زانستی دیموگرافیا بە گشتی وەها دەبینرێت کە زانستێکە بەرەی چەپ خۆی لێ بە دوور دەگرێت. بۆیە باسکردنی دیمۆگرافیا بە گشتی وەک زانستێکی ڕاست-ڕەویی دەبینرێت. بەڵام ئەمە مانای ئەوەنیە کە نابێت قسە لە سەر دیموگرافیا بکەین.
دەبیستم لە کوردستان داوا دەکرێت کە خەڵک منداڵی زیاد بکات، وەک وەڵامێک بۆ زۆریی منداڵی کۆمەڵگای عەرەبی. دیارە ئەم داوایە هەر لە سەرەتاوە شکستخواردوە. چونکە زیادکردنی منداڵ پەیوەندی بە زۆر هۆکارەوە هەیە.
لە مێژودا کۆمەڵگای کشتوکاڵی پێویستی بە دەستی کاری، بێبەرامبەر بووە، بۆیە منداڵ لە کۆمەڵگای کشتوکاڵیدا وەک ئامراز یان کارکەر دەبینرێت، ناڵێم کرێکار، چونکە چەمکی کرێکاری سەر بە کۆمەڵگای پیشەسازییە.
لە کۆمەڵگای کشتوکاڵیی و شوانکاریدا کۆمەڵگاکان پێویستان بە دەستی کاری زۆر هەیە بۆ زۆر کاری کەمدەرامەت، وەک شوانکاری، بەرەلەوان، گاوان، وەرزێر، بژار و ئاودێری و زۆر کاری تر.
ئەم خواستە ژیارییە، نیمچە-ئابورییە وەک پاش پیادەکردنی بە دەیان سەدە دەبێت بە کەلتور. کەلتور لێرەدا یانی پیادەکردنی ئەو کردانەی کە بەبێ بیرکردنەوە وەک سروشتی یان نۆرم پیادەی دەکەیت.
لە گواستنەوە بۆ کۆمەڵگای پیشەسازیی و پاش-پیشەسازی ڕۆڵی منداڵ گۆڕا. لە کۆمەڵگای پیشەسازیدا منداڵ بە ڕێژەی زۆر پێویست نیە، چونکە کۆمەڵگای پیشەسازی شارییە. شار شوێنی کشتوکاڵ نیە. بەڵام هێشتا لە کۆمەڵگایەکی نیمچە پیشەسازی وەک کۆمەڵگای ئێمەدا منداڵ وەها دەبینرێت کە جۆرێکە لە دڵنیایی نەک تەنها لە ڕوی ئابورییەوە، بەڵکو هەروەها لە ڕوی کۆمەڵایەتی و دەرونیشەوە. بە تایبەتی کاتێک دەزگا دەوڵەتییەکان یان بونیان نیە، یان تەواو لاوازن.
بەڵام لە کۆمەڵگای پاش پیشەسازیدا منداڵ وەک پرۆژە دەبینرێت. لە ئەوروپا زۆر دەبیستم کە پێگەیاندنی منداڵێک چەندی تێدەچێت. دیارە ئەم تێچونە هەتا بێت زیاتر دەبێت کاتێک دابینکردنی خوێندنی باش و گەیشتن بە ستاتۆی باڵا و هەوڵدان بۆ سەرکەوتن لە ژیاندا هەموو پێویستی بە پارەی زۆرە، وەک قوتابخانەی تایبەت، یان نیشتەجێ بوون لە گەڕەکی گرانبەها، یان خوێندن لە زانکۆ باڵاکان.
ئەمانە هەموو هۆکارن بۆ کەمبونەوەی منداڵ.
ئێستا لە ڕۆژئاوا منداڵبون بووە بە پرسێکی سیاسی. ڕاستڕەو داوای منداڵی زۆر دەکات. بەڵام بڕواناکەم کاریگەری ئەوتۆی هەبێت.
لە کوردستان کۆمەڵگای عەرەبی هێشتا لە دۆخی کشتوکاڵیدایە. هێشتا بە زۆری ئافرەت بونەوەرێکی خزمەتچی پیاوە، هەروەها لە کاتێکدا بەشاربونێکی خێرا ڕودەدات بە هۆکاری ژینگە، لە دەرئەنجامدا هەڵاوسانێکی زۆر لە ژمارەی دانیشتواندا دەبێت. بەڵام چاوەڕوان دەکرێت هەتا ٢٠٥٠ دانیشتوانی عێراق بەردەوام لە زۆربوندا بن. ئەمە بە تایبەتی دۆخی کەلتوریی عێراق زیاتر بۆ پاشەوە دەڕوات. لەم دۆخەدا کوردستان باری لاسەنگ دەبێت.
لە دونیادا جەند مۆدێلێک هەیە، بۆ نمونە لە باکوری ئیتالیا، لەو ناوچەیەی کە بە زمانی ئەڵمانی قسە دەکەن، هەر ئیتالییەک بیەوێت بێت لەوێ کار بکات، دەبێت زمانی ئەڵمانی فێربێت.
لە هەمانکاتدا دەکرێت فیدراڵیەت تۆکمەتر بکرێت، لە ئاستی ناوەوەی کوردستان و هەروەها لە بەغدا.
بەڵام لە هەمانکاتدا لە سەر پرۆژەی دەوڵەتی عێراقی وەستاوە. لەم سەرژمێرییەدا عێراق بە مۆدێلی تورکیای ئەتاتورکی دەڕوات بەوەی هەموو کەسێک عێراقییە. تەنها دەتوانرێت خاوەن شوناسی ئاینی بیت، بۆ نمونە کەسێکی مەسیحی و ئێزیدی دەتوانن ئاینی خۆیان تۆمار بکەن، بەڵام تایفە ناتوانێت. ئەمە لە ڕاستیدا دیدێکی کۆنی عوسمانییە. جیاواز تەنها ئەوەیە کە ئاینی جیاوازە.
عێراقی سەردەمی ئینگلیز هەمیشە عێراقێکی فرەیی بوە. پاش ئینگلیز پرۆژەی یەکبونی عێراق لە هەموو ئاستێکدا کاری لە سەر کراوە. بۆ نمونە ئەگەر لە زاخۆوە هەتا فاو بڕۆیت دەبینیت باڵەخانەی سەردەمی ڕژێمی پێشوو هەیە هەموویان یەک ڕەنگ و یەک دیزانیان هەیە، سەرباری جیاوازی زۆری جوگرافیای شاخاویی و بیابانی عێراق، بەڵام دەسەڵاتی ناوەندی سیاسەتی سڕینەوەی جیاوازی بوە، نەک لە پێناو یەکسانی بەڵکو لە پێناو لە بیرچونەوە.
سەرباری ئەمە ئابوری کرێخۆری مرۆڤی کوردی تێکشکاند، لە ئەنجامدا عەقڵی کرێخۆری دروست کرد. عەقڵی کرێخۆریی وەلائی تەنها بۆ خاوەن کرێکە هەیە، یان خاوەن هیچ وەڵائێک نیە.