دواین هەواڵ

دژایەتی یەكێتی بەرامبەر پارتی

‌عەبدوڵا ڕێشاوی

2 کاتژمێر پێش ئێستا

قوتدانی ئەوانی تر
ئایا ئەوەی یەكێتی نیشتیمانی دەیكات بەراستی دژایەتی پارتی یە، یاخود هەوڵی تێكشكاندنی ئەوانی تر و سەندنەوەی شەرعیەت و موبادەرەیە لێیان، لە زۆنەكەی خۆی؟
یەكێتی نیشتیمانی سیاسەتی (ململانێی پارتی بكەو ئەوانی تر قوت بدە.) هەر لە كاتی هەڵبژاردنەكانەوە پەیڕەو كردوە ، بەمەش زەمینەی جوڵەی لە هێزەكانی تر وەرگرتۆتەوە.

بینیمان لە هەڵبژاردنەكاندا یەكێتی بە هێزترین دەنگی موعارەزەبو بەرامبەر حكومەت و دەستكەوتەكەشی چنیەوە.
23 كورسی بە گوتاری دژایەتی پارتی. هەولێر وەردەگرینەوە بۆ وەرگرتنەوەی سلێمانی، عاقڵانەیە ها.

سیاسەتی قوتدان
سادەترین نمونە بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە ئەو هاوپەیمانێتیەیە كە یەكێتی بە زۆر لەگەڵ نەوەی نوێ دروستی كردوە، یەكێتی بەم هەنگاوە هەر لەسەرەتاوە دەستكەوتی خۆی مسۆگەر كردوە (قوتدانی هێزێكی موعارەزە لە سلێمانی)
یەكێتی نیشتیمانی لەم تێكەڵابونە هیچی دەستنەكەوتبێت ئەوەی دەستكەوتوە كە یەكێك لە هێزە پۆپۆلیستەكانی لە زۆنی خۆی لەكۆڵ بوەوەو كۆتایی پێهێنا.
رونە لە سیاسەتدا هاوكێشەی (هەمو شت یا هیچ) عاقڵانە نیە، بەڵكو ئەوەی مەعقولە كۆكردنەوەی دەستكەوتە لەو نێوانەدا.

یەكێتی ئەگەر بە "تەحالوفەكە"ی لەگەڵ نەوەی نوێ پارتیش بە عەرزا نەیا كە رونە ناییا، بەڵام خۆ ئەوەی دەستكەوت موعارەزەیەكی قیرسیچمەی ئیزعاجی قوتدا و لە سەر خەریتەی سلێمانی سڕیەوە و دوكانەكەی پێداخست، هەر بشیانهێڵێتەوە بۆ ئیزعاجكردنی پارتی تۆزێكیان لێ ئەهێڵێتەوە. بەڵام ئیتر نەوەی نوێ نابینین بتوانێ لە سلێمانی ركابەریی یەكێتی بكات.

بەم شێوەیە یەكێتی بە راوەستانەوە بەرامبەر پارتی زۆنەكەی خۆی كۆنترۆڵ ئەكات ، ئەمە كێشە گەورەكەی یەكێتیە نەك ئەوەی دەوترێ..

یەكێتی ئەم سیاسەتەی لەسەر عەقڵی گشتی ئەم ناوچەیە دامەزراندوە چونكە ئەو ناوچەیە خۆی داوای ئەمە ئەكات، ئەڵێ گۆڕان بە هەڵەیدا بردین ئینجا ئەچێ بۆلای شاسوار كە شاسواریش ئەمە نەتیجەكەیەتی ئینجا ئەگوازێتەوە بۆلای كاك عەلی ئیتر ئاوا بەردەوام یەكێكی ئەوێت ئەو غەریزەی نارازی بونەی بۆ تێر كات. یەكێتیش دژایەتی پارتی نەكات و ئیشی راستەقینەی خۆی كە حكومەتداریە بكات یەك دەنگی نایاتێ.

ناوچەیەكە هەتا ئێستەش لە گرنگی (دەسەڵات) وەك دۆخێكی گرنگ، تێ نەگەشتوە و تەنها لە دۆخی ( نارازی بون) تێ ئەگات، بۆیە یەكێتیش ئەو غەیزەیەی بۆ تێر ئەكات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP