دواین هەواڵ

کێشەی ئاو لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران

‌شێروان برایم خواز

12/06/2021

ئاو بە ڕەگەزێکی پڕبایەخ دادەنرێت بۆ بەردەوامی ژیان، گرنگیەکەی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاددەکات  لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و پێشکەوتنی  بوارەکانی شارستانی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی.

وە زۆربەی شارەزایان وادەڕوانن کە جیھان  بەگشتی و خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی  ڕووبەڕووی گەورەترین کێشەی کەمی ئاو دەبێتەوە ویەکێکە لەسەرچاوەکانی ململانێ و ھەڵگیرسانی جەنگ بەتایبەت ئەو وڵاتانەی دواکەوتون و ھیچ پلانێکیان نیە  بۆ چۆنیەتی گلدانەوەی ئاو. 

ھەروەھا دەبێتە مایەی ھەڵکشانی کێبڕکێ و ململانێ لە دۆخی تێکچونی  بەرژەوەندییەکانیان لە نێوان دەوڵاتاندا و بەکارھێنانی ڕووبار لە بەشەکانی سەرەوەی و دەستبەسەراگرتنی ڕێڕەوی ئاوی و کۆنترۆڵکردنی ھەمیشەی لەژێر دەستی ئەو دەوڵەتانە دایە کە لەبەشی سەرەوەی ڕووبارەکەن بۆیە ھەلومەرجی لەم شێوەیە پێویستی بە ڕێکخستن ھەیە  بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکان..

سنووری عێراق لەبەشی  خۆرھەڵاتی (١٣٠٠) کم سنوریەتی لە گەڵ ئێران ئەم ڕێژەیەش بەشێکی ھەرە زۆری دەکەوێتە سنوری ھەرێمی کوردستان لە بەشی خۆرھەڵاتی سنوری ھەرێمی کوردستان ،ئەم سنوورەش بە درێژترین سنوری  عێراق دادەنرێت لەگەڵ  وڵاتە درواسێکانی  وە ئاڵۆزترین  سنووریشە لە ناوچەکەدا کە وشکانی تێیدا %٩٤ وە لە %٦ ئاو پێک دەھێنێت. 

 بە درێژایی سنووری نێوان ئێران و ھەرێمی کوردستان (٢٧ ) رووباری ھاوبەش ھەیە کە لە ئێرانەوە ھەڵدەقوڵێن گرینگترینیان ڕووباری زێی بچووک و رووباری سیروانە  کە بەنداوی دوکان و دەربەندیخانیان لەسەر دروستکراوە و رووباری ئەڵوەند یەکێکە لە رووبارە کێشە لەسەرەکان  سەرھەڵدانی ئەم کێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٠٥بەھۆی گەڕانەوەی گۆمی سوماڵ لەسەر سنور بۆ ئێران لەبەرامبەر ھەریەکە لەناوچەی (ھۆرین) و(قۆرەتوو)بۆ عێراق, تالەسەردەمی شا(محەمەد ڕەزای پەھلەوی) لەساڵی ١٩٦٠ گەیشتە ڕێژەی وشک بوون بەھۆکاری سیاسی.پاشان دوای شەش مانگ جارێکی تر ئاوەکە بەردرایەوە.

سەرەتای ناکۆکیەکان لە نێوان ھەردوو ووڵات دەستی  پێکردووە دوای ئەوەی بەربەستی (خەسرەوی) لە دیوی ئێران دروست کرا، زۆربەی ھەرەزۆری ئاوی ئەڵوەنی گلدایەوە لەخاکی ئێران .
رووبارەکانیش بەپێ ی شوێنی جوگرافیان  بەسەر سنووری ھەرێمی کوردستان و ئێران دابەشبوون بەم شێوەیە: لە ناوچەی سلێمانی ( چۆمەکانی بەناوە سووتە، بانە، قزلجە،  کەوڵە، زێی بچووک، چەمی بیارە و بەشێکی زۆر لە رووبارەکانی سنوری قەزای پشدەر و ماوەت .
ناوچەی گەرمیان ( رووباری سیروان، چەمی زەمکان، عەباسان، قۆرە توو، ئەڵوەن، ئابی نەفت، کەنگیر، ترساق، گەنجان چەم، جان کولان.

