دواین هەواڵ

ڕوانگە و دیپلۆماسیەتی سەرۆک (نێچیرڤان بارزانی)

‌كاروخ خۆشناو

4 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەوەندەی من لە روانگە و بەرنامەی سەرۆک (نێچیرڤان بارزانی) تێگەیشتووم، بە تایبەت لە دوای دەستبەکاربوونی جەنابیان وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، تەواوی دیدار و چاوپێکەوتنە فەرمیيەکانی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، سەلمێنەری ئەو راستیيەن کەوا جەنابیان پابەند بووە بەو روانگە و بەڵێنانەی کە لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی یاسایی لەرێکەوتی (10-6-2019)وەکوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەستبەکار بوو. لەو رێورەسمەدا نێچیرڤان بارزانی، به‌ گوتارێك بەرنامە و روانگەی خۆی بۆ چوار ساڵی داهاتوودا خستە ڕوو و وتی: "سەرجەم کوردستانیانی ئازیز دڵنیا دەکەمەوە کە سەرۆکایەتیی هەرێم چەتری یەکڕیزی و کۆکەرەوەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و پێکهاتە ئیتنی و ئایینییەکان دەبێت، بە جیاوازی بیر و بۆچوونەکانیانەوە، لە پێناو ژیانێکی ئاشتییانە و ئارامیی گەلی کوردستاندا. هەرێمی کوردستان موڵکی هەموو کوردستانیانە بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە. سەرۆکایەتیی هەرێمیش سەکۆی ئیرادە و خواست و مافەکانیان دەبێت بەبێ هیچ جیاکارییەک؛ بۆ هەمووان دەبێت و بە یەک چاو سەیری هەمووان دەکرێت."
لەم دەرفەتەدا هەوڵدەدەم لە ڕێگای بەرجەستەکردنەوەی بەشێک لە دیدگا و روانگەکانی جەنابیان لە قۆناغ و وێستگە جۆراوجۆرەکان، گوزارشت لە بیر و بۆچوونەکانم بکەم سەبارەت بە دونیابینی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی.

● سیاسەتی داننان بە فرەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و تەبایی وەک پێشمەرجی پێشكەوتن:
ئەمە راستیەكی تاڵە كە پەرتەوازەیی و ناتەبایی كورد لە ناوخۆدا هۆكارێكی نەگەیشتنی بووە بە مافەكانی. نەیارانی كورد سەرەڕای دژایەتیكردنی راستەوخۆیان بە هەموو توانایانەوە، هەمیشەش دەستیان خستۆتە نێو ماڵی كوردەوە و پەرتەوازەیان كردوون، چونكە زۆر باش ئەو راستیە دەزانن، تەنانەت گەر ژینگەی نێودەوڵەتی و بارودۆخێكی نیمچە لەبارەیش بۆ كورد بێتە پێشەوە، گەر ئەوان بتوانن كورد پەرتەوازە بكەن، رێگر دەبێت لەوەی كورد خەونی لەمێژینەی بكاتە راستی. ئەم قسەیە بۆ واقعی ئێستای هەرێمی كوردستانیش راستە.
لەم خولەدا تێگەیشتن و تەبایی لە نێوان سەرۆکی هەرێم جەنابی (کاک نێچیرڤان بارزانی) و جێگرانی سەرۆک بەڕێزان (کاک شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) و (کاک مستەفا سەید قادر) بەدیدكرا، بە جۆرێك كە سەرۆکایەتی هەرێم بووە چەتری کۆکەرەوەی هەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، لەگەڵ بوونی هارمۆنیایەكی تەواو، ئەمەش ئاماژەیەكی تەواو گەشبینانەیە بۆ رۆڵی ئایندەی ئەو دامەزراوە گرنگەی هەرێمی كوردستان، كە ترۆپكی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە.
لەم چوارچێوەیەدا پێویستە هەمیشە ئەو ڕاستیەمان لەبەر چاو بێت کە نهێنیی ئەو پێشکەوتن و سەقامگیریەی (هەرێمی کوردستان) بە بەراورد بە عێراق و ناوچەکە، تەبایی و یەكڕیزیي بووە، بەتایبەت لە نێوان هەردوو هێزی باڵادەستی ئەم هەرێمە، كە (پارتی و یەكێتی)ن، چونکە پێشکەوتنی هەر وڵاتێک، ڕاستەوخۆ بەندە بە سەقامگیری (سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵايەتی) ئەو وڵاتەوە، کەواتە دەتوانین بڵێین (پێشکەوتن و تەبایی) دوو ڕووی یەک دراون.
ئەمەش تایبەتمەندی بەنرخی سیاسی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بووە کە هەمیشە خەریکی رەخساندنی زەمینەیەکی لەبار بووە، بۆ تەبایی و یەکڕیزی لە نێوان لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بەگشتی و لە نێوان (یەكێتی و پارتی) بەتایبەتی. بە مانایەکی تر دەتوانین بڵێین جەنابی سەرۆکی هەرێم هەوڵەكانی چڕكردۆتەوە و فۆكەسی تەواوی خستۆتە سەر ئامانجێكی پڕبایەخ، كە بەدیهێنانی ئەم یەكڕیزی و تەباییەی نێو ماڵی كورد و نێوان لایەنە كوردستانییەكانە، ئەمەش لە سۆنگەی تێگەیشتن لە گرنگی و بایەخی ئەم یەكڕیزییە و ئەو كاریگەرییە گەورەی هەیەتی لەسەر سەقامگیریی و بەرەوپێشچوونی ئەم هەرێمە. 
کەواتە ئەگەر بە عەقڵێکی کراوە خوێندنەوەیەکی ئەکادیمی بۆ بارودۆخی کوردستان بکەین، دەبینین لە قۆناغەکانی پێشودا ئەوە سەلمێنراوە کە نزیکی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بووە، چەندەی ئەو لەیەكترنزیبوونەوەیە زیاتر بووبێت، بارودۆخی كوردستان سەقامگیرتر و ئارامتر بووە. ئەم حەقیقەتە پێچەوانەكەشی هەر راستە، هەستیارترین بارودۆخی هەرێم لەو كاتانەدا بووە، كە مەودای نێوان لایەنەكان (بەتایبەت پارتی و یەكێتی) زۆر بووە. 
ئەزموونی سەرۆکاتیی نێچیرڤان بارزانی ئەوەی زیاتر دەرخست کە جەنابیان بڕوای پتەوەی بەوە هەیە دەبێت جیاوازییەکانی یەکتر (لە هەموو ڕوویێکەوە) قبوڵ بکەین، چونکە ناکرێت هەموومان بە یەک شێواز بیر بکەینەوە، بۆیە ڕێزگرتن لە جیاوازییەکانی یەکتر ئەرکی هەموولایەکمانە و بەم هۆیەشەوە دەتوانین پێشبکەوین و ئەم قۆناغە بەسەرکەوتوویی تێپەڕێنین.

● دیموکراسی و مافی مرۆڤ وەک پرەنسیپ و لەهەمانکاتیشدا وەکوو ستراتیژی سەرۆک نێچیرڤان بۆ بونیاتنانی هەرێمێکی بەهێزتر:
لەسەر ئاستی برەودان بە پرسەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ، هەرێمی کوردستان ئەو دیفاکتۆ هەمەڕەنگەیە کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەگشتی ئومێدی لەسەر هەڵچنیووە، بۆ ئەوەی ببێتە نموونەیەکی جوانی دیموکراسی و پێکەوە ژیان و فرەیی و مافی مرۆڤ بۆ هەموو ناوچەکە، بە تایبەت لە دوای برەوسەندنی توندوتیژییە مەزهەبیەكانی عێراق و پاشانیش پەلاماری داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەكی عێراق، هەرێمی كوردستان بووە پەناگەیەكی ئارام بۆ چەندین نەتەو  و ئاین و مەزهەبی جیاواز، لە نموونەی (عەرەب و توركمان و ئێزدی و كریستیان و كاكەیی و شەبەك و...هتد)، بەمەش نموونەیەكی جوانی نیشانی جیهاندا، لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا هەمیشە دەستخۆشی لە هەرێمی كوردستان كراوە و پەنجەی ستایش و پیاهەڵدانی بۆ درێژكراوە.
 لەسەر ئاستی سەقامگیری ئەمنی و دژایەتیکردنی تیرۆر، هەرێمی کوردستان ئەو ناوچە ئارامەیە، کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی متمانەی پێیەتی و بەتەواوی پشتی پێ دەبەستێت، ئەم متمانەیەش بەهۆی قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگە لە رووبەڕووبونەوەی داعشدا دروست بووە، كە هەمیشە وەك شەڕێك دژ بە تاریكی و بۆ بەرگریی لە دیموكراسی و مافی مرۆڤ، لە بری جيهانی ئازاد لە قەڵەم دراوە.
لەم نێوەندەشدا هەرێمی کوردستان وەک (ئەکتەرێکی نادەوڵەتی) دەکرێت ببێتە نموونەیەکی جوانی دیموکراسی لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەک چۆن بووەتە هەرێمێکی گەشەسەندوو لە چوارچێوەی عێراقدا. ئەم دیدگایە لە رابردوو و لە ئێستاشدا هەمیشە لەلایەن سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی لەسەر کراوەتەوە.

● سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و دیپلۆماسیيەتی هاوسەنگ:
 (دیپلۆماسیيەتی هاوسەنگ) بریتیە لە ستراتیژی راگرتنی باڵانس لە نێوان کۆمەڵێک وڵات و لایەنی یار و نەیاردا. ئەم ستراتیژیەتە لەلایەن بەشێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان لەسەر بنەمای (بەرژەوەندی هاوبەش) پێڕەو دەکرێت، سەرۆک نێچیرڤان بارزانیش لە ئێستادا هەوڵدەدات هەمان ستراتیژی جێ جێبەجێ بکات، بەو مانایەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی هەوڵدەدات هەموو هێلکەکانی نەخاتە یەک سەبەتەوە، بەڵکو دەیەوێت دابەشیان بکات بە سەر چەند سەبەتەیەکدا، ئەمەش ڕێگا ڕاستەکەیە، چونکە لە ڕابردوودا کورد چەند جارێک هەموو هێلکەکانی خستۆتە یەک سەبەتەوە، بەم هۆیەوە ڕووبەڕووی شکستی گەورە بۆتەوە، بۆیە گرتنەبەری ستراتیژی (دیپلۆماسیيەتی هاوسەنگ) لەسەر بنەمای (بەرژەوەندی هاوبەش) لە قۆناغەکانی ئێستا و داهاتوشدا باشترین ستراتیژە بۆ پاراستن و بەرەوپێشچوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
پاراستنی هەرێمی کوردستان پێویستی بە راگرتنی باڵانسی ناوخۆیی و هەرێمایەتی هەیە. پرسی ئاسایش و سەقامگیریی بە تەنها لە دەستی دەسەڵاتی خۆجێیيدا نیە، رەهەندێکی ئیقلیمی و جیۆپۆلەتیکیشی هەیە. فراوانکردنی بەشداریی، کرانەوەی سیاسی و ئابووری، رەخساندنی دەرفەت، حوکمڕانی باش و رۆڵی یاسا و دامەزراوەی مۆدێرن؛ ئەو مەرجانەن کە دەبێ لەناوخۆدا هەبن بۆ ئەوەی ئاسایش، سەقامگیریی و گەشەکردن بەردەوام بێت.
رۆڵی سەرۆك (نێچیرڤان بارزانی) لە راگرتنی ئەم هاوسەنگیە هەرێمایەتیە روون و ئاشكرایە.  لە زۆر هەڵوێستی جیاوازدا لە رێگای پەیوەندیە بەرفرەوانەكانی و جموجۆڵە دیپلوماسیەكانی توانیویەتی فشاری وڵاتانی هەرێمیی و تەنانەت بەغداش لەسەر هەرێمی كوردستان كەم بكاتەوە و دەروازەیە بۆ دەرچوون لە دۆخە چەقبەستووەكان بدۆزێتەوە. هەروەک چۆن لە وتاری دەستبەکاربونیدا جەنابیان وتی: " ئەرکی سەرۆکی هەرێم دەبێت، ڕێ خۆش بکات و زەمینەسازی بکات بۆ لێکنزیکبوونەوەی هەرێم لەگەڵ دراوسێکان، بۆ گەشەپێدانی ئابووری و بازرگانی و بەهێزکردنی پەیوەندیی دیپلۆماسی و دۆزینەوەی چارەسەری هاوبەش بۆ گرفت و بەرژەوەندیی هاوبەش. ئەم جۆە کارکردنانە هیچ کات نابێتە مەترسی بۆ عێراق، بەڵکوو دەبێتە هۆی بتەوکردنی دۆستایەتی و پەیوەندیی دراوسێیەتی لەگەڵیان. پاراستن و گەشەپێدانی پەیوەندیی هەرێم لەگەڵ دۆستان و هێزی نێودەوڵەتی، کە مانەوە و سەقامگیریی هەرێمیان مەبەستە و بە بەرژەوەندیی دەزانن، ئەرکی سەر شانی سەرۆکی هەرێمە. هەموومان دەزانین بەبێ هاوکاری و هەماهەنگی و فریاگوزاریی هێزی نێودەوڵەتی، داعش دەیتوانی زیانێکی گەلێک زیاتر بە کوردستان و عێراق و جیهانیش بگەیەنێت."


ئەنجام:
لەکۆتاییدا بەپێی ئەزموونی کارکردنی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەتوانین کرۆکی روانگە و سیاسەتی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەئاستی ناوخۆیی و دەرەکیدا بەم شێوەیە پۆلین بکەین:

1. پراگماتیبوون لە سیاسەتکردن.
2. راگرتنی هاوسەنگی لەسەر ئاستی ناوخۆ و ناوچەکە و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان.
3. قبوڵکردنی جیاوازییەکان و هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی مافی پێکهاتەکان.
4. لێهاتوویی و لێزانی لە پڕۆسەی گفتوگۆ و دانوستان و مامەڵەکردنی دیپلۆماسی لەگەڵ یار و نەیاردا.
5. هونەری ڕازیکردن و کۆکردنەوەی لایەنە ناکۆکەکان لەسەر یەک مێز.
6. رووخۆشی و  قسەخۆشی لەگەڵ هەمووان، لە نێوانیاندا رۆژنامەنوسان، كە هەمیشە پەیوەندی تۆكمەی لەگەڵیاندا هەبووە، ئەمەش لە سۆنگەی باوەڕبوونیان بە گرنگی رۆڵی میدیا.
7. بوونی عەقڵیەتی دەوڵەتداری و شوێنپەنجەی لە پڕۆسەی نیشتیمانسازیی و مرۆڤسازییدا روون و بەرچاوە.
1. پابەندبوون بە پرنسیپ و دیسپلینی نەتەوەیی و نیشتیمانی.
9. بوونی تۆڕێکی پەیوەندی بەرفراوان لەسەر ئاستی ناوخۆ و ناوچەکە و جیهان، بە هۆی ئەم تایبەتمەندییەشیانەوە هەمیشە كەسایەتییەکی سیاسی پەسەندكراو بووە لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان و لە عێراق و ناوچەكەشدا بە گشتی.
10. خاوەن بڕیار و هەڵوێستی پێویست و یەكلاكەرەوە بووە لە ساتە هەستیار و رۆژە سەختەکاندا.
11. خاوەنی کاریزمایەکی تایبەت و سەرنج ڕاکێش. 
12. پشتگیرێکی سەرسەختی مافەکانی مرۆڤ و ئافرەتان و لاوان و خوێندکاران و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بووە.
13. بەئاگا و چەلەنـگ و خاوەن پێشبینی بووە سەبارەت بە رووداوە سیاسیەکانی گۆڕەپانی ناوچەکە و جیهان.
14. دڵسۆز لەگەڵ یار، نەرم بەڵام بوێر و بەهەڵوێست لەگەڵ نەیاردا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP