دواین هەواڵ

بۆ هەڵوەشاندنەوەی بناغەی وڵاتێک، هیچ ئامرازێک وردتر و دڵنیاتر لە دابەزینی بەهای دراو نییە

‌شەهرام عەلی کاژۆ

1 کاتژمێر پێش ئێستا

 دابەزینی بەهای دراو هەموو هێزە ئابوورییە شاراوەکان لەو پڕۆسەی لەناوچوونەدا بەکاردەهێنێت و ئەم کردارەش بەجۆرێک ئەنجام دەدات کە تەنانەت یەک لە ملیۆنان کەسیش هەستی پێناکات.

دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دەتوانێت داهاتی زیاتر بە دینار بۆ خەزێنەی دەوڵەت دروست بکات، بەڵام سامانێکی ڕاستەقینەی نوێ بۆ کۆمەڵگا دروست ناکات. بەشی گەورەی بارەکە بە شێوەی گرانی دەگوازرێتەوە بۆ خێزانەکان. لەبەر ئەوە، هەر پاساوێکی دارایی دەبوو لەگەڵ هەڵسەنگاندنی ئاشکرای کاریگەریی کۆمەڵایەتی و پلانی پاراستنی هاوڵاتییان پێشکەش بکرایە. پێوەری سەرکەوتنی سیاسەتی ئابووری ئەوەیە خەڵک بتوانن بە داهاتیان بژین، نەک بە بڕیارێک خەزێنە بە دینار پڕتر بکەن و سفرەی خێزانەکان بچووکتر. 

هەر خۆی ماوەیەکی کەمە ئەم سیستەمی ئەسیکۆدایە نرخی هەموو کاڵاکانی بەڕێژەی ٢٠ -٢٥٪ بەرزکردۆتەوە و بە پاساوی ڕێکخستنی دەروازەکان و یەکخستنی گومرگ، باجی زیادتریان خستۆتە سەر هەموو کاڵا هاوردەکراوەکان. ئێستاش بە دابەزاندنی نرخی دینار لە بودجەی ٢٠٢٧ نزیکەی ١٥٪ ی تر لە مووچە و داهاتی هاوڵاتیان کەم دەکەنەوە، ئەمە واتە لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا نزیکەی ٣٥-٤٠٪ی توانای هاوڵاتیان بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان کەم دەبێتەوە. 

دەرهاوێشتەکانیش تەنها بە گرانبوونی کاڵای هاوردەکراو سنووردار نابن. بەرهەمهێنەری ناوخۆییش کە ماددەی خاو، ئامێر یان پارچەی یەدەگ هاوردە دەکات، تووشی زیادبوونی تێچوو دەبێت. لە هەمان کاتدا، کەمبوونەوەی توانای کڕینی خەڵک دەتوانێت فرۆشتن لاواز بکات و فشار بخاتە سەر کار و بازرگانیی بچووک. بەم شێوەیە، مەترسییەکە کۆبوونەوەی گرانی و لاوازیی خواستە.

بەرپرسانی حکومەتی هەرێم لە ئاستە جیاوازەکاندا دەبێت نیگەرانی و ناڕەزایی خۆیان بە ڕوونی بەرامبەر بەم بابەتە دەرببڕن، ئەو هەڵوێستەش دەبێت بە داواکاریی بۆ پێداچوونەوە بە بڕیار و پاراستنی مووچەخۆران و کەم‌داهاتان و لێپرسینەوەی پەرلەمانی بگاتە ئەنجام. لە ناوخۆی هەرێمیش، پێویستە هەر لە ئێستاوە چاودێریی بازاڕ و ڕێگریکردن لە زیادکردنی بێ‌پاساوی نرخ دەستپێ بکرێت.

هاوڵاتیان لە هەرێمی کوردستان و هەموو پارێزگاکانی عیراق مافی ئەوەیان هەیە داوای پاراستنی بژێوی ژیانیان لە حکومەتەکەی زەیدی  بکەن، نابێت تێچووی بڕیار و سیاسەتێکی دارایی ببێتە بارێکی گران و بەرگەنەگیراو بەسەر ژیانیاندا و بەبێ لێپرسینەوە و ڕێکاری دادپەروەرانە، قەبولی بکەن. دەربڕینی ناڕەزایی ئاشتییانە و داواکردنی پێداچوونەوە بەم بڕیارەش بەشێکن لەو مافە.
Dr- Shahram Ali Kazho (د. شەهرام عەلی کەژۆ)

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP