دواین هەواڵ

ئێران: چیرۆکی پووکانەوەی ئیمپراتۆرییەک*

‌بورهان یاسین

20 کاتژمێر پێش ئێستا

پێشەکی

هێڕشەکانی دوێنێ (١٣-٦-٢٠٢٥)ی ئیسرائیل بۆ بەسەر ئێران، لە لایەکەوە وەک بەردەوامی و بەشێک لەو رووداوانەیە کە لە حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ دەستیان پێکردوە، لە لایەکی تریشەوە وەک بەشێک لەو ململانێیەیە کە ساڵانێکە لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەستیپێکردووە. لە ئاستی جیهانییەوە ئەوروپای رۆژئاوا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وە لە ئاستی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ئیسرائیل لە بەرەی دژ بەو بەرنامە ئەتۆمییەی ئێران بوون. کڕۆکی ئەو دژایەتییەش مەترسی و ئەو گریمانەیە بووە کە ئامانجی "شاراوە" و کۆتایی ئێران بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمییە.

هەڵبەتە بە جیاوازی ئەوروپاری رۆژئاوا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بۆ ئیسرائیل پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران مەسەلەیەکی "وجودی" بووە، هەر ئەوەشە وا دەکات کە لە هەڵوێستەکانی ئیسرائیلدا جیاوازییەک بەدیدەکرێ، ئەگەرچی ئەم جیاوازییەش مەرج نییە بە زەرورەت ئەوەندە گەورە بێت، چونکە دواجار بۆ جیهانی رۆژئاوا هەڕەشە لە "وجودی" ئیسرائیل شتێکی رێگەپێدراو نییە.

هێڕشەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ لە رووی تەکنیکی شەڕەوە دوو ئەزموونی پێشووی لە ناو یەک هێڕشدا کۆکردەوە و ئاوێتە کردووە: هێڕشە وێرانکارە لە ناکاوەکانی ئیسرائیل بۆ سەر میسر لە شەڕی حوزەیرانی ١٩٦٧ وە لێدانی حیزبوڵا کە بە لێدانی بەرپرسە سیاسی و سەربازییەکانی ئەو میلیشیایە دەستیپێکرد، وە بە تایبەتی لە ناوبردنی نەسروڵا.

چوارچێوەی تیوری ئەم وتارە هەمان ئەو بۆچوونە تیورییە من دەبێت کە هەرنەبێ لە دوو بابەتی پێشترمدا کە دەربارەی ئێران (کە لە ساڵی ٢٠٢١ وە ٢٠٢٢ نووسراون) پیادەمکردووە. بۆچوونەکەش ئەوەیە کە ئەگەرچی هەردوو چەمکی "میحوەری بەرهەڵستکاری" و "هیلالی شیعی" لە ساڵانی رابردوودا بۆ فراوانخوازی و خواستی هەژموونی ئێران لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکار براون، بەڵام چەمکێکی دروست بۆ هەموو ئەم خەونەی فراوانخوازی و هەژمونخوازییە چەمکی ئیمپراتۆرییە. پێشتر وتومە کە زۆریک لە کێشەکانی ئێران "دەرەئەنجامی خەون و وەهم و زهنیەتی ئیمپراتۆریی دەسەڵاتدارانی ئێرانە". هەروەها نووسیومە کە "دە یا پانزە ساڵێک بەر لە ئێستا، زۆر کەس، تەنانەت هەندێک شارەزا و پسپۆریش، پێیان وابوو ئیتر ئێران سەرکەوتو بوو لە سەپاندنی هەژمونی خۆی و ئیتر ئەو وڵاتە چۆک بە هەمووان دادەدات لە ئاراستەی بەرژەوەندی و خواستەکانی خۆی وە جیهانی رۆژئاواش زوو یا درەنگ ئەو راستییە قەبوڵ دەکات. بەڵام دوایی دەرکەوت کە ئەمە بۆچوونێکی دروست نەبوو: ئەمڕۆ ئێران وەک دەوڵەت-نەتەوە چیتر ناتوانێ باری قورس و پڕ کێشەی بە ئیمپراتۆرییبوون بە ئاسانی هەڵگرێ". 

لە راستیدا ئەمڕۆ چیتر بابەتەکە پووکانەوەی ئەم ئیمپراتۆرییە نییە لە دەرەوەی سنوورە رەسمییەکانی ئێران لە شێوازی پوکانەوە و کەوتنی یەکێک لە باسکەکانی هێز و ئامرازی هەژمونی ئێران، واتە بریکارەکان. واتە، چیتر شەڕ و پێکدادان لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران نییە، بەڵکو ئێستا دەوڵەتی ئێران لە قوڵایی خۆیدا گورزی کوشندەی بەر دەکەوێ. بەمەش ئەو هێزە ئیقلیمییەی کە تا بەر لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ وەک شێوازێک لە ئیمپراتۆریی تەماشا دەکرا، بەڵام ئێستا شەڕی مان و نەمانی خۆی دەکات! هەر وەک ئێریک زەرشەر (شارەزای بواری دەوڵەتی عوسمانی و تورکیا) دەڵێ: فروان بوون و فراوانخوازی ئیمپراتۆریی لە سەرەتادا وەک هێمای هێز دەردەکەوێ، بەڵام دواتر هەر هەمان ئەو فراوانبوونە دەبێتە ”کارخانەی بەرهەمهێنانی شکست، پاشەکشێ و لەناوچوونی ئیمپراتۆرییەکە خۆی”!

ئامانجی ئەم وتارە ئەوەیە کە تیشکێکی سەرپێیی بخەمە سەر رووداوەکانی دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، بەڵام زۆر بە تایبەتی ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران. لە کۆتاییشدا ئاماژەدان بە هەندێک سیناریۆ لە ئاراستەی کۆی پێشوەچوونەکاندا.

هێڕشەکانی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣

خاڵێکی زۆر گرنگ لەو رووداوەوەدا ئەوەیە کە ئێمە چۆن لە نزیکبوونەوەی ئێسرائیل لەو رووداوە دەگەین. جگە لەوەی کە کاردانەوەی ئیسرائیل بەرامبەر بە حەماس و فەلەستینییەکان زۆر توند بوو، بەڵام زۆر گرنگە ئەوە بزانین کە هەر لە سەرەتادا ئیسرائیل سەرکەوتوو بوو لەوەی کە ٧ی ئۆکتۆبەر بکات بە جۆرێک لە ١١ی سێپتێمبەری ئیسرائیل. بەم واتایەش چۆن ئەمریکا توانی ١١ی سێپتێمبەر بکات بەو رووداوە کە گەلی ئەمریکا بە هەموو ئاراستە سیاسییەکانییەوە کۆبکاتەوە، هەروەها ئەم سۆزێکی بێوێنەی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بۆ ئەمریکا مسۆگەر کرد، بە هەمان شێوە ٧ی ئۆکتۆبەر گەلی ئیسرائیلی بە توندی لە دەوری حکومەتی ئیسرائیل کۆکردەوە و سۆزی بەشێکی گرنگی کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتیشی زامن کرد.

دەرفەتی سەدە

ئەوەی وترا، واتە کردنی ٧ی ئۆکتۆبەر لە ١١ی سێپتێمبەری ئیسرائیل، یارمەتیمان دەدات لە تێگەیشتنی ئەو حاڵەتەی کە لە گوتاری سیاسی بەرپرسانی ئیسرائیل، بە تایبەتی بنیامین نەتانیاهو، وە شێوازی کاردانەوەیان، لە بەرامبەر رووداوی ٧ی ئۆکتۆبەر وە هەموو رووادوە پەیوەندیدارەکان، لە ئاست و قەوارەیەکدا بووە کە ئیتر وایکردووە ئەو بەرپرسانە ئەوەی کە روویداوە و روودەدات دەرفەتێکی مێژوویی ئەوەندە گەورە و گەوهەرییە بۆ ئیسرائیل کە دواجار بۆ ئیسرائیل دەرفەتی سەدەیە، بە واتای ئەوەی کە دەرفەتی لەو جۆرە تەنها سەد ساڵ جارێک فەراهەم دەبن. بە واتایەکی دیکە ئەوەی کە لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە روویداوە وە ئێستا گەیشتووە بە یەکێک لە بازنە هەرە گرنگەکانی (واتە تێکشکاندی تواناکانی ئێران و رێگرتن لە ئێران لەوەی ببێ بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی) بە ئەگەری زۆر سەدەی ٢١ بکات بە سەدەی ئیسرائیل، بە هەر حاڵ لە ئاستی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لە لایەکی ترەوە، بۆ ئەوەی ئیسرائیل سەدەی بیست و یەک بکات بە سەدەی خۆی، لە ئێستادا بەرەوڕووە لەگەڵ قۆناغێکی سەخت، واتە بەدەسهێنانی ئامانجەکانی لە بەرەوڕوبوونەوە لەگەڵ ئێراندا. لێرەدا گرنگە ئەوە بڵێین کە ئامانجی ئیسرائیل نەک هەر کۆتاییهێنانی بەتەواوەتی بەرنامەی  ئەتۆمی ئێرانە، بەڵکو رووخاندنی رژێمی ئەو وڵاتەشە. لە لایەکی ترەوە جێگای گومانە کە ئیسرائیل بە توانانکی خۆی، بە تەنیا، بتوانێ ئامانجی کۆتایهێنان بە رژێمی ئێران دەستەبەر بکات: بەسەرخستنی ئامانج تا رادەی خستنی رژێم پێویستی بە پشتگیری ئەمریکا هەیە.

لە لایەکی تریشەوە دەبێ ئەو ئەگەرە بە کراوەیی بەجێبهێڵین کە دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ مانەوەی رژێمەکەیان بەرداخە ژەهرەکە بخۆنەوە، واتە بچنە ژێر باری رێککەوتنێکی ئەتۆمییەوە کە، کەم یا زۆر، پڕ بە پێستی خواستەکانی ئەمریکا بێت، ئەگەرچی مەرج نییە رێککەوتنێکی ئەوها بە دڵی ئیسرائیلییەکان بێت!   

کەوتنی بریکار (proxy)یەکانی ئێران

سەرچاوە هەرە گرنگەکانی هێز و تواناکانی ئێران تا ٧ی ئۆکتۆبەر دوو دانە باسک بوون: باسکی یەکەمیان، بریکارەکان، کە ژمارەیەک میلیشیا و هێزی چەکداری نادەوڵەتی بوون لە جۆری حەماس، حیزبوڵا، حوسییەکان، میلیشیا شیعییەکانی عێراق بوون. جگە لە بریکارەکانیش دەوڵەتێکی هاوپەیمان، واتە سوریا، لە چوارچێوەی ئەوەی پێیدەوترا "هیلالی شیعی" رۆڵێکی هەرە گرنگی لەو باسکی هێزەدا دەبینی؛ باسکی دووەمیان، بەرنامەی ئەتۆمی ئێران.  من، هەر زوو دوای رووخانی رژێمی ئەسەد، کە بازنە هەرە گرنگەکەی ناو "هیلالی شیعییە" بوو، وە پێش ئەوەش کەوتنی حەماس و حیزبوڵا، ئیتر پێوابوو کە هەنگاوی داهاتوو لە جەنگی ئیسرائیل لە چوارچێوەی دژایەتی ئەو "هیلالە"دا لێدانی ئێران دەبێ.

بە داڕمانی ئەم هیلالە،  ئێران ئامراز و کارتێکی گرنگی دانوستاندنی لەگەڵ جیهانی رۆژئاوا، بە تایبەتی ئەمریکا، لەدەستدا. . . دوای ئەو داڕمانی ئەو باسکە، تەنها کارتی ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی بوو کە دەکرا بەرامبەر ئەمریکا و جیهانی رۆژئاوا بەکاری ببات. بەڵام هەر زوو جێگای گومان بوو کە ئیسرائیل لێبگەڕێ ئێران بە ئاسانی پێشکەوتنی زیاتر لە پڕۆژە و پڕۆگرام ئەتۆمییەکەی بەدەست بهێنێ، وە وەک کارت لە بەهێزکردنەوەی هەژموونی خۆی بەکاری ببات.

بە هەر حاڵ، کەوتنی باسکی بریکارەکان، بە تایبەتی رژێمی سوریا، رەگەزی سەرەکی لە هێز و هەژموونی ئێران کەوت. ئەمەش وایکرد کە ئێران بە ئاشکراتر باس لە ئەگەری گۆڕینی باوەڕ (عەقیدە)ی ئەتۆمی خۆی بکات، ئەوەش بە تایبەتی بە دوو واتا: یەکەمیان، پەلەکردن لە سەرخستنی ئاستی پیتاندنی یورانیۆم، کە لە ماوەی دواییدا دەرکەوت گەیشتۆتە ٦٠ لە سەد، یا تەنانەت زیاتریش، وە دووەمیان، ئاماژەدان بە ئاشکرا بە بژاردەی جێهێشتنی رێککەوتنی سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی، کە ساڵانێکە ئێران بەشێکە لێی، بەم واتایەش ئیتر ئێران دەستی واڵا بێت لە هەنگاونان بۆ بە "سەربازیکردنی" بەرنامە ئەتۆمییەکەی. بەڵام ئەم پێشوەچوونە، واتە ئاماژەدان بە گۆڕینی "عەقیدە"ی ئەتۆمی، بوو بە شیرێکی دوو سەر: سەرێکیان بوو بە پشتڕاستکردنەوەی هێز و تواناکانی ئێران، بەڵام لەولاشەوە ئەم ئاماژەیە بە گۆڕینی "عەیدەی" ئەتۆمی بووە هۆی ئەوەی بە توندی سەرنجی جیهانی رۆژئاوا و ئیسرائیل بۆ لای هەڕەشەی گریمانەیی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران زیاد بکات. ئاکامێکی ئەو پێشوەچوونەش ئەوە بوو کە: یا ئەوەتا ئێران بێتە ژێر باری ئەوەی رێککەوتنێکی نوێ دەربارەی بەرنامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا مۆر بکات، یا ئەوەتا، زوو یا درەنگ، ئەو وڵاتە بچێتە دۆخی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ جیهانی رۆژئاوا، بە تایبەتی ئەمریکا، وە زۆر بە تایبەتیش ئیسرائیل.

هەڵوێستی روسیا و چین

ئێران، هاوتەریب لەگەڵ هەڵکشانی ململانێکان دوای ٧ی ئۆکتۆبەر، تا رادەیەک جۆرێک لە دڵنیایی هەبوو کە لە حاڵەتی بەرەوڕوبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، یا لەگەڵ یەکێکیان، دەکرێ روسیا بێتە دەنگ وە هەر لەبەر ئەو گریمانەیەش تەنها ٣ رۆژ بەر لەوەی دۆناڵد ترامپ بچێتە سەر کورسی دەسەڵات لە کۆشکی سپی واتە لە ١٧-١-٢٠٢٥ ئێران رێککەوتنێکی لەگەڵ روسیا مۆر کرد. بەڵام ئەوەی رویدا ئەوە بوو کە روسیا ئەو دڵنیاییە چاوەڕوانکراوەی بە ئێران نەبەخشی، واتە زەمانەتی ئەوەی نەدا بە ئێران کە لە حاڵەتی هێڕشێک بۆ سەر ئێران ئەوا یەکسەر روسیا دەچێتە دۆخی بەرگرییەوە لەو وڵاتە. ئەمەش بە دوو هۆی زۆر گرنگ: ١) هەر لە سەرەتای بوونی ترامپ بە سەرۆکی ئەمریکا هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە بوون کە ترامپ ئامادەیە جۆرە چارەسەرێک بدۆزرێتەوە بۆ کێشەی ئۆکراینا کە تا رادەیەکی زۆر لە سوودی روسیا بێت، بەڵام لە بەرامبەردا ئەمریکاش چاوی لەوەبوو کە لە دۆسیەی ئێراندا روسیاش تێگەیشتنی بۆ نیگەرانییەکانی ئەمریکا هەبێت، روو بە ئێران. واتە لە ئەگەری بەرەوڕوبوونەوەی ئێران و ئەمریکا ئەوا روسیا بێلایەن بێت ؛ ٢) رێککەوتنەکەی نێوان ئێران و روسیا، وەک ئاماژەی پێدرا هیچ جۆرە پابەندییەک ناخاتە سەر روسیا بۆ بەرگریکردن لە ئێران، ئەگەر هاتوو ئەو وڵاتە بەرەوڕووی هێڕشی دوژمنکارانەی وڵاتێک یا چەند وڵاتێک بوویەوە.

لە راستیدا ئەگەر ئیسرائیل و ئەمریکا لەوە دڵنیا بوونایە کە روسیا رێگا بە هیچ جۆرە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی ئێران نادات وە لە حاڵەتی هەڕەشە بۆ سەر ئەو وڵاتە کاردانەوەی دەبێت، ئەوا هەرگیز، یا هەرنەبێ بە ئەگەری یەکجار زۆر، بەو ئاسانییە ئیسرائیل نەیئەتوانی هێڕش بکاتە سەر ئێران!

هەڵوێستی چینیش، لە باشترین حاڵەتدا، لە هەندێک پشتگیری سنوورداری سیاسی و دیپلۆماسی زیاتر بۆ ئێران تێپەڕناکات.

بە هەر حاڵ بە بەراورد لەگەڵ دۆخی ئیسرائیل لە رووی بوونی هاوپەیمانییەکی ستراتیجی بە هێز و نەگۆڕ لەگەڵ ئەمریکا، ئێران هیچ هاوپەیمانێکی ستراتیجی نییە وە ئەم بەرەوڕوبوونەوەیەی لەگەڵ ئیسرائیلدا بە تەنیا بەڕیدەکات. واتە ناهاوسەنگییەکە جگە لە رووە سەربازی و تەکنۆلۆجییەکەی، نەبوونی هیچ هاوپەیمانێکی ستراتیجی بۆ ئێران پارسەنگی هێز بە توندی لە ازانجی ئیسرائیل دەشکێتەوە.

لە ئێستادا ئاسان نییە وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە کە ئایا هەڵوێستی روسیا و چین چی دەبێت ئەگەر ئەمریکا، بە ئاشکرا و بێ هیچ دوودڵییەک، بێتە پاڵ ئیسرائیل وە بەشداری راستەوخۆ لە هێڕشەکان بۆ سەر ئێران بکات. ئەوەی کە تا ساتی نووسینی ئەم وتارە ئاشکرایە ئەوەیە کە ئەمریکا، بە جیاوازی لەگەڵ هەڵوێستی ئیسرائیل، ئێستاش دەخوازێ لە دۆسیەی بەرنامەی ئەتۆمیدا بگاتە رێککەوتنێک لە گەڵ ئێران ، بەم پێیەش چاوی لەوەیە بەری ئەو پێکدادانە بدورێتەوە کە لە ئێستادا بە گەرمی لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا لەسەرپێییە.   

وڵاتانی کەنداو

لەسەر ئاستی جیهانی عەرەبی، روخانی رژێمی سوریا و کەوتنی هیلالی شیعی پێگەی وڵاتانی کەنداوی بەهێزتر کرد وە پووکانەوەی ئەم هیلالە بە گشتی بووە هۆی بەهێزبوونی هێزە میانڕەوەکان لە ناوچەکەدا. بە دیوێکی تردا، پێشوەچوونەکان تا ئێستا بە ئاراستەی پاشەکشەی هێزە توندڕەوەکانی لە پرسی فەلەستین و ململانێی عەرەب و ئیسرائیل هەنگاو دەنێن.

ئەگەر چی وڵاتانی کەنداو بەردەوام رادەیەک لە نیگەرانییان هەبووە لە گریمانەی بوونی ئێران بە هێزێکی سەربازیی ئەتۆمی، بەڵام هەرگیز رادەی نیگەرانییەکەیان نەگەیشتۆتە رادەی ئەوەی ئیسرائیل. لە لایەکی ترەوە پەیوەندی ئەم وڵاتانە لە ماوەی دواییدا، بە تایبەتی شانشینی سعودیە، ئیمارات و قەتەر لە لایەک وە ئەمریکا لە لایەکی ترەوە چووەتە ئاستێکی ستراتیجییەوە، بە تایبەتی لە رووی ئابوورییەوە. لەم گۆشەبینینەوە ئاسایشی ئەم وڵاتانە بۆ ئەمریکا لە ئێستادا لە هەموو کاتێک گرنگترە. لە رۆشنایی ئەم پێشوەچوونەشەوە، ئەگەر هەر فراوانبوونێکی پێکدادانەکانی ئێستای ئێران و ئیسرائیل بە ئاراستەی ئەوەدا بڕوا کە هەڕەشە لە ئاسایشی ئەم وڵاتانە بکات ئەوا بێ گومان ئەمریکا بێ هەڵوێست نابێت. یەکێکیش لە سیناریۆکانی فراوانبوونی ململانێکە، لە ئاکامیشدا گۆڕینی هەڵوێستێکی ئەمریکا بۆ کاردانەوەی دوژمنکارانە بەرامبەر بە ئێران، ئەوەیە کە ئێران دەست بۆ "موغامەرە" و سەرکێشی داخستنی تەنگاوی هورمز بکات. بەڵام، لە راستیدا دەستبردنێکی ئەوها بۆ داخستنی هاتوچۆ لە تەنگاوی هورمزدا ئەوەندە بژاردەیەکی خەراپە بۆ ئێران، تەنانەت دەکرێ ببێ بە شێوازێک خۆکوژی بۆ ئەو رژێمە، چونکە کردارێکی ئەوها نەک هەر هەڵوێستەکانی وڵاتانی کەنداو و ئەمریکا دژ بە ئێران یەکدەخات، بەڵکو تەنانەت زۆربەی وڵاتانی جیهان دەچنە پێگەی دژایەتییەوە بەرامبەر بە ئێران. ئەگەرچی دوورە ئێران هەڵەیەکی ئەوها بکات، واتە تەنگاوی هورمز دابخات، بەڵام دەبێ ئەوەش لەبیر نەکەین کە لە مێژوودا نموونەی ئەو رژێم و دەسەڵاتدارانە زۆرە کە لە ژێر فشاری شەڕ و لە ترسی دۆڕاندنی شەڕ دەستیان بۆ هەندێک هەڵوێست و کردار بردووە کە هەرگیز لە دۆخی ئاساییدا دەستبردنێکی ئەوها رووی نەئەدا! هەڵبەتە هەڵەیەکی تر کە دەتوانێ بە هەمان رادە کارەساتبار بێت بۆ ئێران ئەوەیە کە ئێران پێگە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچە بکاتە ئامانج، وە بە تایبەتیش ئەگەر ئەو بە ئامانجگرتنە قوربانی لێ بکەوێتەوە!

ئێران: ئمپراتۆرییەک لە بەردەم دووڕیانی بوون و نەبووندا
گومانی تیا نییە کە تا ئێستا گەورەترین زەرەرمەندی پوکانەوە و کەوتنی حەماس، حیزبوڵا و رژێمی ئەسەد ئێران بووە، بە تایبەتی لە رووی هەژموون و جێگە و پێگەی جیو-سیاسی ئەو وڵاتە لە ناوچەکەدا. بەڵام بە پەڕینەوەی ململانێکان لە دوێنێ (١٣-٦-٢٠٢٥)وە، لە ئاکامی هێڕشە کەمەرشکێنەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئیتر چیتر پرسەکە لەدەستدانی باسکی هێزی دەرەوەی ئێران (واتە باسکی بریکارەکان) نییە، بەڵکو باسکی دووەمی هێز و تواناکانی ئێرانیش لەژێر مەترسی جیددی پوکانەوەدایە. ئیتر بەم واتایە، لە کاتێکدا تا بەر لە رووداوی ٧ی ئۆکتۆبەر هەژمونی ئێران پشتی بە دوو باسکی هێز دەبەستی و شانازی پێوەدەکرد و هەر ئەو دوو باسکەی هێزیش ئێرانیان گۆڕیبوو لە دەوڵەتێک بە سنووری دیارکراوەوە بۆ ئیمپراتۆرییەک کە سنوورەکانی تا کەنارئاوەکانی دەریای سپی ناوەڕۆست و کەنارەکانی دەریای سور و دەریای عەرەبی دەچوون.

ئەمڕۆ نەک هەر ئەم ئیمپراتۆرییە لە بەردەم تاقیکردنەوەی قورسی مان و نەماندایە؛ بەڵکو مانەوەی ئێرانیش وەک وڵاتێکی یەکگرتوو بەو نەخشە و سنوورانەوە کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە هەیبووە. زۆر ئەزموونی مێژوویی پێمان دەڵێن کە کاتێک ئیمپراتۆرییەکان لە دەرەوەڕا دووچاری پوکانەوە و پاشەکشە دەبن ئەوا بە ئەگەری زۆر ئەو ئیمپراتۆرییە لە ناوخۆشیدا توانای پارێزگاری لە بوون و مانەوەی خۆی لەدەست دەدات: لاوازی و پاشەکشەی ئیمپراتۆری لە دەرەوەی خۆی دەکرێ ببێتە هۆی شڵەژانی رژێم لە نەوەندی دەسەڵات و لەدەستدانی توانای کۆنتڕۆڵکردن، هاوتەریبیش توڕەیی جەماوەر و بوێری ئەو جەماوەرە بۆ راپەڕین دژی رژێمەکە. 

سیناریۆکان روو لە کاتژمێر و رۆژانی داهاتودا

 سیناریۆ پەیوەندیدارەکان بە پێکدادانی ئیسرائیل و ئێران زۆرن، بەڵام لێرەدا ئاماژە بەو سیناریۆیانە دەکەین کە هەرە پێویست وە دەکەونە چوارچێوەی بابەتەکەمانەوە.

١) ئەگەرچی هێڕشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران تا ئێستا کەمەرشکێن بوونە، بەڵام هەرگیز ئیسرائیل نەگەیشتۆتە ئەو ئامانجانەی کە پێشتر دیاریکردوون، کە ئەویش خاپوورکردنی بە تەواوەتی توانا ئەتۆمییەکانی ئێرانە. ئیسرائیل باڵادەستی و توانا سەرسوڕهێنەرە سەربازییەکانی تا ئێستا بە روونی پیشان داوە و گورزی کەمەرشکێنیشی لە ئێران وەشاندووە، بەڵام لەگەل ئەوەشدا گومان دەکرێت ئیسرائیل بتوانێ بە تەنیا هەموو ئامانجەکانی بپێکی. ئەمریکا تا ئێستا بەشداری کردووە لە بەرگرییەکی سنووردار لە ئیسرائیل بە شێوازی جیا جیا، بەڵام هەرگیز بەشداری نەکردووە لە هێڕشەکاندا. تا ساتی نووسینی ئەم بابەتەش باشترین بژاردە، بە دیدی دەسەڵاتدارانی ئەمریکا، ئەوەیە کە ئێران بچێتە ژێر باری مەرجەکانی ئەمریکا بۆ مۆرکردنی رێککەوتنێک دەربارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران. بەڵام بۆ ئەوەی ئەمریکا هەڵوێستی خۆی لە بەرگریکردن لە ئیسرائیل بگۆڕی بۆ هێڕشکردنە سەر ئێران، پێویستە هەندێک شت روو بدەن کە زۆرێکیش لەو شتانە دەکرێ ببن بە هەڵەی گەورەی ئێران، گەورە تا رادەی خۆکوژی سیاسی؛ لەوانەش: ١/ زێدە بوونی زۆری ژمارەی قوربانییەکان لە ناو ئیسرائیلییەکان، بە رادەیەک کە نە ئەمریکای رەسمی وە نە ئەمریکای ناڕەسمیش قەبوڵی ئەو ژمارە زۆرەی قوربانیان لە ریزی مەدەنییە ئیسرائیلییەکاندا نەکات؛ ٢/ داخستنی تەنگاوی هۆرموز لە لایەن ئێرانەوە دەبێتە ئەو هەڵە گەورەیەی کە ئەمریکا لە حاڵەتی بەرگری لە ئیسرائیل دەباتە حاڵەتی هێڕشی راستەوخۆ دژی ئێران؛ ٣/ بە ئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچە لە لایەن ئێرانەوە؛

٢) باشترین بژاردە، ئەگەرچی ئەم بژاردەیەش زۆر دواکەوتووە، ئەوەیە کە عەلی خامەنیئی، رێبەری رۆحی ئێران، بەرداخە ژەهرەکە بخواتەوە (هەر وەک چۆن ئایەتوڵا خومەینی کاتی خۆی بەرداخە ژەهرەکەی خواردەوە و شەڕی لەگەڵ عێراقدا راگرت)، واتە پێشمەرجەکانی ئەمریکا بۆ دانوستاندنەکان قەبوڵ بکات. بە هەر حاڵ وا پێدەچێت خواردنەوەی ئەم بەرداخە ژەهرە ئاسان نەبێت، چونکە لە کۆی بە هەڵە تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران وە ئەو هەموو چاوەڕوانییەی کە ئەم دەسەڵاتدارانە لەسەر خۆیان و تواناکانی ئێران بەرهەمیان هێناوە وایکردووە کە ئەم دەسەڵاتدارانە هەر زوو چوونەتە دۆخ و خاڵی "نەگەڕانەوە" و خۆیان بە دەست و بڕیاری خۆیان کردۆتە بارمتەی دەستی هەموو ئەو هەڵوێستانەی وەریانگرتووە ئەو بەڵێنانەی لە ساڵانی پێشتردا داویانە. تێکشکاندنی قاڵب و چوارچێوەی حاڵەتی بە بارمتەگیراوی ئاسان نییە و پێویستی بە بڕیاری قورس هەیە تا رادەی نۆشینی بەرداخە ژەهرەکەیە!

٣) ئیسرائیل بە هەنگاوی هێڕشبردن بۆ سەر ئێران بە توانای سەربازی سنووردارەوە (هەڵبەتە سنووردار بە بەراورد لەگەڵ ئەو ئامانجە گەورەیەی کە ئیسرائیل بۆ خۆی دیاریکردووە) دۆخی خۆی بردۆتە ئاستێکی مەترسیدار و پڕ لە ئاڵنگاری. ئەگەرچی ئاشکرایە کە هێزی سەربازیی ئیسرائیل، لە رووی چۆنایەتییەوە، شان لە شانی پێشکەوتووترین هێزە سەربازییەکانی وڵاتانی جیهان  دەدات، بەڵام لە توانایدا نییە بە تەنیا هەموو ئامانجەکانی لە خاپوورکردنی بە تەواوەتی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بەدەست بهێنێت. لە راستیدا لە ئێستادا ئامانجی ئیسرائیل، بە تایبەتی ئامانجی بنیامین نەتانیاهو، نەک هەر خاپوورکردنی توانا ئەتۆمییەکانی ئێرانە بەڵکو خستن و کۆتاییهێنانە بە رژێمی ئێران، لە چوارچێوەی ئەو تێزەی کە دەڵێ: کێشە گەورەکە ئەوە نییە کە ئێران خاوەنی توانای ئەتۆمی بێت، بەڵکو کێشە گەورەکە سروشتی رژێمە سیاسی و ئادیۆلۆجییەکەی ئەو وڵاتەیە، کە نەیشرادۆتەوە و بە ئاشکرا جار دوای جار بانگەشەی لەناوبردنی ئیسرائیل و سڕینەوەی لەسەر رووی نەخشە کردووە! لە هەمان کاتیشدا ئیسرائیل لە توانایدا نییە بە داواکانی خۆی بۆ راپەڕینی گەلانی ئێران دژ بە رژێمی ئێران بۆ روخاندنی، ئەم ئاماجە بەدەست بهێنێت. لە ئاکامدا، ئەگەرچی پێشڕەوییەکانی ئیسرائیل لە هێڕشەکانی بۆ سەر ئێران حاشاهەڵنەگرە، تەنانەت دەشکرێ بۆ ئێران کەمەشکێن بن، بەڵام ئیسرائیل نەتوانێ هەموو توانا ئەتۆمییەکانی ئێران خاپور بکات یا رژێمی ئەو وڵاتە بخات، ئەوا دواجار جۆرێک سەرکێشی و ریسکی کردووە کە دواجار دەکرێ ببێتە هۆی ئەوەی کە نەک هەر نەتوانێ ئامانجەکانی روو بە ئێران بپێکێ بەڵکو تەنانەت دەسکەوتەکانی پێشتریشی بخاتە مەترسییەوە!

٤) ئەگەرچی کورد بە گشتی، وە رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی، بەشێک نەبووە لە ئامانجی ئەم وتارە، بەڵام پێویستە هەرنەبێ ئاماژەیەکی زۆر کورت بە کورد، روو لەوەی لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا روویداوە و بە یەکێک لە سیناریۆکانی داهاتوو، بدەین: ١/ ئەوەی لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە روویداوە بە زۆر شێوە، راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ، کاریگەر بووە لەسەر دۆخی کورد. . .؛ ٢/ لە ئەگەری روخانی رژێمی ئێران، ئەگەرێکی بەهێزە کە ئێران وەک وڵات بچێتە قۆناغی تاقیردنەوەیەکی مێژووییەوە تا رادەی پرسی مانەوە یا نەمان وەک وڵاتێکی یەکگرتوو. لە حاڵەتێکی ئەوهادا، واتە داڕمانی نەک هەر رژێمی سیاسی بەڵکو تەنانەت ئێران وەک وڵات، دەکرێ کاریگەرییەکانی رووداوێکی ئەوها تا رادەی ئەو کاریگەرییانە بڕوات کە داڕمانی دەوڵەتی عوسمانی لەسەر کورد و ناوچەکە هەیبوو. لە حاڵەتی مانەوەی رژێم، دوای ئەم هەموو پاشەکشەیە لە دەرەوە و لە ناوە وە لەدەستدانی زۆرێک لە هێز و تواناکانی لە هەردوو باسکی هێزەوە، ئەوا هەرگیز ئێرانی دوای ٧ی ئۆکتۆبەر ناتوانێ ببێتەوە بە ئێرانی پێش ئەو بەروارە. دەتوانین بە ئاسانی بڵێین ئەو دەرفەتە مێژووییەی کە لە سەرکێشیەکەی دیکتاتۆری عێراق سەدام حوسەین کەوتەوە لە ١٩٩٠-١٩٩١ تا ئێستاش بە کراوەیی ماوەتەوە و بەردەوامە. ئەم دەرفەتە پێشتر چەند تەکانێکی لە بەرژەوەندی کورد وێکەوتووە، وەک ١١ی سێپتێمبەری ٢٠٠١، کەوتنی رژێمی عێراق ٢٠٠٣، شەڕی داعش، وە هەروەها، لە ساڵ و نیوێکی دوایشدا، بە هۆی ٧ی ئۆکتۆبەر و رووداوەکانی دواتر. پاشەکشەی ئێران لە دەرەوە وە لێدانی لە دوو رۆژی دواییدا "لە ناوەوە"، بەبێ ئەوەی کە هێشتان بە زەرورەت ئاکام و دەرەنجامە کۆتاییەکانی ئەو لێدانەمان بینیبێ، هەر لە ئێستاوە بووە بە تەکانێکی تر کە بەو دەرفەتە مێژووییەی ١٩٩٠-١٩٩١ کەوتووە. . . کەوتنی رژێمی ئێران لە دۆخێکی ئەوهادا، بۆ کورد، دەبێتە یەکێک لە گەورەترین زەمیلەرزە جیپ-سیاسییەکان لە سەد ساڵی رابردوودا!

لەم چرکە ساتەدا باشترین بژاردە بۆ کۆمەڵگەی سیاسی و کۆمەڵگەی مەدەنی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەیە کە خولەک بە خولەک سیناریۆکانی روو لە داهاتو لەبەرچاو بگرن و گفتوگۆیان لەسەر بکەن، بە ئاسانیش دەست بۆ "موغامەرە" و سەرکێشی سیاسی نەبەن. خەراپترین سیناریۆ ئەوەیە کە مرۆڤ لە سیاسەتدا بە هەست و نەست بڕیارە چارەنووسسازەکانی وەرگرێ. پەیڕەوکردنی ئەو پەندە سیاسییەی کە دەڵێ ئەوەی لە سیاسەتدا بە هەست و نەست هەڵسێتە سەر پێ بە دۆڕاوی دائەنیشێتەوە یەکێکە لەو پەندانەی کە لە دۆخێکی ئەوهادا پێویستە پەیڕەو بکرێت!

-------------------
* بە باش و دروستتری دەزانم کە وشەی "ئیمپراتۆریی" لە بری ئیمپراتۆرییەت بەکار ببەم، چونکە ئەوەی دووەمیان عەرەبییە یا لە باشترین حاڵەتدا عەرەبییەکی کوردێندراوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP