دواین هەواڵ

کورد و ھاوڕێکانی !

‌شیروان تاڵیب

27/07/2021

 کاتی خۆی چونکە ھەر بەو کەژ و کێوانەوە بووین و ئەوەی ئەھات قۆڵی ئەبڕین ، ئەیانووت تەنیا چیاکان ھاوڕێی کوردن ! بەس لەوەتای لە شارداین و بەبێ ( ئێمە ) زۆر شت ھەیە ناکرێ و بیشکرێ نوقسان ئەبێ ، ئەوەی دێ ، پێمان ئەڵێ ئێمەش ھاوڕێتانین !

ھاوڕێیەتی لە سیاسەتدا ، وەک ئەو ھاوڕێیەتیە نیە کە لە فیلمی ھیندی ( شوعلە )دا ھەیە ! ھی سیاسەت یەکسانە بە مەسڵەحەت ،، مەسڵەحەتێک ئەیھێنێ و مەسڵەحەتێکیش ئەیبا ، خۆ ھەندێکجار وا ئەیبا ، وەک ئەوەیە کە ھەر نەبووبێ ! کۆنسۆڵی پێشووی ئەمریکا لە ھەولێر کە خواحافیزی کرد وتی : کورد دوو ھاوڕێی ھەیە ، چیاکان و ئەمریکا ! نازانم بۆچی قسەی ئەو کابرا ئەمریکییەم پێ ئاسایی نیە ،، باشە بۆ نەیووت : کورد یەک ھاوڕێ ، یان ھاوڕێیەکی ھەیە ، ئەویش ئەمریکایە ، ئیتر ئەم شاخ و داخە چی بوو وا خستیە ڕستەوە ؟!

ئەو قسەیەی حوسنی موبارەک ( گوایە ) وتووییەتی ئەوەی بە ئەمریکا خۆی داپۆشێ ھەمیشە ڕووتە ، ھەم وایە و ھەم واش نیە ،،، وایە ، چونکە ئەمریکا وێڵی نفووزە و نفووزیشی بۆ پاراستنی خۆی ئەوێ ، کەی و لەکوێ بزانێ ئەھێنێ ئەدائی خۆی و مەھامی ھاوڕێکانی بگۆڕێ ، پرس ناکا ، ئەیگۆڕێ !

واش نیە ، چونکە ئەمریکا ڕاستە بە مەعنای ھەموو کەلیمەیەک گەورەیە ، بەڵام ھێشتاش ئەنواع و ئەشکاڵ ھاوپەیمانی ئەوێ ،، ھاوپەیمانێک کە ئەسڵەن گرنگ نیە گەورە بێ یان بچووک ، گرنگ ئەوەیە بایی ئەوەندە بەھێز بێ کە سووچێکی ئیشەکانی بۆ بگرێ و بەشی خۆیشی بپچڕێ !

ئێ بایی ئەوەندەش لەبار بێ ، نەبێ بە بار بەسەر پشتیەوە ، چونکە لەو حاڵەتەدا ، ئەمریکا ناچار ئەبێ لەکۆڵ خۆیی بکاتەوە و دایبگرێ ! ئەمریکا لەو ڕاھێنەرە ئەچێ کە لە گۆڕەپانی گەمەکەی وردئەبێتەوە ، ھەر ھێڵێک بە لاواز ببینێ ، بە گۆڕینی لاعب ، خطە ئەگۆڕێ ،، ئیتر گوێ بە بۆڵەبۆڵی لاعب نادا چی پێ ئەڵێ ! چۆن و بەچی ش وەسفی ئەکا ، تەققەی سەری دێ ، ئەو گۆڵی ئەوێ ! ( ئێوە جگە لە ئەمریکا ، شاخیش ھاوڕێتانە ) ، کابرا بەسەراحەت ئەمەی پێووتین و ڕۆیشت ،،

خۆی ئەم قسەیە بەدیوێکدا وەسفە ،، وەسفی ئازایەتیی ئێمەیە لە ھەڵگەڕان بە شاخ ، لەپێناوی ماف ! بەدیوێکیشدا زەمە ،، زەمێک کە پێمان ئەڵێ ئێوە جگە لە شاخەکان و ئێمە ، ھیچ ھاوڕێیەک کە پشتگەرم بن پشتتان ئەبێ ، نیتانە ! بەڵام جگە لە وەسف و لە زەم ، زەنگێکی ئاگادارکردنەوەیشە ،، مامەعنا ئەگەر خۆتان ( چاک ) نەکەن و ماڵەکەی خۆتان ( ڕێک ) نەخەن ، ئەوا ھاوڕێیەتی ئێمەتان نامێنێ و ئەوەی بۆتان ئەمێنێتەوە ، تەنیا ھاوڕێ کۆنەکەتانە ،، چیاکان .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP