دواین هەواڵ

کوردو ئیسرائیل !

‌دڵشاد ئەنوەر

14 کاتژمێر پێش ئێستا

زۆرجار لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی کورد تۆمەتبار دەکرێت بە هاوسۆزی لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام قسەکردن بەڕەهایی لەسەر ئەم هاوسۆزییە هەڵەیە، وەکچۆن ڕەتکردنەوەشی دروست نییە.

ڕەنگە بەشێک لە سەرکردە سیاسییەکانی کورد لەهەر چوار پارچە مەیلێکیان بۆ ئیسرائیل هەبێت، ئەم مەیلەش بە شاراوەیی هێڵراوەتەوەو ناوێرن بیدرکێنن. مەیلەکەش لە ڕوانگەی دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە، یاخود لەسەر ئەو بنەمایە بێت، ناکۆکی نێوان ئیسرائیل و جیهانی ئیسلامی شتێکی بۆ کورد لێ بەرهەم بێت. بۆیە دڵداری دوور بە دووری نێوان بەشێک لەسەرکردەکانی کورد و ئیسرائیل، تەنها لەسەر ئەم بنەمایەیە، نەک بنەمای نزیکایەتی کلتوری و ئاینی و …هتد.
شەقامی کوردیش لەسەر ئەم پرسە دابەشبووە، ئەوانەی لە گۆشە نیگای ئایدۆلۆژی و ئاینییەوە لەم پرسە دەڕوانن، نەک هاوسۆزی ئیسرائیل ڕەتدەکەنەوە، بەڵکو ڕوانینیان هاوشێوەی شەقامی عەرەبی و ئیسلامییە دژی ئیسرائیل. 

بەشێکی تریش لە چاویلکەی ناسیۆنالیستییەوە لە دۆخەکە دەڕوانن و ئومێدەوارن یەکلایی بوونەوەی هاوکێشەکان بەلای ئیسرائیل ببێتە هۆی دروستبوونی قەوارەیەکی بەهێزی کوردی، وەک لە کۆمێنتەکاندا دەیبینین و بەپێچەوانەی سەرکردەکان، ئەمان هاوسۆزییەکە ناشارنەوە.
نکۆڵی لەوەش ناکرێت، سەرکردەکانی ئیسرائیل خواستی نزیکبوونەوە لە کورد یاخود بەکارهێنانی پرسی کوردییان بۆ بەرژەوەندی خۆیان هەیە، وەکچۆن هەندێکجار نوخبەکانیشیان وێنەی کوردی و ئاڵای کوردستان بڵاو دەکەنەوە.
ئیسرائیل ڕەنگە تاکە وڵاتی نامۆی ناوچەکە بێت، کە زوومی زۆری دونیای عەرەبی و ئیسلامی لەسەر بێت و هەمیشە لە ئاسایشی وڵاتەکەی دەترسێت و بەچاوی گومانەوە لە هەموو شت دەڕوانێت، خۆ ئەگەر قەوارەیەکی تر لە ناوچەکەدا دروست ببێت لەبەرژەوەندییەتی و فشارەکانی سەری کەمتر دەبێتەوە، ڕەنگە ئەمەشی بەلاوە مەبەست بێت.ئەم هۆکارەش وایکردووە هەمیشە سەرکردەکانی تورکیا، ئێران و عەرەب ترسیان لە گۆڕانکارییەکان هەبێت و ئاماژە بە خواستی نێودەوڵەتی بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردی بکەن.
گرفتە گەورەکە بۆ کورد لەوێدایە ئیسرائیل هاوڕێی نیوەڕێگەیەو جێی متمانە نییە، بە دەلیلی ئەوەی لە وێستگە مێژووییەکاندا پاڵپشتی کورد نەبووە، هەمیشە لەوکاتانەدا پرسی کورد دەوروژێنێت کە پێویستی پێیەتی، یاخود لە ناکۆکی قوڵدایە لەگەڵ نەیارەکانی.

لە ئێستادا وروژاندنی پرسی کوردو هێنانە بەرباسی دروشمی ( ژن ژیان ئازادی) لەلایەن بەرپرسانی ئیسرائیلەوە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەوان پێویستییان بە خرۆشانی شەقامی کوردییە لە ئێران، نەک ئەوەی مەسەلەکە لەبەرچاوی کاڵی کورد بێت.

وەک دەشبینین، بە پێچەوانەی هەندێک چالاکوان و رۆشنبیر کە بەڕووکەش لە دۆخەکە دەڕوانن، بەڵام هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵات نەجوڵاون و قوڵتر لەمەسەلەکان دەڕوانن. دڵنیام، گەر ئەو هێزانە بەرچاویان ڕوونبایە، ئێستا بە جۆرێکی تر مامەڵەیان دەکرد.

هاوکات لەگەڵ جۆرو شێوازی مامەڵەی هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵات لەگەڵ دۆخەکەدا، گرنگە هێزە کوردییەکانی هەرێمی کوردستانیش مەترسیداری دۆخەکە لەبەرچاو بگرن و بەجۆرێک مامەڵە بکەن، لەئەگەری فراوانبوونی شەڕدا، پریشکی ئاگرەکە لە هەرێم دوور بخەنەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP