دواین هەواڵ

دەستی خراپەکاریی لە هەورامان

‌خالد سلێمان

24/02/2023

هەر جارێک چوومەتە هەورامان، گوێم لە چیرۆکی کەسێک بووە، کە چۆن ناوچەکە لە سیمای سروشتی و ژینگەیی و کولتووری خۆی دوور دەخرێتەوە. ئەو جوڵەو گوشت و گوزارە ڕێکنەخراوەی لەسەر هەورامانە، لەگەڵ ئەوەی لە ڕوویەکەوە سوودی بۆ ئابووری خۆجێی دانیشتوان هەیە، بەڵام ئەگەر دوورمەودا تەماشای بکەین، زیانێکی زۆری لێدەکەوێتەوە. بەهاری پێشوو پیاوێکی هەورامی باسی ئەوەی بۆ کردم هەنگەکانی کەمبوونتەوەو بەرهەمیشیان وەک جاران نەماوە، لەدووری چەند مەترێکەوە پیاوێکی تر باسی وشکبوونی حەوزێکی بۆ دەکردم کە کەس بیری ناکەوێتەوە بەوشکی حەوزەکەی بینیبێت.

بەشێکی کەمی تێکچوونی ژینگەو سروشتی هەورامان پەیوەندی بە هۆکارە سروشتییەکانەوە هەیە وەک کەمیی دابارین و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، بەشە زۆرەکەی ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە چالاکییەکی مرۆیی ڕێکنەخراوەوە کە زیان بەسەرچاوە سروشتییەکانی ناوچەکە دەگەیەنێت؛ بەتایبەتی سەرچاوەی دارودرەخت و ئاو.

لەلایەکی ترەوە قسە لەوە دەکرێت دەستی کۆمپانیای تایبەت گەیشتبێتە (زەڵم) بە ڕێگەو چەمەوە تا دەگاتە سەرچاوەکە، تیایاندا گوندە دێڕینی ناوچەکە کە بەشێکی زۆر گرنگن لە یادەوەری تەلارسازی هەورامان و هەروەها پەنجەمۆری کۆمەڵگەی هەورامانی لە هونەری خۆڕسکی تەلارسازیدا. هەندێ وێنەو ڤیدیۆ گەواهی ئەو ڕاستییە ئەدەن کە دەستی خراپەکاریی گەیشتووەتە ناو دڵی هەورامان، ئەگینا ئەو چی یاساییەکە ڕێگ بەڕووخاندنی کەلەپوورێکی دێرینی ناوچەکە ئەدات.

ئەو ماڵە کوردانەی هەورامان وا دەڕووخێنرێن، ماڵی ئاسایی نین و تەنها بەشێکیش نین لە کەلەپوور، بەڵکو کۆڵەکەیەکی ژینگەیی ناوچەکەن، بەرگەی سەرماو گەرما دەگرن، زیانیان بۆ ژیان و ژینگەو دارو بەرد نیە، چونکە خۆیان بەشێکن لە خاک و خۆڵ و ئاوهەوای هەورامان. بەڕووخاندنیان، لە تەمەنی ژینگەی هەورامان کەم دەکرێتەوە. لە بنەڕەتدا ناوبانگی هەورامان لەو هارمۆنیی نێوان چیاو قەدپاڵ و هونەری خۆڕسکی بنیادنان و تەلارسازیدایە.

ئەرکی هەموو لایەکە ئەم گەنجینەیە بپارێزرێت، لە پێش هەموویانەوە کۆمەڵگەی خۆجێیی هەورامان خۆی، چونکە حکومەت و دام و دەزگاکانی هیچ پلانێکی دوورمەودای ژینگەییان نیە، کۆمپانیاکانیش ئەگەر بۆیان بکرێت لە ڕۆژێکدا هەموو کوردستان دەکەنە پارەی نەختی و دەیخەنە ئەژمارە بانکییەکانی خۆیانەوە.

ئالنگارییەکی تری ناوچەی هەورامان گەیشتینی ئۆتۆمبێلە بەهەموو شوێنێک، ئەمەش دژی هەموو پرانسیپەکانی گەشتوگوزاریی ژینگەییە، چونکە جادەو بان و جوڵەی ئۆتۆمبێل زیانێکی زۆر دەگەیەنێت بە سیستمی ژینگەیی ناوچە سروشتییەکان. ئەو ئەرکی پارێزگای هەڵەبجەیە بڕیار لەم بارەیەوە بدات و ڕێگە لەم خراپەکارییە بگرێت کە دژی ژینگەی ناوچەکە ئەنجام دەدرێت، بۆ نموونە داخستنی رێگەی ئۆتۆمبێل بۆ سەرچاوەی ئاوی زەڵم. تەنانەت بڕیاێکی لەم شێوەیە کاریگەری تەندروستی باشی لەسەر گەشتیارانیش دەبێت، چونکە بڕینی ئەوە ڕێگەیە بەپێ دەبێتە وەرزش بۆیان و زیانیش بەناوچەکە ناگەیەنێت.

لەدەرەنجامی جوڵەیەکی زۆر لەسەر ناوچەکە، ژمارەی ڕیستۆرانت و دوکان و کۆگای بازرگانیی بەشێوەیەکی بەرچاو لە هەورمان زیادی کردووە. ئەمەش بووەتە هۆی بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری سفرەی نایلۆنی سەفەری و عەلاگەی پلاستیک، بەشێکی زۆریشیان ڕاستەوخۆ دەخرێنە ناو چەم و ئاوی ناوچەکە. ئەمەش بووەتە هۆی قەیرانێکی ژینگەیی بێوێنە بۆ ناوچەکەو پێویستی بەبڕیارو کاری دەسبەجێ هەیە. بەپێچەوانەوە کانیاوەکانی هەورامان دەبنە شۆربای پلاستێک.

لە کۆتاییدا، من باسی یاساو ڕێسایەک دەکەم ناوچەکە بپارێزێت نەک قەدەغەکردنی کارو کاسبی! پرسیارەکەش ئەوەیە: ئایا قەدەغەکردنی پلاستێک لە ڕیستۆرانتەکاندا ڕێگە لە کاسبی دەگرێت؟ ئایا چوون بۆ سەرچاوەی ئاوی زەڵم بەپێ ڕێگە لە کاسبی دەگرێت؟ ئایا هێشتنەوەی ماڵە کۆنەکانی هەورامان وەک کەلەپوورێکی نیشتمانیی ڕێگە لە کاسبی دەگرێت؟


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP