دواین هەواڵ

بایەخی یەکدەنگی نیشتیمانی و چوونە نێو قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا

‌ئەبوبەكر كاروانی

2 رۆژ پێش ئێستا

بۆ چەندین ساڵ دە چێت، حکومەتی هەرێم و نوخبەی حوکمرانی حیزبیی، لە بەرزەخی پەیوەندییەکی پێناسەنەکراو یاخود پێناسەکراوی دانپیانەنراودا لەگەڵ ناوەند، دێن و دەچن؟!

‏‎گرەوی بنەڕەتی لەسەر کەسەکان بووە بۆ باشترکردنی بارودۆخەکە، کە مەبەست کەسی سەرۆک وەزیرانە، بەڵام هەموو جارێك هێندەی پێنەچووە گرەوکردن لەسەر کەسەکان کۆتایی پێ هاتوەو ئەوراستیە بەزەقی خۆی دەرخستۆتەوە کە، ئەوەی لە بەرەنجامی کۆتاییدا بریار دەدات و ئاسۆی پەیوەندییەکان دیاریدەکات، سیستم و دەوڵەتی قووڵە نەك کەسی سەرۆکوەزیران، چونکە سەرۆک وەزیران هەرکەسێك بێت و هەرچی بێت تاکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت، پانتایی جیاوازبوونی ووردەکارییەکانە نەك مەسەلە جەوهەرییەکان. دەستوور و سیستم وا داڕێژراوە دەسەڵاتی ڕاپەڕاندن لە دەست شیعەدا بێت و لە دەستدانی ئەو دۆخەش لە لایەن سەرکردەکانەوە هێڵی سوورە، کە کاریش گەیشتە تینێ، زۆرینەیەکی پەرلەمانی هەیە و دێتە قسەو دواهەمین بڕیاری خۆی دەدات، هەندێ جاریش لە وردەکارییەکەشدا تەگەرە بۆ سەرۆک وەزیران دروست دەکات.

کێشەکەش لێرەدا کۆتایی نایەت، چونکە بە درێژایی ماوەی ڕابردوو لە دوای عێراقی نوێوە، ڤیتۆیەکی هەرێمایەتیش هەیە، جۆری کارایی و ناکارایی سیستم و دابەشکردنی ڕۆڵەکان و دووبارە دابەشکردنەوەی ماف و دەسەڵاتەکانی ناوی دیاریدەکات و ڕاستەوخۆ لە دروستکردنی بڕیار و داڕشتنی سیاسەتەکان بەشداری دەکات، لەڕوانگەی بەرژەوەندییە ئاسایشی و ئابورییەکانی و بەرێوەبردنی ململانێکان دەڕوانێتە جۆر و ئاست وسرووشتی پەیوەندییەکان.

‏‎بەدیوەکەی تریشدا، ئەوەی لەرابردوودا پێی ووتراوە هەرێمی کوردستان، تەنها بەڕواڵەت هەرێم بووە، بە نیمچە هەمیشەیی بە دەست دابەشبوون و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی و بەتایبەتیش لە نێوان پارتی و یەکییەتیدا ناڵاندوویەتی، بۆیە لەجیاتی ئەوەی ئیرادەیەکی کوردیی مکور و یەکگرتووی کوردی بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی گەلی هەرێمەکە لەئارادا بێت، ململانێکە بچێتە نێوان قەوارەی هەرێمی کوردستان و گەلەکەی و بەغدا، وێنای حیزبیی لێگیراوە، مەسەلەی مووچە و خراپییەکانی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا کراوەتە کەرەسەی پروپاگەندەی حیزبیی و پەلاماردانی یەکتر!. ملانێ ناشیرنەکان لە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و داڕشتی یاسای بوودجە نموونەگەلێکن لەو چوارچێوەدا.

‏‎لێرەشەوە شتێ بە ناوی (ئەگەر نەشڵێین دوژمنی هاوبەش بە حوکمی ژیانمان لە سایەی سیستمێکی هاوبەشدا کە دەنگمان پێداوە)، تەحەدا و ڕکابەری هاوبەش نەمان، چونکە ناکۆکی دووپارتە فەرمانڕەواکەی هەرێم کارێکی کردبوو، نەیار و دۆست دووری و نزیکی لە هێزە عەرەبییەکان لە ڕوانگەی کورد و هەرێم و ئەوانیترەوە دەستنیشان نەکراوە، بەڵکو پێوەرە حیزبییە خوار نیشتیمانییەکان ئەم کارەیان کردووە؟! ئەوەش یەکسان بووە بە نەبوونی هیچ سیاسەتێکی کوردیی دەستنیشانکراو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی ناوەند و فشارەکانی.

‏‎لە سایەی نەبوونی سیاسەتێکی کوردیی سازان لەسەرکراوی رۆشنیشدا، بەغدا نەك هەر نەبووە شوێنێك بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵکو بە حوکمی پەرەوازەیی کورد و ریسی یەكتر کردنەوە بەخوری، لە چوارچێوەی ئەو ململانێ وێرانکەرەی لە هەرێمدا هەبووە، کراوەتە کارتی فشار بەسەر یەکترەوە!! هەموو ئەوەش لەسەر حسابی بەرکەوتە نیشتیمانییەکان و مافی هاوڵاتی ئاسایی.

‏‎ئەم واقیعە تاڵە وایکردووە، لە ماوەی دە پانزە ساڵی رابردوودا، هەرێم نەگات بەهیچ جۆرە چارەسەرێکی ئابروومەندانە و ریشەیی لەگەڵ بەغدا، چونکە پێش ئەوەی کێشەکە لەگەڵ بەغدا بێت لەناوخۆدا بووە. کێشەکان وێنای حیزبیان لێگیراوە، رەنگە هەندێ جاریش وەك ئامرازی فشارکردن لەیەك بەشداری قووڵکردنەوەشیان کرابێت. ئەوەو بوونی ناڕوونی لەسەرچاوەکانی داهات و زۆر شتیتر وایان کردووە بەغدا بەتەواوەتی پێی لێرابکێشێت و بە کردەوە سووکایەتی بە گەلی کوردستان و هەرێم بکات، لەرێی سزادانی هاووڵاتیشەوە هەوڵدان سەرچاوەکانی هێز لەناو قەوارەی دەستووریی هەرێمدا بەرەو کەمی و لاوازی بەرێت.

‏‎بە کورتی و بەگشتی، ئەوەی لەرابردوودا روویداوە، ئاماژەیەکی بێزارکەرە لەسەر لاوازیی حکومەتی هەرێم و نوخبە حوکمرانەکە، سەرچاوە گەورەکەی ئەم لاوازییەش ناکۆکی حیزبیی، لاوازیی دەزگاکانی حوکمرانی و بوونی گەندەڵی و دابەشبوونی هەرێم بووە بۆ زۆنی دەسەڵاتی حیزبی. ئەمە وایکردووە ئەوەی هەرێم لەگەڵ بەغدا ئەنجامی داوە، تەنها و تەنها پینە و پەرۆ، کات بەرێکردن، ئیدارەدانی کێشە و بەپچر پچری ومیزاجیی و وەرزیی مامەڵەکردن بووە لەگەڵ قەیرانەکەدا.

پێم وایە لەئێستادا کاتی ئەوەهاتووە کۆی ئەم شێوازە بخرێتە لاوە، لەگەڵ گۆڕانکارییە گەورە و خێراکانی ناوچەکە و نزیکبوونەوەی زۆر پرس لەخاڵی بەلاداخستنی مێژوویی خۆیان، پرسی مووچەو پەیوەندییەکانی هەرێم وبەغداش بخرێتە بەردەم سەرەپێچێکی مێژوویی یەکلاکەرەوەدا، ئەوەش بەوە دەبێت وەك پرسێکی نیشتیمانی هاوبەش سەیربکرێت، ئەگەر دەمانەوێت سنوورێك بۆ سووکایەتیەی بەغدا و لاوازی هەرێم دابنرێت، پێویستە بە چاوێکی رەخنەگرانەی نیشتیمانییەوە سەیری رابردووبکەین، سەرچاوە و هۆکاری کێشەو لاوازییەکان بەبوێری وبابەتیانەوە دەستنیشان بکەین، پێکەوە وەسفی هاوبەشی کێشەکە، سرووشت و رەهەندەکانی، بژاردەکانی چارەسەر، سیناریۆ جیاوازەکان وکاردانەوە چاوەروانکراوەکان دیاری بکەین.

‏‎ئیتر حیزبیانە و مەقتەعیانە و ئەندەکیانە مامەڵە لەگەڵ کێشەکەدا نەکەین، بەڵکو بەناوکۆیی دام و دەزگاکانی هەرێم، پارتەکان، کاربەدەست و وەزیر و پەرلەمانتارەکانی بەغدا، ناوەندە فیکری وئەکادیمی ومەدەنییەکە، دید و تێگەیشتن و سیاسەتێکی ڕۆشن و سازان لەسەرکراو بۆ جۆری مامەڵەکردن گەڵاڵەبەکەین، فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەبەرگی هاوپەیمانی کوردستانی بێت یان هەر بەرگێکیتردا زیندوو بکەینەوە. سەرەتایەکی نوێ بۆ بیناکردنەوەی سیستم، یەکخستنەوەی هێزەکان، بەرنامەیەکی نیشتیمانی دژ بەگەندەڵی و بۆ روونکردنی سەرچاوەکانی داهات و پێکهێنانی حکومەتێکی هەرێمی جیاواز و بەهێز و پەرلەمانێکی کارا، دەست پێبکەین.

وا دەبینم ئەمجارە نەهێڵرێت دۆخەکە وەك جارانی پێشوو تێپەرێت، ئەگەر کوردیش بتوانێت یەکدەنگبێت، دەرفەتەکە ئومێدی ئەوەی تێدایە ئەم قەیرانە بکرێتە هەلی کۆتایهێنان بەم یارییە قێزەقوونە، گێرانەوەی پەیوەندییەکان بۆسەر پلێت، دانانی نەخشەیەکی کارکردن وفشارکردنی هەمەلایەنە، لەفشاری دەرەکییەوە، بۆ جوڵاندنی شەقام ورەوەندی کوردی دەرەوەو پارچەکانیتری کوردستان وکشانەوە لەبەغداو داواکردنی پارێزگاری وویسایەی دەولی ..هتد. چوونکە تەنها بەم یەکگرتوویی وهێزو جددییەت لەخۆنیشاندانە بەغدا دەکاتە شوێنی چارەسەرکردنی کێشەکان. چارەسەرە گەورەو بنەرەتیەکەش روونە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP