دواین هەواڵ

رەفتار و سایکۆلۆژی سیاسی رێکەوتنەکان

‌فەرەیدوون پەروازە

20 کاتژمێر پێش ئێستا

دوو لایەنی رێکەوتن واتە ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی بێجگە لە دژایەتی ئایدۆلۆژیا، دژایەتی بەرژەوەندی،  لە باری دەروونی و سایکۆلۆژییەوە هندێک دەمارگرژی و لووتبەرزی (غرور کاذب) سیاسییان پێوەدیارە کە بە راستی یەکێ لە هۆکارە گرنگەکانی رێنەکەوتنی دانیشتنەکانە. دەروونشیکاری سیاسی لە پێوەندییه نێودەوڵەتییەکاندا بابەتێکی گرنگە و بە راستی لە دانیشتنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا گەیشتووە بە لوتکە. لێرەدا چەن نموونەیەک لەو بابەتەنە دێنە بەرباس کە بە راستی جێی تێرامانە. 

کۆماری ئیسلامی؛

لە دوای شۆرشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979دا کۆماری ئیسلامی پارادایمێکی چەقبەستوو و نەگۆری لە ستراتیژییدا هەڵبژارد کە لەو کاتەوە هەتا ئیستە بەردەوام بەر لە هەر بریارێکی سیاسی دەبێتە کۆسپ و تەگەرە و خودسانسۆری.

دروشمگەلی وەک "ئیسرایل دەسرینەوە" و " لە کۆشکی سپیدا جومعە و جەماعەت دەکەین" و " نە شەر دەکەین نە رێکەوتن" و،،،تاد تەنیا دروشم نین بەڵکوو ستراتیژی و رێبازێکی سیاسییە. کاتێک چلوپێنج ساڵ لە هەموو میدیا و بۆنە دەوڵەتییەکاندا دژی رۆژئاوا قسە بکەی لە وەرچەخانێکی °180 چلۆن بە خەڵکەکەت و بیرورای ناوخۆ و دەرەوە  دەسەلمێنی کە هەتا ئیستە هەڵەت کردووە. دانیشتنی راستەوخۆ یانێ دابەزینی پلەی کەسێتی سیاسی لایەنی پاوانخواز. کاتێک پاوانخوازان تووشی شکست و دارمانی ستراتیژیک ببن بێگوومان باڵی دیکەی دەسەڵات کە ریفۆرمخوازن  پلە و کەسێتی سیاسییان بەرز دەبێتەوە و لە گەمە سیاسییەکانی داهاتوودا گەورە دەبنەوە. بابەتێکی گرنگی دیکە لەو بوارەدا ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی سەرەڕای دابەزینە سیاسییەکان هەوڵ دەدات جۆرێک هاوسەنگی و (توازن ) لە نێوان خۆی و بەرانبەرەکەیدا درووست بکات بەڵام بەو هۆییەوە کە ئەمریکا بە زمانی زبر و داواکاری روونەوە (نەهێشتنی پرسی ئەتۆمی ) لە پێشدا چوارچێوەی داخوازی خۆی دیاری کردووە و سەپاندوێتی، ئیتر ناتوانین بڵێین کە کەش و ژینگەی دانوسانەکان تەندرووست و بەرابەرە. 

ئەمریکا:

دانیشتن و رێکەوتنەکانی ئەمریکا لە گەل هیچ وڵاتێکدا بەرابەر و لە یەک ئاستدا نەبووە. هەموو لایەک بە باوەشی گەرمەوە پێشوازی لەو وڵاتە کردووە چوونکا ئەمریکا لە گەل هەر لایەکدا رێکەوتن بکات بەستە و سەوقاتی ئابووری پێیە و لە رێگای سەرمایەدانانەوە، بووژانەوەی ئابووری دەچەسپێنێ. دانیشتنی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی دانیشتنێکی ئاسایی نیە چوونکا هاوکات لە کاتی دانیشتنەکاندا ئەمریکا و ئیسرایل هێرش دەکەنە سەر حووسییەکان و حیزبوڵا و تەنانەت دەورپێچی ئابووری بە سەر دامەزراوە و کەسایەتییەکانی سەر بە ئێراندا دەسەپێنن. ئەو سیاسەتەی ئەمریکا لە وتە بە ناوبانگەکەی رۆزوێڵتەوە سەرچاوە دەگرێ کە دەڵێت "لە گەل بەرامبەرەکەت دیموکراتیک بدوێ بەڵام با گورزێک بە دەستەوە بێت ".

ریزە دانیشتنەکانی ئێران و ئەمریکا تابۆ و هەیمەنەی پاوانخوازان دەشکێنێ کە سەرئەنجامەکەی یانێ ئاڵوگۆر و تەقیە لە سیاسەت و ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامییدا. سایکۆلۆژیای سیاسی دەوڵەتان باسێکی گرنگە و لە دنیای ئیمرۆدا دەرکەوتنی دەوڵەتان لە ئاستی نێودەوڵەتییدا پێوەندی بە ستراتیژی و ئایدۆلۆژیای زاڵ لە ناوخۆدا هەیە. رەچاو کردنی سیاسەتی دیموکراتیک لە ناوخۆدا دەبێتە هۆی ئەوە کە کاردانەوە و تیشکدانەوەی سیاسەتی وڵاتان دیموکراتیک بێت. سیاسەتی نادیمکراتیک و ئایدۆلۆژیکی دەوڵەتان لە مامەڵە و پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بە دوو جۆرە ؛ یەکەم ئەوەیە کە سیاسەتی دەرەوەی لە سەر بنەما و خویندنەوەی هەمان سیاسەتی ناوخۆیە کە هندێک دەوڵەتی وەک کۆماری ئیسلامی و کۆریای باکوور بە زمانی ئایدۆلۆژیا لە گەل دەرەوەدا دەپەیڤن.

دوهەم؛ سیاسەتی دیموکراتیک کە هەموو دەوڵەتان لە دنیای ئیمرۆدا لە سەر بنەمای دیپلۆماسی ئاشکرا و دیموکراتیک رەچاوی ئەکەن. دەوڵەتی کمۆنیستی چین لە سیاسەتی دەرەوەیدا پێرەوی لە ئادۆلۆژیای ناوخۆ ناکات. عەرەبستان و تەنانەت ئەفغانستانیش لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا رەفتاری دیموکراتیک رەچاو دەکەن.

وەک دوا وتە سەبارەت بە کورد پێویستە بگوترێ کە رەفتاری سیاسی کورد سەبارەت بە دنیای دەرەوە تەندرووست و پەسەند نیە. بزاوی کوردی بە دەم هەموو لایەکەوە پێدەکەنێ و متمانەی رەهای بە بەرامبەرەکەی هەیە. بەشێک لە بزاوە کوردییەکان پێوەندی و دیپلۆماسی نابەرابەر، بەرژەوەندیخوازانە و  شاراوەیان لە گەل دەسەڵاتدارانی زاڵ بە سەر کوردستاندا هەیە.کاتێک پێوەدییەکانی کورد لە ئاستی ناوچەکەدا لاواز و هەڕەمەکی بێت بێگوومان لە ئاستی جیهانییدا سەرکەوتوو نابێت هەر بۆیە پێویستە کورد بە سیاسەتی دەرەوەیدا بچێتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP