دواین هەواڵ

ئاڵنگارییەکانی بەردەم پاراستنی فەرهەنگ و شوناسی کوردی لە سەردەمی بەجیهانیبووندا

‌محەمەد فایەق

2 رۆژ پێش ئێستا

فەرهەنگ و شوناسی نەتەوەیی یەکێکن لە گرنگترین هۆکارەکانی بەردەوامی و پێکەوەیی کۆمەڵگەی مرۆیی. هەر کۆمەڵگەیەکیش خاوەنی فەرهەنگ یان کولتووری تایبەت بەخۆیەتی کە لە ڕێگەی کەڵەکەبوون و یەکبەدوای یەکداهاتنی نۆرم و بیرکردنەوەکانەوە شکڵ دەگرێت و لەدواجاریشدا، دەبێتە شوناسی ئەو کۆمەڵ و نەتەوەیە. لە هەرێمی کوردستان، فەرهەنگی کوردی وەکی یەکێک لە بەشە پێکهێنەرەکانی شوناسی کوردی، لە سەردەمی بەجیهانیبووندا دووچاری کۆمەڵێک ئاڵنگاری و دەرفەت بووەتەوە کە یەکەمیان وەک جۆرێک لە هەڕەشەی لەناوچوون و دووەمیشیان، وەک زەمینەیەکی گەشەسەندن و مانەوەی دەخوێنرێتەوە. ئەگەر فەرهەنگ-وەک لە دواتریشدا پێناسەی دەکەین- بریتیبێت لە کۆمەڵێک بەها و ئەخلاقیات و باوەڕ و کەرەستە و ئامراز، ئەوا بەجیهانیبوونیش کە دەکرێت پێی بڵێین فەرهەنگێکی جیهانی، خاوەنی هەمان ئەو ئامراز و نۆرمانەیە بەڵام بە شێوازی خۆی. کاتێک ئەم دووانە بەر یەک دەکەون، دەشێت لە ئاستێکدا بەجیهانیبوون دەرفەت بداتە کولتوور کە خۆی بپارێزێت و خۆی تۆمار(ئەرشیف) بکات و سوود لە کەرەستەی مۆدێرن وەربگرێت بۆ خۆ دەربڕین، بەڵام لە ئاستێکی دیکەدا (ئامراز)ە ماددییەکانی ڕەت دەکاتەوە و لەجێگەیان (ئامێر) دادەنێت لە ئاستێکی دیکەیشدا لەڕووی هزرییەوە بەشێک لە تێڕوانین و باوەڕەکانی بە پاشڤەڕۆ و ماوەبەسەرچوو دادەنێت و زەمینەی شوێنگرتنەوەیان دروست دەکات. لەم وتارەدا هەوڵ دەدەین دەرفەتێک بۆ خوێندنەوەی ئەم دیاردەیە بدۆزینەوە.    

(زەمینەیەک)
هەموو قسەکردنێک لەسەر فەرهەنگ(کولتوور) پێویستی بە ناساندن و ڕوونکردنەوەی دەستەواژەکە هەیە، چونکە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەم بەدواوە تا ئەمڕۆ، چەمکەکە ئاڵۆزتر و فرە دەلالەتتر دەبێت؛ بەجۆرێک لە ئێستادا ئەو پێناسانەی بۆ فەرهەنگ دەکرێن ژمارەیان لە دوو سەد تێپەڕیوە. بەڵام ئەمەیش بەو مانایە نایەت کە هەرگیز ناتوانین دەستەواژەکە ڕوون بکەینەوە و بیناسین. کەواتە فەرهەنگ(کولتوور) چییە؟
فەرهەنگ چەمکێکی ئاڵۆز و فرە دەلالەتە کە دەشێت بڵێین مەبەست لێی شێوازی ژیان، بیروباوەڕ، بەهاکان، کەرەستە و جلوبەرگ و بیناسازی، ڕێسا کۆمەڵایەتییەکان، زمان و نەریتەکانی کۆمەڵگەیەکی دیاریکراوە کە هەموویان پێکەوە شوناسێک دەدەن بەو کۆمەڵگەیە و جیایدەکەنەوە لە کۆمەڵگەیەکی دیکە کە فەرهەنگێکی جیاوازی هەیە. لە زمانە ئەورووپییەکانیشدا، دەستەواژەی “Culture” کە لە ڕیشەی لاتینیی “Colere” بە مانای "کشتوکاڵ و چاندن" وەرگیراوە و ئەمڕۆ چیدی بۆ مانا کۆنەکەی خۆی بەکارنایەت، هەمان مانا دەدات.  لە زمانی کوردییشدا، هەردوو دەستەواژەی فەرهەنگ و کولتوور بەکاردەهێنرێن و جێگەیان گرتووە. لە ڕێگەی ئەم پێناسەیەوە دەتوانین بڵێین فەرهەنگ دابەش دەبێت بۆ دوو ئاست: ئاستی ماددی و ئاستی هزری. لە ئاستە مادییەکەیدا، فەرهەنگ ئەو کەرەستە و ئامراز و شێوازی بیناسازی و پۆشاکانە دەگرێتەوە کە خەڵکی لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا بەکاریدەهێنن، دەیپۆشن و کاری پێ دەکەن؛ هەرچی ئاستە هزرییەکەیشیەتی سەرجەم ئەو بیروباوەڕ و تێڕوانین و بیرکردنەوە و سیستەمە ئەخلاقی و بەهاییانە دەگرێتەوە کە خەڵکی کۆمەڵگەیەک دەربارەی خۆیان، ئەویتر، گەردوون، جیهان و سروشت هەیانە و دەشێت لە ڕێگەیەوە لە خەڵکانی دەرەوەی هەمان فەرهەنگ جیابکرێنەوە. 
فەرهەنگ هەم گۆڕانخوازە هەم پارێزکار، لە سەرێکەوە ئاو لە نەریت و نۆرمە دێرینەکان دەخواتەوە، لە لایەکی دیکەوە خۆی لەگەڵ نوێگەری و داهێنانە زانستییەکاندا دەگونجێنێت؛ بە دیوێکدا نوێ ڕەت دەکاتەوە بە دیوێکی دیکەدا نەرم دەبێتەوە و زەمینە بۆ خۆگونجاندن دەکاتەوە. ڕەنگە هەر ئەم بزۆکیەشی بێت کە پێناسەکردن و لەچوارچێوەنانی وەک ئەستەم لێ کردبێت. 

١- زمانی کوردی؛ کۆڵەکەی فەرهەنگ و شوناس زمانی کوردی بە دیالێکتە جیاوازییەکانیەوە، گرنگترین پێکهێنەری شوناسی نەتەوەیی گەلی کوردە. وێڕای ئەوەی زمانەکە لە هەرێمی کوردستاندا بە فەرمی لە دامودەزگە قوتابخانەکاندا دەخوێنرێت، بەڵام بەهۆی زۆربوونی خوێندنگەی زمانە بیانییەکان، بەتایبەت زمانی ئینگلیزی، عەرەبی و تورکی، جۆرێک لە هەژموونی زمانەکانی دیکە بەسەر زمانی کوردییەوە دەبینرێت. بەجۆرێک زەمینەی دەستەبەرکردنی کار و جۆرێک لە شوناسی پەسەندکراو لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ئەمڕۆ بەسراوەتەوە بە زانینی یەکێک لەو زمانانەوە، هەڵبەت ئەمەیش دەبووە شتێکی سروشتی ئەگەر زمانی کوردییش مامەڵەیەکی هاوتای زمانەکانی دیکەی لەگەڵدا بکرایە بۆ ئەو دەستەبەرکردنە. ئەگەر سیاسەتێکی پەروەردەیی بەهێز و دوورمەودا ڕەچاو نەکرێت، بێ دوودڵی زمانی کوردییش وەک زمانی عەرەبی لە هەندێک وڵاتانی کەنداو دووچاری فەوزایەک دەبێتەوە کە وەک وشە تێکەڵەی زمانی عەرەبی و ئینگلیزییە، بەڵام لە ئاستی ڕستەسازیدا نە ئەمیانە نە ئەویان و بۆ خەڵکێکی دەرەوەی ئەو سیستەمە زمانەوانییە ناتوانێت مانایەکی ئەوتۆ دروست بکات. لەپاڵ ئەمەیشدا، بەجیهانیبوون دەروازەیەکی (سەرەتایی) داوە بە زمانی کوردی بۆ خۆ دەربڕین و چوونە دەرەوە ئەویش لە ڕێگەی وەرگێڕانی زیرەکیی دەستکرد و دابینکردنی فەزایەکی ئینتەرنێتییەوە بۆ نیشاندانی بەرهەمی زمانی کوردی بە دەرەوە؛ کە لە هیچ سەردەمێکدا وێنەی نەبووە و خۆ ئەگەر بێتو پەرەی پێ بدرێت و کاری جیددی لەسەر بکرێت، لە کۆتاییدا زمانی کوردی وەک هەر زمانێکی دیکەی زیندوو تەنها لە سنووری قسەپێکەرانی خۆیدا قەتیس نابێت. 

٢- موسیک و هەڵپەڕکێ؛ هارمۆنیەتی دەنگ و جەستە
موسیکی کوردی، بەتایبەت ئامێرە کوردییەکانی وەک دەف تەمبوور و ساز و ئاواز و گۆرانییە  شاد و خەمگینەکان و هەڵپەڕکێ، وێنەدانەوەی مێژوو و ئەوین و ئازار و خۆشیی خەڵکی کوردستانە. ئەگەرچی ئەمڕۆ موسیکی نوێی ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتی لەنێو گەنجانی کورددا خۆشەویستییەکی زۆری پەیدا کردووە، بەڵام هەوڵی هەندێک هونەرمەندیش بۆ موتوربەکردنی موسیکی نەریتی و موسیکی مۆدێرن جێگەی بایەخە؛ لێ لەبەر ئەوەی ئەم هەوڵانە بە شێوەیەکی بەرنامەڕێژکراو بەڕێوەناچێت، ئەگەری هەیە لە کۆتاییدا بە زیانی موسیکی کوردی بشكێتەوە. یەکەمین پرسیارێک کە پێویستی بە وەڵامە ئەمەیە: چی وا لە گەنجێکی کورد دەکات هێندە لەگەڵ گۆرانییەکی ئینگلیزی، فارسی، عەرەبی و تورکی تێکەڵ ببێت بەڵام نیو هێندە هەستی لەگەڵ گۆرانییەک نەبێت کە بە زمانەکەی خۆی گوتراوە؟ پێم وایە ئەگەر وەڵامێک بۆ هەندێک پرسیاری لەم چەشنە بدۆزینەوە بتوانین لە ڕێگەی ئامرازەکانی بەجیهانیبوونەوە دەرفەتەکانی گەشەسەندنی موسیک هەڵپەڕکێی کوردی بدۆزینەوە.  

٣-  جلی کوردی؛  مەلەکەتی جوانی و  ڕەنگەکان
جلی کوردی بە دیزاینە جیاواز و ڕەنگاڵەییەکەیەوە، یەکێکە لە بەرجەستەترین سیما فەرهەنگییەکانی کوردستان. دەتوانین بڵێین هەندێجار ئەم ڕەهەندەی کولتوور پێش زمانیش دەکەوێت؛ چونکە تەنها بە دیتنی ئەو کەسەی کە جلی کوردیی لەبەردایە دەتوانین بیناسینەوە کە کوردە بێ ئەوەی قسەیش بکات. ئەمڕۆ هەست دەکرێت تەنها لەناو بەتەمەنەکاندا جلی کوردی وەک جلی ڕۆژانە دەپۆشرێت، گەنجەکان پتر ڕوو لە جلی خۆرئاوایی و تا ڕادەیەکیش عەرەبی دەکەن، ئەمەیش بەهۆی کاریگەرییەکانی بەجیهانیبوون و مۆرکسازیی بەردەوامەوەیە بۆ جلوبەرگی ڕۆژئاوایی و فەرامۆشکردنی جلی کوردییەوە سەریهەڵداوە. 

٤- ئەدەبی کوردی؛ یادگەی مێژوویی نەتەوە
ئەدەبیاتی کوردی، شیعر، چیرۆک، مێژوو و هتد، بەشێکی گەورەن لە یادگەی کۆلێکتیڤی خەڵکی کوردستان. ئەمڕۆ، بەهۆی دەستگەییشتن بە ئینتەرنێت زەمینەیەکی باش بۆ بڵاوکردنەوە و گەیاندنی ئەدەبی کوردی ڕەخساوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا، ئامادەیی بەرهەمی پووچ و بێناوەڕۆک یان بە دەربڕینێکی دیکە ئەدەبی خراپ هاوڕێ لەگەڵ وەرگێڕانی خراپدا؛ بوون بە هەڕەشەیەک لەسەر نەخوێندنەوە و فەرامۆشکردنی ئەدەب و مێژووی نەتەوەیی و ئەو بەرهەمانەی نوێنەراییەتیی ڕۆحی فەرهەنگەکە دەکەن. لەگەڵ هەموو ئەمانەیشدا، لەسەر ئاستە ڕۆشنبیرییەکە- چ فەرمی چ نافەرمی- مەیلێک بۆ پێشوازیکردن لە ئەدەبی ڕۆژئاوایی و فەرامۆشکردنی ئەدەبی خۆ دەبینرێت. ئەگەرچی ئەمە(وەرگێڕان و خوێندنەوەی ڕۆشنبیریی ئەویتر) دەرفەتێکی باشە بۆ دەوڵەمندبوونی ئەدەبی ئێمە و سوودوەرگرتن لە مێتۆدە ئەدەبی و زانستییەکان بۆ خزمەتی مێژوو و ئەدەبمان؛ بەڵام ئەگەر هاوئاست لەگەڵ ڕۆشنبیریی خۆدا نەڕوات، دەشێت هەم نووسینی خۆ پاشەکشە بکات هەم جۆرێک لە خۆنەفرەتیی ڕۆشنبیرییش دروست بکات. بۆیە دەبێت ئەدەب و مێژوو و ئەو بەرهەمانەی کە دەربڕی ڕۆحی فەرهەنگی کوردیین لە قۆناغەکانی خوێندندا جێ بکرێنەوە، ڕێکخستنی فێستیڤاڵی بەردەوام بۆ سەرجەم ڕەهەندەکانی ئەدەبی کوردی و ئاوڕدانەوە لە نووسینەوەی مێژووی کورد بەشێوەیەکی زانستی و لەپێناو بنیاتنانی نەتەوەدا.

(ئەنجام)
فەرهەنگی کوردی لە هەرێمی کوردستان، وێڕای ئەو دەرفەتانەی کە بەجیهانیبوون خستوویەتیە بەردەستی، بەڵام لەبەردەم کۆمەڵێک هەڕەشەی جیددیشدایە کە پێویستی بە بیر لێ کردنەوە و دانانی ڕێکاری گونجاوە بۆ ئەوەی دەرفەتەکانی بەردەم گەشانەوە و زیندووێتیی کولتوورەکە زیاتر بکرێت. بە تەنیشت کار و بەرنامەی حوکوومەتەوە، پێویستە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، ڕۆشنبیران و دەزگە ڕۆشنبیرییەکان، خێزان، دامودەزگە کۆمەڵایەتی و ئایینییەکان؛ بایەخێکی زیاتر بە پرسە فەرهەنگییەکان بدەن و هۆشیارییەکی زێتر لەبارەی کولتوورەوە سەرڕی بخەن، تا مرۆڤی کورد بتوانێت مامەڵەیەکی هاوسەنگ لەگەڵ فەرهەنگ و شوناسی خۆیدا بکات. دەرفەتەکان پێویستیان بە قۆستنەوە و هەڕەشەکان پێویستیان بە خوێندنەوەی زانستی هەیە، چونکە لە دۆخێکی وەک ئێستادا، دەرفەت و هەڕەشە لە ئاستێکی یەکساندان کە سروشتی پرسەکە ئەوەیە کێرڤی یەکەمیان باڵاتر بێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP