شەڕی ئیسڕائیل و ئێران پێی نایە رۆژی سێیەمەوە، ئەگەر شەڕەکە درێژە بکێشێت و لێرەدا کۆتایی نەیەت ئەوا دەبێتە شەڕێکی جیاواز و بە کۆمەڵیک تایبەتمەندی لە تەواوی شەڕە تەقلیدییەکانی تا ئێستا جیادەکەرێتەوە.
یەکەم، ئەم شەڕە دەکرێت بە شەڕی ریمۆت و ژیری دەسکرد پێناسە بکرێت.
دووری نێوان تاران و تەلئەبیب زیاتر لە ١٥٠٠ کیلۆمەترە و نزیکترین سنوری ئێرانیش لە ئیسرائیل نزیکەی ١٠٠٠ کیلۆمەترە. وڵاتگەلی ئوردون و سوریا و عێڕاق و هەرێمی کوردستان کەوتۆتە نێوان ئەو دوو وڵاتە و لە ئێستادا هیچ کامیان سەربازیان لەسەر سنوورەکانی خاکی ئەوی تر نییە.
بەم شێوەیە شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل شەڕێکی بەرەیی نییە و شەڕی دورمەودا یان ریمۆتە.
لەم شەڕی ریمۆتەدا، ژیری دەسکرد نەک ژمارە و زۆری و کەمی سەرباز و تانک و تۆپ، رۆڵی یەکلاکەرەوە دەبینن. کامە بەرە لە ژیری دەسکرد و ئاراستەکردنی موشەک و درۆن و بالیستیی و مانگە دەسکردەکاندا باڵادەست بێت ئەو لایەنە باڵادەستە.
ئەمەش لە مێژووی بەشەرییەتدا بە یەکەم شەڕی لەو جۆرە هەژمار دەکرێت.
دووەم تایبەتمەندی ئەم شەڕە ئاڵوگۆڕی رۆڵە لە نێوان ئێران و پرۆکسییەکانی لە بەرەی موقاوەمە.
نەمەتی ململانێی تا ئێستای نێوان ئێران و ئیسرائیل بەم شێوەیە بووە: پرۆکسیەکانی ئێران، لە بابەتی حیزبوڵا و حوسی و حەشد و حەماس و رژێمەکەی ئەسەد،گورزیان وەشاندووە و گورزیان خواردووە. ئێرانیش تەنها وەک تەماشاکەرێک هوتاف و شیعاری حەماسی دژی ئەمریکا و ئیسرائیل پرۆکسییەکانی بۆ شەڕ هان دەدا.
ئێستا رۆڵەکە پێچەوانە بۆتەوە.
بۆ یەکەم جارە ئێران لێی دەدرێت و پرۆکسییەکانیش تەماشاکەرن و بە شیعار و هوتافی حەماسی ئێران بۆ شەڕ و سڕینەوەی ئیسرائیل لەسەر نەخشەکە هان دەدەن.
تایبەتمەندی سێیەمی ئەم شەڕە بریتیە لە تێکەڵەیەک لە ئەزموونی شەڕی شەش رۆژە و دوا شەڕی ئیسرئیل و حیزبووڵا
پێنجی ئەم مانگە ساڵیادی دەستپێکردنی شەڕی شەش رۆژەی ئیسرائیل و عاڕەبە کە شەش رۆژی خایان دو بە کارەسات بۆ عاڕەبەکان و سەرکەوتن بۆ ئیسرائیل کۆتایی هات.
هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران هەر ئەوە نییە لە ساڵیادی ئەم شەڕەدا دەستی پێکرد، بەڵکو لە پەیڕەو کردنی هەمان تاکتیکی شەڕی شەش رۆژەش دایە.
لە شەڕی شەش رۆژەدا، ئیسرائیل سیاسەتی جەنگی ئیستیباقی دژی ئوردنو سوریا و میسر بەکار هێنا.
تا ئێستا نەمەتی زۆرینەی شەڕەکانی تر ئیسرائیل لە گەڵ ئێران و پرۆکسییەکانی وەهابووە سەرەتا لەلایەن پرۆکسییەکانی ئێرانەوە گورزێکی بەرکەوتووە و ئەمیش وەک پەرچەکردار وەڵامی داوەتەوە.
بەڵام لەم شەڕەیدا دژی ئێران، هاوشێوەی شەڕی شەش رۆژە، ئیسرائیل پەیڕەوی سیاسەتی جەنگی ئیستیباقی دژی ئێران بەکار هێنا و هەوڵی لێدان و ئیفلیج کردنی هێزی ئاسمانی ئێرانی دا وەک چۆن ئەوسا لە دژی میسر و ئوردن و سوریا کردی.
هاوشێوەی جەنگی حیزبوڵڵاش، ئیسرائیل سەرکردە سەربازی و هەواڵگرییە هەرە کاریگەرەکانی ئێرانی کردە ئامانج و تەسفییەی کردن، وەک چۆن سەرکردەکانی حیزبوڵڵای تەسفییە کرد.
تایبەتمەندی چوارەمی ئەم شەڕە ئەوەیە لە نێوان دوو هێزی گوندەیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دان.
لە سیستەم و پارسەنگی هێزی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەر یەک لە ئێران و ئیسرائیل وەک دوو زلهێزی هەرێمی و لەهەمان کاتیشدا وەک دوو هێزی گوندەیین. دوو هێز کە زۆرینەی وڵاتانی ناوچەکەیان چاوترسێن کردووە یان دەیانەوێت لەبەڵا و تەشقەڵەی ئەو دوو هێزە گوندەییە خۆیان بپارێزن.
دیار نییە ئەم شەڕە بەکوێ دەگات و لێکەوتەکانی چی دەبن و ئایا دەرەنجام یەکێک لەو دوو هێزە لە گوندەیی دەچێتەوە و گۆڕەپانەکە چؤڵ دەکات یان نا. بەڵام ئەگەر ئەمە روویدا، هەم هاوسەنگی هێز و هەم ئەو نەزمەی رۆژهەڵاتی ناوەراستی لەسەر بونیاد نراوە تەواو دەگۆڕدرێت
دوا تایبەتمەندی و بەڵام لەهەمان کاتدا یەکێک لە گرنگتترینی تایبەتمەندییەکان ئەوەیە لەم شەڕەدا جەمسەر گیری نییە.
جاران لەزۆربەی ئاڵۆزی و ململانێ سەربزاییەکانی نێوان دوو وڵاتدا وڵاتان لەدەوری دوو لایەنەکە جەمسەرگیر دەبوون و هەرکامێک پشتیوانی ئەوی تر دەبوون. دوا نموونەش بەیەکدادانی چەندرۆژەی نێوان پاکستان و هیندستان بوو کە زۆرێک لە وڵاتان یان پشتیوانی هیندستان بوون یان پاکستان.
تا ئێستا لەم شەڕەدا ئێران تاق و تەنیایە. نە چین و روسیا و نە هیچ وڵاتێکی هەرێمیش بەکردەوە و بە ئاشکرا پشتیوانییان بۆ ئێران رانەگەیاندووە، بەڵام لانی کەم وڵاتگەلی وەک ئەمریکا و فەرەنسا و لەهەرێمەکەشدا ئوردون وەک ئەمری واقیع لە پشت ئیسرائیل وەستاون.