دواین هەواڵ

سیستەمی ولایەت بۆ توركیا پرسی كورد بەرەو چارەسەری دەبات

‌كارزان گلی

2 رۆژ پێش ئێستا

چەندین سەركردەی توركیا باسیان لە سیستەمی ولایەت كردووە

پرسی كورد لە توركیا، هەر لە دروستبوونی كۆماری توركیاوە باسی لێوە دەكرێت، بەڵام توركیا هەمیشە لەبری ستراتیژی دیبلۆماسی، ستراتیژییەتی سەربازی بۆ چارەسەری پرسی كورد بەكارهێناوە، بۆیە ئەو پرسە نەگەیشتووەتە ئەنجامی خۆی. سەركردەكانی توركیا، بەنهێنی بیرۆكەی چارەسەری پرسی كوردیان تاوتوێ كردووە، كە یەكێك لە بیرۆكەكان، دابەشبوونی توركیا بووە بەسەر ١٨ ولایەت، كە یەكێك لە ولایەتەكان ولایەتی كوردستان بووە، بەڵام رێگریكردن لەو بیرۆكەیە وای كرد، سیستەمی ولایەت لە توركیا ببێت بە مێژوو. ئەوەی گرنگە باس بكرێت، توركیا خەریكی نووسینەوەی دەستوورێكی تازەیە، بۆ تێپەڕینی ئەو دەستوورەش، ئاكەپە و مەهەپە، پێویستیان بەدەنگی كورد هەیە، بۆیە هێنانە بەرباسی سیستەمی ولایەت لەلایەن دەم پارتی و نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی توركیا، گرنگییەكی تایبەتی هەیە.

بەشێك لە سەركردەكانی توركیا پێیانوابوو، ئەگەر توركیا بچێتە ناو سیستەمی ولایەت، ئەوكات توركیا پارچە پارچە دەبێت بۆیە دژی وەستاونەتەوە، بەڵام جیا لە سەركردە كوردەكان كە پاڵپشتی سیستەمی ولایەت بوونە، چەندین سەركردەی باڵای توركیاش پاڵپشتیان كردووە، بەڵام نەیانتوانیوە بیكەنە كردار.

ئەگەرچی باسكردن لە سیستەمی ولایەت، گفتوگۆیەكی چڕی لە توركیا بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتە نهێنییەكانی دەوڵەت، سیستەمی ولایەت هەرگیز بەكردار هەنگاوی بۆ نەنراوە و تەنیا گفتوگۆی لەبارەوە كراوە.
ئێڤرەن پاڵپشتی كرد و ئۆزەل رەتی كردەوە

بەشێك باس لەوە دەكەن، تورگوت ئۆزەل، هەشتەمین سەركۆماری توركیا باسی لە سیستەمی ولایەت كردووە بۆ توركیا، بەڵام راستییەكەی ئەوەیە، كەنان ئێڤرەن خاوەنی بیرۆكەی ولایەتە، كە دوای ئەوەی ١٩٨٠ كودەتای لە توركیا ئەنجامدا و دەستووری توركیای نووسییەوە، بیرۆكەی ولایەتی هەبوو.

بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی (سەباح)ی توركی لە ٢٠٠٧، ئێڤرەن پێشنیاری كردووە توركیا بۆ ٨ ولایەت دابەش ببێت، لە بڕیارنامەیەكدا ئەو پێشنیارەی بۆ حكوومەت ناردووە، كە تورگوت ئۆزەل، سەرۆك وەزیران بووە.

لەبڕیارنامەكەدا هاتووە، هەر ولایەتێك والی خۆی هەبێت، والیش پێویستە لەناو خەڵكەكە هەڵبژێردرێت و دەبێتە بەرپرسی سەرەكی ئەو ولایەتە.

هەر بەگوێرەی زانیارییەكانی (سەباح)، حكوومەتی ئۆزەل، ئەو داوایەی ئێڤرەنی رەتكردووەتەوە و گوتویەتی، كابینەی حكوومەت پێی باش نەبووە توركیا بەسەر ٨ ولایەت دابەش ببێت، هەروەها دەزگای سەربازیش رەتی كردووە.

بەڵام سیستەمی ولایەت، لەسەر زاری سەركردەكان و میدیاكانی توركیا نەسڕایەوە، بەڵكوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ١٩٨٧دا، میدیاكانی توركیا باسیان لەوە دەكرد، بیرۆكەی سیستەمی ولایەت هاتووەتەوە بەرباس، بەڵام ئەمجارەیان بۆ ٧ ولایەت.

باسیان لەوە دەكرد، كە ئۆزەل لەگەڵ بیرۆكەی ولایەتە و گوتویەتی، پێویستە ولایەتەكان زۆر بەهێز بن و خۆیان خۆیان بەڕێوە ببەن.

بەڵام ئۆزەل لە عارفەی شەوی هەڵبژاردندا قسەی بۆ رۆژنامەی (میللەت)ی توركیا كرد و گوتی: ”ئەو دەنگۆیانە راست نین، سیستەمی ولایەت بۆ توركیا مومكین نییە“

بەڵام دوای دوو ساڵ، ئۆزەل پەشیمان بووەوە لەو گوتەیەی و ئەمجارەیان پێشنیاری سیستەمی ولایەت لەلایەن ئۆزەلەوە پێشوازی لێكرا.

لە ١٩٨٩، ئۆزەل سەردانی ناوچەی ئێرێغلی كرد لە كۆنیا، لەوێ باسی لە سیستەمی ولایەت كرد و پێشوازی لێكرد.

وەكوو ئەوەی شامل تەیار و ئەكرەم هۆرتوو، كە وەكوو رۆژنامەنووس لەگەڵ ئۆزەلدا بوونە لە كۆنیا، دەڵێن: ”ئۆزەل لەو سەردانەیدا باسی لە رێكخستنێكی تازەی ئیداری كرد بۆ توركیا، باسی لەوە كرد، توركیا بچێتە ناو سیستەمی نیمچە ولایەت“.
هەروەها كاتێك لە ئەڵمانیا گەڕایەوە، ئۆزەل بەم شێوەیە باسی لە سیستەمی ولایەت كردووە بۆ توركیا: ”ئەگەر ژمارەی شارەكان ١٠٠ی تێپەڕاند، گەورە شارەكان دەبن بەشاری گەورە، ئێستا توركیا خاوەنی ١٦ شارە كە ئەو تایبەتمەندییەی تێدایە. ئەو ١٦ شارە پەیوەندیی لەگەڵ شارەكانی تردا دەبەستن، بەڵام ئەمە ئامانجی ئێمە نییە، ئێمە دەمانەوێت هەموو شارەكانی توركیا، پەیوەندییان بە گەورە شارەكانەوە هەبێت، ئەمەش بەتێپەڕینی كات روو دەدات، رەنگە سیستەمی ولایەت دەسپێكی ئەو ئامانجە بێت“
دوای ئەو گوتانە، ئۆزەل، وەكوو هەشتەمین سەركۆماری توركیا هەڵبژێردرا.

لە ١٩٩٠دا، وەزارەتی ناوەخۆی توركیا راپۆرتێكی ئامادە كرد، كە لە راپۆرتەكەدا پێشنیار كراوە توركیا بەسەر ١٣ یان ١٥ یان ١٨ ولایەتدا دابەش ببێت و داوا كراوە، بۆچوونی وەزیرەكان وەربگیرێت و دەكرێت سوود لە سیستەمی ولایەتی ئەمریكا وەربگیرێت و هەروەها ژمارەی شارەكانیش بۆ ١٢٠ شار بەرز بكرێتەوە و والی هەر شارێكیش لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت.

ئەوكات عەبدولقارد ئاكسۆی، وەزیری ناوەخۆی توركیا بووە و ئاژانسی (BBC) توركی بڵاوی كردووەتەوە، ئاكسۆی راپۆرتەكەی خستووەتە بەردەم ئۆزەل و ئەویش قبوڵی كردووە.

ئۆزەل، ئەوكاتەی سەركۆماری توركیا بووە و هەروەها ئەوكاتەی سەرۆك وەزیران بووە، باسی لە سیستەمی ولایەت و سیستەمی سەرۆكایەتیی بۆ توركیا كردووە و ویستویەتی بۆچوونی رای گشتی توركیا بزانێت، بەڵام تەمەن رێگەی نەدا، هیچیان بۆ توركیا جێبەجێ بكات.

جەنگیز چاندار، راوێژكاری تایبەتی ئۆزەل، لە نووسینێكدا كە لە نیسانی ٢٠١٣ لە ماڵپەڕی (رادیكال)ی توركی بڵاوی كردەوە، ئاماژە دەدات، ئۆزەل پێی باش بووە سیستەمی توركیا ببێت بە ولایەت و توركیا بەسەر ١٠ ولایەت دابەش ببێت، لەو رێگەیەوە كێشەی كوردیش چارەسەر دەبێت.

چاندار دەنووسێت: ”ئەوەی لە مێشكی ئۆزەل بوو بۆ سیستەمی ولایەت، ٨ یان ١٠ شار، لە ولایەتێكدا كۆ ببێتەوە، كە ناوچەی رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی توركیا (مەبەست باكووری كوردستانە)، لەولایەتێكدا كۆ ببێتەوە. هەروەها ئەوەی لەمێشكی ئۆزەلدا هەبوو، سیستەمی ولایەتی ئەمریكا بوو، كە پێی باش بوو لە توركیا جێبەجێ بكرێت.“

لە هەڵبژاردنی ١٩٩١دا، ئێردال ئینۆنوو، كوڕی عیسمەت ئینۆنوو، سەرۆكی پارتی گەلی سۆسیال دیموكرات (SHP)، لەكارنامەی پارتەكەیدا باسی لە سیستەمی ولایەت نەكردبوو، بەڵام دەرگای بەڕووی ئەو سیستەمدا دانەخستبوو، بەڵكوو گوتی: ”بۆ ئەوەی سیستەمی دیموكراتی ناوەخۆیی بەهێز بێت، باجی ناوەخۆیی و خەرجی ناوەخۆیی دەبێت كۆ بكرێتەوە و یەك سەرچاوە بێت، ئەمە ئەو مۆدێلەیە كە بیری لێدەكەینەوە گەر هاتینە دەسەڵات. هەروەها سیستەمی ولایەتیش بۆ توركیا گفتوگۆی لەسەر دەكەین.“
ئەوكاتەی ئێردال باسی لە سیستەمی ولایەت كرد، پەكەكە چالاكییەكانی لەتوركیا زۆر چڕ كردبووەوە، بۆیە مەهەپە و پارتە راستڕەوەكانی توركیا، بەهەموو شێوەیەك دژی سیستەمی ولایەت وەستانەوە و چەپەكانیان بەوە تۆمەتبار دەكرد، كە بەسیستەمی ولایەت توركیا پارچە پارچە دەكەن و دەوڵەت دەڕوخێنن.

لەسەردەمی ئاكەپەشدا سیستەمی ولایەت هاتەوە بەرباس

لە ٢٠٠٠ توركیا بەقەیرانێكی سەختی ئابووریدا تێپەڕی، ئەم قەیرانە بووە هۆی ئەوەی ئاكەپە هەڵبژاردنی ٢٠٠٢ بباتەوە، بەڵام تا ٢٠٠٧، خۆی لە سیستەمی ولایەت دزییەوە، چونكە دەیزانی نەتەوەپەرستەكان دژی دەوەستنەوە.

بەڵام كەنان ئێڤرەن، خاوەنی بیرۆكەی سیستەمی ولایەت، ئەگەرچی لە زیندان بوو، بەڵام لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی: ”ئەگەر توركیا ببایەتە سیستەمی ولایەت ئێستا زۆر باشتر دەبوو بۆ ئەوەی پێویستییەكانی خۆی دابین بكردایە، باجیشی كۆ دەكردەوە، لە دونیاشدا نموونەی لەو جۆرە زۆرە، وەكوو ئەڵمانیا و ئەمریكا. ئێمە بیرمان لەوە كردبووە كە توركیا بەسەر ٨ ولایەت دابەش ببێت“

لەیلا زانا، سیاسەتمەداری بەناوبانگی كورد، لە ٢٠٠٧، لە ئێغدر وتارێكی پێشكەش كرد و لەوێدا باسی لە سیستەمی ولایەت كرد بۆ توركیا.

زانا گوتی: ”بۆ ئەوەی پرسی كورد چارەسەر بێت، سەرەتا دەبێت لێبودرنێكی گشتی دەربچێت، هەروەها توركیا ببێتە سیستەمی ولایەت و ولایەتی كوردستان دروست ببێت. دەزانم ئەم پێشنیارە بۆ ئەوان تاپۆیە، بەڵام ئەمە تاكە چارەسەرە، چونكە ولایەتی توركیا، نابێتە هۆی دابەشبوونی توركیا.“

لەسەر ئەو گوتانە داوای یاسایی لەسەر زانا تۆمار كرا.
ئەردۆغانیش باسی لە سیستەمی ولایەت كردووە

رەجەب تەییب ئەردۆغان، لە ٢٠٠٣ەوە باسی لەوە كردووە، كە سیستەمی سەرۆكایەتیی بۆ توركیا گرنگە و دەبێت پەیڕەو بكرێت، بەڵام بەفەرمی لە ٢٠١٣ باسی لە سیستەمی ولایەت كردووە بۆ توركیا، كە لەوساڵەدا پرسی چارەسەری لەگۆڕێ بوو.

لە ٢٠١٣ لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا ئەردۆغان گوتی: ”ئەگەر سەیری وڵاتە زلهێزەكان بكەیت، هیچ وڵاتێك نییە ترسی لە سیستەمی ولایەت هەبێت، بەپێچەوانەوە وڵاتە زلهێزەكان بڕوایان بەوە هەیە سیستەمی ولایەت بەهێزیان دەكات و هەروەها لەڕووی دیموكراتیشەوە بەهێزیان دەكات. ئەگەر سەیری دەوڵەتی عوسمانی بكەین، ولایەتی لازستان هەبووە، ولایەتی كوردستان هەبووە، بۆچی لە سەردەمی عوسمانیدا ولایەت هەبووە و عوسمانی لاواز نەبووە؟ بۆچی ئێستا باس لە لاوازی دەكەن؟ باشە مەهەپە نیگەرانە لە سیستەمی ولایەت و باسی ئەوان ناكەم، با جەهەپە بێت و پشتگیری بكات. مەهەپە لەلایەك دەڵێت، ئێمە بەردەوامی بە دەوڵەتی عوسمانی دەدەین، لەلایەكی تر خۆی لە گێلی دەدات لەو شێوازە حوكومڕانییەی عوسمانییەكان.“
بەڵام دوای ئەو دیمانەیە، ئەردۆغان لە میتینگێكدا لە قونیا، پەشیمان بووەوە لەوەی پشتگیری لە سیستەمی ولایەت بكات و گوتی: ”ولایەتە یان فیدڕاسیۆنە ویان فڵان و فڵانە، ئەوانە هیچیان لە رۆژەڤی ئێمەدا نییە.“

ماوەیەكە ئاكەپە و مەهەپە، لەبارەی پرسی چارەسەری یەك بۆچوونیان هەیە، ئەویش چارەسەركردنی پرسی كوردە و بە كردار هاتوونەتە پێشەوە، بەڵام ئایە سیستەمی ولایەت لە رۆژەڤی ئەواندا هەیە؟ ئایە رێگە دەدەن ولایەتی كوردستان لەناو توركیادا بوونی هەبێت، كە ٣٠ ساڵە باسی لێوە دەكرێت و هەرجارە و بەبیانوویەك لەبیر دەچێتەوە.
لەكاتی گفتوگۆكردن لەبارەی پرسی چارەسەری، روون دەبێتەوە كە ئاكەپە و مەهەپە، بەنیازن چی بۆ كورد بكەن و چۆن لە دەستووری تازەدا باسی كورد دەكەن.





Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP