دواین هەواڵ

تاجیرەکانی ناڕەزایی

‌ئاسۆ عەبدوللەتیف

4 کاتژمێر پێش ئێستا

خێمەکە گرنگە بەبێ سیاسییەکان، خێمەکە پڕیەتی لەدەنگی ناڕازیی و بەشمەینەت و ئازا، بەڵام تاجیرەکانی کڕینی دەنگی ناڕازیی و بەناو سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن زیرەکانە دەیماشنەوە بۆخۆیان، ئێستا ئەوەی کە نییمانە سەرکردەی ئۆپۆزسیۆن و سوارچاکی بەرەکەیە، هەریەکەیان لەئاوازێک دەخوێنن و دەسەڵاتێکیان لەپشتەو بۆ تامی دەم و نمایشی میدیایی دێن و دەڕۆن لەخێمەکەداو دڵی مانگرتوەکان ئەیەنەوە بە قوەتی تەمسیلکردن و گریان، بۆیە گرنگە ئەم خێمەیە جەللاد لەقوربانی جیابکاتەوە، مونافیق لە موئمین و شۆڕشگێڕ لە خەسێنراو.

دەزانن لەکەیەوە باسی گۆڕانکاریی و شۆڕش و دادگەری و فشارو خەباتی سیاسیانەی بایکۆت و دزی و ڕاوڕووت و گەندەڵی و ئەم دیاردانە دەکەن و نەتیجەشی نییە، وەڵامەکەی ئەوەیە ئەو وشانە ئێستا پارەئەکات، تێکۆشەرو مامۆستای هۆشیارو خۆپیشاندەرو مانگرتووی ئازاو ناڕازیی قسە دەکەن و مەندوبە فرۆشیارەکان و قیڕەسازەکان و تاجیرەکانی ناڕەزایی کۆی دەکەنەوە، بە سیستمێکی زیرەک و بەمشتێک ئیمتیازو پارە دەیفرۆشنەوە بەدەسەڵات؟

کۆمەڵێک مەندوب و پەڕلەمانتاری تێروحەساوەو خانەنشینی کۆن و موستەفید کە هەر خەریکی فرۆشتنەوەی قسەن بەجوملەو تەفسیڵ، نایەنە سەرشەقام و شانی خۆیان تۆزاویی ناکەن و منداڵەکانیشیان هەر نازانن ناڕەزایەتی و بایکۆتی قوتابخانەکان چییە بەڵام لەکۆتاییدا سوارچاکی بەرە ناڕازیەکەن و تاجری ئیشەکەن، جملةً وتفصيلاً، خۆیان یەک خێمەیان پێ هەڵنادرێ، تلیاک کێش نین تاجیری تلیاکن.

ناڕەزایەتی بۆ موچە، ناڵەیەکی ڕەوایەو فەلسەفەیەکی شۆڕشگێڕیەو کرۆکی مەدەنیەتە بۆ مافەکان، تیۆرو قسەکردن نیە بۆ شاشەو ئیمتیاز، سلوک و ڕەفتاری کۆمەڵایەتی و ئیدارییە، مەهێڵن دووموچەو سێمووچەکان، ئارەزوومەندانی خانووی گرانبەها، دوژنەکان و دوو پاسپۆرتەکان و دوو ئیشەکان و دوو ئیمتیازاتەکانی بەغداو هەولێرو دوو ڕووەکان بێن و لەسەر هەمان ستەیج و مایک وەک ئێوەی ناڕازیی قسە بکەن.

کاتێک کچ و کوڕەکەت بەپارەی دوو حکومەتی کوردی و عێراقی و ئیمتیازە بەدەستهاتوەکان دەنێریتە باشترین خوێندنگە ئەهلیەکان و زانکۆکانی ئەمریکاو ئەستەنبوڵ و هایدڵبێرگ، ئەوە بەدڕەفتارییەو نەریتی خان و خێڵ و ناعەدالەتییەو مەیفرۆشە بەخەڵکی ناڕازیی.

حەجاج دەیووت کاتێک دەبێ تۆ ناڕازی و توڕەبیت خەیاڵت لای شمشێرەکەت بێ نەک ئەسپ و ژنەکەت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP