دواین هەواڵ

گەڕانەوە بۆ سیستەمی پەرلەمانی لە توركیا هاتووەتەوە بەرباس

‌كارزان گلی

پێش 2 هەفتە

ئەردۆغان بۆ گۆڕینی سیستەم پێویستی بە ریفڕاندۆم نابێت

لە ٢٠١٨ توركیا بە فەرمی سیستەمی پەرلەمانی كۆتا پێهێنا و چووە ناو سیستەمی سەرۆكایەتیی، ئەوكات رەجەب تەییب ئەردۆغان، سیستەمی سەرۆكایەتیی بە دەستكەوت و خۆشگوزەرانی خەڵك وەسف كرد، بۆیە هاووڵاتیان چاوەڕێی ئەوەبوون، لە سیستەمی سەرۆكایەتیدا، ئیدی گەلی توركیا پێ دەنێتە ناو خۆشی، بەتایبەت لەڕووی ئازدای تاك و ئابوورییەوە. بەڵام سیستەمی سەرۆكایەتیی، توركیای نوقمی قەیرانی ئابووریی كرد، بەگوێرەی راپۆرتە جیهانییەكان، لەڕووی ئازادی تاك و هەروەها مافی مرۆڤیشەوە، توركیا لە پاشەكشەی داوە.

لە سەردەمی كەنان ئێڤرەن لە ١٩٨٢ەوە، توركیا ویستی هەبووە بچێتە ناو سیستەمی سەرۆكایەتیی، جیا لە ئێڤرەن، تورگوت ئۆزەل، سەركۆماری پێشووی توركیا، بە كردار ویستی ئەو هەنگاوە بنێت، كەچی پێی نەكرا و شكستی هێنا، بەڵام ئەردۆغان، توركیای لە سیستەمی پەرلەمانی دەرهێنا، كە ١٠٠ بەر لە ئێستا موستەفا كەمال ئەتاتورك بناغەكەی دانابوو، ئەردۆغان بناغەكەی لە بنەوە دەرهێنا و توركیای بەرەو سیستەمی سەرۆكایەتیی برد.
پێناسەیەكی سیاسی هەیە بۆ سیستەمی سەرۆكایەتیی هەر وڵاتێك، ئەوەیش ئەوەیە كە سیستەمی سەرۆكایەتیی، ئەوكات سەركەوتوو دەبێت، گەلی ئەو وڵاتە ئامادە بێت بۆ دیموكراتی و هەزمی دیموكراتییان كردبێت، هەروەها دەستووریش بەجۆرێك بنووسرێتەوە، هیچ بۆشاییەك نەهێڵێتەوە بۆ دروستبوونی دیكتاتۆر، چونكە هەموو ئەو دیكتاتۆرانەی دونیا كە دروست بوون، لە سیستەمی سەرۆكایەتیدا دروست بوون، نموونە هیتلەر، ستالین، سەدام و زۆری تر.

وڵاتێكی وەكوو ئەمریكا، لەوەتەی هەیە سیستەمەكەی سەرۆكایەتییە، بەڵام دیكتاتۆر دروست نەبووە، چونكە گەلی ئەو وڵاتە هەزمی دیموكراتی كردووە و دەستووریش هیچ هەلێكی بۆ دروستبوونی دیكتاتۆر نەهێشتووەتەوە. دەكرێت نموونە بە كۆریای باشووریش بهێنینەوە كە سیستەمەكەی سەرۆكایەتییە، بەڵام دیموكراتیترین وڵاتی دونیایە.

بۆیە كاتێك، توركیا پێی نایە ناو سیستەمی سەرۆكایەتییەوە، بەشێك لە شارەزایانی سیاسی پێیانوابوو، ئەو سیستەمە سەركەوتوو نابێت، چونكە گەلی توركیا هەزمی دیموكراتی نەكردووە، هەروەها ئەردۆغانیش، دەستبەرداری كورسی سەرۆكایەتیی نابێت، چونكە سیستەمی سیاسی وڵاتی گۆڕی تا بتوانێت بۆ ماوەیەكی زۆر بۆ خۆی سەرۆكی توركیا بێت.

گەلی توركیا، تاوەكوو ئێستا هەزمی كورد ناكەن، كە ژمارەیان ٢٤ ملیۆنە و بەشێوەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو ئینكاری بوونیان دەكرێت، جیا لەوەش لە ئایینی ئیسلام زیاتر، هیچ ئاینێكی تر لەو وڵاتە حیسابی بۆ ناكرێت، تەنانەت مەزهەبی عەلەوی كە ژمارەیان ٥ ملیۆنە، یەك سەرۆكی شارەوانیی یان یەك پارێزگاریان لە توركیادا نییە، ئیتر چۆن سیستەمی سەرۆكایەتیی لەو وڵاتە تاكڕەو دروست ناكات و خۆشگوزەرانی بۆ گەل پێیە.

ئەردۆغان، كە لایەنگرانی بە فریادەرس و سەرۆكێكی گەورە ناوی دەبەن، بەردەوام دەڵێت، بڕوای بە دیكتاتۆرییەت نییە، بڕوای بەوە هەیە، سەرۆكەكان لە رێگەی سندوقی دەنگدانەوە بگۆڕدرین، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانیش لە ٢٠٢٤، ئەوەی سەلماند، بەوەی وای دۆڕانی پارتەكەی، لە وتارێكدا گوتی، توركیا بڕوای بە دیموكراتی هەیە و دەبێت خۆیان رێكبخەنەوە و لە توڕەیی گەلی توركیا تێبگەن و بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی خۆیان ئامادە بكەن.

لەبەر دوو هۆكار، ئەگەر زۆرە ئەردۆغان، توركیا بباتەوە ناو سیستەمی پەرلەمانی، چونكە توركیا ئەو توانایەی نییە، بەرگەی سیستەمی سەرۆكایەتیی بكرێت، وەكوو ئەمریكا و كۆریای باشوور، شەش ساڵیشە لەناو ئەو سیستەمەدایە، كەچی توركیا، یەك هەنگاو لەڕووی ئابوورییەوە نەچووتە پێشەوە و لەڕووی مافی مرۆڤیشەوە، بەردەوام لەلایەن وڵاتانی ئەورووپاوە هێرشی دەكرێتە سەر.

یەكەم: دەركەوت لە سیستەمی سەرۆكایەتیدا توركیا ناتوانێت رەوشی ئابووری باش بكات، بەپێچەوانەوە وڵات نوقمی قەیرانی دارایی بووە و برسییەتی رووی لەو وڵاتە كردووە، پێشبینیش دەكرێت لە ٢٠٢٥، رەوشی ئابووری زۆر لەوەی ئێستا خراپتر بێت، ئەمەش كاریگەریی خراپی لەسەر ئاكەپە دەبێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ٢٠٢٨.

دووەم: لە سیستەمی سەرۆكایەتیدا بڕیار هەمووی لای یەك كەسە، ئەویش سەركۆماری توركیایە. ئەردۆغان، تەنانەت ئەگەر پیاوی ئاسنینیش بێت، ناتوانێت بەرگەی ئەو قەیرانە سیاسی و ئابوورییەی وڵات بگرێت، ئەو لەسیاسەتی دەرەوەدا هەموو بڕیارێك خۆی دەیدات، روونیشە توركیا ناكۆكییەكی زۆری لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە لە سیاسەتی دەرەوەدا هەیە، لەڕووی ناوەخۆییشەوە هەموو بڕیارەكان هەر لای ئەوە و لەخۆی زیاتر هیچ كەسێكی تر، بڕیار نادات، ئەمەش ئەردۆغانی ماندوو كردووە و تەمەنیشی بەرەەو هەڵكشانە بەرگەی ئەو هەموو قەیرانە ناگرێت، بۆیە گەڕانەوە بۆ سیستەمی پەرلەمانی، لە بەرژەوەندی گەلی توركیا و خودی ئەردۆغان و پارتەكەیەتی.
بۆ ئەوەی سیستەمیش بكاتەوە بە پەرلەمانی، پێویستی بە ریفڕاندۆم نییە، بەڵكوو لە كۆی ٦٠٠ كورسی پەرلەمان، ٤٠٠ دەنگی بەڵێی هەبێت، سیستەم دەبێتەوە پەرلەمانی و هەموو پارتەكانی ئۆپۆزسیۆنیش، بە دروشمی گەڕانەوە بۆ سیستەمی پەرلەمانی چوونە ناو هەڵبژاردنی ١٤ ئایار، بۆیە لەناو پەرلەمانی توركیا، گۆڕینی سیستەم كارێكی گران نابێت.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP