پەندی پێشینان و وتە دانسقەکانی زانایان و حەکیمانی هەر گەلێک یەکێکن لە سەرچاوە گرنگەکانی فێرکردنی نەوە یەک لە دوای یەکەکانی گەلان،بەتایبەتیش بۆ ئەو گەل و نەتەوانەی هێشتا نەگەیشتونەتە ئاستی باڵای بەڕێوربردنی دام و دەزگای ڕێکخراو و ناوەندی بیرکردنەوە و پلان دانانی زانستی.
پەندێکی کوردی خۆمانە هەیە دەڵێ [هەر ئەقڵە و لە خەسارەتێک].
هەروەک لەسەرەتا باسم کرد بە داخەوە گەلی ئێمە یەکێکە لەو گەلانەی هەتا ئێستا نەبوەتە خاوەنی دام و دەزگای بەڕێوەبردنی زانستیانەی سەردەمیانە،بۆیە ناچار بوە لەهەر زیان و خەسارەتێک پەندێک وەرگرێ،واتا ئەو شارەزاییەی بەدەستی هێناوە بەری قوربانی خوێن و ئارەقەی سەدان ساڵەی قوربانیدانی کرداریە.
مایەی داخێکی قوڵە بەری ڕەنجی ئەو هەموو قوربانیە نەبوبێتە پەند و وانەیەکی ئەوتۆ لە ئێستادا ڕێگر بێ لە دوبارە بونەوەی قوربانیەکانمان بە هەمان شێوازی پێشو و خولانەوە لە بازنەیەکی داخراودا.
لە کاتێکدا گەلانی دونیا پلان و بەرنامەی دەیان ساڵەی داهاتوی خۆیان داڕشتوە و بەپێی ڕوداوەکانی ڕۆژ هەمواری میکانیزمەکانی دەکەنەوە.
گەلی فەلەستینیش یەکێکن لەو گەلانەی ئەم ناوچەیە،دەیان ساڵە لە قوربانیدانی بەردەوامدان بەهەمان شێوازی دەستیان پێکردوە بەردەوامن هەتا ئێستا.
چی لە شەڕی غەزەوە فێر بین؟
1-کورد گوتویەتی [مست لە درێشە دەگەڕێتەوە]
یەکێک لە ئامڕازە گرنگەکانی بەردەوامی شەڕ، باڵادەستی لە شەڕەکەدا و مسۆگەرکردنی بردنەوەی شەڕەکە چەک و تەقەمەنی و تەکنۆلۆجیای سەربازی پێشکەوتو و مۆدێرنە.
گاپێکی گەورە لەم بوارەدا لە نێوان حەماس و ئیسرائیلدا هەیە.
ئەوەش لەشەو و ڕۆژێکدا ڕوی نەداوە،سەدان ساڵە جوەکان کار بۆ گرتنەدەستی زانست و تەکنۆلۆجیا دەکەن،لەم بوارەدا توانیویانە نەک هەر پێش حەماس،فەلەستینیەکان و هەموو عەرەب بکەون،بەڵکو کاریگەریان لەسەر بەشی هەرە زۆری جیهانی پێشکەوتو و زل هێزەکانی هەیە.
لە بەرامبەریشدا حەماس،فەلەستینیەکان و عەرەب دەستیان گرتوە بە قوڵایی مێژویی دوری لێوانلێو لە دۆگما و چەق بەستویی سەدە تاریکەکانیان،سەدان ساڵە شیعر و پەخشانی بەسەردا هەڵدەدەن.
2-جیهانی گەلان و هێزەکانی [بەرژەوەندی هاوبەش بەڕێوەی دەبا،نەک هاوسۆزی نەتەوەیی و مەزهەبی].
لە دونیای ئێستای مرۆڤایەتیدا شتێک نیە بەناوی (گەلی ستەم دیدە)،شتێک نیە بەناوی هاوسۆزی و هاوکاری بێ بەرامبەر.
خەڵکی غەزە نابێ سەڕیان بسوڕمێ لەوەی دونیای زل هێز هاوکاری ئیسرائیل دەکەن،نابێ سەریان بسوڕمێ لەوەی دەسەڵاتی فەلەستین،جیهانی عەرەبی و ئیسلامی هاوکاری غەزە ناکەن!
3-پەندێکی عەرەبی هەیە دەڵێ [العین بالعین،و السن بالسن،و البادیو هو الاڤلم]،چاو لە بری چاو،ددان لە بری ددان،ستەمکار ئەوەیە دەستپێدەکات.
حەماس بە دەستپێکردنی شەڕ،هەموو دونیای خستە پاڵ ئیسرائیل،دونیا بون بە دوو بەرەوە،یان پشتیوانی تەواوی ئیسرائیلن،یان بێلایەنن،بە جیهانی عەرەبی و ئیسلامییشەوە.
4-هێز لە یەکێتیدایە
لە کاتێکدا حەماس بەشێکی بچوکی فەلەستینیەکانە،لە ڕابوردودا ئەوەندەی فەلەستینی کوشتوە لە شەڕە ناوخۆییەکانیدا،ئەوەندە جوی نەکوشتوە،[بە مەزهەب سونە و بە هێز شیعە].
لە بەرامبەردا جوەکان نەک هەر لە ئیسرائیل بەڵکو لەسەرتاسەری جیهان وەک یەک پورە هەنگ لە یەک سیستمی زانستی پلان بۆ داڕێژراودا کار بۆ پێشکەوتن و سەرکەوتنی ئیسرائیل دەکەن،سەرەڕای ئەو هەموو جیاوازیە چینایەتی و ئایدیۆلۆجیەیان لە سکەی دیموکراتی ناوخۆیان دەرناچن،ڕۆژێک نەمانبینی لەسەر دەسەڵات شەڕێکی ناوخۆییان ببێ.
5-کەمینەیەکی یەکگرتوی پشت ئەستور بە زانست و تەکنۆلۆجیا، زۆرینەیەکی پەرش و بڵاوی دواکەوتو دەبەزێنێ.
لەم جیهانە پان و بەرینەدا جوەکان یەک دەوڵەتیان هەیە،لە کاتێکدا عەرەب زیاتر لە 23 بیست و سێ دەوڵەتیان هەیە،جیهانی ئیسلامی تەنها ئەو دەوڵەتانەی لە ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامیدا ئەندامن 57 پەنجاو حەوت دەوڵەتن،جگە لەئەوانەی ئەندامی ئەو ڕێکخراوە نین.
ژمارەی جوەکان ناگاتە 15 پازدە ملیۆن،لە کاتێکدا تەنها فەلەستینیەکان 14 چواردە ملێۆن زیاترن،کۆی عەرەبیش لە 450 چوارسەد و پەنجا ملیۆن زیاترن،کۆی مسوڵمانانیش نزیکەی 2 دوو ملیار دەبن.
6-زۆر و بۆر یان کەم و پوخت
داهاتی ساڵانەی ئیسرائیل نزیکەی 450 چوارسەد و پەنجا ملیار دۆلارە،لەو بڕە پارەیە ساڵانە نزیکەی 4.5 چوار ملیار و نیوی لە لێکۆڵینەوەی زانستی خەرج دەکات،دام و دەزگای زانستی پلانی خەرجکردن و چاودێری خەرجکردنی دەکەن،بەرهەمی ئەوە چارەگێکی خەڵاتی نۆبڵ جوەکانن،لە کاتێکدا عەرەب یەک لەسەدیان بەدەست نەهێناوە.
لە بەرامبەردا تەنها داهاتی ساڵانەی سعودیە زیاترە لە 900 ملیار دۆلار،بەکۆی وڵاتە عەرەبیەکان هێندەی ئیسرائیل پارە لە لێکۆڵینەوەی زانستی خەرج ناکەن.
7-شێوازی حوکم و دەسەڵاتداری
دەسەڵاتدارانی وڵاتە عەرەبیەکان یان پاشایەتی و بنەماڵەیی پشتا و پشتن،یان بە کودەتای سەربازی و پشتی دەرەکی دەسەڵاتیان گرتوەتە دەست.
لە کاتێکدا بە درێژایی 75 ساڵی تەمەنی دەوڵەتی ئیسرائیلی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا دوانەکەوتوە،دەیان جاریش هەڵبژاردنی پێشوەختەیان ئەنجامداوە،هیچ دەسەڵاتدارێک نەیتوانیوە بۆ یەک ڕۆژیش تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە.
8-مرۆڤ و مافەکانی مرۆڤ
سەرەڕای ئەو هەموو دەوڵەمەندیەی جیهانی عەرەبی و ئیسلامی،سەدان ملیۆن عەرەب و ئیسلام لە وڵاتەکانیان هەڵدێن و ڕو لە وڵاتانی تر دەکەن یان لە برسان یان لە ترسان.
لە وڵاتانی ئەوروپی بڵاوبونەوە یان ئاودەست پاک دەکەنەوە یان دەستە و گروپی ماڤیاییان دروست کردوە.
کۆی سەروەت و سامانی ئەو وڵاتانە لە لایەن دەسەڵاتدارە ناشەرعیەکانیانەوە قۆرغکراوە،بەشێکی زۆری بۆ خۆشگوزەرانی خۆیان و خێزانەکانیان و دارو دەسەتەکانیان خەرج دەکەن،بەشێکیشی دەدەنە زل هێزەکانی دونیا وەک بەرتیل بۆ پاراستنیان،بەشێکی کەمیشی بۆ وڵاتەکەی خۆیان خەرج دەکەن.
لە بەرامبەردا لە کۆی دونیاوە جوەکان کۆچیان بۆ ئیسرائیل کردوە،تەنها جویەک نادۆزیەوە لە بەر بێ کاری و ستەم ئیسرائیلی جێهێشتبێ و لە وڵاتان بۆ ژیان ئاودەستی ئەوروپیەکان پاک بکاتەوە.
بە پێچەوانەوە ئەو جوانەی لە دەرەوەی ئیسرائیلن کەسانی کاریگەری سیاسی،ئابوری،زانستین و لۆبییەکی بەهێزی جولەکەن لە سەرتاسەری دونیا.