕاڵی هاتە بەرباس و تەنانەت میدیاكانی جیهانیش باسیان كرد و ئیدی لێكۆڵینەوە لەو دوورگەیە كرا، كە لە سەردەمی عوسمانییەكانەوە دروست كراوە بۆ سزادانی كەسایەتییە گەورەكان.

پڕۆژەی بە مۆنۆمێنتكردنی ئیمیڕاڵی، بە ١٤ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن لیرەی توركی دروست دەكرێت و پێویستە لە ماوەی سێ مانگدا پرۆژەكە كۆتایی پێ بێت.

پرسیارەكە ئەوەیە، بۆچی ئیمیڕاڵی دەكرێتە مۆنۆمێنت و مەبەستی وەزارەتی دادی توركیا لەو پڕۆژەیەدا چییە؟

سەرەتا دەبێت بزانین هیچ پەیوەندییەكی بە ئۆجەلانەوە نییە، بەڵكوو ئەوكاتەی عەدنان مەندەریس و هاوڕێكانی لە سێدارە دران، سەرەتا لە ئیمیڕاڵی نێژران، بەمۆنۆمێنتكردنی ئیمیڕاڵیش هەر بۆ ئەو هۆكارە دەگەڕێتەوە.

لە كودەتای ١٩٦٠، عەدنان مەندەریس، سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی توركیا و فاتیح روشدی زۆرلو و حەسەن پۆڵاتكان، لەلایەن كودەتاچییەكانەوە دەستگیر كران، پاشان بە بڕیاری پەرلەمانی توركیا لە سێدارە دران.

دوای لە سێدارەدانیان، لە ئیمیڕاڵی نێژران، پاشان گۆڕەكەیان بۆ ئیستانبۆڵ گواسترایەوە، ئێستا ئەو شوێنەی ئەوانی تێدا نێژرابوو، دەكرێتە مۆنۆمێنت، بەڵام روون نییە، ئاخۆ رێگە دەدەن خەڵك سەردانی ئەو مۆنۆمێنتە بكات، چونكە ئۆجەلان تاوەكوو ئێستاش لەوێ زیندانە.

كێ بووەتە هۆی ئەوەی ئیمیڕاڵی بكرێت بە مۆنۆمێنت؟

شاندی ئیمیڕاڵی، كە لە سەردانی یەكەمیاندا بۆ لای ئۆجەلان، پێكهاتبوون لە پەروین بوڵدان و سری سوورەیا ئۆندەر، ئەوان چووبوونە لای وەزیری دادی توركیا و گلەییان كردبوو، كە ئەو سێ گۆڕەی مەندەریس و هاوڕێكانی لێ نێژرابوو، زۆر فەرامۆش كراوە و نابێت بەو شێوەیە بێت، بۆیە لەسەر داوای ئەوان، وەزارەتی دادی توركیا، بڕیاریدا بیكان بە مۆنۆمێنت.

بۆ زانیاریی تۆی خوێنەر، مەندەریس مێژوویەكی رەشی لەگەڵ كورددا هەیە، ویستویەتی بە لەسەرخۆیی كورد لە توركیا لەناو ببات.

وەكوو ئەوەی موسا عەنتەر، لە یادەوەرییەكانیدا دەگێڕێتەوە، مەندەریس پێشنیاری كردووە، بۆ لەناوبردنی كوردەكان، پێویستە سەرەتا ٥٠ رۆشنبیر و نووسەر و رۆژنامەنووسیان لێ دەستگیر بكەین، ئەو نووسەرانە بەیەكەوە نا، لەسەرخۆ لەناو ببەن و بیانكوژن، كە ئەوان كوژران، ئیدی كوشتنی كورد ئاسانتر دەبێت، چونكە ئیدی رۆشنبیرەكان لەسەریان نایەنە وەڵام.

پیلانەكەی جێبەجێ كرد و ٥٠ نووسەریان دەستگیر كرد، موسا عەنتەر یەكێك بوو لەوان، ئەگەرچی چەند نووسەرێكیان لە زیندان شەهید كرد، بەڵام كودەتای بەسەردا كرا و پیلانەكەشی دژی كورد، لەگەڵ خۆیدا بردە گۆڕ. بەداخەوە بۆ بوڵدان و ئۆندەر، نەدەبوایە پێشنیاری ئەوە بكەن، گڵكۆی مەندەریس و دوو هاوڕێكەی لە ئیمیڕاڵی بكرێتە مۆنۆمێنت.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP