دواین هەواڵ

ئابووریی توركیا خۆی بۆ تڕامپ ئامادە كردووە؟

‌كارزان گلی

10/11/2024

دۆناڵد تڕامپ، بۆ جاری دووەم بووەوە بە سەرۆكی ئەمریكا، ئەمەش تا ئاستێكی زۆر مەترسییە بۆ ئابووریی توركیا، چونكە سیاسەتی تڕامپ، بەدەستهێنانی سەرمایەی بیانییە، شڕۆڤەكارانی سیاسی پێیانوایە ئەمە بۆ توركیا جێی مەترسییە.

هەر ئەو كاتەی تڕامپ بە سەرۆكی ئەمریكا هەڵبژێردرا، لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار بەرز بووەوە، هەروەها نرخی ئاڵتون دابەزی و بیتكۆین ٧٪ بەرز بووەوە. شڕۆڤەكارانی سیاسی پێیانوایە، توركیا دەبێتە یەكێك لەو وڵاتانەی لەڕووی ئابوورییەوە زیانی زۆر پێدەكات، چونكە بەگوێرەی ئەو پلانە ئابوورییەی تڕامپ دایناوە، هەروەها سیاسەتی تڕامپ بەرامبەر بە ئیسرائیل، كە پشتگیرییەكی گەورەی دەكات، ئەمەش هەر بۆ توركیا دەبێتە مایەی سەرئێشە.

پڕۆفیسۆر ئێرهان ئەسڵانئۆغڵو، قسەی بۆ ئاژانسی (DW)ی توركی كردووە و پێیوایە، تڕامپ فۆكەس دەخاتە سەر ئەو پارانەی لە دەرەوەی ئەمریكاوە دێتە ناو ئەمریكا، هەروەها پارێزگاری لە باجی گۆمرگی وڵاتەكەی دەكات، ئەمەش كاریگەریی تەنیا لەسەر چین نابێت، بەڵكوو زیان بە ئابووریی وڵاتانی ئەورووپاش دەگەیەنێت و توركیا دەبێتە یەكێك لەو وڵاتانەی كە دووچاری ئەو زیانە ئابوورییە دەبێتەوە، واتە ئابووریی توركیا دەكشێنێتەوە دواوە.

ئەسڵانئۆغڵو دەڵێت: ”تڕامپ لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنیدا كە باج كەم بكاتەوە، بودجەی سەربازی بەرز بكاتەوە، ئەگەر ئەمە بكات، ئیدی وڵاتان ناتوانن قەرزی دەرەكی وەكوو پێویست بكەن، وڵاتێكی وەكوو توركیا بۆی قورس دەبێت كە سەرمایەی دەرەكی بێتە وڵاتەكەی و ئەمەش كاریگەریی خراپی لەسەر دروست دەكات. لەلایەكی تر، تڕامپ بڕوای بە رێككەوتنی ژینگەی جیهانی نییە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی رێژەی كۆچ زیاد بكات، توركیاش دەبێتە یەكێك لەو وڵاتانەی كۆچی زۆری بۆ دەكرێت و دیاردەی كۆچ زیاتر گەشە دەكات و كێشەی كۆچ بۆ توركیا گەورەتر دەبێت.“

تەنیا لە ٢٠٢٣، ئاڵوگۆری بازرگانی نێوان توركیا و ئەمریكا ٣٠ ملیار و ٦٦٠ ملیۆن دۆلار بووە، ئەمەش بەگوێرەی ئەو ئامارەی دەزگای ئاماری توركیا بڵاوی كردووەتەوە. لەو رێژەیە توركیا ١٥ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار كەلوپەلی ئەمریكی هاوردەی وڵاتەكەی كردووە و بە رێژەی ١٤ ملیار و ٩٠٠ ملیۆن دۆلاریش كەلوپەلی توركیای بۆ ئەمریكا ناردووە.

ئەگەر سەیری ژمارەكان بكەین، لە سەردەمی تڕامپ كە سەرۆكی ئەمریكا بوو، بە بەراورد لەگەڵ بایدن، توركیا لە سەردەمی بایدندا ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیاتری لەگەڵ ئەمریكادا هەبووە.

لە ماوەی ٣ ساڵی سەرۆكایەتیی تڕامپ، توركیا و ئەمریكا بەڕێژەی ٦٤ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانیان كردووە، بەڵام لە ماوەی سێ ساڵی سەرۆكایەتی بایدن، واتە لە ٢٠٢٠ تا ٢٠٢٣، توركیا و ئەمریكا بەڕێژەی ٩٠ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانیان كردووە.

ئەوەی بووەتە مایەی پرسیار، ئایە لە سەردەمی تڕامپدا، توركیا دەتوانێت پارێزگاری لەو ژمارەیە بكات و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئەمریكا برەو پێبدات، یان ژمارەكەی كەم دەبێتەوە؟

تڕامپ، لە كاتی بانگەشەدا بەڵێنیدا، كە ٦٠٪ باج دەخاتە سەر كەلوپەلی چینی كە دەهێنرێتە ئەمریكا، هەروەها بۆ وڵاتانی دەرەوەی چینیش ١٠ بۆ ٢٠٪ باج زیاد دەكات، بۆیە عەدنان داڵگەكڕان، شڕۆڤەكاری ئابووریی دەڵێت، ئەگەر تڕامپ ئەمە جێبەجێ بكات، واتە كۆتایی بە بازاڕی ئازاد لە جیهاندا دەهێنێت.

هەرچەندە رەجەب تەییب ئەردۆغان، بە تڕامپ بڵێت دۆستم و هاوڕێم، بەڵام ئەوكاتەی بەهۆی قەشە بڕۆنسۆن، ناكۆكی كەوتە نێوان توركیا و ئەمریكا، دۆناڵد تڕامپ سزای ئابووریی بەسەر توركیادا سەپاند و لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار دابەزی، هەر ئەو دابەزینە بوو كە لیرەی توركی نەیتوانی خۆی كۆكاتەوە و رۆژ بە رۆژ و هەفتە بە هەفتە لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار هاڕەی كرد، واتە تڕامپ بوو گەورەترین زیانی بە لیرەی توركی گەیاند، بۆیە هەموو پێشبینییەكان بۆ ئەوەن كە هاتنی تڕامپ بۆ كۆشكس سپی، توركیا لەڕووی ئابووریی و سیاسییەوە دووچاری قەیرانێكی زۆر دەكاتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP