ئەوەی لە جرفی سەخەر ڕوویدا، ڕێککەوتنێکی پێشوەختە لەنێوان زەیدی، سلێمان قاآنی و هێزە شیعەکان بووە. بۆیە، شێوازی چوونە ناو جرف سەخەر زۆر ڕوون و ئاشکرایە و زیاتر لە نمایشێکی سیاسی دەچێت تا هەنگاوێکی کردەیی بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت.
بەو هەنگاوە نمایشییە زەیدی دەیەوێت چەند ئامانجێک دەستەبەر بکات
یەکەم،لە ڕاستیدا، زەیدی دەیەوێت ئەو وێنەیە پیشان بدات کە دەسەڵاتی دەوڵەت لەسەر گرووپە میلیشیاکان دەسەپێنێت، لە کاتێکدا ئەوەی لە جرف سەخەر ڕوویداوە هیچ پەیوەندییەکی بە چەکداماڵینی ئەو گرووپانەوە نییە
دووەم: زەیدی دەیەوێت بەو هەنگاوە وێنەی سەرۆکوەزیرانێکی بەهێز لەبەردەم ئەمریکا و ڕای گشتی پیشان بدات؛ سەرۆکوەزیرانێک کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە میلیشیاکانی هەیە. سێیەم: دەیەوێت بە تۆم باراک و ئیدارەی ترەمپ پیشان بدات کە هەوڵ دەدات نفووزی ئێران و دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکان لە عێراقدا لاواز بکات.بەلام تاکوو ئێستا کردارەکانی زیاتر بۆ فریودانی ئەمریکایە.
لە هەمان کاتدا، هێزە شیعەکانیش لە ڕێگەی ئەم نمایشەوە دەیانەوێت ئەو وێنەیە دروست بکەن کە پرۆسەی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت لەسەر گرووپە چەکدارەکان لە خۆیانەوە دەستی پێکردووە و دەکرێت جێگەی تریش بگرێتەوە. بوویە، لەوانەیە ئێران ، هەندێک لە هێزە شیعەکان و گرووپە نزیکەکانی ئێران بیانەوێت بە تێکەڵکردنی کارتەکان، ئاراستەی سەرنجی ڕای گشتی لە سەر گرووپە چەکدارەکانەوە بگۆڕن و زەیدی هان بدەن ئاراستەی گوشارە سیاسی و ئەمنییەکان روولە هەرێمی کوردستان بێت.هەرچەندە ئەم سیناریۆیە ئاسان نییە و رووبەرووی کاردانەوەی توندی هەرێم و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت و هەروەها دیار نییە زەیدی بە ئاسانی دەکەوێتە ناو ئەم تەلەیە یان خود نە.