ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، بە جیاوازییەكی زۆر، توانی لە موراد كوڕووم، بەربژێری ئاكەپە بباتەوە، لە راستیدا دەكرێت بڵێین، ئیمامئۆغڵو، لە رەجەب تەییب ئەردۆغانی بردەوە، چونكە بەكردار ركابەرەكەی ئەردۆغان بوو.
ئەردۆغان، هەموو ئیمكانییەتی حكوومەت و توانای پارتەكەی خستە گەڕ، تا بتوانێت شارەوانیی ئیستانبۆڵ بباتەوە، بەڵام نەیتوانی و سەركەوتوو نەبوو.
راستە ئیمامئۆغڵو، شارەوانیی ئیستانبۆڵی بردەوە، بەڵام لە راستیدا ئەو سەركۆماری بردووەتەوە، چونكە ئەوە یەكلایی بووەتەوە كە ئیمامئۆغڵو، ئیستانبۆڵ بباتەوە، لە ٢٠٢٨، دەبێتە ركابەری ئەردۆغان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی و بەئەگەرێكی زۆرەوە دەیباتەوە.
ئەمجارەیان دەكرێت بڵێین، ئیمامئۆغڵو لە ئەردۆغانی بردەوە، چونكە بە تەنیا و بەبێ پشتگیری ئۆپۆزسیۆنی توركیا، كێبڕكێی لەگەڵ هەموو ئاكەپە و مەهەپەییەكان كرد و بردییەوە، ئەمەش زەنگێكی گەورەیە بۆ ئەردۆغان، كە ئیمامئۆغڵو، چاوی لەوەیە لەسەر كورسی سەرۆكایەتیی كۆمار دانیشێت، نەك كورسی شارەوانیی ئیستانبۆڵ.
یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی شكستی ئاكەپە لەم هەڵبژاردنەدا، قەیرانیی داراییە، میللەتی توركیا هەراس ببوو بەدەست نەبوونیی و گرانی خۆراك، بۆیە لەسەر سندوقی دەنگدان تۆڵەیان لە ئاكەپە و ئەردۆغان كردەوە.
هەروەها لە ئیستانبۆڵ، لاوازی بەربژێرەكەی ئاكەپە، یەكێكی تر بوو لەو هۆكارانەی دووچاری ئەو شكستە گەورەیە ببنەوە.
ئەوەی مایەی نیگەرانییە بۆ كورد، دەم پارتی رای گشتی باكووری هەڵخەڵەتاند، رێككەوتنی نهێنی لەگەڵ جەهەپەدا كردبوو لە ئیستانبۆڵ و ئەنكەرا، بەوەی بەربژێرێكی لاوازیان بۆ ئەو دوو شارە دانابوو، بەتایبەت ئیستانبۆڵ، تا دەنگی كورد بۆ ئیمامئۆغڵو بێت. كەچی بە رای گشتی باكووریان گوت، ئێمە پشتگیری لە هیچ بەربژێرێك ناكەین.
ئەگەر باشاك دەمیرتاش، بەربژێری دەم پارتی بوایە، ئێستا بەربژیرەكەی ئاكەپە، دەنگەكانی لەگەڵ ئیمامئۆغڵو جیاوازی زۆر كەم دەبوو، بەڵام كە باشاكیان كشاندەوە، بەو مەبەستە بوو، كە ئاكەپە نەتوانێت ئیستانبۆڵ بباتەوە.
رەنگە ئەردۆغان، تۆڵە لە دەم پارتی بكاتەوە و شارەوانییەكانیان قەیوم بكات، وەكوو چۆن لە ٢٠١٩ قەیوومی كرد، هەروەها دەرگای زیندانیش بۆ چەند سەرۆك شارەوانییەك بكاتەوە و بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پەكەكە بیانحاتە زیندانەوە.
دەم پارتی، راسپاردەكانی سەلاحەدین دەمیرتاشی بەهەند وەرنەگرت، كە داوای كردبوو، رێككەوتن لەگەڵ ئاكەپەدا بكەن، بەو مەرجەی لەبەرژەوەندی كورد بێت.
لە چەند رۆژی داهاتوو، بە درێژەی شڕۆڤەی هەڵبژاردنتان بۆ دەكەم.