دواین هەواڵ

تەڵەی نەختینەیی و گەمەی سیاسی

‌گوڵاڵە سدیق

2 کاتژمێر پێش ئێستا


ــ سستمی دارایی هەر وڵاتێک دەستەبەرە بۆ سەقامگیری ژیانی هاوڵاتیانی، بەڵام لە عێراقدا، ئەم سستمە ساڵانێکە کراوەتە بارمتەی بەرژەوەندییە تایبەتەکان و ململانێی نفووز و دەسەڵات. یەکێک لە گەورەترین ئەو گورزانەی کە لەم ساڵانەی دواییدا لە بەهای دیناری عێراقی و سەقامگیری بازاڕ دراوە، پرسی شاردنەوەی بڕە پارەیەکی زەبەلاحی نەختینەیی (کاش) بوو لە ژێر زەوی و لە حەشارگە تایبەتەکاندا، کارێک کە ئامانجەکەی تەنها کۆکردنەوەی سەروەت نەبوو، بەڵکو لێدان بوو لە پایەکانی دارایی وڵات.

تاوانبارکردنی هاوڵاتیان و حەقیقەتی چاپکردنی پارە
بۆ ماوەیەکی درێژ، کاتێک بازاڕەکانی عێراق تووشی قەیرانی نەبوونی پارەی نەختینە دەبوون، بەرپرسان و میدیاکانیان پەنجەی تاوانیان بۆ هاوڵاتیان ڕادەکێشا. دەیانوت بەهۆی نەبوونی سستمێکی پێشکەوتووی بانکی و متمانەنەکردنی خەڵک بە بانکەکان وایکردووە پارە لە ماڵەکاندا کۆبکرێتەوە، وە حکومەت ئەم بیانووەی دەقۆستەوە بۆ چاپکردنی بڕە پارەی نوێ. 
بەڵام لە ڕاستیدا چاپکردنی بێبەرامبەری پارە، یان هەر بڕە پارەیەکی نوێ کە چاپ دەکرێت بەبێ پشتگیرییەکی بەهێزی ئابووری، ڕاستەوخۆ بەهای کڕینی دینار دادەبەزێنێت و هەڵاوسان دروست دەکات.
دواتر دەرکەوت کە ئەو پارە نەختینە زەبەلاحە لای هاوڵاتیی ئاسایی نەبووە، بەڵکو لێشاوێک بووە لە دینار و دۆلار کە لەلایەن بەشێک لەو بەرپرسانەوە شاردرابوونەوە کە گوایە وڵات بەڕێوە دەبەن. ئەوان ئامادە بوون بۆ پاراستنی نفووزی خۆیان، ژیانی ٤٥ ملیۆن هاوڵاتی عێراقی ڕووبەڕووی هەژاری و داڕمان بکەنەوە و ووڵات بەرەو ئیفلاسبوون ببەن.

ــ "لیستی تۆم باراک" و هیوای گەڕانەوەی پارە دزراوەکان
لە نێوان ئەم قەیرانە قووڵانەدا، زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە لیستێکی گرنگ لەلایەن دۆسیە نێودەوڵەتییەکانەوە (کە بە لیستی تۆم باراک دەناسرێت) ئامادەکراوە، کە ناوی ١٠٠١ بەرپرسی باڵای عێراقی تێدایە (لە پلەی بەڕێوەبەری گشتییەوە تا سەرەوە).
ئەگەر ئەم لێکۆڵینەوە و گوشارانە بە جددی بەردەوام بن، ئاسۆیەکی ڕوون هەیە بۆ گەڕانەوەی ملیارەها دینار و دۆلار بۆ گەنجینەی دەوڵەت. هاوکات بەهۆی چاودێرییە توندەکانی ئەمریکا بەسەر گواستنەوەی دۆلاردا، دەکرێت ئەو دۆلارانەش کە بە قاچاخ براونەتە دەرەوەی وڵات، بە ئاسانی پێوەر بکرێن و بگەڕێنرێنەوە بۆ عێراق.

ــ لە پۆپۆلیزمەوە بۆ کورسی دەسەڵات: محمد شیاع سودانی خراپترین سەرۆک وەزیرانە لە پاش ساڵی ٢٠٠٣ وە هەتا ئێستا، وە کاتێک سەیری مێژووی سیاسی سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی دەکەین، جیاوازییەکی ڕوون لە نێوان دروشمەکانی ڕابردوو و واقیعی ئێستادا دەبینین. لە سەردەمی پەرلەمانتارییدا، ئەو بە لێدوانە پۆپۆلیستییەکانی، هەمیشە خۆی وەک پارێزەری دەستپاکی و نەزاهەت نیشان دەدا و ڕەخنەی توندی لە گەندەڵی دەگرت. بەڵام لە ڕوانگەی چاودێرانەوە، قۆناغی سەرۆکایەتییەکەی زیانێکی گەورەی بە ئابووری و دارایی عێراق گەیاند، بەهۆی:
١_ پاشەکشەی سستمی دارایی: قووڵبوونەوەی قەیرانی بەهای دینار و کۆنترۆڵنەکردنی بازاڕی ڕەش.
٢_ تۆڕە سێبەرەکان: دەرکەوتنی زانیاری لەسەر پێکهێنانی تۆڕی ئەلیکترۆنی ناتەندروست و گروپە سێبەرەکان کە ئامانجیان لێدان، ناو زڕاندن و لاوازکردنی نەیارە سیاسییەکانی بووە لە پێناو مانەوە لە دەسەڵاتدا.

دەرەنجام
تاوانی شاردنەوەی پارە و سوتاندنیان، تاوانێکە هاوشێوەی شوشتنەوەی پارە (غسیل الاموال) سزایەکی توندی هەیە کە لەسێدارەدانە، چونکە ئامانج لێی داڕمانی سستمی ئابوری و دارایی و نەختینەییەی عێراقە، لێخۆشبوون یان چاوپۆشیکردن لەم تاوانە دەچێتە قاڵبی هاودەستی گەندەڵکارانەوە. وە لە ئێستادا عێراق لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە، ڕزگاربوونی ئابووری وڵاتەکە بەندە بە گۆڕینی ڕیشەیی لە شێوازی بەڕێوەبردن، کۆتاییهێنان بە شاردنەوەی سەروەتی گشتی لەلایەن بەرپرسانەوە، و گۆڕینی دروشمە پۆپۆلیستییەکان بۆ چاکسازیی ڕاستەقینە کە بتوانێت پارێزگاری لە قووت و بژێوی ملیۆنان هاوڵاتی بکات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP