شی جینپینگ ،سەرۆکی چین
شی جینپینگ، سەرۆکی
کۆماری گەلی چین، وتارێکی سەرەکی لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆنفرانسی جیهانیی ژیریی دەستکردی
٢٠٢٦ و کۆبوونەوەی ئاستی باڵا بۆ حوکمڕانیی جیهانیی ژیریی دەستکرد پێشکەش کرد، کە ڕۆژی
هەینی لە شاری شانگهای ١٧ی تەمموزی ٢٠٢٦لە ڕۆژهەڵاتی چین بەڕێوەچوو
--
حەفتا ساڵ لەمەوبەر،
کۆمەڵێک زانای گەنج بۆ یەکەمجار چەمکی ژیریی دەستکردیان ،لە وۆرکشۆپی دارتمۆت لە نیوهەمپشایەری
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشنیار کرد. لە ٧٠ ساڵی دوواتردا، زانایان و توێژەرانی
ژیریی دەستکرد لە سەرانسەری جیهاندا سەرکێشییان کردە ناو ئەم خاکە نەزانراوەوە، لە
نێوان هەوراز و نشێوەکاندا بەرەو پێش چوون، و بە ڕەنج و کۆششی بەردەوام سەرکوتنی گەورەیان
بەدەستهێنا. ئەمڕۆ و دوای حەوت دەیە، لە ناوەڕاستی شەپۆلی نوێی گەشەسەندنی ژیریی دەستکرددا،
ئێمە لە کەناری ڕووباری هوانگپۆ کۆبووینەتەوە بۆ تاوتێکردنی چۆنیەتی پەرەپێدانی ژیریی
دەستکرد لەسەر ئاستی جیهان، بە ئاراستەیەکی ئەرێنی، بۆ چاکە و لەپێناو مرۆڤایەتیدا.
هەموو ئەمانە کۆبوونەوەکەمان بە غایەت گرنگ دەکەن. بە ناوی حکومەت و گەلی چینەوە،
بەخێرهاتنێکی گەرمی هەمووان دەکەم.
لە ڕەوتی مێژوودا،
داهێنانی بزوێنەری هەڵمی مزگێنیبەخشی شارستانیەتی پیشەسازی بوو، دەستڕاگەیشتنی بەربڵاو
بە کارەبا کۆمەڵگەی مۆدێرنی ڕووناک کردەوە، و لەدایکبوونی ئینتەرنێتیش تەواوی جیهانی
پێکەوە بەستەوە. هەر یەکێک لەم شۆڕشە تەکنەلۆژیانە بە قووڵی شێوازی کار و ژیانی ئێمەیان
سەرلەنوێ داڕشتەوە و بازدانێکی گەورەیان لە گەشەپێدانی ئابوری و کۆمەڵایەتیدا
دروست کرد.
ئەمڕۆ گۆڕانکارییە
گەورەکانی جیهان کە لە سەدەیەکدا نەبینراون، خێراتر دەبن. خولی نوێی شۆڕشی تەکنەلۆژی
و گۆڕانی پیشەسازی بە خێراییەکی زیاتر بەرەو پێش دەچێت، و جیهان چووەتە ناو قۆناغێکی
بێپێشینە لە داهێنانی چالاک لە تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرددا. پەیوەستبوونی ژیرانە،
هاوکاریی نێوان مرۆڤ و ئامێر، تێکەڵبوونی کەرتە جیاوازەکان، داهێنان و بەشداریکردنی
هاوبەش، لەگەڵ تەکنەلۆژیا ژیرەکانی تر، هێزێکی بێپایان دەبەخشن. هەموو ئەمانە لە
ناو خۆیاندا دەرفەتی گەورە و هاوکات تەحەدییاتی قورسیان بۆ حوکمڕانی پێیە.
ئێمەی مرۆڤ دەبێت
وەڵامی پرسیارەکانی سەردەمەکەمان بدەینەوە:
چۆن لەگەڵ ئامێرە
بیرکەرەوەکاندا هەڵسوکەوت بکەین؟
چۆن ئاسایش مسۆگەر
بکەین کاتێک ئەلگۆریتم دەبێتە بەشێک لە بڕیاردان؟
چۆن لە ڕێگەی
حوکمڕانیی گونجاوەوە ڕووبەڕووی تەحەدییە ئەخلاقییەکانی تەکنەلۆژیا ببینەوە؟
چۆن ژیریی دەستکرد
بۆ هەمووان بەدی بهێنین کاتێک درز و جیاوازییەکان خەریکە فراوانتر دەبن؟
ئەم پرسیارانە
پێویستیان بە بیرکردنەوەی جدی و وەڵامی ڕاستەقینە هەیە لەلایەن تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە
له ڕوانگهی
چینهوه، پێویسته ههموو وڵاتان ڕێبازێکی مرۆڤ-تەوەر بگرنەبەر و ژیریی دەستکرد بۆ
لایەنی ئەرێنی و بۆ چاکە گەشە پێبدەن. پێویستە مسۆگەری بکەین کە ژیریی دەستکرد بزوێنەرێکی
گرنگ بێت بۆ خۆشگوزەرانیی هاوبەش و ئاسایشی گشتی. پێویستە دەست لەناو دەست بنێین بۆ
بنیاتنانی سیستمێکی دادپەروەرانە و یەکسان بۆ حوکمڕانیی جیهانیی ژیریی دەستکرد. بۆ
ئەم مەبەستەش، دەمەوێت چوار تێبینی و پێشنیار بخەمە ڕوو:
یەکەم: پێویستە پابەند
بین بە پرەنسیپی کراوەیی و دەستکەوتی هاوبەش و پەرە بە گەشەپێدانی داهێنان-تەوەر
بدەین. ژیریی دەستکرد وەک بزوێنەرێکی نوێی گەشەی ئابوری جیهان و خێراکەرێک بۆ گۆڕینی
هێزەکانی گەشەکردن، لە جیهانی دیجیتاڵییەوە بەرەو جیهانی فیزیایی هەنگاو دەنێت. پێویستە
ئەم دەرفەتە مێژووییە دەگمەنە بقۆزینەوە بۆ هاندانی سەرچاوەی کراوە، هاوکاری و بەشکردن.
پێویستە ئاسانکاری بۆ داهێنانی تەکنەلۆژی، گەشەپێدانی پیشەسازی و بەکارهێنانی ژیریی
دەستکرد لەسەر بنەمای سیناریۆ جیاوازەکان بکەین. دەبێت پێشوەچوونی هەماهەنگ لە گۆڕانکاری
و بەرزکردنەوەی ئاستی پیشەسازییە نەریتییەکان، پەروەردەکردن و گەشەپێدانی پیشەسازییە
سەرهەڵداوەکان و پلانی داهاتووخوازی بۆ پیشەسازییەکانی دواڕۆژ ئەنجام بدەین، بە جۆرێک
کە هەموو کەرت و کۆمپانیاکان بتوانن لە ژیریی دەستکرد سوودمەند بن.
دووەم: پێویستە هۆشیاریی
مەترسییەکان بەهێز بکەین و مسۆگەری بکەین کە ژیریی دەستکرد پارێزراو و کۆنترۆڵکراوە.
پێویستە ژیریی دەستکرد ئامرازێکی جێی متمانە بێت بۆ مرۆڤایەتی. پێویستە بە جدی سەیری
جۆرە جیاوازەکانی مەترسییە بنەڕەتی و لاوەکییەکان بکەین کە ژیریی دەستکرد دەکرێت بیوروژێنێت.
پێویستە یاسا و ڕێساکان، چاودێریی تەکنەلۆژی، سیستمی هۆشداریدان و وەڵامدانەوەی خێرا
لە کاتی نەخوازراودا دابڕێژین، ئەمەش بە مەبەستی بەهێزکردنی هێڵی ئاسایش، ڕێگریکردن
لە خراپ بەکارهێنان و بەکارهێنانی زیانبەخش، و دڵنیابوون لەوەی کە ژیریی دەستکرد هەمیشە
لەژێر کۆنترۆڵی مرۆڤدایە. لە هەمان کاتدا، پێویستە پێکەوە دژایەتی فراوانکردنی لەڕادەبەدەری
چەمکی ئاسایشی نیشتمانی بکەین لە بواری ژیریی دەستکرددا، و دژی ئەوە بوەستینەوە کە
ئاسایشی وڵاتێک بخرێتە سەرووی ئاسایشی وڵاتانی ترەوە.
سێیەم: پێویستە هانی
گشتگیری بدەین و پەرە بە فێربوونی هاوبەشی نێوان شارستانیەتەکان بدەین. نابێت گەشەپێدانی
ژیریی دەستکرد و بەکارهێنانەکانی، هەمەجۆریی شارستانیەتەکانی جیهان یان تایبەتمەندیی
کولتووری وڵاتە جیاوازەکان کاڵ بکاتەوە یان لەناوی ببات. پێویستە بەهاکانی ژیریی دەستکرد
بە بەها هاوبەشەکانی مرۆڤایەتی دابڕێژین، و تەکنەلۆژیاکانی ژیریی دەستکرد بە باشی
بەکاربهێنین بۆ زیادکردنی لێکتێگەیشتن، لێبوردەیی، ئاڵوگۆڕ و بەشداریکردن لە نێوان
سەرجەم شارستانیەتەکاندا. پێویستە بە وریاییەکی زۆرەوە خزمەتی باخچەی شارستانیەتەکان
بکەین بۆ ئەوەی دڵنیا بین لەوەی جوانیی هەر شارستانیەتێک بەرز دەنرخێنرێت و بەش دەکرێت.
چوارەم: پێویستە داکۆکی
لە هاوپشتی بکەین و حوکمڕانیی جیهانی باشتر بکەین. ژیریی دەستکرد سەرمایەیەکی بێهاوتایە
کە حیکمەتی بەکۆمەڵی مرۆڤایەتی تێدا کۆبووەتەوە. پێویستە فرەلایەنیی ڕاستەقینە پەیڕەو
بکەین و دان بە ڕۆڵی گرنگی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بنێین. پێویستە هەماهەنگی و ڕێکخستن
لەسەر ستراتیژییەکانی گەشەپێدانی ژیریی دەستکرد، ڕێساکانی حوکمڕانی و پێوەرە تەکنیکییەکان
بەهێز بکەین، تا لە زووترین کاتدا چوارچێوەیەکی حوکمڕانیی جیهانیی لەسەر بنەمای کۆدەنگی
پێکبهێنین، بۆ ئەوەی ئەم تەکنەلۆژیا پێشەنگە باشتر خزمەتی مرۆڤایەتی بکات. دەبێت
هاوکاریی نێودەوڵەتیی بەربڵاو ئەنجام بدەین و یارمەتی وڵاتانی باشووری جیهان ، بدەین
لە بنیاتنانی تواناکاندا، بۆ پڕکردنەوەی درزەکانی ژیریی دەستکرد و دیجیتاڵی، بەدیهێنانی
گەشەپێدانی بەردەوام، و ڕێگریکردن لە دروستبوونی نادادپەروەرییەکی مێژوویی نوێ لە
سایەی ژیریی دەستکرددا.
ئەمساڵ سەرەتای
١٥هەمین پلانی پێنج ساڵەی چینە. ئەم پلانە نەخشەی پەرەپێدانی ئابوری و کۆمەڵایەتیی
چین بۆ پێنج ساڵی داهاتوو دیاری دەکات و دەرفەتی گەورە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەڕەخسێنێت.
لە ساڵانی ڕابردوودا، چین بە قۆڵی کراوەوە باوەشی بۆ ژیریی دەستکرد كرتووەتەوە. ئێمە
پەرەمان بە کارلێکی نێوان بازاڕێکی کارامە و حکومەتێکی چالاک داوە، داهێنانی ژیریی
دەستکردمان بەهێز کردووە، بە شێوەیەکی چالاک "دەستپێشخەریی ژیریی دەستکرد پڵەس
-مان بەرەو پێش بردووە، و کۆسیستمێکی تەندروستمان بۆ گەشەکردنی پێکەوەیی هەموو قەوارەکان
بنیات ناوە. ئێستا بەهای پیشەسازییە بنەڕەتییەکانی ئابوریی ژیر لانی کەم 1 تریلیۆن
یەنی چینییە. ئامێرە ژیرەکان لە بێشومار ماڵاندا بەڕاستی بژێوی خەڵکیان باشتر
کردووە. "پیشەسازیی ژیر" لە چین بووەتە نیشانەیەکی تری درەوشاوەی مۆدێرنکردنی
چینی.
هاوکات، چین
گرنگییەکی زۆر بە سەلامەتی و ئاسایش لە گەشەپێدانی ژیریی دەستکرددا دەدات. بە تێگەیشتنێکی
قووڵ لە ئاراستە و لۆژیکی گەشەپێدانی ژیریی دەستکرد، ئێمە بە بەردەوامی یاسا، ڕێساکان،
سیاسەتەکان، میکانیزمەکان، بنەماکانی بەکارهێنان و پرەنسیپە ئەخلاقییەکان باشتر دەکەین،
بۆ ئەوەی دڵنیا بین لەوەی ژیریی دەستکرد سەلامەت، پارێزراو و کۆنترۆڵکراوە، و ئەم
ئەسپە ڕەسەنەی ژیریی دەستکرد بە خێرایی و هاوسەنگی غار دەدات
وەک وڵاتێکی گەورە
و بەرپرسیار، چین هەمیشە پابەندە بە دابینکردنی کاڵا گشتییە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەندیدار
بە ژیریی دەستکرد. لەو کاتەوەی دەستپێشخەریی حوکمڕانیی جیهانیی ژیریی دەستکردم پێشنیار
کردووە، چین پشتگیری لە پەسەندکردنی بڕیارنامەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان
کردووە لەسەر "بەهێزکردنی هاوکاریی نێودەوڵەتی لە بنیاتنانی تواناکانی ژیریی
دەستکرددا" بە کۆدەنگی؛ هەروەها "پلانی چالاکیی بنیاتنانی تواناکانی ژیریی
دەستکرد بۆ چاکە و بۆ هەمووان"ی بڵاوکردووەتەوە، "دەستپێشخەریی هاوکاریی
نێودەوڵەتیی ژیریی دەستکرد پڵەس"ی ڕاگەیاندووە، و داکۆکی لە دامەزراندنی
"ڕێکخراوی جیهانیی هاوکاریی ژیریی دەستکرد -کردووە.
چین بە شێوەیەکی بەردەوام
بەشداری لە حوکمڕانیی جیهانیی ژیریی دەستکرددا دەکات
ئێمە لە چین زۆرجار
دەڵێین: "تاکە تەلێک ناتوانێت مۆسیقا بژەنێت، و تاکە دارێک نابێتە
دارستان." گەشەپێدانی ژیریی دەستکرد نابێت نمایشێکی سۆلۆ (تاکەکەسی) بێت لەلایەن
یەک وڵاتەوە، بەڵکو دەبێت سۆنفۆنیایەکی هاوکاریی نێودەوڵەتی بێت. بەهۆی هەوڵە هاوبەشەکانمانەوە،
ڕێکخراوی دەستپێشخەریی حوکمڕانیی جیهانیی ژیریی دەستکرد لە شانگهای لەدایکبوو. بینینی
ساڵێک لەمەوبەرمان ئێستا بووەتە ڕاستی. ئەمە هەنگاوێکی گەورەی چینە بۆ وەڵامدانەوەی
داواکارییەکانی باشووری جیهان و یەکخستنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدانی بەهێزی
ژیریی دەستکرد و حوکمڕانییەکەی. ئەمە وەرچەرخانێکی گرنگ دەبێت لە مێژووی گەشەسەندنی
ژیریی دەستکرددا،بۆ پشتگیریکردنی زیاتری گەشەپێدانی جیهانیی ژیریی دەستکرد و پێشخستنی
بنیاتنانی تواناکانی، لێرەوە ڕایدەگەیەنم کە لە پێنج ساڵی داهاتوودا، چین ئەم هەنگاوانە
دەنێت:
یەك:دابینکردنی
٥،٠٠٠ دەرفەت بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو لە پرۆگرامەکانی ڕاهێنان و سەمیناری تایبەت
بە ژیریی دەستکرد.
دوو:گەشەپێدانی
سەنتەرە نێودەوڵەتییەکانی هاوکاریی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لەگەڵ ڕێکخراوەکانی:
ئەسیان ، کۆمکاری عەرەبی، یەکێتیی ئەفریقا، کۆمەڵگەی وڵاتانی ئەمریکای لاتین و کاریبی
، ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای و بریکس.
سێ:ڕێگەدان بە
٣٠ وڵات بۆ بەکارهێنانی سیستمی هۆشداریدانی کەشوهەوای بەهێزکراو بە ژیریی دەستکرد
"مازوو" ، بۆ پاراستنی ماڵ و ژیانی خەڵک لە سەرانسەری جیهاندا.
وەک چۆن دانایانی
چینی کۆن دەڵێن: "مرۆڤی دانا خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییەکان دەگونجێنێت، و مرۆڤی
خاوەن زانیاری بەپێی هەلومەرجەکان دەجوڵێتەوە." بەهۆی ئەوەی ژیریی دەستکرد بە
خێرا و بە هەنگاوی سەرسوڕهێنەر بەرەو پێش دەچێت، پێویستە مسۆگەری بکەین کە گەشەسەندنەکەی
بۆ لایەنی ئەرێنی، بۆ چاکە و بۆ مرۆڤایەتی بێت. دەبێت چاودێری و حوکمڕانییەکەی ورد
و کاریگەر بکەین، و بە بەردەوامی ڕێوشوێنەکان پوخت بکەینەوە بۆ ڕێگریکردن لە دەستدەرچوونی
کۆنترۆڵ. پێویستە هەمیشە ڕێڕەوی گەشەپێدانی ژیریی دەستکرد بە حیکمەتی مرۆیی و کۆدەنگیی
نێودەوڵەتی ئاراستە بکەین، تا ژیریی دەستکرد بەڕاستی ببێتە هێزێکی مەزن کە خۆشگوزەرانیی
مرۆڤایەتی زیاد دەکات و شارستانیەتی مرۆڤ سەر دەخات.چین ئامادەیە زیاتر کراوە بێت،
کردەوەی پراکتیکیی زیاتر بگرێتەبەر، و خاوەن دیدگایەکی پێشەنگانەتر بێت. ئێمە
ئامادەین لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا کار بکەین بۆ قۆستنەوەی دەرفەتەکانی گەشەپێدانی
ژیریی دەستکرد و ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدییەکان، و دەست لەناو دەست بنێین بۆ
دروستکردنی داهاتوویەکی گەشتر بۆ مرۆڤایەتی.
سەرچاوە:
Full text: Keynote speech by
Chinese President Xi Jinping at opening ceremony of 2026 World AI Conference
http://english.scio.gov.cn/topnews/2026-07/18/content_118605932.html