ئەوەی ئێستا لە هەڵمەتی دژە گەندەڵی لە عێراقدا دەکرێت و گرتنی هەندێک ئەندامی پەرلەمان، بریکار و کەسایەتیی سیاسی، شتێکی زۆر سەرەتاییە و هێشتا دیار نییە ئایا بەڕاستی ئامانجەکەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵکارانە، یان زیاتر لە ڕێکلامی سیاسی دەچێت. چونکە زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە تاکوو ئێستا کەس بوێری ئەوەی نەکردووە ڕووبەڕووی بەرپرسانی گەندەلە گەورەکان ببێتەوە. زۆربەی ئەو کەسانەی بە گەورەترین کەیسی گەندەڵی تاوانبار دەکرێن، لە ناو پێکهاتەی شیعەدان، چونکە بۆ ماوەیەکی درێژ دەستیان بەسەر زۆربەی دامەزراوە و جومگە گرنگەکانی دەوڵەتی عێراقدا گرتووە و ملیارات دولاریان لە داهاتی گشتی دزیووە
بەڵام ئەوەی ئێستا دەبینرێت ئەوەیە کە زۆربەی ئەو هەڵمەتی دژە گەندەڵییە ئاراستەی پێکهاتەی سوننەکان کراوە. پرسیار ئەوەیە: ئایا زەیدی، چوون سەرکردەی ڕەوتی عەزم، دەستگیر دەکات، دەتوانێت هەمان یاسا بەسەر بەرپرسان و سەرکردە گەورە و بەهێزەکانی شیعەش جێبەجێ بکات؟ ئەگەر وەها نەبێت، ئەوا ئەم هەڵمەتە زیاتر لە ڕێکلام و خودەرخستنی سیاسی دەچێت.
بەڕاستی، تا کاتێک سەرە گەورەکانی گەندەڵکار ڕووبەڕووی دادگا نەکرێتەوە ، شەڕی دژە گەندەڵی ئامانجی ڕاستەقینەی خۆی بەدەست ناهێنێت و متمانەی هاووڵاتیانیش بەدەست ناهێنێتەوە.
خۆزگە لە هەرێمی کوردستانیش ڕۆژێک هاتبا ئەو بەرپرسانەی لە سەر حسابی خەبات، شەهید و قوربانیی ئەم خەڵکە بوونە خاوەنی کۆمپانیا، ڤیلا و نەخۆشخانە و سەدان ملیۆن دۆلار سامانی ئەم میللەتە دزیوە رووبەرووی دادگا کرابانەوە. خۆزگە ئەو رۆژە هاتبا ئەو بەرپرسانەی لەگەڵ بازرگانە دەستکردەکان، ئاغاکان و سەرۆکجاشەکانی پێشوو بوونەتە یەک دەست دژی پرۆژەی چاکسازی و بە دامەزراوەیی کردنی ئەم وڵاتە، حەق و حسابیانەلە گەڵ کرابا
دیارە، سەرکەوتنی هەر هەڵمەتێکی دژە گەندەڵی پێویستی بە جێبەجێکردنی یاسا بەسەر هەموو لایەنەکاندا هەیە، بەبێ جیاوازی کردن لە نێوان هیچ گرووپێک یان پێکهاتەیەکی سیاسی یان سەرکردەیەکی یان ئەمە کوری فڵان و ڤیسارە.