دواین هەواڵ

بەرزکردنەوەی ئاڵای سپی لە لایەن ئێرانەوە

‌رەنج نەوزاد

15 کاتژمێر پێش ئێستا

١.ئامانجی فەرمی و یەکەمی شەڕەکە پرسی ئەتۆمی ئێران بوو. پڕۆژەی ئەتۆمی ئێران نەک هەر وستێنرا، بەڵکو چەندين ساڵ بۆ دواوە گەڕایەوە. بۆ ئەوەی ئێران بگاتەوە بە قۆناغی پڕۆژە ئەتۆمييەکەی کە لە پێش ئەم جەنگە پێی گەيشت بوو، ئەوا پێويستی بە ساڵانێکی زۆر و دەیان و لەوانەیە سەدان مليار دۆلاری تر بێت. هاوکات، بۆی دەرکەوت سەرفکردنی سەدان مليار دۆلار و هەبوونی ئەو هەموو ميليشيا و موشەکە، ڕێگريان نەکرد لەوەی هێرشێکی سەربازی گەورەی بکرێتە سەر و ڕاستەوخۆ گورز لە پڕۆژە ئەتۆمييەکەی بدەن. دووبارە دەستکردنەوە بە پڕۆژەی ئەتۆمی، واتە دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشە. ئەنجامدانی ئەو پڕۆژەیە بە نهێنی، بۆ ئێران زۆر قوورسە، چونکە دەرکەوت مۆساد تا چ ڕادەیەک دزەی کردوەتە ناو هەموو دەزگا هەستيارەکانی ئێران و هەواڵگری ئێران تا چ ئاستێک لاواز و کراوەیە بەرانبەر بە ئيسرائيل. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێران مەعريفە و ئەزموونی ئەتۆمی ماوە، کە بە هێرشی سەربازی لەناوناچێت.
٢. ئامانجێکی سەرەکی ئيسرائيل ئەوە بوو کە لە کۆتا قۆناغی ئەو جەنگەی لە حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ەوە بەردەوامە، گورزێکی توند لە ئێران بدات وەک سزا و تۆڵەکردنەوە. ئەمە بە زيادەوە ڕوويدا. ئامانجی یەکەم، کرا بە پاساوی سەرەکی بۆ ئەم ئامانجە. هەر وەها ئيسرائيل دەيويست ئەو وەهمەی ئێران تێکبشکێنێت کە پێی وابوو کەس ناتوانێت هێرشی ڕاستەوخۆی بکاتە سەر، بەڵکو هەميشە لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی لە ڕێگەی ميليشياکانييەوە دەتوانێت شەڕ و ململانێ بکات.
٣. ئەوەی پێی دەوترا یەکێتی گۆڕەپانەکان "وحدة الساحات"ی بەرەی مقاوەمە تێکشکا. ١٢ رۆژ تاران لە ژێر مووشەکباران بوو، حيزبوڵا و حەشد و ئەوانی تر ڕۆڵيان سفر بوو لە بەرگری و بەشداريکردن. هۆکاری ئەمە بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە ئيسرائيل پيشتر هيلالی شيعی شکاند و هەموویانی وێران کرد.
٤. توانا موشەکييەکەی ئێران تا ڕادەیەکی زۆر لاواز کرا. ژێرخانی درووستکردنی بزوێنەر و سووتەمەنی و پارچەکانی موشەکی باليستی بە توندی لێدرا و وێران کرا. جگە لەوەی سەکۆی موشەک و خودی موشەکەکان زۆریکی لەناوبران. بۆ نموونە لە یەکی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ لە وەڵامی کووشتنی نەسروڵا و ئەفسەرەکانی پاسداران ئێران ٢٥٠ باليستی بە یەکەوە ئاڕاستەی ئيسرائيل کرد، ئەم توانایە لە رۆژەکانی کۆتایی جەنگەکە گەيشتە ١٥ بۆ ٢٠ مووشەک. ئەمڕۆ لە پێش جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە، ئێران بە هەموو توانای خۆیەوە تەنيا ١٤ موشەکی ئاڕاستەی ئيسرائيل کرد. واتە توانا موشەکييەکەی لە ٢٥٠ بۆ ١٤ دانە دابەزی.
٥. زیانەکانی ئێران لە هەموو ڕوویەکەوە زۆر زیاتر بوو لە زیانەکانی ئيسرائيل. زیانێکی گەورە لە ژێرخانی ئەتۆمی و مووشەکی و سەربازی و هەواڵگری و حکومی ئێران درا. زیانەکانی ئيسرائيل زیاتر لە ژێرخانی مەدەنی بوون. تەنيا ٢٨ ئيسرائيلی لەم جەنگە کووژران. نزيکەی ٧٠٠ ئێرانی کووژران، کە زۆربەیان پلەداری پاسداران و هەواڵگری و زانای ئەتۆمی بوون. نزيکەی ٢٠ زانای ئەتۆمی کووژران، بۆ نموونە سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران و فەرماندەی پاسداران کووژران. لەبەرانبەردا هيچ کەسایەتييەکی گرنگی سەربازی و حکومی ئيسرائيل نەکووژرا. گورزێکی گەورە لە سيستەمی بەرگری ئێران درا و بۆ ١٢ رۆژ ئاسمانی ئێران تا ڕادەیەکی زۆر کۆنتڕۆڵکرا لە لایەن هێزی ئاسمانی ئيسرائيل. لە نزيکەی ٥٥٠ مووشەکی باليستی و هەزار درۆنی ئێرانی، تەنيا ٤٠-٥٠ دانەی گەيشتنە ئامانج. واتە سەرکەوتوویی سيستەمی بەرگری ئيسرائيل لە دەوروبەری ٩٠٪ بوو، هەر بۆیە زیانی مرۆیی زۆر کەم بوو. لە ڕووی تیچوون و ئابوورييەوە، لەوانەیە هەموو زیان و تێچوونی ئيسرائيل لەم جەنگە، نەگاتە ئەو تێچوون و زیانەی کە ئێران تەنيا لە ژێرخانی ئەتۆمييەکەی کردوویەتی، کە دەکرێت نزيک بێتەوە لە ٥٠ مليار دۆلار.
٦. مانەوەی ڕژێم کە ئێران کردوویەتی بە نيشانەی سەرکەوتن، پڕۆپاگەندە و وەهمێکە کە لە ٤٨ەوە دووژمنەکانی ئيسرائيل خۆیان و جەماوەريان پێ چەواشە دەکەن. ئامانجی هێرشەکەی ئيسرائيل ڕووخانی رژێم نەبوو، ڕەنگە خوازيار بووبێت کە بە هۆی هێرشەکەوە خەڵک لەناوخۆ بجوڵێتەوە یان کودەتایەک درووست بێت و ڕژێم بڕوخیت، بەڵام خودی ئۆپراسيۆنەکە ئامانجەکەی ئەوە نەبووە. هەر لە سەرەتاوە ئيسرائيل پلانی هەبوو ئۆپراسيۆنەکە لە نێوان چەند ڕۆژێک بۆ دوو هەفتە بخایەنێت. ڕووخانی هەر ڕژێمێک بە سێ ڕێگا دەبێت: هێرشی زەمينی، کە بۆ ئێران جگە لە ئەمريکا هيچ دەوڵەتێکی تر توانای ئەوەی نييە، جوڵانەوەی جەماوەری یان کودەتایەکی سەربازی و سياسی لەناوخۆ. بە هێرشی ئاسمانی ڕژێم ناڕوخێت. ئيسرائيل لە ٦٧ بە شەش ڕۆژ لە ميسر و ئوردن و سوريای بردەوە، بەڵام نە ڕژێمی ميسر ڕووخا نە هی ئوردن و سووريا.
٧. ئاگربەستەکەی ئيسرائيل و ئێران، زیاتر لە ئاگربەستەکەی ئيسرائيل و حيزبوڵا دەچێت. ئەوانيش سەرەتا کردیانە ئاهەنگ و بانگەشەی سەرکەوتن بە پاساوی ئەوەی مانەوە. بەڵام دواتر دەرکەوت، بەرزکردنەوەی ئاڵای سپی بوو نەک ئاگربەست. ئێران زیانێکی زۆر گەورەی بەرکەوت، هيچ کام لە وەڵامەکانی لە ئاستی ئەو زیانانە نەبوون. بۆ نموونە وەڵامەکانی چی بوون بۆ کووشتنی زانا ئەتۆمی و جەنەراڵە سەرەکييەکانی پاسداران؟ یان بۆ ئەو گورزانەی کە بەر پڕۆژە ئەتۆمی و توانای سەربازی و مووشەکی و بەرگری ئاسمانی و فرۆکە و فڕۆکەخانەکانی... کەوتن؟ کاتێک هيچ وەڵامێکی نەبووە بۆ ئەوانە و ڕازی دەبێت بە ئاگربەست، ئەوا بەرزکردنەوەی ئاڵای سپييە. هەر خودی ئەوەی دەوڵەتێک کە ٧٥ جار گەورەترە لە ئيسرائيل، بانگەشەی سەرکەوتن بکات لەبەر ئەوەی ماوەتەوە، شکستێکی گەورەیە بۆ ئێران. لە کاتێکدا درووشمی ئێران و دووژمنەکانی ئيسرائيل هەميشە سڕينەوەی ئەو دەوڵەتەیە، کەچی کاتێک شەڕی لەگەڵدا دەکەن تاکە ئامانجيان دەبێتە وەستاندنی شەڕەکە! هەر کە جەنگەکە دەوستێت، بانگەشەی سەرکەوتن دەکەن، لە کاتێکدا ئامانجيان سڕينەوەی ئيسرائيل بووە.
٨. هێرشەکەی ئەمريکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمييەکان بە فڕۆکەکانی B2، بۆ ئەوە بوو کە تڕەمپ، جگە لە نمايشی هێزی ئەمريکا لەبەردەم جيهان و بەتايبەت بۆ چين، بتوانێت بە خێرایی ئاگربەست ڕابگەيەنێت، چونکە هۆکار و ئامانجی سەرەکی و فەرمی شەڕەکە ئەو بابەتە بوو، تڕەمپ ويستی بە لێدان لە بنکە ئەتۆمييەکان، هۆکاری هەڵگيرساندنی شەڕەکە لەناو ببات و ئيتر مانا بۆ درێژەدان بە شەڕەکە نەهێڵێتەوە. هاوکات، پێش چەند ڕۆژێک، سوپای ئيسرائيل پێیوابوو کە ئامانجە سەربازييەکان بە زیادەوە بەدی هاتوون و ئيتر ئامانجی سەربازی تر نەماوە بۆ ئەوەی پێويست بکات ماوەی جەنگەکەی بۆ درێژ بکرێتەوە، بە تايبەت کە هيچ نيشانەیەک نەبوو بۆ کودەتا و جوڵەی جەماوەری لەناوخۆ.
٩. تا ئێستا لەوە دەچێت ئاگربەستەکە زیاتر زارەکی بێت. لەوانەیە لە هەفتەکانی داهاتوو و دانوستان و ڕێککەوتنی نێوان ئەمريکا و ئێران چەند ڕەهەندێکی تر ئاشکرا بکات. دووبارە سەرهەڵدانەوەی شەڕ، ئەنجامدانی هێرش لە لایەن ئيسرائيلەوە بۆ سەر ئێران، ئەگەرێکی کراوەیە. هەر وەها، ئايندەی خامنەیی ڕوون نييە، لەوانەیە لەو بارەیەوە هەندێک شت ڕوويدابێت کە جارێ ئاشکرا نەبووە.
١٠. هەر وەک چۆن کامپ دێڤد کۆتایی بە شەڕی دەوڵەتانی عەرەبی و ئيسرائيل هێنا، ئەم جەنگەش بە ئەگەری زۆرەوە کۆتایی بە شەڕی نێوان ئيسرائيل و ئيسلامی سياسی بە هەردوو ڤێرژنی تيرۆری سوننی و تيرۆری شيعی دەهێنێت. چونکە دەرکەوت، ئيسرائيل نەک لەناوناچێت، بەڵکو بە قوورسترين شەڕ لە چەندين بەرەوە، بۆ ماوەیەکی درێژ و بە زیان گەياندێکی زۆريش، ناتوانرێت تەنانەت یەک بست خاکی لێ بسەندرێت، ناتوانرێت بچوکترين سازشی سياسی پێ بکرێت. دووبارە سەلمێنرایەوە، بيرۆکەی سڕينەوەی ئيسرائيل و ئازادکردنی قودس، جگە لە وەهمێکی زیانبەخش هيچی تر نييە. قبوڵکردنی ئيسرائيل وەک دەوڵەتێکی سروشتی لەناوچەکە، تاکە بژاردە و هەقيقەتە بۆ هەمووان. ئێران لە ٧٩ەوە بانگەشەی سڕينەوەی ئيسرائيل دەکات، بە مليۆنان مرۆڤی ناوچەکەی کردە سووتەمەنی لە پێناو ئەو درووشمانە، هەميشە دەيوت ئيسرائيل بچوکترين هەڵە بکات بە نيو سەعات لەسەر نەخشە دەيسرينەوە. کەچی کاتێک ئەو ڕۆژە هات و جەنگ بەرپا بوو، تاکە ئامانجی ئێران بووە وەستاندنی جەنگ و بە ١٢ ڕۆژ ئاڵای سپی بەرزکردەوە و بە خۆشحاڵييەوە ئاگربەستی قبوڵ کرد، نەک هەر ئەوە، بەڵکو سەرکەوتنيشی ڕاگەياند، بێ ئەوەی جەماوەرەکەی لێی بپرسن ئایا چۆن دەبێت لە درووشمی سڕينەوەی ئيسرائيل و ئازادکردنی قودسەوە بێيتە سەر ئەوەی سەرکەوتن ڕابگەيەنيت چونکە ئيسرائيل نەيڕوخاندی؟!
پێشتر ميسر و سوريا و ئوردن و عيراق... هەمان وەهم و بانگەشەیان هەبوو. لە ٧ی ئۆکتۆبەر حەماس جەنگی ڕاگەياند بۆ ئازادکردنی قودس و سڕينەوەی ئيسرائيل، ئێستا تاکە خەون و ئامانج و داواکاری بووە بە گەڕانەوە بۆ شەشی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣. لە دوای ئەم جەنگە ئيتر وەهمی سڕينەوەی ئيسرائيل لەناودەچێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP