بیرەوەرییەكانی فوئاد مەعسووم (بەرگی دووەم)
شۆڕشی پڕكێشە و قەیران
بەشی دووەم
* بەشى يەكەمى ئەم بابەتە لەسەر (بەرگى يەكەم)ى كتێبەكە پێشتر بڵاوم كردوەتەوە، ئەمەش بەشى دوەمى نووسينى منە لەسەر (بەرگى دوەم)ى كتێبەكە.
ئەنوەر حسێن (بازگر)
لە كۆتایی بەرگی یەكەمی بیرەوەرییەكانی د.فوئادا، نامەیەكی نهێنی تێدایە، كە باس لە سەردەمی شۆڕش و پەیوەندی لەگەڵ قیادە موەقەتە دەكات، بەڵام بۆ زۆرێك لە هەڤاڵەكانی پرسیاردەكەن، بۆچی ناوی هەقیقەتی (هێمن) ناڵێت و هێمن (كێیە)؟
دەبێ ئەوەش بڵێم؛ لەم كتێبەدا، كەمترین نامەی تایبەتی ئەو دەورانە دانراون، جیا لەوەی كە زۆرترین ناوی سەركردەكانی ئەوكاتەی بەمەبەست یان بەبێ هۆ باس نەكردوە.
نامەیەكی ڕەخنەئامێز بۆمام جەلال و قاسملوو
لەسەرەتای بەرگی دووەمدا، د.فوئاد بە مێژووی (16/12/1983) نامەیەكی ڕەخنەئامێزی بۆ مام جەلال نووسیوە كە دەڵێ: "گەر لەگەڵ ڕژێم خاوتان دەكردەوە، نەدەبوو بێ (حشع، حسك، پاسۆك) ئەو كارەتان بكردایە،..." ئەو ڕێككەوتنە هیچ سوودی نییە، دواتر دەڵێ: "هەوڵ و تەقەلای ئاغای قاسملوو بۆ بەرژەوەندی خۆیانە" مەبەستیان ئەوە بووە یەكێتی ئیسقلالییەكەی بدۆڕێنێت، تا ئەوكات، كەس لە كەس باشتر نەبێت، چونكە (حدكا) حەز ناكات كەس هەبێ كوردستانیانە بیر بكاتەوە.
فڕاندنی دەوڵەمەندەكان و قەدەغەی ڕاوە كەو
لە شوێنێكی تر لە باسی پەیوەندی كۆمەڵە و شۆڕشگێڕان دەڵێ: لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی لە (12/7/1983) بڕیاردرا پەیوەندییەكە بەهێز بكرێت و خەت مایل لەناویەكتر بە جاسوس بدرێتە قەڵەم، دواتر دەڵێ: بڕیاردرا لەهەر مەڵبەندێك مەفرەزەیەك دابمەزرێت بۆ ڕفاندنی دەوڵەمەندە گەورەكان، ئەو دەوڵەمەندانەی پارەیان داوەتە قادسییەی سەدام، بفڕێندرێن و هەمان پارەیان لێ بسەندرێت هەروەها لە بڕیاردرا زۆرتر (جود) ڕیسوا بكرێن وە گۆڕینی ناوی هەرێم بۆ تیپ.
هەروەها بڕیاردرا (خەڵوزكردن و داربڕین و ڕاوكردنی كەو، پۆڕ، سوێسكە قەدەغە بكرێت،...) لەگەڵ قەدەغەكردنی خواردنەوە، مەكتەبی سیاسی لە (مام جەلال، نەوشیروان، د.فوئاد، شێخ مووس فەرەیدوون) پێكهات.
یەكێتی شۆڕشگێڕان دروست دەبێت
لە شوێنێكی تر باس لە دروستبوونی یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان دەكات، لە كۆبوونەوەی (28/4/1981) و یەكگرتنەوە لەگەڵ (بسك) لە (11/9/1982) شۆڕشگێڕان دامەزرا.
لە كتێبەكەدا بەشێكی گرنگی تەرخانكراوە بۆ ئەو (دە ملیۆن) دۆلارەی بڕیار بوە لە بانكێكی عێراقییەوە بنێردرێتەوە لەندەن و عومەر شێخ مووس لە سوید و بەیروت وەری بگرێت، بەڵام دواتر كارەكە سەرناگرێت و گلەیی زۆر دێتە سەر عومەر شێخ مووس و ناخۆشی لێ پەیدا دەبێت و شێخ مووس بڕیار دەدات ئیستیقالە بكات.
ئاهەنگی یەك ملیۆنی لە سوورداش
(23/1/1984) فەرەیدوون عەبدولقادر ئۆفسێتێك و (124) دەمانچەی لە بەغداوە بۆ هێنابووین و ڕۆژی (21/3/1984) گەورەترین نەورۆز لە سوورداش كرا بە ئامادەبوونی یەك ملیۆن كەس و مام جەلال وتاری دا.
سەرنجێك: پێویستە، هاوڕێكانی د. فوئاد دەڵێن؛ هەر لەو نەورۆزەوە مامە ڕیشەی قارەمانیش وەكو سیما و كارەكتەرێكی گەورەی شۆڕش لای خەڵكی سەیركراوە و خۆشەویست بوە، بەڵام لە هیچ شوێن باسی ناكات...؟
دواجار دەڵێ؛ بەغدا هەر لە درێژەی گفتوگۆدا (850) هەزار دیناری بەدووجار بۆمان ناردوە.
د.فوئاد دەڵێ: ئەو ماوەیە قاسملوو بەردەوام لەگەڵمان بوو دەچوە كەركووك و بەغدا و وەڵامەكانی دەهێنایەوە.
شەڕی دیموكرات و كۆمەڵە و ناوبژیوانی پڕ گلەیی
ڕۆژی (1/1/1985) عەبدوڵڵا حەسەنزادە لە (حدكا) و محەمەد حەسەن پوور بۆ مەسەلەی ڕووداوەكانی (هەورامان) شەڕی نێوان (كۆمەڵە و حدكا) هاتبوون و گلەییان لە (ئیبراهیم جەلال) هەبوو كە لە تەحقیقەكەدا لایەنگری كۆمەڵەی كردوە، بەڵام سەیر ئەوە بوو، (م.س) ئیبراهیم جەلالی دانەنابوو، بەڵكو جەمیل هەورامی بوو، بەڵام فەرەیدوون عەبدولقادر كارەكەی والێكردبوو.
میوانی كۆمەڵەی یەكسانی كوردستانی ئێران بووین
(27/1/1985) بروسكەمان بۆهات كە شەڕی كۆمەڵە و دیموكرات بوە، كۆمەڵەش وتبووی؛ (10) پێشمەرگەمان شەهید بوون، دواتر دیموكرات وتیان: نامانەوێت لە كوردستانی عێراق شەڕ بكەین و ناچینە سەر كۆمەڵە، دواتر ئێمە بۆ نانی نیوەڕۆ چووینە لای كۆمەڵەی یەكسانی كوردستانی ئێران، دواتر دەڵێ: لە (2/1985) بەیانی مەكتەبی سیاسی لەسەر شەهیدبوونی مامە ڕیشە بڵاوكرایەوە، كە (25/1/1985) بەدەستی جاشەكانی تەحسین شاوەیس شەهید كرا.
(10) ملیۆن دۆلار فەوتا
(7/2/1985) شەو چوومە لای مام جەلال وتی؛ ئەو پارەیەی نێردراوە بۆ لەندەن عومەر شێخ مووس ئیهمالی كردوە و وەری نەگرتوە، ئەنتەر پوڵ دەستی بەسەدا گرتووە، فەرەیدەن عەبدولقادر بڕیاری دابوو ئیستیقالە بكات و بڕواتە دەرەوە، نەوشیروان-یش لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی بەخراپی قسەی لەسەر فەرەیدوون كرد.
دلێر سەید مەجید، پەیامی ئێرانییەكان دەهێنێت
پاش ماوەیەك دلێری سەید مەجید و شێخ دارا لە تارانەوە گەڕابوونەوە، سەردانیان كردم، دیاربوو زۆر لە دیدارەكانیان لەگەڵ ئێرانییەكان ڕازی نەبوون، دواتریش لە (11/5/1985) كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی بوو، مام جەلال، فەرەیدوون، من، ئازاد هەورامی، د.خدر و دلێری سەید مەجید لە ئێرانەوە گەڕابوەوە و باسی سەفەرەكەی خۆیانی كرد و لە كۆبوونەوەكە وتی: دوای موناقەشەیەكی زۆر، ئێرانییەكان داوایەكی زۆریان لێكردوین، ڕێگایەكی ئەمنی هەبێت لەنێوانمان، شوێنێكیان دیاریكردوە تا دەستەیەكیان بێتە لامان دواتر بڕیارمان دا سەردانی (حدكا) بكەیت، فەرەیدوون و د.خدر سەردانیان كردن، كە شوێنی فێرگەی نیزامیان بگوێزنەوە، چونكە ئێرانییەكان بەوێدا دێن.
د.فوئاد لە كێشەكانی نێوان كۆمەڵە و (حدكا)دا دەڵێت: مام جەلال سەردانی هەردوولای كرد بۆ وەستانی شەڕەكانیان، بەڵام وادیار بوو تووند بوون دژی یەك و وتی: چاك نابنەوە، پاش ئەوەش لە (6/5/1985) ناوشاری هەولێر لەلایەن ئێرانەوە بۆردوومان كرا و دلێری سەید مەجید ڕاسپێردرا وردەكاریەكەی لە ئێران بپرسێت.
مام جەلال دلێری سەید مەجید دەكات بە نوێنەر لە تاران
ڕۆژی (28/3/1985)، مام جەلال و نەوشیروان و فەرەیدوون-م بینی، مام جەلال باسی پەیوەندییەكان و گەڕانەوەی دلێری سەید مەجیدی بۆ كردین، وتی؛ بڕیارمانداوە شێخ دارا و دلێری سەید مەجید و هادی نوێنەرمان بن لە تاران و ببنە وەفد، وتم؛ ئەی شێخ محەمەد سەرگەڵویی، دیار بوو ڕازی نەبوو، ڕۆژی (6/4/1985) كاك دلێر و شێخ دارا بەڕێ كەوتن بۆ ئێران و مەقسوودی برام لەگەڵیان چوو.
گلەیی لە شەوكەتی حاجی موشیر دەكرێت
د. فوئاد لە بەشێكی تری بیرەوەرییەكەدا دەڵێت: ڕۆژی (27/6/1985)، (دیموكرات و كۆمەڵە) هاتن گلەییەكی زۆریان لە (شەوكەوتی حاجی موشیر) و ڕەفتارەكانی هەبوو، دواتر دەڵێت؛ ڕۆژی (5/7/1985) لەگەڵ دلێری سەید مەجید و ئازاد بەڕێكەوتین بۆ ئێران، لەسەفرەوە بۆچەمی هەرزن بەسیم پەڕینەوە، تەنها كاك دلێر عەدم تەعروفی پێ بوو، دە ڕۆژ بوو بەسەرچووبوو، دواتر گەیشتینە سەردەشت و برنج و شلەیەكی خۆشیان پێداین، دەڵێت ئێرانییەكان وتیان؛ بڕیار بوو مام جەلال بێت و نامەیەكیش لە ڕادیۆ بخوێنەوە، بەڵام دلێری سەید مەجید كە لە مەهاباد بوو، نامەكەی لەگەڵ خۆی نەبردوو، دواتر نامەیەكمان بۆ ڕەفسنجانی نووسی و هەریەكە لە دلێری سەید مەجید و ئازاد پشتگیری قسەكانیان كردم، لەگەڵ دلێری سەید مەجید و ئازاد گەڕاینەوە بۆ ئەشكان.
لە بابەتێكی تر ڕۆژی (11/7/1985) كۆبوونەوەی سەركردایەتی دەستیپێكرد لەسەر بابەتی (ئێران، نامەی قاسملوو، پەیوەندی لەگەڵ عێراق، دواتر...).
ململانێی بەردەوام
دوای ئەوە ڕۆژێك مام جەلال پێی وتم؛ ساڵار عەزیز نامەیەكی توندی بۆ فەرەیدوون نووسیووە وتوویەتی؛ هەردوو سكرتێر مام جەلال و نەوشیروان وتوویانە حەزدەكەن لەگەڵ حكومەت ڕێكبكەوین تا دەستمان بگاتە ئەوراق و فایلی فەرەیدوون لای حكومەت، دواتر فەرەیدوون نامەی بۆ مام جەلال نووسیبوو وتبووی؛ ئایا ئێوە قسەی واتان لەسەر من كردوە، ئەوەشی وتبوو، كاتێك سالار چوەتە دەرەوە (1000$)دۆلارتان پێداوە، كەچی (2000$)دۆلارتان داوە بە من، ئایا جیاوازی نێوان من و سالار (1000$)دۆلارە؟ دواتریش مام جەلال وتی؛ شتی وا لەسەر فەرەیدوون نەوتراوە، منیش پێم وت، مامەڵەی تۆ لەگەڵ نەوشیروان زۆر ڕەقە.
كۆرییەكان دەستگیركران
(17/7/1985) چەند كۆرییەكمان گرتبوو، داوای هەندێك شتمان لێ كردبوون بۆمان بكڕن، بەڵام شتە خراپەكانیان كڕیبوو، باشەكانیان نەكڕیبوو، بۆیە ئێمەش بڕیارماندا تەنها یەك كەس لە كۆرییەكان ئازاد بكەین تا شتە باشەكان دەكڕن.
عێراقچییەكان مەسئولیاتیان پێ نادرێت
مولازم عومەر نامەیەك بۆ مام جەلال دەنێرێت لە (21/7/1985) لە دیفاع لە مەلا بەختیار و بەكری حاجی سەفەر، گلەیش لە نەوشیروان دەكات، دواتریش لە كۆبوونەوەیەكی تردا لەگەڵ دەزگای پێشمەرگە مام جەلال وتی؛ ئەوانەی مەسئولیاتیان پێ دەدرێت، نابێت سەر بە سالار عەزیز و عێراقچییەكان بن، ملازم عومەر توڕە بوو وتی؛ من مەسئولیاتی ئەو دەزگایە ناكەم.
یەكێتی، حدكا، خەبات و شێخ عیزەدین كۆدەبنەوە
د.فوئاد لە شوێنێكی تر لە پەیوەندی گەرموگوڕ لەگەڵ قاسملوودا دەڵێت؛ ڕۆژی (4/9/1958) لەگەڵ حاكم قادر و حەمە تۆفیق چووین بۆلای قاسملوو، قاسملوو وتی: گەر باڵەكانی یەكێتی یەكنەگرنەوە، ئینشقاقتان لەپێشە، دواتر وتی؛ شیعاری سەربەخۆیی وەختی نییە و پاشان چووینە لای مامۆستا شێخ عیزەدین لە گاپیڵۆن، كە مام جەلال و د.قاسملوو و شێخ مەلا جەلال حوسێنی-یش لەوێ بوون، دانیشتنێكی چوارقوڵیمان كرد لەنێوان (یەكێتی، حدكا، خەبات، شێخ عیزەدین) بەمەبەستی هاوكاری لەنێوان سازمانی خەبات و (حدكا).
شێخ عیزەدین؛ سەڵڵاحی موهتەدی تێكدەرە
دواتر ڕۆژێك چوومە لای مامۆستا شێخ عیزەدین هاتە سەرباسی سەڵڵاحی موهتەدی وتی؛ پیاوێكی تێكدەرە، پیشە و كاری هەمیشە گیروگرفت دروستكردنە.
حاكم قادر دژی لە سێدارەدانە
لەبەشێكی تری قسەكانیدا د.فوئاد باسی ڕۆڵی حاكم قادر حەمە جان دەكات لە چەند شوێن وەكو كارەكتەرێكی گرنگ و لەم بابەتەدا دەڵێ: "حاكم قادر هاتە لام وتی؛ قادری حاجی عەلی نامەیەكی بۆ نووسیووم، كە تەنفیزی حوكمی ئیعدامی فەرهادی قادر شورتە بكەین، بەڵام من بۆم دەركەوتوە هیچ لێكۆڵینەوەیەكی لەگەڵدا نەكراوە ویژدانمان ڕێگامان نادات ئیعدامی بكەین، دواتر حاكم عومەر و ڕەفعەتی مەلا هاتن، كە ئەوانیش ئەندامی لیژنەكە بوون، تەئیدی هەموو قسەكانی حاكم قادریان كرد و ئیعدامەكەمان لەسەری قسەی حاكم قادر ڕاگرت و جێ بەجێمان نەكرد".
نەوشیروان خۆشحاڵە بە دەستگیركردنی مەلا بەختیار و مام جەلال كۆمەڵەی ئێران تاوانبار دەكات
لەبابەتی كێشە و گرفتەكانیان لەگەڵ مەلا بەختیار و (ئاش) د.فوئاد دەڵێت: (30/10/1985) كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی لەبەرگەڵوو بڕیاری دا، مەلا بەختیار و جەماعەتەكەی دەستگیر بكرێت، ڕۆژی (12/11/1985) نەوشیروان هاتە لام و وتی: پلانەكە زۆر مەحكەم بوە و سەری گرت، مەلا بەختیار و جەماعەتەكەی بێ تەقە و ڕەقە گیراون و دواتریش خولە كەشكۆڵ گیراوە، پاشان چوومە لای مام جەلال تا ڕێزی مەلا بەختیار بگرن، هاوكات نامەیەكی ملازم عومەر هات، ئیستیقالەی كردبوو، وەكو ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەو ڕەفتارە و دەستبەجێ ئیستیقالەكەی قبوڵ كرا، هەر ئەو كاتە مام جەلال، چوو بۆلای كۆمەڵەی ئێران، گلەیی كردبوو لێیان كە پشتگیری مەلا بەختیاریان كردبوو، ئەوانیش پاكانەیان كردبوو، كە شتی وانییە و گوایە كۆمەڵەی ئێران بە مام جەلالیان وتوە؛ ئێمە جەماعەتی (ئاش)مان پێباش نییە، چونكە بە باشە باسی سۆڤیەت دەكەن، ئەوە لای ئێمە خیانەتە، هەر سەبارەت بەو بابەتانە ئازاد هەورامی هاتە لام و وتی؛ ئیتر ناتوانم لە سەركردایەتی كۆمەڵە بەردەوام بم لەگەڵتان، چونكە من نەدەتوانم وەكو جەبار فەرمان بم، نەدەتوانم وەكو پشكۆ نەجمەدین بم.
دلێری سەید مەجید، دژی گرتنی مەلا بەختیار بوو
ڕۆژی (12/11/1985) دلێری سەید مەجید هاتە لام و وتی: چۆن دەكرێت وا لە مەلا بەختیار بكرێت، كە نیازی هەبوە لە یەكێتی نزیكتر بێتەوە، نەدەبوو بەم جۆرە مامەڵەی لەگەڵدا بكەن، منیش وتم؛ دڵنیابە ناكوژرێت، دیاربوو پێشتریش چووبوە لای مام جەلال و نەوشیروان مستەفا، بۆ هەمان مەبەست، چونكە دلێر كارەكەی پێناخۆش بوو، گلەیی و ناڕەزایی خۆی دەربڕیبوو، فەرەیدوون دژی (ئاش) بوو، نەوشیروان داوای كوشتنیان دەكرد.
دواتر لەگەڵ نەوشیروان چووینە یاخسەمەر بۆلای مام جەلال، كەلای قاسملوو گەڕابوەوە، پاشان هەموومان چووینە ماڵی فەرەیدوون و باسی گرتنەكەی مەلا بەختیار كرا، دیاربوو فەرەیدوون حەزی دەكرد ئازاری بدەن، من دژ بووم، بەڵام نەوشیروان وتی؛ من مانعم نییە بیانكوژین، بەڵام لەگەڵ ئەشكەنجەدان نیم، دواتر لە مەكتەبی سیاسی باسی ئەوەكرا هەوڵ هەیە مەلا بەختیار ئازاد بكرێت، فەرەیدوون وتی؛ نابێت هیچ بڕوایان پێ بكرێت و دەبێت لێیان بدرێت لە (ئاش)، بەڵام مام جەلال لەگەڵی نەبوو، دواتر وتیان: مولازم عومەر چووە بۆلای مەلا بەختیار.
كۆمەڵە وتیان؛ ئێمە دژی (ئاش)ین
ڕۆژی (29/11/1985) چووین بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ كۆمەڵەی ئێران لەسەر هەمان بابەت وتیان: ئەوەی دوێنێ شەو ڕوویداوە، قسەی ژنان بوە و سەرچاوەكەشی پاكیزەی خێزانی فەرەیدوون بوە، دواتر كۆمەڵە (عومەر ئیلخانیزادە، د.جەعفەر و ساعید وەتەندۆست) دەفتەری سیاسی هاتن و وتیان؛ ئێمە هیچ پەیوەندمان نییە لەگەڵ مەلا بەختیار و وتوویەتی لەگەڵ كۆمەڵە ڕێككەوتووم.
وتیان؛ ئەوەش بە ڕاست نازانین كە سەربە قیادە موەقەتە، ئێرانن و سۆڤیەت بە سۆسیالیست دەزانن.
دواتر مەسەلەی ئەو پارەیەی لایانە بەقەرز پێمان دابوون، داوامانكردەوە و وتیان: نیمانە.
(م.س) بڕیاری لە سێدارەدانی دا
چوومە لای مەلا بەختیار، چونكە دەیوست بێتە كەسی یەكەمی یەكێتی، پاشان كۆبوونەوەی (م.س) یەكێتی كرا، بڕیاردرا لەسەر لە سێدارەدانی، بەڵام من و دووكەسی تر دژ بووین، مام جەلال لەگەڵ ئەوە بوو.
ئازاد هەورامی، دژی دەستگیركردنی مەلا بەختیار بوو
جیا لە فەرەیدوون و نەوشیروان، زۆرجار كۆسرەت ڕەسوڵ-یش دەیووت؛ با مەلا بەختیار بكوژین، دواجاریش ئازاد هەورامی هاتە لام بۆ خواحافیزی وتی؛ ئەو بێ ئیجرائاتانەی بەرامبەر مەلا بەختیار كراوە، موافق نیم، وتی: قسەم لەگەڵ مام جەلال كردوە ئەویش وتوویەتی دەستم ببڕن بڕیاری ئیعدام نادەم.
دواتر شێخ عەلی نامەی خۆی نووسی، كە دانپێدانانی زۆری نووسیبوو، نەوشیروان-یش پێشتر بینیبووی بڕیارندابوو (ئاش) هەڵدەوەشێنەوە، ڕۆژی دواتر (26/12/1985) پشكۆ نەجمەدین نامەی خۆی نارد، دانپێدانانی ئەویش وەكو شێخ عەلی بوو، بەڵام هەردووكیان دژی سالار عەزیز قسەیان كردبوو، نەوشیروان-یش مەلا بەختیاری بینیبوو، بەڵام ڕۆژی (10/6/1986) شەو سەعات یەك، خەبەرم بۆ هات، كە مەلا بەختیار ڕایكردوە.
كۆنگرەی حزبی كۆمۆنیست بەڕێوەچوو
د.فوئاد لە پەیوەست بە ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئەوەی نووسیوە، ڕۆژی (30/3/1986) بەیانی كۆنگرەی دووەمی حزبی كۆمۆنیستی ئێران دەرچوو و دەفتەری سیاسیان پێكهاتبوو لە (حەمید تەقوایی، شوعەیب زەكەریایی، ئیرەج ئازەرین، مەنسوور حیكمەت، عەبدوڵڵا موهتەدی، جواد مشكی، ئیبراهیم عەلیزادە و موهتەدی-ش كرا بە سكرتێر).
لەگەڵ حزبی سۆسیالیستیش ڕێككەوتنمان ئیمزا كرد و ئامادەیی نیشاندا بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ (شیوعی، پارتی-پاسۆك) و دواتر پاسۆك نامەیان نارد بۆ كۆبوونەوە، دواتر حزبی شیوعی-یش هاتن.
قادر عەزیز بەرەو هەولێر چووبوو
د.فوئاد ئەوەش دەڵێ؛ كە ڕۆژی (14/6/1986) پارتی و برادەرانی قادر عەزیز و شیوعی هەندێك لە جەماعەتی (ئاش) بەرەو دەشتی هەولێر بەڕێ كەوتن، دەیانەوێ خۆیان بەسەرماندا بسەپێنن، دوو كوڕەكەی كۆسرەت ڕەسوڵ كوژران بە دەستی كوڕە گەورەكەی كە یاری بە تفەنگ كردبوو، گوللەی لە دەست دەرچووبوو.
شەڕی نێوان یەكێتی و موجاهیدی خەلق
ڕادیۆكەمان وەڵامی سازمانی موجاهیدنی خەلق-ی دایەوە، كە دەستیان كردوە بە هێرش، دوای شەڕی نێوانمان لە پشت ئاشان كە (10) كەسی ئەوان (2)ی ئێمە كوژرابوون، دواتر لە (8/11/1986) مام جەلال و ئیدریس بارزانی لە تاران كۆبوونەوە.
ڕەسوڵ مامەند دژی عیماد ئەحمەد بوو
لە تەلەفزیۆن دیداری ئیدریس بارزانی و ڕەسوڵ مامەند نیشاندرا، لەو كۆنفڕانسەش، كە سازكرابوو، دژی ئامادەبوونی عیماد ئەحمەد و (ئاش)، ڕەسوڵ مامەند هاتبوە دەرەوە، دواتر وتیان: "خێزانی مەلا بەختیار-یش هاتوە و نامەی نووسیوە بۆ ڕەفسنجانی بۆ ئازادكردنی مەلا بەختیار".
مام جەلال گلەیی لە نەوشیروان دەكات
د. فوئاد لە شوێنێكی تری بیرەوەرییەكەیدا دەڵێت: (20/5/1988) لەگەڵ مام جەلال دانیشتم بە گومانەوە سەیری پەیوەندی من و نەوشیروانی دەكرد و وتی؛ نەوشیروان من دروستمكرد و پێم گەیاند، كەچی دژی من ئیش دەكات و جیا لەوانە د. خدر و د.پێشەوا-ش دژی منن و ئەوان بە منیان وت؛ مەسڵەحەت وەهایە تۆ هەر یەكێتی بیت، بۆیە وازم لە شۆڕشگێڕان هێنا.
سەدام داوای بینینی نەوشیروانی كردبوو
د.فوئاد دەڵێ؛ (28/3/1989) فەرەیدوون نامەیەكی نیشاندام، نامەیەكی موكەرەم تاڵەبانی هاتبوو كە نووسیبووی سەدام حسێن توڕەیە لە مام جەلال و داواشی كردبوو وەفدێك بە سەركردایەتی نەوشیروان بچێتە بەغدا و دەڵێ؛ موكەرەم دوایی وتی؛ سەدام ئامادەیە نەوشیروان ببینێت و خۆشم گومانم هەبوو لە (مەولوود) نەوشیروان مستەفا بە نهێنی چووبێ بۆلای حكومەت.
لە (20/4/1989) سەردانی ڕاژانمان كرد بۆلای پارتی (من، جەبار، د،كەمال، لە پارتی فازیل میرانی، فەلەكەدین، نێچیرڤان، عەبدولموهیمەن، فەرەنسۆ) بوو، دواتریش مەلا عەبدولعەزیز-مان بینی.
سكرتێری پاسۆك بە نەخۆشی مرد
د.فوئاد باسی لە مردنی ئازاد مستەفا، سكرتێری پاسۆك دەكات لە (28/4/1989) كەلە سوید كۆچی دوایی كردبوو.
موكەرەم تاڵەبانی گلەیی لە بارزانی دەكات
د.فوئاد دەڵێ: نامەیەكی د.موكەرەم هات لە (18/4/1989) دەڵێ؛ نامەیەكی وردم بۆ سەدام حسێن ناردوە و وتوومە؛ نەوشیروان ئامادەیە بێت بۆ بەغدا بۆ گفتوگۆ، سەدام حسێن وتوویەتی؛ دوای جەژن ئاگادارت دەكەمەوە، موكەرەم گلەیی لە مەسعود بارزانی كردوە دەڵێ: ئامادەیە لەگەڵ چەند ئاخوندێك دابنیشێت لە شام، بەڵام نایات من ببینێ لە پراغ، د.فوئاد ئەوەش دەڵێ؛ كە تا (3/2/1990) نەوشیروان هەر لەگەڵ مفاوزات بوو لەگەڵ عێراق.
قاسملوو تیرۆركرا و ئێرانییەكان منیان بانگكرد
(14/7/1989) بڵاوكرایەوە، كە د.قاسملوو، عەبدوڵڵا قادری، فازیل مەلا مەحمود لە نەمسا تیرۆر كرا و ئەوەش دەڵێ؛ ئێرانییەكان بانگیان كردم زۆر مەبەستیان بوو، رەد فیعلی دیموكرات بزانن چییە؟ لە شوێنێكی تر دەڵێ؛ مانگی یەك ملیۆن تمەنیان دەدا بە حسك، كەچی لەگەڵ پارتی گومرگیان دانا بوو.
لەبەشێكی تری كتێبەكەدا باس لە ڕووداوەكانی هێرشی عێراق بۆسەر كوێت و پەلاماردانی عێراق و كۆبوونەوەی هێزەكان و دواتر ڕاپەڕین و كۆنگرەی یەكێتی و ململانێی سیاسییەكان و پڕۆسەی یەكەم هەڵبژاردن و پێكهاتنی یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێم دەكات.
بەهەرحاڵ ئەم كتێبە، بەشێكە لە مێژووی شۆڕشی كوردستان و ڕەنگە بێ گرفت نەبێت، بەڵام بەشێكی ترە لە مێژووی گەلی كوردستان و ڕووداوەكان.
من ویستم، ئەو مێژوە و ڕووداوەكانی بە نەوەی نوێ و خەڵكانی تر بەكورتی بیخوێنینەوە و دواتر بڕۆینە سەر درێژەی ڕووداوەكان و هەر كەسیش بەتایبەت ئەوانەی لەناو ئەو دەوروو بارودۆخە بوون، دەتوانن تائید یان موخالیف بن و بۆچوونی خۆیان بنووسن، یان باشترە بیرەوەریەكانی خۆیان بنووسن.
بە سپاسەوە...