ئێران بە مەبەستی فشاری سیاسی و ئابوری ھەستاوە بە درووستکردنی چەندین بەنداو لەسەر ئەم  رووبارانەوە جگە لەوە ئێران  ھەوڵدەدات ڕێرەوی ئەم روبارە نە گۆڕێت، ئەوەش دەبێتە مایەی گۆڕینی ڕێڕەوی سروشتی ئەو ڕووبارانە ھەروەھا کاریگەرییەکی خراپ دەکاتە سەر ھەرێم وعیراق دەبێتە مایەی دابڕانی ئاودێری لە ڕووبارەکان کەمبوونەوەی بڕەکانی کە دەگاتە ھەرێمی کوردستان دواتریش دەبێتە ھۆی لەناوچوونی پرۆژە کشتوکاڵیەکان و پڕۆژەی بەخێوکردنی ماسی وکارگە پیشەسازییەکانی دروستکردنی بیناکاری، کە پشت بە ئاوی ڕووبارەکان دەبەستن بەتایبەت ناوچە سنورییەکانی بەشی خۆرھەڵاتی پارێزگای سلێمانی.

لە گرینگترین ئەو پرۆژانەی کە ئێران درووستیکردووە لەسەر ئەو ڕێرەوە ئاوییانە کە سەرچاوەکەی لە خاکی ئێران ھەڵدەقوڵێت دەڕژێتە عێراقەوە ئەمانەن: پرۆژەی گلدانەوەی قشڵاخ  و پرۆژەی بەنداوی کرژال و پرۆژەی بریسۆ .کە بونەتە ھۆی کەمبونی ئاو لە ناوچەکە، ئێران لەسەر ئاوی (رووباری گۆڕە توو) ھەستاوە بەدروستکردنی بەنداو کە نزیکەی ( ٦ م٣ /چرکە) – (٣ م٣ /چرکە ) کەمیکردوە بەمەش زیانێکی زۆری ھەبووە بۆ سەر زەوی کشتووکاڵی. 

جگە لەوە ئێران لە ساڵانی  پێشوودا  کاریکردوە وتائێستاش کاردەکات بۆ ئەوەی ئاوی سیروان بگوازێتەوە بۆ (کەرخە) (٣٠٠٠٠٠) ھێکتار زەوی کشتوکاڵی ئاودێری دەکات لە ڕێگای بەنداوی کرمانشان . 

لە گرینگترین ئەو ئاوانەی کێشەیان لەسەرە لە نێوان ھەرێمی کوردستان – ئێران ئەمانەن: (رووباری گۆڕە توو  و چەمی بناوە سووتە) کە ئێران بە بێ ھەماھەنگی لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان چەند بەنداوێکی بچووکی لەسەر درووستکردون  کە بووەتە ھۆی کەمبوونی داھاتی ئاو لە ھەرێمی کوردستان. 

لەدواترین پڕۆژەی  حکومەتی ئێران ھەستا بە گرتنەوەی ئاوی زێی بچوک کە یەکێکە لە پێنج لقە سەرەکیەکانی رووباری دیجلە و پڕبایەخترین رووبارە لە پارێزگای سلێمانی بۆ پڕۆژە کشتوکاڵیەکان ( ماسی – ئاژەڵداری – باخداری )ھتد.

زێی بچوک: لە چیاکانی لاھیجانی ڕۆژھەڵاتی کوردستانەوە ھەڵدەقوڵێ لەنزیک گوندی ماشان دێتە خاکی عێراقەوە، زێی بچوک لە دوو لقی سەرەکی پێکدێت یەکێکیان چەمی تیت، کە لە ناوچەی سنوری نێوان عێراق و ئێران دروست دەبێ، دووەمیان چەمی ماوەت، قەلاچۆلان کە لە ھەردوو لقی سیوەیل و گوگاسور پێکدێت.

کاتێک لەنزیک گوندی بەردەین بەیەک دەگەن، زێی بچوک دەشتەکانی پشدەر و قەڵادزێ دەبڕێت و بە دەربەندی ڕانیەدا کە بەنداوی دوکانی لەسەر درووست کراوە.

حکومەتی ئێران  لسەر زێی بچوک لە خوار گوندی کۆلسە  بەنداوێکی دروست کردوە کە دەکەوێتە بەشی رۆژئاوای شاری سەردەشت بەدوری ٢٠ کم لە سنوری نێو دەوڵەتی عێراق – ئێران بە مەبەستی برەودان بە کشتوکال و بەرھەمھێنانی کارەبا کە بەرزیەکەی ١١٧ م نزیکەی ٤٠٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاودەگرێت و بە کۆتا ھاتنی بەنداوەکە ١٥٠ مێگاوات کارەبا بەرھەم دەھێنێت،

نزیکەی ١١ ساڵە کاری تێداکرێت  و نزیکەی ١٠ کەس گیان لە دەستداوە لە دروستکردنی ئەم پرۆژەیە و لە ماوەی ٢ ساڵی دیکە کۆتای بەکارەکانی دێت و بەتەواوەتی دەکەوێتە کار.  تاوەکوو بەنداوەکە پڕ دەبێت لەسەدا ٧٥ ئاو کەم دەکات بۆ ناوچەکانی پشدەر  ، و لە کاتی پڕ بوونیشی تەنھا لە سەدا ٢٥ کەمدەکات ، وە حکومەتی ئێران بەتەمایە لە چەند ساڵی ئایندەدا پلانی گلدانەوەی ئاو دابڕێژێت بۆ دەریاچەی ئورمیە.

بەمەش گەر حکومەتی ھەرێم بە ماستەر پلانێکی بەنداوی کار نەکات مەترسییەکانی کەم بوونی ئاو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاد دەکات ، سیاسەتی ئاوی ئێران ئاسەواری خراپی لەسەر پەیوەندی نێوان ھەرێم و ئێران  جێدەھێڵێت ، چونکە ئێران زیادەڕەوی لە سوود وەرگرتن لە ئاوی سەر سنورەکان کردوە و ڕێککەوتنەکانی سەبارەت بە چۆنیەتی سوود وەرگرتن لە ڕێرەوە ئاوییە سنوورییەکانی پێشلکردووە.

ڕەنگە لە چەند ساڵی ئایندەدا گەورەترین گرفتی ئاو توشی ھاوڵاتیان ببێت بەتایبەت ئەو ناوچانەی پشت بە ئاوی زێی بچوک دەبەستن و وە پەلەکردن لەتەواوکردنی ئەو بەنداوە پێشنیارکراوانەی سنوری قەزای پشدەر کە لەساڵی ٢٠٠٩ حەوت پڕۆژەی دروستکردنی بەنداوی بۆ پێشنیارکراوە وبڕیاری دروستکردنیان دراوە بەڵام تاوەکوو ئێستا  دەست بەجێکردنی نەکراوە ..

لە گرنگترین ئەو بەنداوانە ھەردووبە نداوی دەڵگەو بەنداوی بەلکە

یەکەم:  بەنداوی دەڵگە  بە دووری بەدووری  ١٩.٥ کم لە سنووری ئێران( لە سەر زێیی بچوک بوونیاد دەنرێت کە دەکەێتە بەشی باشووری خۆرھەڵاتی گوندی دەڵگە و باشووری خۆرھەڵاتی شاری قەڵادزێ .

دووەم: بەنداوی بەلک دەکەوێتە سەروی ڕووباری ژاراوە, کە لقێکە لە لقەکانی زێی بچوک  لەڕوی جوگرافیەوە دەکەوێتە باکوری خۆرھەڵاتی شاری قەڵادزێ.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP