دواین هەواڵ

بەرامبەر هەرێم بەدەنگ و بەرامبەر بەغدا بێ دەنگ!

‌سەلام عەبدوڵڵا

4 کاتژمێر پێش ئێستا

ئه‌مه‌ خه‌سڵه‌تی دیار و ئاشكرای ئۆپۆزسیۆنی كوردییه‌ له‌ به‌غدا كه‌ هه‌میشه‌ دژی هه‌رێم له‌ سه‌نگه‌ر دان و به‌رامبه‌ر به‌غداش كڕ و بێ ده‌سه‌ڵات و بێ ده‌نگن، ئه‌و كاره‌ نایاسایی و نادروستانه‌ی له‌لایه‌ن گرووپه‌كانی سه‌ر به‌ میلیشا جیاكان و حزبه‌كانی نێو په‌رله‌مان كه‌ له‌ ژماره‌ نایه‌ن، كه‌چی نه‌ماندی ببێته‌ به‌رباس و خواس له‌لایه‌ن حزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی هه‌رێمه‌وه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق.

فه‌رموون ئه‌و هه‌موو پێشێلكارییانه‌ی كه‌ ڕۆژانه‌ له‌ كه‌ناڵه‌ جیاجیاكانه‌وه‌ به‌غداوه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت و به‌ به‌ڵگه‌ی زۆر ده‌خرێته‌ڕوو كه‌چی ڕۆژێك له‌ ڕۆژان نه‌ماندیت ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ده‌م گه‌رمانه‌ی به‌رامبه‌ر هه‌رێم هه‌میشه‌ له‌سه‌ر خه‌تن، ئه‌مانه‌ به‌شدارییه‌كی تێدا بكه‌ن و لایه‌نه‌ شاراوه‌كانی گه‌نده‌ڵی و پێشێلكردنی یاسا بخه‌نه‌ڕوو.

مرۆڤ ناچاره‌ بپرسێت ئایا كاری ئه‌م زاتانه‌ ته‌نیا ناشرینكردنی سیمای هه‌رێم و حكوومه‌ته‌كه‌یه‌تی له‌ به‌غدا؟!، چونكه‌ زوو زوو ده‌بینین ئه‌مانه‌ بۆ ڕه‌شكردنی هه‌رێم له‌به‌رچاوی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران له‌ به‌غدا په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر دادگای فیدڕاڵ و شكایه‌تی نادروست و بێ بنه‌مای دژ ده‌كه‌ن، كه‌چی به‌رامبه‌ر حكوومه‌تی به‌غدا ناوێرن فزه‌ بكه‌ن.

فه‌رموون گوێ له‌ كه‌ناڵه‌ جیاجیاكانی به‌غدا و ده‌ورووبه‌ر بگرن كه‌ ئێستا چه‌ندین گرووپ و میلیشیا له‌ به‌نده‌ر‌ی (ئوم قه‌سر) ڕۆژانه‌ به‌ چه‌كه‌وه‌ ده‌بینرێن و قاچاخچێتی و گومركی نایاسایی به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن كه‌ هه‌ندێكیان ته‌نانه‌ت سه‌ر به‌ حزبه‌كانی نێو په‌رله‌مان و حه‌شدیش نین و ڕۆژانه‌ ده‌یان ملیۆن دۆلار به‌ نایاسایی په‌یدا ده‌كه‌ن، كوا كه‌س ڕۆژێك له‌ ڕۆژان باسی ئه‌مانه‌ی له‌ په‌رله‌مان كرد و هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ریان وه‌رگرت؟ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ نه‌خێر.

ئه‌وه‌تا سه‌ره‌كوه‌زیران بانگهێشتی نوێنه‌رانی هه‌موو گرووپه‌كانی كوردی له‌نێو په‌رله‌مانی به‌غدا كردووه‌ كه‌ به‌شداری كۆبوونه‌وه‌یه‌‌ك بۆ بابه‌تگه‌لێكی زۆر گرنگ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێم بكه‌ن و ڕووبه‌ڕوو چ ڕه‌خنه‌ و تێبینییه‌كیان هه‌یه‌ له‌ حكوومه‌ت بیخه‌نه‌ڕوو، كه‌چی ئه‌وانه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ له‌ ئاماده‌كاریدان بۆ ڕه‌خنه‌ له‌ حكوومه‌تی هه‌رێم ئه‌وانه‌ ئاماده‌نه‌بوون.

ئه‌مه‌ش گه‌ر ته‌نیا ڕاستییه‌ك دیاری بكات هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ ڕه‌خنه‌ و تێبینییه‌كانیان بێ بنه‌مان و له‌ بوختان زیاتر نییه‌، ده‌نا ڕووبه‌ڕوو ئاماده‌ ده‌بوون.

به‌داخه‌وه‌ (Tv)ـه‌كانی لای خۆشمان بۆ ئه‌م زاتانه‌ هه‌میشه‌ ئاواڵه‌یه‌ و ئه‌ستێره‌ی سه‌ر شاشه‌ن.

له‌ كۆتاییدا وه‌ك سه‌رۆ‌كوه‌زیران ده‌ڵێین: ((بابه‌ته‌كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكه‌، به‌شداری نه‌كردن له‌م جۆره‌ كۆبوونه‌وانه‌ خزمه‌تی هیچ لایه‌نێك و هیچ ئه‌جیندایه‌كی سیاسی و حزبی ناكات ، لێ ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌كه‌ونه‌ به‌ر دادگه‌ی ویژدانی خه‌ڵكی كوردستان)).

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP