دواین هەواڵ

شەڕ لە دەرەوە٫ سەرکوتکردن لە ناوخۆدا

‌حەسەن ئەحمەد مستەفا

پێش 2 هەفتە

ڕژێمەکانی کە گرفتگەلی قوڵیان لە ناوخۆدا هەیە، بە گرفتی نەتەوەیشەوە، لە کاتی تێوەگلانی دەرەوەی سنوردا ، چاویان بەردەوەم لەسەر ناوخۆی کۆمەڵگەکەیانە. نمایشکردنی توندوتیژی بە گشتی دژی ژنان لە ئێرانی ئەمڕۆدا  وەک هۆشدارییەک بۆ ناڕازییە ئەگەرییەکانی دیکە پێشان دەدرێت. 

جەختکردنەوە لەسەر دەسەڵات بەسەر ژناندا ڕێگە بە ڕژێمەکان دەدات کە هێز لە ناوخۆدا بەسەر ڕۆحی کۆمەڵگەدا بسەلمێنن. ئەمە  خستنەڕووی وێنەیەکی نەزم و کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتییە، هەوڵی شەرعیەتدانە بە دەسەڵاتەکەیاندا  بە تایبەتی چونکە ملکەچ پێکردنی ژنان لە مانادا ملکەچپێکردنی  تاک و خێزان و کۆمەڵگەشە، نهێنی بوون و مانەوەی دەسەڵاتی دینیش بوونی دینەکەیە لە بەستێنی ژندا. 

سەپاندنی ڕێسای توندی حیجاب و جلوبەرگ و  بەکارهێنانیان بۆ نیشاندانی ئۆتۆریتەی ناوخۆیی دژی ژنان، پەیامێکی ڕوون بۆ کۆی دانیشتووان دەنێرێت کە ناڕەزایەتی تەحەمول ناکرێت و نیزام لەوپەڕی باڵادەستی خۆیدایەتی. 

ئەمە مێتۆدی تەنیا وڵاتێک نیە بەڵکوو نموونەگەلی دیکەش هەن ڕژێمی تاڵیبان لە ئەفغانستان کە یاسای جل و بەرگی توندی جێبەجێ دەکرد. حکومەتی سعودیە جیاکاریی ڕەگەزی  دەسەپاند.

بۆچی پڕۆژەکردنی توندو تێژی لە ئێستەدا

- نموونەی عێراق و  جەنگی کەنداو  لە 1991 دا و بەزینی لە ئاست دووژمنی دەرەکی، بوو بەهۆی شکانی تابوی دەستەڵاتەکەی لە ناوخۆداو ڕاپەڕینی کوردو شیعەی لێکەوتەوە.

-  ڕژێمی بەشار ئەسەد ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی بەرفراوان بووە و دواجار شەڕێکی ناوخۆی وێرانکەری لێکەوتەوە کە لە ساڵی 2011 سەریهەڵدا، لە کاتێکدا ناڕەزایی ناوخۆیی و داوای چاکسازی سیاسی خواستی خەڵکەکە بوون، تێوەگلانی سوریا لە ململانێکانی ناوچەکەدا، لەوانەش  پشتگیریکردنی لە گروپە چەکدارەکانی وەک حزبوڵڵا لە لوبنان، خەڵکەکەی بێزار کردبوو.

-  ڕژێمی موعەمەر قەزافی لە لیبیا لە ساڵی 2011 لە دوای ڕاپەڕینێکی جەماوەری کە بە دەستێوەردانی ناتۆ پاڵپشتی دەکرا، ڕووخێنرا. 

- ڕژێمی پاوانخوازی سلۆبۆدان میلۆسێڤیچ ڕووبەڕووی ڕاپەڕینی ناوخۆیی بۆوە.  دواجاریش لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا یوگۆسلاڤیا ڕووبەڕووی هەمان دۆخ بووە.  سیاسەتە ڕەگەزپەرستییەکانی میلۆسێڤیچ و تێوەگلانی لە ململانێکانی بۆسنە و کۆسۆڤۆ بووە هۆی گرژیی کۆنتڕۆڵنەکراوی نەتەوەیی و لە کۆتاییدا بوو بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی وڵاتەکه.

- ئەو ڕاپەڕینەی کە بووە هۆی ڕووخانی ڕژێمی حوسنی موبارەک لە ساڵی 2011، بەهۆی تێکەڵەیەک لە ناڕەزایەتی و بێزاری ناوخۆیی و بێزاری لە سیاسەتی دەرەوەی ڕژێم بوو.  هاوپەیمانی نزیکی موبارەک لەگەڵ ئەمەریکا و پشتیوانی لە ئیسرائیل و هەروەها دەسەڵاتی تاکڕەوانەی موبارەک و خراپ بەڕێوەبردنی ئابووری، توڕەیی و نائارامییەکی بەرفراوانی میسرییەکانی لێکەوتەوە.

لەکۆتایدا زیاتر لەوەی پێشبینی دۆخێکی هاوشێوە لە ئێران بکرێت، جەخت کردنەوەیە لە سەر کاریگەری بەرەی جەنگ لەدەرەوەو ڕەنگدانەوەی لە سەر تابۆی دەوڵەتەکان لە ناوخۆدا.
  کە لە هەریەکێک لەم حاڵەتانەدا، ڕژێمە تاکڕەوەکان ڕووبەڕووی ڕاپەڕینی ناوخۆیی بوونەتەوە کە بەهۆی تێکەڵەیەک لە ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان و بێزاری لە تێوەگلانیان لە ناکۆکی دەرەکی بووە ، کەتیایدا حکومەتەکانیان سەروەتی نیشتیمانی لەدەرەوە خەرج دەکەن و هاوڵاتیانی خۆشیان لە هەژاریدا دەژین.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP