دواین هەواڵ

میراتێکی تۆکمە بۆ هەژموون بەسەر سامانی ئێراق

‌پیرۆت محەمەد ئەمین

2 رۆژ پێش ئێستا

زۆرێک لە چاودێران پرسیار لە پاڵنەرەکانی پشت دانانی داهاتی نەوتی ئێراق لە یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا و پاساوەکانی ئەم کارە دەکەن. ئەم شێوازە بەڕێوەبردنە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی سەروەری سیاسی و ئابووری ئێراق
لە ساڵی 2003 لە ژێر ناوی “پاراستنی سندوقی گەشەپێدان بۆ ئێراق و ئەو موڵکانەی دیکە کە ئێراق بەرژەوەندیی تێدا هەیە”، سەرجەم داهاتی فرۆشتنی نەوتی ئێراق ڕاستەوخۆ بۆ هەژمارێک لە بانکی یەدەگی فیدراڵی نیویۆرک گواسترایەوە. ئەمەش بە مەبەستی ڕێگریکردن بوو لە داوای یاسایی لەسەر حکومەتی ئێراق لەلایەن هەندێک کۆمپانیای نێودەوڵەتییەوە، کە داوای قەرەبووی زیانەکانی شەڕەکەیان دەکرد لەبەردەم دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان. ئەم فەرمانە لەسەر بنەمای “یاسای فریاگوزاری نیشتمانی” ئەمریکا بوو  بۆ دەستبەسەرداگرتنی کاریگەرانەی نەوتی ئێراق و داهاتەکانی، بەڕواڵەت بۆ دڵنیابوون لە خەرجیەکانیان بۆ “ئاوەدانکردنەوەی ئێراق”.
لە ساڵی 2010 سندوقی گەشەپێدان بۆ ئێراق بە بڕیارێکی نێودەوڵەتی هەڵوەشایەوە و سەرجەم داهاتەکانی بۆ حکومەتی ئێراق گواسترایەوە. لە ئەنجامدا حوکمەکانی کۆمپانیاكان لە دژی ئێراق جارێكی دیكە داواى شایستە داراييەكانيان دەكرد. ئەمەریکا هەژمارێکی نوێی بۆ بانکی ناوەندی ئێراق لە یەدەگی فیدراڵیدا کردەوە بۆ ئەوەی سەرجەم داهاتی نەوت بخەنە سەر حسابەکە. كە ساڵانە لەلایەن سەرۆکەكانی ئەمریکاوە نوێ دەکرایەوە هەروەكو چۆن لەساڵی 2024 فەرمانی جێبەجێکردنی بۆ دەرچوو.
ئەم بڕیارە ڕێگەی بە حکومەتی ئەمریکا دا کە کۆنترۆڵی توندی بەسەر داهاتی نەوتی ئێراقدا بپارێزێت. لەو کاتەوە وەزارەتی دارایی ئێراق ناچار بووە داواکاری بۆ دابینکردنی پارە پێشکەش بە گەنجینەی ئەمریکا بکات، کە بە پشتبەستن بە پێوەرەکانی خۆی پەسەندی دەکات یان ڕەتیدەکاتەوە. وەلەپاش دیاریكردنی توانای ئێراق و دانیشتووانەکەی بۆ دابینکردنی مووچەو پێداویستیە سەرەتایەکانیان، مانگانە دۆلاری ئەمریکی بۆ بەغدا بە فڕۆکە دەگوازرێتەوە.
لەبەرئەوەی ئەمریکا سیستمی دارایی ئێراقی کۆنترۆڵکردووە، دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی ڕەشبگیری و سزای وڵاتەکەی بدات. هەرکاتێک ئێراق لە ئامانجە ناوچەییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لابدات، واشنتۆن دەتوانێت بە سادەیی گواستنەوەی پارە لە یەدەگی فیدراڵی دوابخات یان ڕەتی بکاتەوە. .بۆ نموونە لە مانگی یەکی ساڵی 2020 دوای ئەوەی پەرلەمانی ئێراق دەنگی بە دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا دا، ئیدارەی ئەمریکا هەڕەشەی بەستنی دەستڕاگەیشتن بە ئێراق بە داهاتە نەوتییەکانی کرد.
ئەمڕۆ دۆخی دارایی ئێراق بە خراپیی ماوەتەوە. سەرەڕای کەڵەکەبوونی داهاتی نەوت لە بانکی یەدەگی فیدراڵی نیویۆرک، کە لە ئێستادا بە نزیکەی 120 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، ئێراق بارگرانی لەسەرە بە زیادبوونی قەرزەکانی یەکسان بەم بڕە.
بێتوانایی ئێراق لە کۆنتڕۆڵکردنی دارایی خۆی، ئاستەنگی بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی درێژخایەن دروستکردووە و ناچاری کردووە پشت بە قەرزە نێودەوڵەتییەکان ببەستێت. جێگای سەرسوڕمانە، ئێراقیش بووەتە یەکێک لە گەورەترین خاوەن بۆندەکانی گەنجینەی ئەمریکا، کۆی وەبەرهێنانەکانی لە ساڵی 2023دا گەیشتووەتە 41 ملیار دۆلار.
پشتبەستنی ئێراق بە ئەمریکا بۆ داهاتی نەوت، لەگەڵ زیادبوونی قەرزەکانی، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر سەروەری ئابووری و سیاسیی وڵات داناوە. ئەم سیاسەتە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گەندەڵییە بێ وێنەیە بەربڵاوەی کە لە سەرانسەری دامەزراوەکانی دەوڵەتى گرتووەتەوە. هاتنی زۆری مانگانەی دراوی بیانی و ئەو بڕە پارە زۆرەی کە لەناو وەزارەتەکاندا بەفیڕۆ دەچێت و زۆربوونی ئۆفیسەكانی ئاڵوگۆڕی دۆلار، کە لەلایەن هێزە سیاسییە بەهێزەکانەوە دامەزراون، ئێراقی بەرەو ڕیزەکانی گەندەڵترین وڵاتانی جیهان بردووە.
مانەوەی دۆخی ئێستا بەو مانایەیە کە چارەنووسی دارایی ئێراق بەستراوەتەوە بە ئەمریکاوە کارتێکی فشاری بەهێز دەكات لە دەستی واشنتۆن. کۆتایی هێنان بە سەرپەرشتی  ئەمریکی لەسەر پارەی ئێراق، پێویستی بە بڕیارێکی سیاسی بوێرانە هەیە لەلایەن هەموو لایەنە بەشداربووەکانی پڕۆسەی سیاسییەوە بۆ باشتركردنی شێوازی خەرجییەکانی ئێراق لە هەموو ئاستەکاندا. وە دەتوانرێت قەرزەكان بدرێتەوە بە گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیاکانی یاسای نێودەوڵەتی بۆ دانوستان لەسەر کەمکردنەوەی  قەرزەکان و داڕشتنەوەیان تاوەکو هەموویان دەدرێتەوە. ئەم ڕێککەوتنە ساڵانێکی زۆری دەوێت، دوای ئەوە ئێراق دەتوانێت خۆی لەم هەژموونە ڕزگار بکات و سەروەری دارایی تەواوی خۆی بەدەستبهێنێتەوە. کۆتایی هێنان بە چاودێریکردن بەسەر سندوقەکانی ئێراقدا تەنها لەو کاتەدا ڕوودەدات کە حکومەت دیدێکی دارایی تەندروست و پلانی هەبێت بۆ کەمکردنەوەی خەرجیەکان و نەهێشتنی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی متمانەی نێودەوڵەتی بۆ بانکە ئێراقیەکان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP