جاروبار میدیاكانی توركیا و سیاسییەكان، باس لەوە دەكەن، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، بۆی نییە بۆ جاری سێیەم خۆی بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی كۆمار بەربژێر بكاتەوە، چونكە بەگوێرەی دەستووری توركیا و مادەی ١٠١، هەموو كەسێك بۆی هەیە دوو خول خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی بەربژێر بكات، بەمەش ئەردۆغان ئەمە دوا خولییەتی ئیدی ناتوانێت لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتیدا ببێتەوە بەبەربژێر.
چەند رۆژێك بەر لە ئێستا، ئەردۆغان سەردانی روحای باكووری كوردستانی كرد، لەوێ گۆرانبێژ ئیبراهیم تاتڵیساس، گۆرانی چڕی و دەستی ئەردۆغانی ماچ كرد، پاشان پێی گوت ”سەرۆك، تۆ ئامادەی ببێتەوە بە سەركۆماری توركیا؟“ ئەردۆغانیش وەڵامی دایەوە و گوتی، ئەگەر تۆ هەبیت باشە منیش هەم. ئەم گوتەیەی ئەردۆغان، دەرگای بۆ شڕۆڤەكارانی یاسایی و شارەزا لە دەستوور كردەوە، كە شی بكەنەوە ئاخۆ، ئەردۆغان بۆی هەیە، بۆ سێیەمجار ببێتە بەربژێری پارتەكەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا؟
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە و هەروەها هاوپەیمانیی ئەردۆغان لەناو پەرلەمانی توركیا، كاتێك ئەو پرسیارەیان رووبەڕوو كردەوە، ئاماژەی دا كە بۆ ئەوەی ئەردۆغان بۆ سێیەمجار ببێتەوە بەسەركۆماری توركیا، دەبێت دەستكاری دەستوور بكرێت.
بەگوێرەی گوتەكەی باخچەلی بێت، ئیدی بەربژێربوونەوەی ئەردۆغان، یاساییە و دەبێت پەرلەمانی توركیا یەكلایی بكاتەوە.
عومەر چەلیك، وتەبێژی ئاكەپە، هەمان گوتەی ئەردۆغانی دووبارە كردەوە، كاتێك قسەی بۆ میدیاكانی وڵاتەكەی كرد و گوتی“سەرۆكمان گوتویەتی، ئەگەر ئێوە هەبن منیش هەم“، كەواتە یەكلایی بوەتەوە كە ئەردۆغان، هەموو هەوڵێكی خۆی دەدات، تا بتوانێت بۆ جاری سێیەم خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەربژێر بكات و دڵنیاشە كە دەیباتەوە.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا لە ٢٠٢٤، ٢٠ رۆژ بەر لەوەی هەڵبژاردنی دەستپێبكات، ئەردۆغان گوتی، بەگوێرەی دەستووری توركیا بێت، ئەمە دوا خولی سەرۆكایەتی منە و بەجێتان دەهێڵم، بەڵام ئەوكات چەند شڕۆڤەكارێكی سیاسی گوتیان، بەم گوتەیەی دەیەوێت سۆزی خەڵك رابكێشێت و دەنگ بە بەربژێری ئاكەپە بدەن لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا، گەرنا ئەردۆغان، دەیەوێت بۆ خولی سێیەم و چوارەمیش هەر سەركۆماری توركیا بێت.
دەستووری توركیا چی دەڵێت؟
بەگوێرەی مادەی ١٠١ی دەستووری توركیا، هەر كەسێك بۆی هەیە دوو خول سەركۆماری توركیا بێت، بۆیە یەكەم رێگەی ئەردۆغان بۆ ئەوەی بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بەربژێر، گۆڕینی ئەو مادەیەی دەستوورە.
بەڵام دەنگی ئاكەپە و مەهەپە و دەسەپە و خودا پار، كە هاوپەیمانیی یەكترین، ناگەتە ٣٦٠ كورسی، بۆ ئەوەی دەستوور بخەنە ریفڕاندۆم و ئەو مادەیە بگۆڕن، دەنگی هەموو ئەو پارتانە ٣٢١ پەرلەمانتارە، بۆیە بەو رێگەیە ئەستەمە بتوانێت، ببێتەوە بەربژێر، تەنیا ئەگەر دەم پارتی، لە رێككەوتنێكدا لە چوارچێوەی پرسی چارەسەری كورد، دەنگ بە گۆڕینی مادەی ١٠١ بدات و رێگە بۆ ئەردۆغان خۆش بكات تا ببێتەوە بە بەربژێر.
ریگەی دووەم، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی توركیایە، واتە ئەگەر ئەردۆغان پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە و توركیا بباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەوكات دەتوانێت بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بەبەربژێر، بەڵام بۆ ئەوەشیان ئۆپۆزسیۆنی توركیا، دەڵێت پێویستە لە مانگی ١١ی ئەمساڵدا پەرلەمان هەڵوەشێتەوە و توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە.
لە مادەی ١١٦ی دەستووری توركیادا، رێگە بە ئەردۆغان دەدرێت ئەگەر پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە. دەتوانێت بۆ جاری سێیەم خۆی بەربژێر بكاتەوە، ئەمەش بە ئاسانترین رێگە دادەنرێت، بەڵام ئەردۆغان نایەوێت لەمساڵدا پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە، چونكە رەوشی ئابووریی توركیا لەوپەڕی خراپییە و ئەگەر زۆرە هەڵبژاردن بدۆڕێنێت، بۆیە دەیەوێت سێ مانگ بەر لە هاتنی هەڵبژاردن، واتە لە ٢٠٢٨دا، سێ مانگ بەر لە وادەی دیاریكراو بۆ هەڵبژاردن، پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە، تا سوود لەو ماوەیە وەربگرێت و رەوشی ئابووریی توركیا باش بكات، ئەوكات بچێتە ناو كێبڕێكێی هەڵبژاردنەوە.