بەشی دووەم
لێرە هیچ هەواڵێک لە جێدەستی ژان جاک ڕۆسۆ بەسەرکۆمەڵگەوە نییە، بۆ سیاسیەکان ناوی بێنە بەزەییان پێتادێتەوە.
ڕۆسۆ باسی ئیرادەی گشتی دەکات، کە بە شێوەیەکی ئایدیاڵ بڕیارە بەکۆمەڵەکان ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندیی هاوبەشن. بەڵام لەم کۆمەڵگەیەیی من دەیبینم ئیرادەی گشتی مایەیی بەزەییە.
فەیلەسوفی ئیتاڵی ئەنتۆنیۆ گرامشی، بە هەمان هەژموونی ئەخلاقی و کولتووریەوە ئاماژەی بە کۆمەڵگایەکی هاوشێوە کردووە ، کە لە غیابی بنەما یەکگرتووەکاندا کۆمەڵگا دەکەوێتە ژێر دەستی بیرۆکەی پارچەپارچەی لێک دابڕاو. لەبری گفتوگۆی بونیادنەر، مۆنۆلۆگی بێ سەرو کۆتا هەیە، بارودۆخێک کە دەشێت بێتە هۆی ئەوەی کە لە تیۆری سیاسیدا بە ئیفلیجی فرەیی ناسراوە.
بە درێژایی مێژوو، کۆمەڵگاکان تووشی قۆناغێک بوون کە تاکەکەسەکان دەنگی خۆیان لەسەرووی دەنگی بەکۆمەڵی کۆمەڵگەکە داناوە، سەرەنجامی ئەمە زۆرجار توندو تیژی بووە.
بالەکۆنەوە بۆ نوێ نموونە گەلێک باس بکەین. (ڕۆمای کۆن) دابەشبوونی زیاتری بەخۆیەوە بینی، زۆرێک لە لایەنەکان هەوڵیاندەدا کێبڕکێ و ئاژاوە جڵەو بکەن، کە بەهۆی یەکتر نەخوێندنەوە تەشەنەی دەکرد.
خێزانە نوخبە ڕۆمانییەکان و بەرپرسانی دیکە، قسەی سیاسی و تواناکانیان دژی یەکتر نەک بۆ کۆدەنگی بەکاردێنا، بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا دەگەڕان، زۆرجار قسەی سیاسییان وەک چەکێک لە دژی ڕکابەرەکانیان بەکاردەهێنا نەک وەک ئامرازێک بۆ دروستکردنی کۆدەنگی.
فەرەنسا پێش شۆڕش (سەدەی هەژدەهەم) تەماشا بکەن، باسی قوناغێکە کە دوایی بەرەو شۆڕش بەڕێکەوت، ئەوانەی ململانێیان دەکرد، جا ئیستێتەکان/ دەرەبەگەکان، ڕۆحانییەکان و خەڵکی ئاسایی- هەموویان قسەیان دەکرد و کەسیان گوێی لە کەسانی دیکە نەدەگرت. ئەم گوتارە پەرتەوازەیە لەبری ئەوەی دیالۆگێک بۆ چاکسازی دروست بکات، بێمتمانەیی و دووبەرەکی قوڵکردەوە، دووبەرەکییەک گەیشتە لوتکە وبە هەڵچوونی کۆمەڵایەتی و سەرهەڵدانی دەنگی ڕادیکاڵدا تێپەڕی لە شێوەی سەرکردەکانی جاکۆبیندا شێوەی گرت کە دواجار بە دەستێکی ئاسنین ئایدۆلۆژیای خۆیان سەپاند.
ئەڵمانیای وایمار (١٩١٩-١٩٣٣)یش بۆ تەماشاکردن دەشێت زۆرجار شکستی کۆماری وایمار دەگەڕێتەوە بۆ بێسەروبەری دەنگەکان، لایەنە سیاسییەکان نەیانتوانی هاوکار بن و دژایەتی و ڕەخنەی بەردەوام بووە هۆی ئەوەی هەستێکی بەربڵاوی خیانەت و بێهیوایی لای هاوڵاتیان دروست بکات. ئەم تێکچوونەی یەکێتی و دیدگای بەکۆمەڵ زەمینەی ئەوەی دروستکرد توندڕۆیەکان خەڵکەکە بۆخۆیان ببەن کە لە کۆتاییدا ڕێگەی بۆ پاوانخوازی نازی خۆشکرد.
- ئەوهۆکارانەی وادەکات هەرکەس لای خۆیەوە قسەبکات و کەس گوێ لەکەس نەگرێت.
١- کاتێک کۆمەڵگایەک بەها کولتووری یان ئەخلاقییە هاوبەشەکانی تێدا نامێنێت، تاکەکان خاڵی هاوبەش لەدەست دەدەن، کە وایان لێدەکات توندتر باوەڕە کەسییەکانیان دووپات بکەنەوە. ئەمەیە کە بێ بەهای هاوبەش، گوتار بەس بۆڵەبۆڵەو دەبێتە مۆنۆلۆگی کێبڕکێکار.
٢- کولتووری زیاد چووی گوایە تاکگەرایی، کە تاکەکان جەخت لەسەر بۆچوونی کەسی دەکەنەوەو پێیان وایە زۆر لەسەروی حیکمەتەوەیە.
٣- پارچە بوون و لێک دابڕانی مێدیا، لە سەردەمی مۆدێرندا، سەرهەڵدانی میدیای تایبەت و پلاتفۆرمە ئۆنلاینەکان ڕێگە بە خەڵکێک دەدات بینەر بۆ تەنانەت بێماناترین شۆوەکانیان بدۆزنەوە، لێرەیە مێدیایەک نادۆزینەوە کۆمان بکاتەوە.
٤- بێمتمانەیی بە دامەزراوەکان٫ لە (چاپەمەنی، تا دەسەڵاتی دادوەری) متمانەیان لەدەست دەدەن، خەڵک دەست دەکەن بە بەشینەوەی بێمتمانەیی کە نەک تەنها دەسەڵاتداران لەناوخۆیاندا بەڵکو هاوڵاتیانیش متمانەیان بەیەکتر نامێنێت، ئەمەش وادەکات هەرکەس لای خۆیەوە قسەبکات و دەنگێک نەبێت بۆ نیشتیمان زۆربە گوێی لێ بگرن.
با بگەڕینەوە سەر ئەدەب و بواری دیکە تابزانین کۆمەڵگایەک کە بەهۆی زۆر بڵێی و کەم گوێگرتنەوە تووشی چ ئازارێک بووە؟
١- دەروونناسی و کۆمەڵناسی، یارمەتیمان دەدەن تا هەندێک بزانین بۆچی تاک و گروپەکان، لایەنەکان هەوڵدەدەن تەنیا ئەوەی خۆیان بڵێن و متمانەیان بە ئەوانی دیکە نەبێت. بۆ نموونە (تیۆری بیرکردنەوەی گروپی) تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن تاکەکان لە گروپەکاندا دەتوانن لەسەر بیروباوەڕە هاوبەشەکانیان جێگیر ببن، لە بەرامبەردا هیچ حسابێک بۆ دیدگای خەڵکی دیکە نەکات، وەک ئەوەی ئەمڕۆ لە دوای هەڵبژاردنەکانی هەرێم لە 2024 هەیە.
٢-فەلسەفە٫ بیرۆکەی ئیرادەی نیچە بۆ دەسەڵات قسە لەسەر خواستی مرۆڤ دەکات بۆ ئەوەی خۆی بەسەر ئەوانی تردا دووپات بکاتەوە، ئەمەش دەتوانێت لە چوارچێوەی کۆمەڵایەتیدا زیانبەخش بێت، کاتێک هەمووان بەدوای دەسەڵاتدا دەگەڕێن بەڵام هیچیان بەدوای هاوکاریدا ناگەڕێن. بە هەمان شێوە تیۆری قەرەباڵغی کیرکێگارد لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە چۆن گروپەکان دەتوانن ببنە ناعەقڵانی و خۆ تێکدەر کاتێک هەر ئەندامێک هەوڵی تێگەیاندن دەدات نەک تێگەیشتن.
3- چیرۆکە ئاینییەکان و فێرکارییە ئەخلاقییەکانیش هەن وەک تاوەری بابل لە فێرکارییەکانی جوولەکە ومەسیحیدا وەک مەتافۆرێک بۆ لووتبەرزی مرۆڤ و مەترسییەکانی پارچەبوون ڕۆڵ دەبینن. ئەم چیرۆکە ڕەنگدانەوەی ئەو ئاژاوەگێڕییەیە کە کاتێک مرۆڤەکان تەماحەکانی خۆیان لە پێشینەی هاوسەنگی بەکۆمەڵ دادەنێن دواجار لوتیان دەشکێت.