دواین هەواڵ

تەواوی فەرمانگەكانی مەركەزیی لەڕۆژئاوای كوردستان پەكیانكەوتوە

‌ سەرتیپ جەوهەر

2 رۆژ پێش ئێستا

تائێستا دۆخی رۆژئاوای كوردستان روون نییە. هیچ گفتوگۆیەك لەنێوان رێڤەبەری خۆسەرو دیمەشق نییەو دووری نێوانیان زۆر زیاترە لەوەی باسی لێوەدەكرێت. پێدەچێت ئەم دۆخەی ئێستا درێژە بكێشێت و بەمزوانە چارەنوسی ئەو ناوچەیە یەكلایی نەبێتەوە.

لەدوای رووخانی رژێمەكەی ئەسەد زۆربەی جومگەكانی حوكمڕانیی لەسوریا پەكیان كەوتووە. خزمەتگوزارییەكان لەخراپترین دۆخدایە. محەمەد جۆلانیی حاكمی نوێی دیمەشق، هەموو پەیوەندییەكی لەگەڵ تەواوی جومگەكانی حوكمڕانیی و فەرمانگەكانی دەوڵەت لە رۆژئاوای كوردستان پچڕاندووە. واتە هیچ دامودەزگایەكی دەوڵەت لەرۆژئاوای كوردستان كارناكات و بەتەواوی گۆد بووە. ئەمەش بۆشایی و كاریگەرییەكی گەورەی جێهێشتووە، بەڵام فەرمانگەكانی رێڤەبەری كاری خۆیان دەكەن.

دەوام و كاركردن لەهەموو خوێندنگاو فەرمانگەكانی تەندروستیی و تەواوی فەرمانگەكانی دیكە وەستاوەو هیچ بەرچاوڕوونیەك نییە لەبارەیانەوە، بەڵام فەرمانگەو یەكە ئیدارییەكانی سەر بەرێڤەبەری خۆسەر كە جیاوازە لەفەرمانگەكانی دەوڵەتی مەركەزیی كاردەكەن. واتە خوێندنگاو نەخۆشخانەو یەكە ئیدارییەكانی سەر بەرێڤەبەری دەوامی خۆیان دەكەن.

دۆخی ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان كەمێك ئاڵۆزە، چونكە دوو ئیدارەو دوو ناوەندی ئیداریی هەیە. یەكێكیان یەكە ئیدارییەكانی دەوڵەتی پێدەگوترێت كە لەرووی ئیدارییەوە سەر بەدیمەشقن و موچەو پێداویستی كاركردنیان لەوێ بۆ دابین دەكرێت، ئەوی دیكەیان یەكە ئیدارییەكانی سەربە رێڤەبەری خۆسەرە كە موچەو پێداویستیەكانیان لەلایەن رێڤەبەری خۆسەر دابیندەكرێت.

لەوێ‌ دوو دادگاو دوو پەروەردەو دوو فەرمانگەی تەندروستیی و دوو شارەوانیی و ..هتد هەیە. یەكێكیان سەر بەرێڤەبەری خۆسەرەو ئەویدیكەشیان سەر بەحكومەتی ناوەندە. هەریەكەیان موچەو شێوەی ئیشكردنیان تەواو جیاوازە.

بەپێی لێدوانی رەسمیی نزیكەی یەك ملیۆن و 300 هەزار فەرمانبەر لە سوریا هەیە كە دەكاتە 30% هێزی كاری ئەو وڵاتە. لەو ژمارەیە روون نییە چەند فەرمانبەری حكومەتی ناوەند لە رۆژهەڵاتی فورات و ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیمەكرات هەیە، بەڵام بەپێی خەمڵاندنی ژمارەی دانیشتوان كە لەنێوان 4.5 بۆ 4.8 ملیۆن كەس دەبێتدەردەكەوێت نزیكەی 250 هەزار فەرمانبەری حكومەتی ناوەند لەرۆژئاوای كوردستان هەیە.

لەبەرامبەر ئەو ژمارەیەی فەرمانبەرانی حكومەتی ناوەند، ئێستا نزیكەی 135 هەزار كارمەندو كرێكاری رێڤەبەری خۆسەر هەیە، ئەمە جگە لەهێزەكانی ئاسایش و هێزەكانی سوریای دیموكرات و هێزە ئەمنیەكانی دیكە كەكۆی ئەو هێزانە بەپێی سەرچاوەی ناڕەسمیی دەگاتە نزیكەی 150 هەزار چەكدار.

بەر لەرووخانی رژێمی ئەسەد نرخی لیرەی سوریا بۆ یەك دۆلار 14500 لیرە بوو، بەڵام لەدوای رووخانی رژێمی سوریا لیرەی سوریا كەمێك بەرزبۆتەوە ئێستا یەك دۆلار بەرامبەر 11500بۆ 12000 لیرەی سوریایە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بەردەستە، بەرزترین موچەی فەرمانبەرێكی دەوڵەت لە سوریا كە ئێستا لیرەی سوریا كەمێك بەرزبۆتەوە، لەنێوان 25 بۆ 30 دۆلارە. ئەو بڕە پارەیە لەهەندێك بارودۆخ رەنگە نەكاتە خەرجی تەنها یەك رۆژی خێزانێك. ئەمە لەكاتێكدا هەر خێزانێكی سوریا لایەنیكەم مانگانە پێویستی بە 150 دۆلار هەیە بۆ نزمترین ئاستی ژیان.

بەپێی لێدوانی رەسمیی كاربەدەستانی ئێستای حكومەتەكەی محەمەد جۆلانیی گوایە لە 400% لەمانگی داهاتووەوە بەرز دەكاتەوە، لەباشترین حالەت موچەی فەرمانبەرێكی حكومەتی ناوەندی نزیك دەبێتەوە لە 80 دۆلاری ئەمریكیی، بەڵام ئەو زیادكردنە هەموو فەرمانبەران ناگرێتەوە بەڵكو زیادكردنەكە مەرجدارە. بەهۆی ئەو زیادكردنەوە مانگانە حكومەت پێویستی بە 127 ملیۆن دۆلاری دیكە دەبێت، ئەمە لەكاتێكدا خەرجی حكومەت بۆ موچە بەر لەزیادكردن بۆ مانگێك نزیكەی 30 ملیۆن دۆلارێك بووە، بڕیارێكیش هەیە فەرمانبەرانی وەهمی لەلیستی موچەدا بسڕێنەوە كە بەنزیكەی 300 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت. بێگومان ژیان لەرۆژئاوای كوردستان تەواو جیاوازترە. جۆرێك لەسەقامگیریی سیاسی و ئاسایش و ئابوریی هەیە.

لەژێر فەرمانڕەوایی هێزەكانی سوریای دیموكرات، بەنزیكەی 135 هەزار فەرمانبەر هەیە. موچەی فەرمانبەرانی ئیدارەی رێڤەبەری خۆسەر هەمیشە جیاواز بووە لەفەرمانگەكانی حكومەتی ناوەند، چونكە بەپێی گۆڕانی نرخی دۆلار لەقۆناغێك بۆ قۆناغێكی دیكە جیاوازە. بەپێی لێدوانی رەسمیی، موچەی فەرمانبەرانی رێڤەبەری خۆسەر لەنێوان 90 دۆلار بۆ نزیكەی 600 دۆلاری ئەمریكیە. واتە لەنێوان یەك ملیۆن و 40 هەزار لیرەی سوریا بۆ 8 ملیۆن لیرەیە.

ئەم جیاوازییە لەموچەدا لەهێزە ئەمنی و سەربازییەكانیش بەروونی هەبووە. بۆنمونە موچەی مانگێكی سەربازێكی سوریا تا رووخانی ئەسەد لەنێوان 8 دۆلارێك بوو، بەڵام هێزەكانی سوریای دیموكرات و ئاسایش لەنێوان 150 بۆ 500 دۆلارە.

یەكێك ئاستەنگە گەورەكانی بەردەم حوكمڕانیی نوێی دیمەشق رووبەرووبونەوەی دۆخی داتەپیوی ئابورییە. حكومڕانانی نوێ‌ لەبەردەم دۆخێكی زۆر ئاڵۆزدان ئاسان نییە چارەسەركردنی. لەلایەك ئەو وڵاتە لەژێر بارێكی گرانی قەرزدایە، هاوكات خاوەنی سامانێكی ئەوتۆی سروشتیی نییە، ئەمە جگە لەلێكەوتەی وێرانەیی و باری گرانی دوای شەڕو ماڵوێرانیی.
سەرباری خراپی دۆخی ژیان و وێرانەیی رۆژئاوای كوردستان، بەڵام بەری رۆژهەڵاتی فورات جگە لەوەی لەرووی كشتوكاڵەوە زۆرباشترە هاوكات خاوەنی سامانێكی زۆری سروشتییە، بۆیە بەراورد بەناوچەكانی دیكەی سوریا بارودۆخی ئابوریی لەو ناوچانە باشترە.

سەبارەت بەسامانی نەوت، پێشترو لەباشترین بارودۆخ دەوڵەتی سوریا رۆژانە بەنزیكەی 390 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمدەهێناو نزیكەی 150 هەزار بەرمیلی هەناردە دەكردو ئەویدیكەی لەناوخۆ بەكاردەهێنرا، بەڵام لەدوای 2011 ئەو رێژەیە زۆردەبەزیوەو ئێستا بەرهەمەكە بەشی ناوخۆ ناكات.

بەپێی ئەو داتاو زانیاریانەی بەردەستن، یەدەگی نەوتی چەسپێنراوی سوریا 2.5 ملیار بەرمیلە، بەڵام یەدەگی نەچەسپێنراو دەگاتە 27 ملیار بەرمیل. بەنزیكەی 85% بۆ 95%ی نەوتی سوریا دەكەوێتە بەری رۆژهەڵاتی فورات، واتە ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكرات. ئەوانیش بریتیە لە كێڵگەكانی وەك تەنەك، عومەر، جفرە، كۆنیكۆ، رمێلان و هەندێك ناوچەش لەحەسەكە..تد.

بەپێی زانیاریی لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی رێڤەبەری خۆسەر بەرهەمهێنانی نەوت پەكیكەوتبوو، بەتوانای ناوخۆ بەرزكرایەوە تا لە 2020 گەیشتە 87 هەزار بەرمیل لەرۆژێكدا، بەڵام پەلاماردانەكانی تورك زیانی گەورەی بەكەرتی بەهەمهێنانی نەوت گەیاند، بۆیە ئەو رێژەیە دابەزیوە بۆ نیوان 40 بۆ 45 هەزار بەرمیل.
لەبەرامبەر ئەو رێژەیە لەناوچەكانی رێڤەبەری خۆسەر، لەناوچەكانی رۆژئاوای فورات، یان ناوچەكانی دیمەشق، رێژەی بەرهەمهێنان لە ساڵی2024 زۆر دابەزی بەر لەرووخانی ئەسەد گەیشتە تەنها 15 هەزار بەرمیل لەرۆژێكدا.

سەبارەت بە سامانی غازی سروشتیی، یەدەگی غازی سروشتیی سوریا بە 8.5 تریلیون پێ سێجا دەخەمڵێنرێت، لەو رێژەیە لەنێوان 60% بۆ 70%ی ئەو رێژەیە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی فورات لەكێڵگەكانی شەدادی و تەنەك. پێشتر توانای بەرهەمهێنانی غاز لەسوریا لەرۆژێكدا نزیكەی 30 ملیۆن پێ‌ سێجا بوو، بەڵام بەهۆی هێرش و پەرمارە كانی تورك و شەڕی ناوخۆ لەو وڵاتە، ئەو رێژەیە زۆر دابەزی گەیشتە نزیكەی 5 ملیۆن پێ سێجا. بەپێی دوایین زانیاریی ناڕەسمیی لەناوچەكانی رێڤەبەری خۆسەر رێژەی بەرهەمهێنانی گازی سروشتیی دەگاتە نیو ملیۆن پێ سێجا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP