دواین هەواڵ

تویتەکەی تۆم باراک و ناوچەکە

‌د.سەردار عەزیز

2 رۆژ پێش ئێستا

توماس باراک کە ئێستا باڵوێزی ئەمریکایە لە ئەنکەرە و هەروەها نێردەی ترەمپە بۆ سوریا تویتێکی کردوە کە زۆر بابەتی بە سەر یەکدا ترنجاندوە.
تویتەکە باس لە سایکس-پیکۆ دەکات، پاشان وازهێنانی ئەمریکا لە وانەدان بە خەڵک و دەستوەردان، ئیجا ڕۆڵی هێزە ئیقلیمیەکانی وەک تورکیا، کەنداو لە گەڵ ئەوروپا.
بۆ خوێندنەوەی پێویستمان بە کەمێک پاشخان هەیە.
یەکەم، وەک نێردەی ترەمپ بۆ سوریا، هەروها بونی لە ئەنکەرە، کاتێک باسی سوریا دەکات دەبێت باسی ئەو وڵاتانە بکات کە ئەمریکا دەیەوێت ڕۆڵیان هەبێت لە سوریا. بەو مانایە ئەمریکا ئامادەنیە هیچ هاوکارییەکی دارایی سوریا بکات، بەڵکو ئەرکی کەنداو و تورکیا و ئەوروپایە ئەو کارە بکەن.
دووەم، دەبێت پەیامی ئەمریکا بگەیەنێت، ئەویش ئەوەیە کە گرنگە ئاشتی هەبێت. ئایا ئەم ئاشتیە لە ناواخنیدا یانی ئاشتی لە گەڵ ئیسرائیل، دیار نیە، بەڵام هێندە نهێنی نیە. 
سێیەم، خۆی پەیامەکە دژ بە پەیامەکەیە، چونکە کاتێک ئەمریکا نێردەی تایبەتی هەیە و دەڵێت دەبێت کێ ڕۆڵی هەبێت لە وڵاتەکەدا و نابێت گرژی هەبێت و خۆی هیچ هاوکارییەکی دارایی ناکات، کەواتە دەستوەردان دەکات، بەڵام ئەرک ناخاتە سەرشانی، ئەمەم کرۆکی سیاسەتی نوێی ئەمریکایە.
چوار، کاتێک باس لە هێزی ئیقلیمی دەکات، باس لە ئیسرائیل ناکات. ڕەنگە ئەمە بۆ ئاسانکاری ڕۆڵەکەی بێت وەک بەرپرسی تورکیا و سوریا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا. 
پێنجەم، ترەمپ بە دانانی باراک ئاسانکاری بۆ خۆی دەکات کە لە بیرۆکراسیەتی بڕیاردان و دیپلۆماسیەتی تەقلیدی خۆی دەرباز بکات.

لێرەدا کەمێک دەربارەی هەردوو پیاو ڕەنگە پێویست بێت. باراک لوبنانیە، باپیری پەنابەرێکی لوبنانی هەژار بوو کە دوکانی بەقاڵی هەبوو. باراک خۆی هاتە ناو کەرتی عەقاراتەوە و لە کەنداویش پارەی زۆری پەیداکرد. لە نیویورک لە کاتی کڕینی ئوتێلکدا بوو بە هاوڕێی ترەمپ. هەرچەندە ترەمپ قازانجی نەکرد لە کارەکە، بەڵام لە گەڵ باراکدا بوون بە هاوڕێ چونکە لە حەزکردن لە ژنی کەمتەمەن و ژیانی سیلبریتی و عەقاراتدا هاوبەش بوون. 
بونی ڕۆڵی کەنداو و تورکیا بۆ کورد باش نیە. بەڵام کاتێک لێی قوڵ دەبیتەوە، کەنداوییەکان دژایەتی کورد ناکەن، چونکە حەز بە زاڵبونی تورک ناکەن. بۆیە ئەگەر دۆستایەتی کورد نەکەن دژایەتی ناکەن، جگە لە قەتەر کە لە بەر نزیکی لە تورکیا و زاڵی عروبە و ئیخوان زۆر دژ بە کوردە.
تورکیا دەیەوێت کەنداو هەبێت لە سوریا هەتا سودمەندبێت لە بونیادنانەوەی. بەڵام کەنداوییەکان گێلەکەی جاران نین، پارە بدەن و هیچ ئەجیندایایەکیان نەبێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP