دوو ساڵێک لەمەوبەر، هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق، نازناوێکی نێودەوڵەتی بەدەستهێنابوو، ئیتر نێچیرڤان بارزانیش وەک زەروورەتێک کە واقیعی تازەی قۆناغەکە ئەیخواست! هەڵبژاردەی عێراقی (کە هەندێکیان ئەسڵەن کوردیش بوون)، بانگهێشتی هەولێر و یاریگای شەهید فرەنسۆ هەریری کرد، تا بە ئەنجامدانی گەمەیەکی ودی، ڕێزێکی ڕەمزیشیان لێ بگیرێ. کەچی حەملەیەکی میدیایی و سۆشیالمیدیایی لە ژێر ناوی (یاریگای هەولێر جێی ئیحتیلال نیە) ڕێکخرا و ئیتر بەهۆیەوە، ئەوەی قەراربوو بکرێ نەکراو پەکخرا، بەجۆرێکی تر کرا!
ئەمڕۆ دوای دوو ساڵ، هەرێمی کوردستان بەڕووی عێراق و عێراقییەکاندا کراوەتەوە. لەڕاستیدا ئەم کرانەوە سیاسی و ئیداری و بگرە حیزبیەش، گۆڕانێکی هەم ئیجابی و هەم نەوعییە و تێگەیشتنێکی دەستەجەمعییە لەو واقیعە نوێیە فەرزکراوەی کە نێچیرڤان بارزانی دەمێکە لەگەڵیدا ئەڕوا، دەمێکە لەسەری ئەدوێ، دەمێکیشە چاک لێی تێگەیشتووە!
جا قسە قسە ڕائەکێشێ…
لەبەر ڕۆشنایی ئەو واقیعە نوێیە فەرزکراوەی کە تاڵە شیرینە تفتە هەرچییەکە نازانم، من و چەند برادەرێکی تر، جارجارە شتمان ئەنووسی، کەچی سیاسییەک (کە ناوێکی مەعلوومیشە)، لە مەجلیسيکی خاوەن قەراردا وتبووی: ئەو برادەرانە عێراقچین!
جا لەسەر ئەو عێراقچییەتە، ئەم گێڕانەوەیەش خۆشە..
ئیبراهیم جەلال (کادرێکی کۆنی کۆمەڵەیە و ئەندامی یەکەم ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی دوای ڕووخانی بەعس بوو)، لە کتێبێکی یادەوەرییدا بە تانەلێدانەوە ئەڵێ: ئێمە لە شاخ هەر کوردستانی بووین، بەڵام خەتی شەهید ئارام و ئاڵای شۆڕش لەناو یەکێتیدا، هەر عێراقچی بوون!
مەلابەختیاریش (شوێنکەوتەی ئارام و سەرکردەی ئاڵای شۆڕش) وەڵامێکی بەجێی دایەوە و وتی:
( باشە کە هاتینەوە شار، جەنابی مامجەلال بوو بە سەرۆکی کوێ؟ کوردستانی گەورە یان عێراق؟! نەوەڵا خۆت پەڕلەمانتاری چی بووی؟ کوردستانی، یان عێراقی؟! دەی ئەوەتان لەچی و ئەمەتان لەچی؟!).