کات گرنگترین فاکتەرە بۆ ژیانی تاک و گروپ و حزب ( نەیبڕی دەتبڕێ )، بۆ ئەوەی بتوانێ بەسەر کۆسپەکاندا زاڵ بێت، بەتایبەتی لە سیاسەتدا کات بە قووڵی تێکەڵ بە سیاسەت و جوڵە سیاسیەکان بووە بەتایبەتی لە پرسی گفتوگۆی سیاسی، چونکە سیاسەت کات و ڕیتمی خۆی هەیە، بۆیە کات دەتوانێ ئامرازەکان و ئامانجەکانی سیاسەت دیاریبکات، لە هەمانکاتدا شەرعیەت بوون یان ناشەرعییەت بوونی سیاسەت و پرۆسەی سیاسی دیاریدەکات، چونکە گفتوگۆی سیاسی ڕەسەن کار بۆ داهاتوو دەکا ت لە ئێستادا ، زۆر حساب بۆ هەلومەرجی گشتی دەکات،
بۆیە دەبێت گفتوگۆی سیاسی لەسەر بنەمای زانستی سیاسەت ئاگای لە کاتی سیاسی، سیاسەتی کات بێت، ئێستا لە هەلومەرجی گۆرانکاریەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستداین و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پانتای وقوڵای وچەقی یەکلاکردنەوەی ململانێ و سیستم و هەژموونی تازەی سەدەی بیست و یەکە . کە شێوازوو جۆرێکی نوێ لەبەڕێوە بردنی ناوچەکە و سەر لەنوێ دابەشکردنەوەی نفوزدایە دەتوانین بڵێین بۆکورد یارییە کە لەدۆخی یاری مارو پەیژە دایە ئەوە وریای خۆمانە مارەکە دەمانخوات یان تێی دەپەڕێنین ،
ئالەم دۆخە هەستیارەدا پارتی و یەکێتی لەسەروبەندی گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەتدان، لەکاتێکدا پێکهێنانی حکومەت لەدوای هەڵبژاردنەوە کاتێکی زۆر بەفیڕۆ دراوە نەتوانراوە حکومەت پێکبهێنرێت، لەڕاستیدا ئەگەر کار بە پێوەری ئەنجامی هەڵبژاردن بکرێت پێکهێنانی حکومەت نەهێندە قورس دەبوو نەهێندە دوادەکەوت، بۆیە کات لەبەرژەوەندی کورد نییە ئەگەر پێکهێنانی حکومەت هێندە دوابکەوێت بەرپرسیاریەتی لەسەر شانی پارتی و یەکێتییە. واباشە هیچ لایەنێک ستراتجی یاریکردن بە کات نەگرێتە بەر،
چونکە دوور یا نزیک بۆ ڕای گشتی ڕوون دەبێتەوە کام لایەن خۆی لە ڕاستییەکان دەدزێتەوە ، لە کاتێکدا لە وڵاتانی دونیادا حکومەت هیچ کاتێک هی یەک لایەن و دوو حزب یانسێ حیزب نەبووە، هەمیشە هی خەڵک بووە، هەموو سات و کاتێک پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانەوە هەبووە، پەیوەندی بە ڕووداو و پێشهاتەکانەوە هەبووە، بۆیە باشترە کات ئەو هۆکارەبێت بۆ خزمەتی خەڵک و ڕێزگرتنی ئەو دەنگانەی کە ویستیان و ئامانجیان بەدەنگەوە هاتنی داخوازییەکانیانە لە پێکهێنانی دامودەزگا شەرعیەکانی حکومەتدا، نەک بەفیڕۆدانی کات و کوشتنی دەنگی ئەوانەی دەنگیان داوە، بۆیە یاریکردن بە کارتی کات لەبەرژەوەندی خەڵک و هیچ لایەنێک نیە و بەرژەوەندی گشتی وادەخوازێ پەلە بکرێت لە پێکهێنانی حکومەت، هەرچەندە گوێبیستی هەندێ ڕای جیاواز دەبین گوایە پێکهێنانی حکومەت دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئومێدەوارین وانەبێت.