دواین هەواڵ

کۆبوونەوەکەی تڕەمپ و نەتانیاهۆ: چەند ئاماژە و پەیامێک

‌رەنج نەوزاد

4 کاتژمێر پێش ئێستا

1. بە فەرمی ڕاگەیاندنی ئەو هاوکێشە نوێیە بوو کە بە هۆی ئەو گۆڕانکارییانەی 15 مانگی ڕابوردوو لە ناوچەکەدا درووست بووە. دەستپێکردنی سەردەمی ئیسرائیل لە ناوچەکە، و سەرکەوتنی ئیسرائیل بەسەر بەرەی ئێران. هەر بۆیە نەتانیاهۆ وتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستمان گۆری. گۆڕانکارییەکان جارێ لە سەرەتان و بەردەوام دەبن.

2. دووبارە ئەوە سەلمێنرایەوە پەیوەندی ئەمریکا و ئیسرائیل پەیوەندییەکی تایبەت و دەگمەنە. هەڵەیە ئەگەر تەنیا وەک پەیوەندی نێوان دوو دەوڵەتی هاوپەیمان تەماشای بکەین. پەیوەندی ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی وەک بەڕیتانیا و ئەوروپا و ژاپۆن و کەنەدا و سعوودییە و قەتەر… جیاوازە لە پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئیسرائیل. زۆر کات لەم پەیوەندییەدا دەرک بەوە دەکرێت لایەنە بچوکەکە زاڵترە بەسەر لایەنە بەهێز و گەورەکە. ئەمریکا ئامادەیە زیان لە خۆی بدات بۆ بەرژەوەندی ئیسرائیل.

بۆ نموونە تڕەمپ زۆربەی هاوپەیمانە نزیکەکانی ئەمریکای نیگەران کردووە، وەک کەنەدا و ناتۆ و ژاپۆن و ئەوروپا… بەڵام لەگەڵ ئیسرائیل خەریکە وەرەقەی سپی بۆ ئیمزا دەکات. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەمە لۆبی جووەکانە کە هەژموونێکی گەورەیان بەسەر ئابووری و تەکنەلۆژیا و دەزگاکانی ئەمریکادا هەیە.

3. تڕەمپ هەڵگری گوتاری ڕاستڕەوی ئیسرائیلە. دوێنێ نا ڕاستەوخۆ ئەو پەیامەی دایە نەتانیاهۆ کە چی دەکەن بیکەن، ئەمریکا تەنیا لەسەریەتی پشتگیری و هاوکاری پێشکەش بکات. هەر بۆیە نەتانیاهۆ پێی دەڵێت مەزنترین هاوڕێی ئیسرائیل. بەشێک لە میدیاکار و خەڵکی ئیسرائیل پێی دەڵێن دڵسۆزترین زایۆنی. براوردی دەکەن بە کۆروشی گەورە. بێ گومان جووەکان دەزانن کە هەموو سەرۆکێکی ئەمریکا دەبێت زایۆنی بێت، بەڵام تڕەمپ پەسەندترینە لایان.

4. زۆربەی تەرکیزی میدیای جیهانی و عەرەبی و کوردی لەسەر لێدوانەکانی تڕەمپ بوو لەبارەی غەززە. لە ڕاستیدا سەبارەت بە فەڵەستین، گرنگترین لێدوانی ئەوە بوو کە وتی لە ئایندەیەکی نزیک بۆچوون و بڕیاڕی خۆمان ڕادەگەیەنین سەبارەت بە پرسی سەروەری ئیسرائیل بەسەر بەشێک لە کەناری خۆرئاوای فەڵەستین. ئەمە کەمتر بووە مانشێت و جێگای بایەخ، لە کاتێکدا ئەمە گرنگترین داواکاری و پڕۆژەی ڕاستڕەوی ئیسرائیلە.

بە سڕینەوە و داگیرکردنی غەززە دۆزی فەڵەستین کۆتایی نایەت، غەززە کەمتر لە 5%ی خاکی فەڵەستینە لە چوارچێوەی چارەسەری دوو دەوڵەتی، بەڵام بە داگیرکردن و لکاندنی کەناری خۆرئاوا بە ئیسرائیلەوە، ئەوا دۆزی فەڵەستین کۆتایی پێدێت. چونکە زیاد لە 95%ی خاکی فەڵەستین پێکدەهێنێت. تەرکیز کردنە سەر غەززە، لەبنەمادا، بۆ لابردنی تەرکیزە لەسەر کەناری خۆرئاوا. پڕۆژە و خەونی ئیسرائیل لە کەناری خۆرئاوایە نەک غەززە. (حەماس و ئەلجەزیرە و ئیخوان نا ڕاستەوخۆ هاوکارییەکی تەواوی ئەم پڕۆژەیەیی ئیسرائیل دەکەن). لە ئێستادا ئیسرائیل دەیەوێت ئەمریکا لە سەردەمی تڕەمپ ئیعتراف بە سەروەری ئیسرائیل بکات بەسەر بەشێکی گەورەی کەناری خۆرئاوا، هاوشێوەی خولی یەکەمی تڕەمپ سەبارەت بە قودس و جۆلان. ئەگەر ئەمە ڕووبدات، دوور نییە ئیسرائیل خۆی پێشنیاری ئەوە بکات غەززە ببێتە دەوڵەتی فەڵەستین! (لە کۆمێنت لەوبارەیەوە نووسینێکی خۆم داناوە).

5. کۆبوونەوەکە دووبارە حکومەتەکەی نەتانیاهۆی بەهێز کردەووە لەناوخۆ.

لە دەرەفەتێکی تر لەم بارەیەوە زیاتر دەنووسم.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP