دواین هەواڵ

پرسی چارەسەریی ئێرلەندای باكوور و بەریتانیا _ گواتیمالا و یەكێتی شۆڕشگێڕی نێونەتەوەیی

‌كارزان گلی

2 رۆژ پێش ئێستا

بەشی سێیەم و كۆتایی

گەلی ئێرلەندای باكوور و بەریتانیا، دەیان ساڵ بەر لەئێستا و لە سەدەی ١٩ەوە، شەڕ لە نێوانیانیادا بوونی هەیە، سەدان هەزار هاووڵاتی و سەرباز لە نێوانیاندا لە چەندین شەڕدا كوژراون، بەڵام ئەنجام گەیشتنە رێككەوتنێكی كۆتایی.
كارل ماركس، لەبارەی گەلی ئێرلەندای باكوورەوە، لۆمەی بەریتانیا دەكات و داوا دەكات، مافی ئێرلەندییەكان بدات و رێگە بدات سەربەخۆیی خۆیان وەرگرن، چونكە هەر نەتەوەیەك، نەتەوەیەكی تر بچەسێنێتەوە، هەرگیز خۆشبەخت نابێت.
ئەو دوو لایەنە، لە ١٩٩٨، رێككەوتنێكیان بەناوی (خێری هەینی) ئیمزا كرد، كۆتاییان بە شەڕ هێنا. راستە پرسی ئێرلەندای باكوور لە سەدەی ١٩ەوە بوونی هەبووە و دەیان جار رووبەڕووی یەكتری بوونەتەوە، بەڵام كاتێك سوپای رزگاری ئێرلەندا دروست بوو، شەڕ فراوانتر بوو، بۆیە هەوڵی جیدی درا تا لە یەكتری نزیك ببنەوە.
پڕۆسەی ئاشتی نێوانیان بەئاسانی دروست نەبوو، بەڵكوو ١٣ ساڵی خایاند، واتە ١٣ ساڵ، دانووستاندنیان كرد، ئەوكات گەیشتنە ئەنجام.
جۆرج میتچێل، سیناتیۆری ئەمریكی، رۆڵێكی گەورەی هەبوو لە پرۆسەی ئاشتی نێوانیان، هەروەها ئەو یەكێك بووە لەوانەی، رۆڵی سەرەكی هەبووە لەوەی هەركاتێك لەسەر پرسێك نەگەیشتبانە رێككەوتن، ئەو گرێكوێرەكەی دەكردەوە.
بۆیە میتچێل دەڵێت: ”هەموو شەڕێك خۆی ئازادی خۆی هەیە، هەموو لایەك مەرجەكانیان جیاوازە، هەموویان یەك فۆرمیان نییە، هەر لایەنێك لەڕووی مێژووییەوە هەڵسەنگاندن بۆ ئازادی خۆی دەكات. یەكێك لەو بنەمایانەی لەكاتی دانوستاندا سوودم لێی وەرگرت ئەوەبوو، بەهۆی شەڕ و رووداوی توندوتیژییەوە نابێت دەستبەرداری دانوستاندن بین، دەبێت سەرەڕای هەر شتێك، بەردەوام بین لە دانووستاندن. هەروەها یەكێكی تر لە بنەماكان ئەوەبوو، كۆمەڵگە رازی بكەین و ئەوانیش ئاشتییان بوێت. دوای رێككەوتنی ئاشتی بە یەك هەفتە، لە ئێرلەندای باكوور، راپرسییەك كرا، گەل بڕوای وا نەبوو ئەو پرۆسەیە بگاتە ئەنجام، بۆیە سەرۆكە سیاسییەكان دەبێت بەهێز و بوێر بن، سەرەڕای گومانەكانیش دەبێت دانووستاندن بەردەوام بێت“.
ئەو دان بەوەدا دەنێت، كە هەردوو لایەن ماوەیەكی زۆرە لەیەكتری دەكوژن، بۆیە ئەوانە لەیەك ژوودا كۆبكەیتەوە و بەشێوەیەكی دروست گوێیان لێ بگریت و لەیەكیان نزیك بكەیتەوە زۆر زەحمەتی دەوێت، بۆیە لێرەدا سەبر و وریایی گرنگە.
ئێرلەندای باكوور، دوای شەڕێكی زۆر، توانی بگاتە ئامانجی خۆی و كۆمارێكی سەربەخۆی هەیە، بەڵام سەر بە بەریتانیان. پەرلەمانیان هەیە و حكوومەتی تایبەت بەخۆیان هەیە.
سێجار ریفڕاندۆمیان بۆ سەربەخۆیی ئەنجامداوە، بەڵام گەلی ئێرلەندای باكوور پێیان باش بووە لەگەڵ بەریتانیادا بمێننەوە، چونكە وەكوو هاووڵاتی پلە دوو سەیر ناكرێت و هیچ جیاوازییەكیان لەڕووی ماف و ئەركەوە لەگەڵ هاووڵاتییەكی بەریتانیدا نییە. 

گواتیمالا: چەكەكان بێدەنگ بوون بەڵام توندوتیژی كۆمەڵایەتی كۆتایی نەهات

گواتیمالا، كە دەكەوێتە باشووری ئەمریكا، لە ساڵی ١٩٥٤، دوای ئەوەی كودەتایەكی سەربازی دژی حكوومەتی چەپ كرا، چەپەكان رووبەڕووی ئەو كودەتایە بوونەوە و لە ماوەی ٣٦ ساڵی شەڕدا، زیاتر لە ٢٠٠ هەزار كەس كوژرا.
رێكخراوی چەكداری یەكێتی شۆڕشگێڕی نێونەتەوەیی گواتیمالا (URGN)، دوای ساڵانێكی زۆر لە دانووستاندن لەگەڵ دەوڵەت، لە ١٩٩٦ گەیشتن بەئاشتییەكی بەردەوام.
یەكێك لەو ناوانەی كە لە نزیكەوە ئاگاداری پڕۆسەی ئاشتی گواتیمالا بووە، فڕانك ویلیام لا ریو بوو، كە یەكێكە لە دامەزرێنەرانی سەنتەری كرداری یاساییی لەپێناو مافی مرۆڤ، ئەو كەسایەتییە، چەندین راپۆرتی لەبواری ئازادی بیركردنەوە و مافی مرۆڤ پێشكەشی نەتەوەیەكگرتوەكان كردووە، بۆیە بەهۆی ئەو خەبات و هەوڵەی بۆ مافی مرۆڤ داویەتی، لە ٢٠٠٤ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەرگرت.
ئەو قسەی بۆ (BBC) كردووە و لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە گواتیمالا دەڵێت: ”دەوڵەت ئەگەرچی لەڕووی سەربازییەوە سەركەوتنیشی بەدەست بهێنایە، بەڵام نەیتوانیوە كۆتایی بە گەریلا بهێنێت، بۆیە ئەوەیان بینی كە بەم شێوەیە ناتوانن كۆتایی بەشەڕ بهێنن، رێگەی ئاشتیان گرتە بەر. چەند جارێك دانووستاندن كرا، بەڵام ئاگربەست دەشكایەوە و شەڕ دەستیپێدەكرد، ئەمەش نەبووە هۆی ئەوەی بێئومێد بن لە ئاشتی، ئەم هۆكارەش گرنگترین هۆكار بوو كە بیانگەیەنێت بەئاشتییەكی بەردەوام.“
باس لەوەش دەكات، یەكێكی تر لەو هۆكارانەی وای كرد، پڕۆسەی ئاشتی سەركەوتوو بێت، تا ئەوكاتەی ئیمزای ئاشتیان كرد، نەیانهێشت رای گشتی وڵات پێی بزانێت.

kamal, [5/28/2025 5:06 PM]
فڕانك ویلیام، پێیوایە بۆ ئەوەی ئاشتیی گرەنتی بكرێت و شەڕ دووبارە نەبێتەوە، پێویستە دەوڵەت ریفۆڕمی كرداری ئەنجام بدات، چونكە لە گواتیمالا، ئەو رێكخراوە چەكدارییە بەشێوەیەكی زۆر توندوتیژ چەندین كاری تیرۆری كردووە، دەبێت كارێك بكرێت لەرێگەی ریفۆڕمەوە ئەم كارانەی كراوە نەبێتە هۆی ئەوەی ئاشتی لەبار ببرێت.
ژێنی پێرس، لێكۆڵەر لە ئەمریكای لاتین، لە گواتیمالا، كاتێك ئاشتی جێگەی شەڕ دەگرێتەوە، ئەم جۆرە ئەزموونانە پێمان دەڵێت كە لەڕووی ئابوورییەوە وڵاتەكە گەشە دەكات.
بەڵام ویلیام، لەبارەی گەشەسەندنی گواتیمالا لەڕووی ئابوورییەوە دوای چەك دانان، دەڵێت: ”لەدوای رێككەوتنی ئاشتیی، هەژاریی هەر وەكوو خۆی مایەوە، ئاشتی زۆر گرنگە، چونكە ئۆپەڕاسیۆنی سەربازی نەهێشت، بەڵام گەلی گواتیمالا لەڕووی ئابوورییەوە ژیانیان هیچ گۆڕانێكی بەسەردا نەهات، بۆ نموونە رێفۆرمی خاكیان ئەنجام نەدا، خزمەتگوزاری سۆسیالیان باش نەكرد، سیستەمی تەندروستییان بەهێز نەكرد، بۆیە خەڵكەكە نائومێد بوون.“
ژێنی پێرس، پێیوایە پرۆسەكە تەنیا پەیوەست نییە بەوەی ئەوانەی چەكیان پێیە چەك فڕی بدەن، ئەمە پەیوەستە بە هەموو كۆمەڵگەوە، بۆیە دەبێت كۆمەڵگەی مەدەنیش بهێنرێتە ناو ئەو پرۆسەیەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP